دەزگای خۆراک و دەرمان لە سعودیە دەرمانێکی نوێی ئەڵزهایمەری بەکارهێنا

رووداو - تەندروستی

دەزگای خۆراک و دەرمان لە سعودیە رایدەگەیێنێت، بۆ یەکەمجار لەو وڵاتە چارەسەرێکی نوێ بۆ نەخۆشیی ئەڵزهایمەر بەکارهێنرا کە پشت بە تەکنیکی "دژەتەنەکان" دەبەستێت. چارەسەرەکەش لە نەخۆشخانەی شا فەهد لە شاری دەمام بۆ تووشبوویەکی لەبیرچوونەوە بەکارهێنرا.
 
ناوی زانستیی چارەسەرە نوێیەکە "لیکەینماب (lecanemab)''ـە و ئەم دەرمانە بە یەکەمین چارەسەری ئەڵزهایمەر کە باوترین نەخۆشیی لەبیرچوونەوەیە، دادەنرێت، بەپێی FDAـی سعودی، دەرمانەکە لەڕێگەی ژیناوەوە دوو هەفتە جارێک دەدرێت بە کەسی تووشبوو.
 
میکانیزمی دەرمانەکە بریتییە لە لابردنی پڕۆتینێکی زیانبەخش لە مێشکی تووشبووان کە پێی دەگوترێت "بێتا ئەمایلۆید"، کە گەردیلە و کۆبوونەوەی ئەم پڕۆتینە بە هۆکاری سەرەکیی نیشانەکانی ئەڵزهایمەر دادەنرێت.
 
د. سەقاف بن عەلەوی، سەرۆکی بەشی زانستی دەمار لە نەخۆشخانەی شا فەهد رایگەیاند, "ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە لە بواری چاودێریی تەندروستی و هیوایەکی نوێ بە نەخۆشانی ئەڵزهایمەر و خێزانەکانیان دەبەخشێت."
 
د. سەقاف گوتیشی: "شانازی دەکەین کە یەکەمین سەنتەرین لە شانشینی سعودیەدا ئەم چارەسەرە پێشکەوتووە پێشکێش دەکەین''.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، چارەسەرەکە بۆ ئەو کەسانە کاریگەرە کە لە قۆناخە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکەدان یان ئەوانەی تێکچوونی مامناوەندی هزرییان هەیە.