ئەندۆمی.. خواردنێکی بێسوود
رووداو- هەولێر
ئەندۆمی خۆراکێکی دڵخوازی منداڵانە، سەرقاڵیی باوان و ئامادەنەکردنی خواردن لە ماڵەوە، یەکێکە لەو هۆکارە کە وا لە منداڵ دەکەن خوو بداتە خواردنی ئەندۆمی، لەوانەیە ئەندۆمی بۆ بەشێکی خەڵکی بەلەززەت بێت، بەڵام لە رووی تەندروستییەوە کاریگەریی نەرێنی ئێجگار زۆری هەن.
توێژینەوەیەکی پزیشکانی نەخۆشخانەی ماساچیوستس کە لەسەر کاریگەرییەکانی خواردنی ئەندۆمی کراوە، دەریخستووە لە نێو ئەندۆمیدا هیچ رەگەزێکی خۆراکی گرنگ نییە و بە پێچەوانەوە دەوڵەمەندە بە سۆدیۆم و ماددە پارێزەرە زیانبەخشەکان.
د. برادێن کو، پسپۆڕی هەناو و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەی نەخۆشخانەی ماساچیوستس دەڵێت، پرۆسەی هەرسکردنی ئەندۆمی هێواشە، نزیکەی دوو بۆ چوار کاژێر دەخایەنێت، هەر ئەمەش دەبێتەهۆی زیانگەیاندن بە کۆئەندامی هەرس.
پزیشکە پسپۆڕەکەی هەناو روونیدەکاتەوە بەهۆی ئەوەی ئەندۆمی کاتێکی زۆرتر لە نێو کۆئەندامی هەرسدا دەمێنێتەوە، ماددە کیمیاییەکانی نێوی دەچنە نێو خوێن بەتایبەت هەردوو ماددەیەی (BHA) و(TBHQ) ئەم ماددانەش هۆکارن بۆ دروستبوونی شێرپەنجە.
لە توێژینەوەکاندا زیانەکانی خواردنی ئەندۆمی خراونەتەوە گرنگترینیان بریتین لە:
•مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ
•بەرزەپەستانی خوێن و سستبوونی گورچیلە
•قەڵەوبوون و تووشبوون بە شەکرە
•لەبارچوونی کۆرپە
•سەرئێشە
•تێکدانی هاوسەنگی هۆڕمۆنەکان
پزیشکانی پسپۆڕی خۆراک رێنماییدەدەن خەڵکی بەگشتی و منداڵان بە تایبەتی لە خواردنی ئەندۆمی دووربن چونکە وەک لە توێژینەوەکاندا هاتووە جگە لە زیان هیچ سوودێکی ئەوتۆی لەسەر جەستە نییە.