جەنەراڵ ڤۆتێل: هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای پاراستنی وڵاتەکەیان هەیە


رووداو دیجیتاڵ

جەنەراڵ جۆزێف ڤۆتێل، فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێت: "دەرفەتێک بۆ داعش دروست دەبێت بۆ ئەوەی سوود لە دۆخەکە وەربگرێت و، هێرشی زیاتر ئەنجام بدات". بەڵام پێیوایە هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای پاراستنی وڵاتەکەیان هەیە.
 
جەنەراڵ ڤۆتێل لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باسی مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و سووریا، توانای هێزە ئەمنییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە و کاریگەریی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەسەر دۆخی ئەمنی ناوچەکە دەکات.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: ئایا مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە؟
 
جەنەراڵ ڤۆتێل: سەرەتا بەیانیتان باش. خۆشحاڵم جارێکی دیکە لەگەڵتانم. بەڵێ پێموایە دەرفەتێک بۆ داعش هەیە کە بەهێزتر ببێت. وەکو هەموومان دەزانین، ئێستا دۆخێکی راگوزەری زۆر گرنگ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی راگوزەری سووریا لە ئارادایە. لەگەڵ گواستنەوەی بەرپرسیارێتییەکان و ئەو تێکەڵبوونەی روودەدات و ئەو نادڵنیاییەی لەگەڵ ئەوانەدا دێت، بێگومان دەرفەتێک بۆ داعش دروست دەبێت بۆ ئەوەی سوود لە دۆخەکە وەربگرێت و، هێرشی زیاتر ئەنجام بدات و دەست بە سەرهەڵدانەوەیەکی نوێ بکات.
 
رووداو: ئایا وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی عێراق و سووریا، دەتوانن چی بکەن بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش؟ 
 
جەنەراڵ ڤۆتێل: بێگومان، هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای زۆر باشیان پەرەپێداوە و پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ هاوپەیمانان هەیە، کە ئەمریکاش لەخۆدەگرێت. دەبێت ئەوان سەرنجیان لەسەر ئەو پاشماوانەی داعش لە عێراق بێت و، دڵنیابن لەوەی کە ناتوانن خۆیان رێکبخەنەوە. پێموایە ئێستا لە سووریا ئاڵنگارییەکە کەمێک قورسترە، بەتایبەتی کە ئێستا لە قۆناخی راگەزەرداین لە نێوان هەسەدە و حکومەتی راگوزەری سووریا. لە زۆرێک لەو ناوچانەدا، دەبێت حکومەتی راگوزەر هەنگاوی پێویست بنێت یان زۆر بە وریاییەوە لەگەڵ پاشماوەکانی هەسەدە کاربکات بۆ ئەوەی گوشار لەسەر داعش بمێنێتەوە. لە کۆتاییدا، پێویستە حکومەتی راگوزەری سووریا کۆنترۆڵی خۆی بکات و بەرپرسیارێتی تەواوی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش لە ئەستۆ بگرێت.
 
رووداو: هۆکاری بڕیاری گواستنەوە 7 هەزار زیندانیکراوی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بۆ چی دەگەڕێننەوە؟
 
جەنەراڵ ڤۆتێل: لە کۆتاییدا، ئەو چەکدارانە خەڵکی عێراق بوون. بۆیە ئارەزووی ئەوە هەیە بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و رادەستی حکومەتی خۆیان بکرێنەوە.
 
رووداو: بەشێکی کەمی ئەوانە عێراقین، زۆربەیان بیانین. 
 
جەنەراڵ ڤۆتێل: بەشێکیان عێراقین، بۆیە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. پێموایە هۆکاری ئەوەی حکومەتی ئەمریکا ئەم بڕیارەی داوە، بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسییە بووە ئێستا لە سووریا هەیە. دیارە عێراق ئێستا زۆر سەقامگیرترە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق زۆر بەتوانان. حکومەتی عێراق لە دۆخێکی باشدایە بۆ وەرگرتنی ئەو زیندانییانە، نەک تەنیا پاسەوانیکردنیان، بەڵکو بەهیوای ئەوەی پەیوەندییەکانیان بەکاربهێنن بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان و پاراستنیان بۆ رێگریکردن لەوەی پاشماوەکانی داعش لە سووریا هەوڵی رزگارکردنیان نەدەن. ئەمە بە شێوەیەکی سەرەکی هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی.
 
