پڕۆفیسۆر د. سەفا موختار بووە سەرۆکی کۆمەڵەی عێراقی بۆ نەخۆشییەکان و چاندنی گورچیلە

29-11-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پڕۆفیسۆر د. سەفا موختار، راوێژکار و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە، وەک سەرۆکی کۆمەڵەی عێراقی بۆ نەخۆشییەکان و چاندنی گورچیلە هەڵبژێردرا، بە گوتەی پڕۆفیسۆر د. سەفا ئەمە یەکەمجارە پزیشکێکی کورد ئەو پۆستە وەربگرێت.
 
پڕۆفیسۆر د. سەفا موختار بە رووداوی رایگەیاند، "پلانیان هەیە کارەکانی شووشتن و چاندنی گورچیلە بەهێزتر بکەن و خزمەتگوزارییەکان لە سەرتاسەری عێراقدا باشتر بکەن، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیشی پەرەپێدانی پەیوەندییە لەنێوان پزیشکانی کورد و عێراقدا بۆ مەبەستی ئاڵوگۆڕی شارەزایی و زانیاری. هەروەها گوتی هەوڵدەدەن ئامێری نوێ و سەردەمیانە بۆ شووشتنی گورچیلە بهێنن، بۆ ئەوەی چارەسەرێکی باشتر پێشکەش بە نەخۆشان بکرێت.
 
سەبارەت بە ئامارەکان، پڕۆفیسۆر د. سەفا ئاشکرای کرد کە ئامارەکان کۆنن و هی 3 ساڵ لەمەوبەرن، بەڵام تیمەکان سەرقاڵی کۆکردنەوەی داتای نوێن و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 2 مانگی داهاتوودا ئامارەکان کۆبکرێنەوە و گوتیشی، ساڵانە نزیکەی 30 بۆ 40 نەخۆشی نوێ لە ناوچەکەدا پێویستییان بە شووشتنی گورچیلە دەبێت.
 
پڕۆفیسۆر د. سەفا موختار هۆشداریشی لەبارەی هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی گورچیلە دا و گوتی، "بەرزەپەستانی خوێن، شەکرە و چەوریی خوێن مەترسیی جددین، بەڵام قەڵەوی گەورەترین هۆکاری مەترسیدارە بۆ زیانگەیاندن بە گورچیلە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە