پارێزگاری حەسەکە بۆ رووداو: پڕۆسەی تێکهەڵکێشکردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەت بە باشی بەڕێوەدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ

نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دۆسیەی یەکخستنی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریادا "پێشکەوتن" بەدیهاتووە.
 
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا، کە نالین حەسەن، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵی کردووە، نوورەدین ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەکارییە کۆتاییەکان بۆ ئازادکردنی هەموو دیلەکان تەواو بوون و گەڕانەوەیان نزیکە.
 
سەبارەت بە دۆسیەی پەروەردەش، پارێزگاری حەسەکە ئاشکرای کرد، پێشنیازێکی "زۆر گرنگ" هەیە کە پرۆگرامی فەرمیی سووریا دوای وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی کوردی، لە ناوچەکانی وەک حەسەکە، کۆبانێ، عەفرین و گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب بخوێندرێت، ئەوەشی وەک "یەکێک لە هەنگاوە گەرەنتیکەرەکان" بۆ سەرکەوتنی رێککەوتنی گشتی ناو برد.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: لە دۆسیەی تێکهەڵکێشکردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتدا لە ئاستە مەدەنی و سەربازییەکاندا، تاوەکو ئێستا دیارترین هەنگاوە کردەیییەکان چین؟
 
نوورەدین ئەحمەد: تاوەکو ئێستا دۆسیەی تێکهەڵکێشکردن لە رووی سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە بە ئاسانی بەڕێوە دەچێت و لە هەنگاوەکانی یەکخستندا پێشکەوتن هەیە، وەک دانانی فەرماندەیی لیواکان و دیاریکردنی ئەفسەرە چالاکەکان لەناو پێکهاتەی لیواکاندا. کۆمەڵێک لەو ئەفسەرانە لە ئەکادیمیای سوپای سووریا مەشق و راهێنان دەبینن. هەروەها یاریدەدەری وەزیری بەرگری و جێگری فەرماندەی فیرقەی چالاکی پارێزگاکە دەستنیشان کراون. بۆ ئاسایشی ناوخۆش، جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگاکە دانراوە. لێژنە هەن کە لەگەڵ ئەفسەران و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش کۆدەبنەوە بۆ تەواوکردنی تۆمارەکانیان و زانینی ئامادەییان بۆ چوونە ناو ریزەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دابەشکردنیان بەگوێرەی شارەزایی و لێهاتووییان، بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی لە داهاتوودا بەگوێرەی یاسا و رێساکانی وەزارەتی ناوخۆ پێیان دەسپێردرێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکان. ئەگەر پێویست بکات خولی راهێنان ببینن، لە داهاتوودا دەیبینن. لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین کارەکان لە ناو ئەم دوو سێکتەرەدا بە باشی بەڕێوە دەچن. لە سەرووی کارە لەپێشینەکاندا، دۆسیەی ئازادکردنی هەموو دیلەکان بەبێ مەرج هەیە و ئەمەش لە قۆناغی جێبەجێکردندایە؛ بەهۆی هەندێک هۆکاری پەیوەست بە پڕۆسەی یەکخستنەوە دواکەوت، بەڵام ئامادەکارییە کۆتایییەکان بۆ ئازادکردنیان تەواو بوون. بڕیار وابوو هەفتەی رابردوو هەموو دیلەکان ئازاد بکرێن، دوای لادانی ئەو ئاستەنگانەی ئەم دواییە هاتنە پێش، لە کاتێکی نزیکدا ئەمە روودەدات. هەروەها سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان، رێککەوتن هەیە کە هەموو ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان لە هەموو هەرێمەکان بگەڕێنەوە.
 
رووداو: چۆن گەرەنتی دەکرێت کە بەڕێوەبەرایەتیی هاوبەش لە حەسەکە بەڕاستی لەسەر بنەمای رێککەوتن بێت و هیچ پێکهاتەیەک هەست نەکات پەراوێز خراوە؟
 
نوورەدین ئەحمەد: بەڕێوەبردنەکە بێگومان لەسەر بنەمای رێککەوتن دەبێت، چونکە دەستنیشانکردنەکان بە رێککەوتن و بەشداریی هەموو پێکهاتەکان دەبێت، تاوەکو رۆڵیان لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە حکومییە سەربازی و مەدەنییەکاندا هەبێت. ئەمە لە لایەکەوە، لایەنە هەرە گرنگەکەش کە پێویستە هەمووان کاری لەسەر بکەن، دروستکردنی پردی متمانەی هاوبەشە لەنێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە بەڕێوەبردنی کاروباری پارێزگاکە و کاروباری دەوڵەت. لەلایەکی سێیەمەوە، ئێمە هەموومان پێکەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان مافە رەواکانی خۆیان و مافی هاووڵاتیبوونی راستەقینە بەدەست بهێنن، تاوەکو هاووڵاتی لە هەر پێکهاتەیەک بێت هەست بکات مافی هەیە و دەبێت سوودی لێ وەربگرێت، ئەرکیشی بەرامبەر نیشتمانەکەی لەسەر شانە.
 
