لە بۆشایی ئاسمان چارەسەری نەخۆشییەک دەدۆزرێتەوە
رووداو - تەندروستی
سەنتەرێکی ئەمریکی توێژینەوەیەک دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان بۆ ئەوەی چارەسەری پووکانەوەی ئێسک بدۆزێتەوە.
سەنتەرێک دەیەوێت لە رێگەی ناردنی توێژینەوەکەی بۆ بۆشایی ئاسمان چارەسەری پووکانەوەی ئێسک بەتایبەت لە کەسانی بەساڵاچوو بدۆزێتەوە.
سەنتەری مایۆکلینیک بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای ناسا کۆمەڵێک مشک دەنێرنە وێستگەی ئاسمانی بۆ ماوەی دوومانگ، لەو ماوەیە دەرمانێکی نوێیان لەسەر تاقیدەکەنەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی نوێ بۆ نەخۆشیی لاوازبوون و پووکانەوەی ئێسک.
سەنتەری مایۆکلینیک رایدەگەیێنێت، لە بۆشایی ئاسماندا، بەهۆی نەبوونی هێزی کێشکردنەوە ئێسکی مرۆڤ زۆر خێراتر لەوەی زەوی تووشی پووکانەوە دەبێت، ئەمەش هۆکارێکە کەشتیوانەکان زیاتر تووشی پووکانەوە ئێسک دەبن.
دکتۆر جۆشوا چۆو، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "ئومێدەوارین ئەم کارەمان ببێتە هۆی دۆزینەوەی چارەسەری باشتر بۆ ئەو ملیۆنان کەسەی لەسەر زەوی بەدەست ئێسکەپووکانەوە دەناڵێنن."
دکتۆر جۆشوا چۆو ئاماژە بەوەدەکات "ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە دوو سوودی گەورەی دەبێت: یەکەمیان، یارمەتیی پاراستنی تەندروستیی کەشتیوانانی ئاسمانی دەدات، بەتایبەت ئەگەر لە داهاتوودا گەشتی درێژخایەن بۆ مەریخ ئەنجام بدەن. دووەم و گرنگتر، دەتوانێت ببێتە هەنگاوێکی گەورە بۆ دروستکردنی دەرمانێک بۆ ئەو کەسانەی لەسەر زەوی کێشەی لاوازبوونی ئێسکیان هەیە''.