FDA ڤاکسینی فایزەری بۆ منداڵان پەسندکرد
رووداو- دیجیتاڵ
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی ڤاکسینی فایزەری بۆ منداڵانی تەمەن 5 بۆ 11 ساڵ پەسندکرد.
دەزگا ئەمریکییەکە بڵاویکردووەتەوە دوای بەدواداچوون بۆ کاریگەری و سەلامەتیی ڤاکسینەکە، ڤاکسینەکەیان بۆ منداڵان پەسندکردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەرپرسانی تەندروستیی ئەمریکا بڵاویانکردوونەتەوە ڤاکسینی فایزەر بۆ منداڵان 5 بۆ 11 ساڵان سەلامەت و کاریگەرە و منداڵان دژی کۆرۆنا دەپارێزێت.
پەسندکردنی ئەم ڤاکسینە بۆ منداڵان لەکاتێدایە، لەزۆربەی وڵاتان تووشبوونی منداڵان بە کۆرۆنا زیادیکردووە و بەرپرسانی تەندروستی هیواخوازن منداڵانیش وەک گەورەکان لە کۆرۆنا پارێزراوبن بۆیە داوادەکەن دایکو باوکان ڤاکسین بۆ منداڵەکانیان وەربگرن.