لە بەریتانیا یەکەم دەنکۆڵەی چارەسەری خەمۆکیی دوای منداڵبوون پەسند کرا

30-08-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

دەزگای رێکخستنی دەرمان و بەرهەمە تەندروستییەکانی بەریتانیا (MHRA) بۆ یەکەمجار مۆڵەتی بەکارهێنانی دەرمانێکی نوێ دا بەناوی زورانۆلۆن کە بەشێوەی حەب وەردەگیرێت و تایبەتە بە چارەسەرکردنی خەمۆکیی دوای منداڵبوون.
 
ئەم هەنگاوە وەک پێشکەوتنێکی گرنگ لە بواری تەندروستیی دەروونیی دایکاندا سەیر دەکرێت، چونکە یەکەم چارەسەریی تایبەتمەندە بەو نەخۆشییە کە لەڕێگەی دەمەوە وەربگیرێت.
 
دەرمانی زورانۆلۆن، بە ناوی بازرگانیی Zurzuvae دەفرۆشرێت و لەلایەن کۆمپانیای Biogen بەرهەم هاتووە، وەک چارەسەرێکی خێرا دادەنرێت. چارەسەرەکە بۆ ماوەی 14 رۆژ بەردەوام دەبێت و رۆژانە یەک حەب لە شەواندا وەردەگیرێت، هەندێک جار کاریگەرییەکەی لەماوەی تەنیا سێ رۆژدا هەستی پێدەکرێت.
 
جولیان بیچ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کواڵیتی و دەستڕاگەیشتن بە چاودێریی تەندروستی لە MHRA رایگەیاند: " پەسندکردنی زورانۆلۆن گۆڕانکاریی راستەقینە لە ژیانی ئەو کەسانە دروستدەکات کە تووشی خەمۆکیی دوای دووگیانی بوون، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی دەخاتە سەر دایکەکە و داهاتووی کۆرپەکە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، دەرمانەکە کۆمەڵێک کاریگەریی لاوەکی هەیە، وەک خەواڵوویی، گێژبوون، سەرئێشە، تێکچوونی یادگە و ماندووێتی. دەزگای MHRA هۆشداری دەدات کە دەرمانەکە لەوانەیە کاریگەری لەسەر توانای شۆفێریکردن هەبێت و پێویستە لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدا بەکاربهێنرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە