مانگی داهاتوو عێراق ''گەورەترین کارگەی دەرمانی شێرپەنجە'' دەکاتەوە

29-11-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بڕیارە مانگی داهاتوو گەورەترین کارگەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە لە بەغدای پایتەختی عێراق بکرێتەوە، کە دەرمانەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو دابین دەکات.
 
حەموودی لامی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پیشەسازی و گەشەپێدان، رایگەیاند، "وەک بەشێک لە بڕیارەکان بۆ هاندان و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت، سەرەتای مانگی داهاتوو گەورەترین کارگە لەسەر ئاستی ناوچەکە لە رووی توانای بەرهەمهێنانەوە دەکرێتەوە."
 
حەموودی لامی، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دەستپێشخەرییە وەک بەشێکە لە هەوڵەکانی ئەم دواییەی بەغدا بۆ "دابینکردنی دەرمان، بەتایبەتی دەرمانی گرانبەهای شێرپەنجە" بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاووڵاتییان.
 
راوێژکارەکەی سوودانی جەختی لەوە کردەوە، "نرخی دەرمانەکان 50% لە دەرمانی هاوردەکراو کەمتر دەبێت، هەروەها لە ماوەی داهاتوودا ژمارەی دەرمانەکانی شێرپەنجە زیاد دەکات و پێداویستیی نەخۆشخانەکانیش بۆ ئەم دەرمانانە پڕدەکرێتەوە."
 
پڕۆژەکە بەشێکە لە بەرنامەیەکی فراوانتر بە ناوی "بەخۆماڵیکردنی پیشەسازیی دەرمان" و کارگەکە دەکەوێتە ناوچەی ئەبو غرێبی بەغدا و پێکهاتەی خاوی دەرمان لە کۆمپانیا ئیتاڵییەکان وەردەگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە