لێکۆڵینڤانێکی ئوسترالی: کۆمەڵگەی ئێزدی زیاتر لە جاران رژدن لەسەر فەرهەنگ و کولتووری خۆیان


رووداو دیجیتاڵ  

لێکۆڵینڤانێکی ئوسترالی دەڵێ، "ئەوەی داعش بەرامبەر کوردی ئێزدی کردی، دەرەنجامەکانی تاوەکو ماوەیەکی درێژ لەسەریان دەمێنێتەوە.'' دەشڵێت، "داعش  فەرهەنگی کوردانی ئێزدی کردە ئامانج.'' 
 
بنیامین ئیسحاق خان، لێکۆڵینڤان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشكێشی کرد، رایگەیاند، "کۆمەڵگەی ئێزدی لە ئاوارەیی و پەنابەریدا لە پاش جینۆسایدی شنگال، سەرەڕای ئەوەی لە زێد و پەرستگە دێرینەکانیان دوورن، بەڵام سوورترن لەسەر جێبەجێکردنی نەریت و کولتوور و شێوەی ژیانی ئێزدیاتی.'' ئەو نموونە بە کوردانی ئێزدی لە ئەورووپا دێنێتەوە و دەڵێ: "زیاتر لە جاران سەرنجیان لەسەر جلوبەرگی ئێزدییەکانە، ئەمەش نیشانەی رژدبوونی ئەو کۆمەڵگەیە لەسەر دەستگرتن بە شوناسی خۆیان.'' 
 
ئەو لێکۆڵینڤانە چەندین ساڵە توێژینەوە لەسەر کوردانی ئێزدی دەکات، یەکێک لەو خاڵانەی لە توێژینەوەکانی تیشکی خستووەتەسەر نەریتییە کۆمەڵایەتییەکانی کوردانی ئێزدییە کە کۆمەڵکوژیی شنگال چۆن کاریگەری کردووەتە سەر نەریتە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردانی ئێزدی کردووە.
 
ئەو دەڵێت: "کۆمەڵگەی ئێزدی لە ئاوارەیی و پەنابەریدا لە پاش جینۆسایدی شنگال، سەرەڕای ئەوەی لە زێد و پەرستگە دێرینەکانیان دوورن، بەڵام سوورترن لەسەر جێبەجێکردنی نەریت و کولتوور و شێوەی ژیانی ئێزدیاتی .'' ئەو نموونە بە کوردانی ئێزدی لە ئەورووپا دێنێتەوە و دەلێ: "زیاتر لە جاران سەرنجیان لەسەر جلوبەرگی ئێزدییەکانە،ئەمەش نیشانەی رژدبوونی ئەو کۆمەڵگەیە لەسەر دەستگرتن بە شوناسی خۆیان.'' 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: دکتۆر بنیامین، بەخێربێیت بۆ رووداو، دوای 11 ساڵ لە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە شنگال، ئێوە باسی کەلەپوورەکەیانتان کرد، تێبینیی ئێوە چییە؟ دوای 11 ساڵ لە جینۆسایدەکە، چی بەسەر کەلەپوور و فەرهەنگی کوردانی ئێزدی دا هاتووە؟
 
د. بنیامین: بەڵێ، ئێمە لێرە باسی جینۆسایدی دژی گەلی ئێزدی دەکەین، بێگومان گرنگترین و دیارترین لایەنی ئەو جینۆسایدە، کردنەئامانجی مرۆڤەکان و لەناوبردنی ژیانە، ئەوەی دەیزانین لەبارەی ئەوەی داعش بە مرۆڤەکانی کردووە، شتێکی ئەوەندە ترسناکە باوەڕ ناکرێت. دەزانین خەڵکیان بەکۆمەڵ کوشتووە، گۆڕی بەکۆمەڵ هەبوون، ژنانیان کردووەتە کۆیلە، منداڵانیان بردووە، هەموو ئەو کارە سامناکانەیان کردووە کە دەکرێت مرۆڤ بیری لێ بکاتەوە، بەڵام لایەنێکی دیکەی چیرۆکەکە هەیە کە زۆر جار لەکاتی باسکردنی جینۆساید دا پشتگوێ دەخرێت، ئەویش کردنەئامانجی فەرهەنگەکەیانە، کردنەئامانجی رووحیانە، کردنەئامانجی رێوڕەسمە ئایینییەکانیان، باوەڕیان هەروەها خودی ئەو شوێنە پیرۆزانەی لە شار و ناوچە جیاوازەکانی ئێزدییەکاندا بۆ جێبەجێکردنی رێوڕەسمە ئایینی و نەریتییەکانیان دروستیان کردوون. داعش لە هەردوو وڵاتی سووریا و عێراقدا، بەرنامەیەکی زۆرسیستەماتیکی بۆ لەنێوبردنی شوێنەوارە کەلەپوورییەکان دەستپێکرد، بێگومان، ئێمە هێرشکردنە سەر شوێنەکانی وەکو مۆزەخانەی موسڵ یان تەقاندنەوەی شوێنەوارە دێرینەکانی وەکو نەمروودمان لەبیرە، بەڵام یەکێک لەو چیرۆکانەی زۆر باس نەکراوە، ئەو شێوازەیە داعش بە مەبەست کەلوپەل و نەریتی فەرهەنگیی ئێزدییەکانی کردە ئامانج. ئەم کارەیان لە هەر شوێنێک کردبێت، لە هەر شوێنێک شتێکیان دۆزیبێتەوە بەها و باوەڕەکانی گەلی ئێزدیی تێدا بەرجەستە بووبێت، وێرانیان کردووە، بەتایبەتی لە شنگال، لە باشیک و لە چەندین شار و ناوچەی دیکەدا ئەمەیان کرد. کەواتە، ئەمە بەرنامەیەکی زۆر سیستماتیک و بە ئەنقەست بوو.
 
ئێستا، ئەنجامەکانی ئەمە زۆر ئاڵۆزن، چونکە تۆ کەمینەیەکی ئایینیی زۆر بچووکت هەیە لە ناوچە دوورەدەستەکانی وڵاتدا دەژین و پەیڕەوی نەریت و دابونەریتێکی ئایینیی فۆلکلۆری دەکەن ،نەوە لە دوای نەوە بۆیان ماوەتەوە، کاتێک تۆ ئەمە تێکدەدەیت، کاتێک ئەو خەڵکە و کولتووریان دەکەیە ئامانج، تۆ توانای ئەوانت بۆ جێبەجێکردنی ئایینەکەیان، رێوڕەسمەکانیان، گواستنەوەی ئەو زانین و زانیارییانە بۆ نەوەی داهاتوو، لێک هەڵوەشاندەوە. بۆیە کاتێک باسی جینۆساید دەکەین، زۆر جار وەکو تراومایەکی نەوە دوای نەوە باسی دەکەین خەڵکی لە کاتی جینۆسایددا تووشی برینێکی دەروونیی قووڵ دەبن،بەڵام ئەو تراومایە دەکرێت فەرهەنگییش بێت، واتە پەیوەندیت لەگەڵ دابونەریت، فەرهەنگ، ئایین و شێوازی ژیانتدا نامێنێت، بۆ من، ئەمە لایەنێکی زۆر گرنگی جینۆسایدی ئێزدییەکانە رەنگە کەمتر باس کرابێت.
 
رووداو: دوای جینۆسایدەکە، سەدان هەزار کوردی ئێزدی وڵاتیان جێهێشت,بەداخەوە، هێشتا نەگەڕاونەتەوە بۆ شنگال زۆربەیان لە ئەورووپان، بەتایبەتی لە ئەڵمانیا، هێشتا لە هەرێمی کوردستان کەمپ هەن و کوردی ئێزدی لە کەمپەکاندان. ئێوە باسی گواستنەوەی ئەو رێورەسمە ئایینییانەتان کرد بۆ نەوەی دواتر، ساڵی 2014ـەوە 11 ساڵ تێپەڕیوە،لەم نێوەندەدا منداڵا هەن ئێستا تەمەنیان 11 ساڵە و قەت شنگالیان نەبینیوە. رەنگە هەرگیز هەرێمی کوردستان یان عێراقیشیان نەبینیبێت، بۆ نموونە ئەوانەی لە ئەڵمانیا لەدایکبوون، ئایا تێبینیت کردووە نەوەی نوێ بە جۆرێک لە جۆرەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکە ئایینییەکانیاندا جیاوازن لە نەوەی کۆنتر؟
 
