پسپۆڕێکی پێست لە هیندستان: پارابینی نێو بەرهەمەکانی جوانکاری هۆڕمۆنەکانی جەستە تێکدەدەن

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست، هۆشداری دەدات لەبارەی زیانەکانی "پارابین"، کە جۆرێکە لە مادەی پارێزەری کیمیایی و لە زۆرێک لە بەرهەمەکانی رۆژانەدا وەک کرێم، شامپۆ، کرێمی دژەخۆر و ماسکارا بەکاردەهێنرێت.
 
د. ئەنجالی موکەرجی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست لە هیندستان رایدەگەیێنێت پارابینەکان مادەی پارێزەری دەستکردن کە لە ساڵانی 1920ـەوە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی بەرهەمەکان و رێگریکردن لە گەشەی میکرۆبەکان بەکارهاتووە،  لە جەستەدا وەک هۆرمۆنی "ئیسترۆجین" کاردەکەن،  ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی هۆڕمۆنەکانی جەستە.
 
بە گوتەی د. ئەنجالی موکەرجی، کاتێک بەرهەمێک لەسەری نووسراوە "بێ پارابین"، مانای ئەوە نییە کە هیچ ماددەیەکی پارێزەری تێدا نییە، بەڵکو رەنگە جۆری دیکەی وەک "بێنزواتی سۆدیۆم"ی تێدا بەکار‌هاتبێت
 
د. ئەنجالی موکەرجی جەختی کردەوە پارابینەکان تەنیا زیان بە هۆڕمۆنەکان ناگەیێنن بەڵکو دەبنە هۆی درووستبوونی زیپکە، ژەهراویبوون و شێرپەنجە.