رووداو: بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی یەکخستنی سەربازی و کارگێڕی بە تەواوی لە پارێزگای حەسەکە، کاتی پێشبینیکراو چییە؟
 
نوردین ئەحمەد: هەموو ئەو شتانەی باسمان کردن، گەرەنتی راستەقینەن کە دەتوانین هیوایان لەسەر هەڵبچنین بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی یەکگرتوو بۆ هەمووان. سەبارەت بە وردەکارییەکانی یەکخستنی هێزە سەربازییەکان، پێوەرە تایبەتەکانی دامەزراوەی سەربازی هەن، بەڵام تایبەتمەندییەک دەبێت، کە بۆ تەواوکردنی پڕۆسەکە لەبەرچاو دەگیرێت. کاتێکی دیاریکراوی ورد نییە، بەڵام کار دەکەین پڕۆسەی یەکخستنەکە بە خێراییەکی زۆر تەواو بێت، تاوەکو دەست بە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و کاراکردنەوەی دامەزراوە سەربازی، ئەمنی و کارگێڕییەکان بکەین.
 
رووداو: چ لایەنێک چاودێریی جێبەجێکردنی رێککەوتنی یەکخستنەکە لەسەر زەوی دەکات و پابەندبوون بە بەندەکانی گەرەنتی دەکات؟
 
نوورەدین ئەحمەد:  هەردوو لایەنی رێککەوتنەکە ئیرادەیەکی روونیان بۆ جێبەجێکردن و سەرخستنی هەیە و هەمووان کار دەکەن ئاستەنگەکان لەسەر رێگەی سەرکەوتنی لابدەن، سەرەڕای ئەوەی لە هەندێک وردەکاری بچووکدا ئاستەنگ و زەحمەتی هەن و هەندێک لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی نایانەوێت پڕۆسەکە سەرکەوتوو بێت، چونکە بەرژەوەندییە تەسکەکانیان زیانی پێ دەگات. ئەم ئیرادەیە خۆی یەکێکە لە گەرەنتییەکان، هەروەها لایەنی نێودەوڵەتیش هەن کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چاودێریی بابەتەکان دەکەن، بەڵام گەرەنتی راستەقینە ئەوەیە کە هەموو پێکهاتەکان مافە رەواکانیان بەدەست بهێنن. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەو رۆڵە نەرێنییە بکەم، کە هەندێک دەزگای راگەیاندن و کەسایەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەیگێڕن؛ ئەوانەی گوتاری رق و کینە و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بۆ مەرامی شەخسی یان بۆ کۆکردنەوەی "لایک" بڵاو دەکەنەوە، بێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەو کاریگەرییە خراپانەی لە بڵاوکراوەکانیانەوە دەکەوێتەوە، کە دوورن لە راستی و بابەتیبوون و هەموویان هەواڵ و زانیاریی هەڵە و درۆن.
 
رووداو: ئەحمەد ئەلهیلالی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو کە دوو پێشنیاز بۆ خوێندن بە زمانی کوردی هەن: یەکەمیان، وەک وانەیەکی ئارەزوومەندانە و دوو وانە لە هەفتەیەکدا بێت، دووەمیشیان، وەرگێڕانی تەواوی پڕۆگرامی نیشتمانی بۆ سەر زمانی کوردی. ئایا ئەم پێشنیازە بەڕاستی لە ناو پلانی یەکخستنی پەروەردەدا هەیە؟ ئایا وەرگێڕانی پڕۆگرامی نیشتمانی بۆ زمانی کوردی بە کارێکی گونجاو دەبینن؟ کام لایەن ئەم پێشنیازەی کردووە؟
 
نوورەدین ئەحمەد: بەڵێ، چەند پێشنیازێک بۆ پڕۆسەی پەروەردە هەن، کە لە ئەنجامی چەندین کۆبوونەوەی نێوان لێژنەکانی وەزارەتی پەروەردەی سووریا و دەستەی پەروەردەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هاتوونەتە ئاراوە. یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە کە پڕۆگرامی یەکگرتووی سووریا بە وەرگێڕدراوی بۆ زمانی کوردی، لە پارێزگای حەسەکە، کۆبانێ، عەفرین و شێخ مەقسوود وەک پڕۆگرامێکی ئارەزوومەندانە بۆ قوتابیان بخوێندرێت. بە بڕوای من، ئەم هەنگاوە یەکێکە لە هەنگاوە هەرە گرنگەکان. من لە زۆربەی کۆبوونەوەکانمدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بابەتەم باس کردووەو جەختم لە گرنگییەکەی کردووەتەوە. ئەمە کارێکی زۆر گونجاوە و یەکێکە لە هەنگاوە گەرەنتیکەرەکان بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی تێکهەڵکێشکردن. سەبارەت بەوەی کێ پێشنیازی کردووە، ئەوە یەکێک بوو لە بەرهەمی کۆبوونەوەکانی من لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، چونکە ئەوە چارەسەرێکی گونجاوە بۆ پڕۆسەی تێکهەڵکێشکردن لە دۆسیەی پەروەردەدا و بە گشتی هەڵوێستەکان بەرامبەر ئەم پێشنیازە ئەرێنین.