د. بنیامین: ئەوەی لەم بارەیەوە سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کاریگەرییەکەی لەوانەیە تەواو پێچەوانەی ئەوە بێت چاوەڕێی دەکەیت،نەوەیەک کە لەدایکبووی تراوما و ئاوارەییە، نەوەیەک کە لە رووی جەستەیی، سۆزداری و رووحیەوە لە رەگ و ریشەی خۆی دابڕاوە، رێگەی ناوازەی خۆی بۆ دووبارە پەیوەستبوونەوە هەیە. ئەمەش شتێکمان پێدەڵێت لەبارەی خۆڕاگریی گەلی ئێزدی و خۆڕاگریی رووحی مرۆڤ،خەڵک بەو ئاسانییە دەستبەرداری فەرهەنگی خۆیان نابن. راستییەکەی، کاتێک فەرهەنگی گەلێک دەکەیتە ئامانج،وا دەکەیت سوورتر بن لەسەر جێبەجێکردنی ئەو فەرهەنگە و پاراستنی بە باشترین شێوە. بۆیە لەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری ئێزدییەکاندا کردوومانە، یەکێک لەو شتانەی دووبارە و سێبارە دەردەکەوێتەوە ئەوەیە، نەوەی کچانی گەنج کە قسەم لەگەڵ کردوون، ئەگەر جینۆسایدەکە لە ساڵی 2014 رووی نەدایە، ڕەنگە قەت بیریان لە پۆشینی هەندێک لە جلوبەرگە نەریتییەکان نەکردایەتەوە کاتێک سەردانی مەزارگەیەکیان دەکرد، بە جلی ئاساییەوە دەچوون. بەڵام ئێستا شانازییەکی گەورە دەکەن بە پۆشینی جلوبەرگە نەریتییەکانیان. 
 
رووداو: زیاتر پابەندن پێیەوە؟
 
د. بنیامین: زیاتر لە هەموو کاتێک سوورن لەسەر پاراستنی و گواستنەوەی بۆ نەوەی داهاتوو. بێگومان ئەمە هەموو کەسێک ناگرێتەوە،خەڵکی دیکە هەن ئەزموونی جیاوازیان دەبێت ، من رێز لەو ئەزموونانە دەگرم. خەڵک مافی تەواوی خۆیانە بڕیار بدەن تا چەند دەیانەوێت پابەندی فەرهەنگی خۆیان بن بەڵام ئەوە سەرنجڕاکێشە نەک تەنیا لەنێو ئێزدییەکاندا، بەڵکو لە دیداری دیکەشدا کە لەگەڵ کۆمەڵگەی دیکەدا کردوومە، ئەوەی دەیبینیت، سەرهەڵدانەوەی حەز و خولیایەکی راستەقینەیە لەنێو گەنجاندا بۆ فەرهەنگەکەیان، هەر شتێک بدۆزنەوە، هەر شتێک بیخوێننەوە، هەر کەسێک بدۆزنەوە قسەی لەگەڵ بکەن شتێک لەبارەی ئێزدییەکانەوە بزانێت، بە راستی هەوڵ دەدەن فێری شتێک بن، بیپارێزن ، تا دەتوانن چیرۆکەکان لەبیر نەکەن.
 
