بۆچی بەشێکی خەڵکی بە توندی پەتای کۆرۆنا دەگرن؟ پزیشکانی فینلەند وەڵامدەدەنەوە
رووداو- هەولێر
پزیشکانی پەیمانگەی پزیشکی گەردیلەیی فینلەند (FIMM)هۆکاری ئەوە ئاشکرادەکەن کە بۆچی بەشێکی خەڵکی بە توندی پەتای کۆرۆنا دەگرن و لەبەرمبەردا بەشێکی دیکەیان بە سووکی دەیگرن و لە نەخۆشییەکە چاکدەبنەوە.
پزیشکانی پەیمانگەکە توێژینەوەیەکیان لەسەر سەدان تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامداوە و تێیدا بەراوردی ناوکەترشی خانەکانی ئەو تووشبووانەیان کردووە.
د. ئانا گانا، پسپۆڕی بۆماوەزانی لە پەیمانگەی پزیشکی گەردیلەیی فینلەند (FIMM) دەڵێت، "دەزانین کە بەساڵاچووان، تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان زیاتر بە ڤایرۆسەکە دەمرن، بەڵام کاتێک سەیری داتاکان دەکەین دەبینین گەنجانیش کە پێشووتر هیچ گرفتێکی تەندروستییان نەبووە بەهۆی ڤایرۆسەکە مردوون."
پسپۆڕەکەی بۆماوەزانی هۆکاری ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ پێکهاتە بۆماوەییەکانی کەسەکان و روونیدەکاتەوە ئەو جینانەی بەرپرسن لە رێکخستی وەرگری ACE2 لەسەر رووی خانەکان هۆکاری ئەم جیاوازییەن. (ACE2 وەرگرێکی سەر خانەکانە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا پێیوە دەنوسێت بۆ ئەوەی بچێتە نێو خانەی مرۆڤ.)
لەم توێژینەوەیەدا پزیشکانی فینلەند وای بۆ دەچن پێکهاتە بۆماوەییەکان هۆکاری ئەوەبن کە بۆچی هەندێک کەس بە توندی نەخۆشییەکە دەگرن و هەندێک کەسیش بە سووکی دەیگرن.