فیدراسیۆنی جیهانیی دڵ: نەخۆشییەکانی دڵ لەنێو گەنجاندا زیادیان کردووە
رووداو - تەندروستی
بەپێی ئامار و راپۆرتە نوێیەکانی فیدراسیۆنی جیهانیی دڵ (WHF) و دامەزراوەی دڵی بەریتانی (BHF)، نەخۆشییەکانی دڵ چیتر کێشەیەکی تایبەت بە بەساڵاچووان نییە، بەڵکو بەشێوەیەکی مەترسیدار گەنجانی تەمەن 20 و 30 ساڵان دەکاتە ئامانج.
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەوەی کە شێوازی ژیانی مۆدێرن، گوشاری دەروونی و کەمتەرخەمی لە پشکنینی پێشوەختە، هۆکارن بۆ تووشبوونی گەنجان بە جەڵتەی دڵ.
بەپێی فیدراسیۆنی جیهانیی دڵ، نەخۆشییەکانی دڵ بکوژی یەکەمە لەسەر ئاستی جیهان و ساڵانە بەرپرسە لە 20.5 ملیۆن حاڵەتی مردن—زیاتر لە شێرپەنجە، رووداوەکان و نەخۆشییەکان، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ زۆری کاژێرەکانی کارکردن، زیادبوونی گوشاری دەروونی و ناهەوسەنگیی شێوازی ژیان.
لەگەڵ دروشمی رۆژی جیهانیی دڵ "لێدانەکان لەدەست مەدە!"، دکتۆر بیلال تانگال لە سەنتەری پشکنینی تەندروستی NURA، لە هیندستان، دەڵێت: جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجاندا بەشێوەیەکی خێرا لە هەڵکشاندایە، تەنانەت لەنێو ئەوانەی لە کۆتایی بیستەکان و سییەکانی تەمەنیاندان. کارکردنی پڕ لە سترێس، شەونخونی، خواردنی خۆراکی ئامادەکراو و کەمیی جووڵە، هەموویان بەبێدەنگی کاریگەریی خراپ هۆکاری سەرەکین.
فیدراسیۆنەکە دەڵێت زیاتر لە 80٪ی ئەو مردنانەی کە پێشوەختە روودەدەن، دەکرێت بە گۆڕینی شێوازی ژیان و وەرگرتنی چارەسەری گونجاو رێگرییان لێبکرێت.