کەواتە شتێکی سەرنجڕاکێش لەم نێوەندەدا روودەدات، لە لایەکەوە تۆ پێتوایە کۆمەڵێکی وەک داعش دەیانەوێت گەلێک بسڕنەوە، رەنگە ئەگەر رێگەیان پێبدرایە ئەو کارەیان دەکرد. بەڵام لە رێگەی ئەو هەوڵی سڕینەوەیەوە خۆڕاگرییەکی نوێ، سووربوونێکی نوێ دروست دەبێت بۆ پاراستنی هەر شتێک کە بتوانرێت. ئەمە لە ڕووی فیزیکیشەوە دەیبینین، زۆربەی لەو مەزارگانەی لە ناوچەکانی عێراقدا لەلایەن داعشەوە زیانیان پێگەیشت و وێران کران، دووبارە دروستکراونەتەوە، زۆربەی ئەو ئاوەدانکردنەوەیەش لەلایەن ئەندامانی کۆمەڵگەکەوە سەرپەرشتی کراوە و جێبەجێ کراوە کە سوور بوون لەسەر دووبارە بونیاتنانەوەی فەرهەنگەکەیان ، گەڕانەوەی بە باشترین شێوە، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەکە.
 
رووداو: ئێوە چاوپێکەوتنتان لەگەڵ زۆر لە کوردی ئێزدی کردووە، کاتێک لێیان دەپرسیت بۆچی لە شنگال نین یان بۆچی ناگەڕێنەوە، وەڵامی سەرەکییان چییە؟
 
د. بنیامین: بەڕاستی وەڵامی سەرەکی ئاسایشە،ئەوان هەست ناکەن ژینگەکە ئەوەندە سەقامگیر و ئارام بێت بتوانن بە شێوەیەکی هەمیشەیی بگەڕێنەوە.
 
رووداو: واتە بە کردەوە متمانەیان بەو گەرەنتییانە نییە ئێستا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوێوە دەدرێت کە شنگال ئارامە، هەر هیچ نەبێت دۆخی ئێستا بەس نییە بۆیان تا هەست بە ئارامی بکەن و بگەڕێنەوە؟
 
د. بنیامین: بێگومان.. من تەنیا دەتوانم لەسەر بنەمای ئەزموونی تاکەکەسی و بە شێوەیەکی گشتی قسە بکەم، چونکە ئەو چاوپێکەوتنانەی من کردوومن، نوێنەرایەتیی هەموو بیروڕاکانی گەلی ئێزدی ناکەن، بەڵام لەنێو ئەو کەسانەی قسەم لەگەڵ کردوون، یەکێک لەو بابەتانەی دووبارە دەبێتەوە ئەوەیە هەست بە ئارامی ناکەن. ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ساڵی 2014 روویدا، بۆ ئەو هەستی نەپارێزراوییەی ئەو کاتە لەگەڵتدا دەمێنێتەوە، بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ ژینگەی ئەمڕۆ.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، قسەم لەگەڵ زۆر ئێزدی کردووە هەوڵ دەدەن بگەڕێنەوە بۆ شنگال بۆ گەڕان لە چیاکان یان بۆ سەردانیکردنی ئەو مەزارگانەی رەنگە پێشتر قەت نەچووبن و ئێستا ئاوەدانکراونەتەوە، بۆ گەشت و سەیران، بۆ کۆبوونەوەی خێزانی، یان بۆ ئاهەنگ و جەژنەکانیان. با بگەڕێمەوە سەر ئەوەی پێشتر باسم کرد لەبارەی پۆشینی جلوبەرگی نەریتییەوەیە، شتێکی دیکە بەردەوام دووبارە بووەتەوە ئەوەیە خەڵک سەردانی لالش دەکەن، بۆ نموونە  پێشتر لەوانەیە ئێزدییەک تەنیا جارێک لە ژیانیدا سەردانی لالش بکات بۆ ئەوەی لەوێ پیرۆز بکرێت و ببێتە بەشێک لە کۆمەڵگەی ئێزدی، بەڵام ئێستا بەردەوام دەچن هەر دەرفەتێکیان بۆ بڕەخسێت، دەیانەوێت بچنە لالش، چونکە بووەتە هێمای ناسنامەیان و هێمای داهاتوویان. کەواتە، هۆکاری فرەچەشن و ئاڵۆز هەن وایانکردووە خەڵک هێشتا لە ململانێدا بن بۆ دووبارە بەدەستهێنانەوەی ناسنامەی خۆیان، بەڵام لە هەمان کاتدا نیشانەی زