ژینگەی هەولێر بەڕێگەیەکی جیاواز هۆشیاری لەبارەی شیبوونەوەی پاشماوەکان بڵاو دەکاتەوە

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژینگەی هەولێر، لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانییان تابلۆیەکی زانیاریی لە پارکی شاری هەولێر داناوە کە ماوەی پێویست بۆ شیبوونەوەی پاشماوە جۆراوجۆرەکان رووندەکاتەوە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەر تابلۆکە نووسراون، شیبوونەوەی شووشە پێویستی بە 4000 ساڵە و پلاستیکیش 1000 ساڵی دەوێت. هەروەها، بنێشت 5 ساڵ، جگەرە 2 ساڵ و کاخەزیش 3 مانگی پێویستە تاوەکو بەتەواوی لەناودەچن و شی دەبنەوە.
 
رێباز محەممەد، هاونیشتمانییەک، ئاماژە بە گرنگیی ئەم هەنگاوە دەدات و دەڵێت، "بوونی ئەو جۆرە هۆشیارکردنەوانە زۆر گرنگە. هەر کەسێک ببینێت جگەرەیەک پێویستی بە 2 ساڵە بۆ شیبوونەوە، پێویستە بیر لە وازهێنان لە جگەرەکێشان بکاتەوە."
 
ئەو هاونیشتمانییە پێشنیازی ئەوەش دەکات کە "هۆشیاریی ژینگەیی لە قوتابخانەکانیشدا بڵاوبکرێتەوە" بۆ ئەوەی نەوەی نوێ گرنگیی پاراستنی ژینگە بزانێت.