ناوەندی کلیڤلاند: مادە کیمیاییەکانی نێو مەلەوانگەکان زیان بە پێست، قژ و نینۆک دەگەیێنن

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی پێست لە کلینیکی کلیڤلاند هۆشداری دەدات، مادە کیمیاییەکانی نێو ئاوی مەلەوانگەکان دەتوانن زیان بە پێست، قژ، نینۆک و تەنانەت چاوەکانیشمان بگەیێنن.
 
د. جێنیفەر لوکاس، پزیشکی پسپۆڕی پێست لە کلینیکی کلیڤلاند دەڵێت: کلۆر لەگەڵ پاشماوەکانی جەستەی مەلەوانکاران وەک ئارەق، میز، پێستی مردوو و کرێمەکان تێکەڵ دەبێت و مادەی "کلۆرامین" دروست دەکات. ئەم مادەیە هۆکاری سەرەکیی هەستیاریی پێست، سووربوونەوە و خورانی چاو، هەروەها کێشەی کۆئەندامی هەناسەیە.
 
د. جێنیفەر جەخت لەوە دەکاتەوە، یەکێک لە باشترین رێگەکان بۆ خۆپاراستن لە زیانەکانی کلۆر، شووشتنی جەستە و قژە بە ئاوی پاک پێش ئەوەی بچیتە نێو حەوزەکەوە. چونکە کاتێک پێست و قژت بە ئاوی پاک تەڕ دەبن، کەمتر ئاوی کلۆراوی هەڵدەمژن، چونکە خانەکانی پێست و تاڵەکانی قژ تێر ئاو بوون. ئەمەش وەک چینێکی پارێزەر کار دەکات و رێگری لە زیانەکانی کلۆر دەکات."
 
پزیشکان ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەکەن کە ئەگەر نیشانەکانی سەرما، کۆکە، یان هەوکردنی چاویان هەیە، نەچنە نێو مەلەوانگە بۆ ئەوەی نەخۆشییەکە بۆ کەسانی دیکە نەگوازنەوە. هەروەها پابەندبوون بە پاکوخاوێنیی گشتی وەک تف نەکردن، پاک نەکردنەوەی لووت و میز نەکردن لەناو ئاوەکەدا، ئەرکێکی سەرشانی هەموو مەلەوانکارێکە.