پسپۆڕێکی پێست: دایک و باوک شامپۆی بێبۆن و بێڕەنگ بۆ منداڵەکانیان بەکاربهێنن

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایدەگەیێنێت، مادەکانی پارابین و سۆلفات کە لەنێو بەشێک لە شامپۆ و سابوونەکاندان، دەبنە هۆی وشکبوونەوەی پێست و زیان بە قژ دەگەیێنن، بەتایبەتیش بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی پێستیان هەیە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 30-9-2025n د. ژوان ئەمجەت، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە بووڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "پارابین و سۆلفات پێست وشک دەکەنەوە و دەبنە هۆی خوران و سووربوونەوە. هەروەها وا لە قژ دەکەن رەق ببێت."
 
ئەو پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێستە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسانەی نەخۆشییەکانی وەک ئەکزیما و سەدەفیان هەیە، پێستیان هەستیارە، نابێت ئەو بەرهەمانە بەکاربهێنن کە پارابین و سۆلفاتیان تێدایە، بۆیە باشتر وایە لەژێر رێنمایی پزیشکدا سابوون، شامپۆ و مادەکانی دیکە بەکاربهێنن.
 
سەبارەت بەو بەرهەمانەی کە لەسەریان نووسراوە "بێ پارابین"، د. ژوان ئەمجەت روونیکردەوە، "هەندێکیان هەرچەندە لەسەریان نووسراوە پارابینی تێدانییە، بەڵام رەنگە بڕێکی کەمی تێدابێت کە زیانەکەی کەمترە."
 
د. ژوان ئەمجەت، رێنمایی دایک و باوکان دەکات و دەڵێت، "هەوڵبدەن بۆ منداڵەکانتان شامپۆی بێ بۆن و بێ رەنگ بەکاربهێنن. بوونی ماددەکانی وەک گلیسرین و هایدرۆلایتیک ئەسید لەنێو شامپۆکاندا یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی پێستی منداڵ بە شێداری بمێنێتەوە."
 
مادە پارێزەرەکانی نێو بەرهەمە جوانکارییەکان 
 
-پارابین
-فۆرماڵدیهایدەکان 
-ترایکلۆسان
-ترایکلۆکاربان
-کواتێرنیۆم-١٥
-DMDM هایدانتۆین
 
مەترسییەکانیان
 
-هەستەوەری
-شێرپەنجە
-تێکچوونی هۆڕمۆنەکان
-زیانگەیاندن بە جگەر
-کەمبوونەوەی زایەندی
-هەناسەتەنگی