زانکۆی ئۆکسفۆرد سەرقاڵی دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنایە

رووداو - هەولێر

زانکۆی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا بەردوامە لە تاقیکردنەوەی ڤاکسین لە دژی کۆرۆنا و کۆتایی ئەم هەفتەیە خوێنی لە چەند خۆبەخشێک وەرگرت و لە تاقیگەکانی بردییە ژێر پشکنینەوە.

توێژەران لە زانکۆکە ئامانجیان ئەوەیە ڤاکسینێک بەرهەمبێنن جگە لەوەی سەلامەت بێت، بە باشی کاری خۆی بکات.

بیرۆکەی تاقیکردنەوەکەی ئۆکسفۆرد بەجۆرێکە کە توێژەران پێکوتەیەکیان بەرهەمهێناوە، جین بە پرۆتینی زۆرەوە دەخەنە نێو جەستە، ئەو پرۆتینە بەرگی دەرەوەی ڤایرۆسێکی زیانبەخش دەکاتە بەری ڤایرۆسێکی بێ زیان.

سیستەمی بەرگریی لەش هەست بە بوونی پرۆتینێکی بێگانە دەکات و دژە تەن دروست دەکات و شەڕی ئەو پرۆتینە دەکات، ئەگەر کەسەکە تووشی کۆرۆنا بوو، ئەو دژە تەنانە راستەوخۆ دەستدەکەن بە شەڕی ڤایرۆسەکە.

ئۆکسفۆرد یەکەم زانکۆیە لە بەریتانیا کار بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسین لە دژی کۆرۆنا دەکات.

لەولاشەوە دوو کۆمپانیای ئەڵمانی و ئەمریکی بە هاوبەشی دەستیانکردووە بە تاقیکردنەوەی ڤاکسین لەسەر مرۆڤ و دەڵێن، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامی تاقیکردنەوەکان بڵاودەکەنەوە و لە پایزی ئەمساڵیشدا ڤاکسین بۆ پەتاکە ئامادە دەبێت.

هەردوو کۆمپانیای فیزەری ئەمریکی و بایۆ ئێن تەکی ئەڵمانی رایانگەیاندووە، یەکەم گرووپی خۆبەخشان بڕێک ڤاکسینی جۆری  BNT162یان لە تاقیگەیەکی ئەڵمانی پێدراوە.

لە 23ی نیسانەوە تاقیکردنەوەی ئەو ڤاکسینە دەستیپێکردووە، لەوکاتەوە لەسەر 12 کەس تاقیکراوەتەوە، 200 کەسیش ناوی خۆیان نووسیوە تاقیکردنەوەکەیان لەسەر بکرێت، کە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 55 ساڵە.

کۆمپانیا ئەڵمانییەکە دەڵێت، سەلامەتی و کاریگەرییەکانی ئەو ڤاکسینە بەسەر سیستەمی بەرگریی لەش لەبەرچاو دەگیرێت.

ئەمریکا بەکارهێنانی ڤاکسینی لەلایەن هەردوو کۆمپانیاکە پەسندکردووە، پێشبینی دەکەن کۆتایی ئەمساڵ ملیۆنان دۆزی ڤاکسینەکە بە خەڵک بدەن، لە ساڵی 2021 قەبارەی پێدانی ڤاکسین بۆ خەڵک بۆ سەدان ملیۆن کەس بەرزدەکەنەوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 لە  شاری ووهانی چین پەیدابوو، تائێستا زیاتر لە سێ ملیۆن و 222 هەزار کەسی تووشکردووە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 228 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.