رووداو: وەکو لە ڤیدیۆکاندا دەرکەوتووە، بەشێک لە سەربازان و فەرماندەکانی سووپای عەرەبیی سووریا سەر بە داعش بوون، ئەمریکا چۆن دەتوانێ متمانە بەو هێزانە بکات و بیانکاتە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش؟
 
جەنەراڵ ڤۆتێل: دیارە ئەمە دۆخێکی زۆر قورسە. لە کۆتاییدا، حکومەتی راگوزەری سووریا دەبێت کۆنترۆڵی هێزەکانی خۆی بکات. لەم دواییانەدا بینیومانە بە شێوەیەکی یەکگرتووتر و کاریگەرتر کار دەکەن. لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی ساڵی رابردوودا هەندێک ئاڵنگارییمان بینی، بەڵام وا دیارە بەسەریاندا زاڵ دەبن و کۆنترۆڵی زیاتر دەکەن. ئەمە بەڕوونی دۆخێکی قورسە بۆ ئەمریکا، بۆیە دەبێت لە هەنگاوەکانماندا وریا بین، بەڵام سیاسەتی ئەمریکا بەڕوونی لە بەرژەوەندیی حکومەتی راگوزەری سووریا دەشکێتەوە، ئەمریکا هەوڵدەدات لەگەڵیان کاربکات بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بن و یارمەتیدەربن بۆ پاراستنی هەموو سووریا. ئەمە مانای ئەوەیە ئەمریکا دەبێت لەو دۆخە سەختەدا کاربکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەو هێزە بە پیشەیی و بەهێزی دەمێنێتەوە.
 
رووداو: بە بۆچوونی ئێوە هێزە عێراقییەکان ئامادەییان هەیە بتوانن رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بکەن؟ 
 
جەنەراڵ ڤۆتێل: بە بۆچوونی من هێزە عێراقییەکان ئاستێکی بەرزی شارەزایی و لێهاتووییان پێشانداوە. لە کاتێکدا داعش گرووپێکی تیرۆریستیی زیرەکە کە هێشتا دەتوانێت هێرش ئەنجام بدات کە قوربانی لێبکەوێتەوە، بەڵام پێموایە هێزە ئەمنییەکانی عێراق زۆر بەتوانان بۆ پاراستنی عێراق لە هەڕەشەی سەرهەڵدانەوە. ئەوان دەتوانن بە یارمەتی بەردەوامی هاوپەیمانان و هاوبەشە رۆژئاواییەکان لە رێگەی راهێنان، پڕچەککردن و کاری هەواڵگرییەوە ئەو کارە بکەن.
 
رووداو: دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر نووری مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیران ئەوا هاوکاریی عێراق ناکەن. ئەگەر ئەمریکا هاوکاریی عێراق نەکات، ئایا دۆخی ئەمنی عێراق و پرسی سەرهەڵدانەوەی داعش چۆن دەبێت؟ 
 
جەنەراڵ ڤۆتێل: بێگومان پێموایە کاریگەریی لەسەر توانای عێراق بۆ پاراستنی خۆی دەبێت، بەتایبەتی لەدژی هەڕەشەی رێکخراوەکانی وەکو داعش. نامەوێت بچمە نێو لایەنە سیاسییەکانی ئەم بابەتە چونکە من لە سیاسەتی ئێستای ئەمریکا شارەزاییم نییە، بەڵام لە سەردەمی سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مالیکیدا بوو داعش دەستی بەسەر بەشێکی بەرفراوانی خاکی عێراقدا گرت. بەرپرسیارێتییەکی زۆری ئەوە کەوتە ئەستۆی ئەو. هێزە عێراقییەکان لەو کاتەدا نەیانتوانی لە ئاستی پێویستیدا بن. نیگەرانییەکی زۆر لەلایەن ئەمریکاوە لەو بارەیەوە هەیە، بەڵام بەهیوای ئەوەی بتوانرێت رێگری لەمە بکرێت و پشتیوانی ئەمریکا بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوام بێت.
 
رووداو: عێراق چۆن دەتوانێ خۆی لە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بپارێزێت؟
 
جەنەراڵ ڤۆتێل: ئەمریکا هەوڵدەدات پەیامێکی زۆر روون بۆ ئێران بنێرێت. مەبەستی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی هێز لە ناوچەکەدا رێگریکردنە. ئەوەی عێراق دەتوانێت بیکات ئەوەیە کە بەردەوام بێت لەوەی هاوبەشێکی باشی ئەمریکا و هاوپەیمانان بێت، لە هەمان کاتدا سەرنجی لەسەر سەروەریی خۆی بێت. دەبێت دڵنیابن لەوەی کە میلیشیاکان، بەتایبەتی ئەوانەی کە بە شێوەیەکی سەرەکی سەربە ئێران بوون، کاریگەریی زیاد لە پێویستیان لە وڵاتەکەدا نەبێت. یەکێک لەو شتانەی کە هەمیشە لە عێراق بەرز نرخاندوومە ئەوە بووە کە عێراق بۆ عێراقییەکانە. لە کاتێکدا ئەوان لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵنگاریدا دەژین، بەڵام هەمیشە نیگەرانی سەروەریی خۆیان بوون. زۆر گرنگە بۆ حکومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەکان کە خەڵک لە هەڕەشەکانی وەکو داعش و گرووپە میلیشیاکان بپارێزن کە دڵسۆزییان بۆ دەرەوەی عێراقە.
 
رووداو: زۆر سوپاس
 
جەنەراڵ ڤۆتێل: خۆشحاڵ بووم لەگەڵتان بووم.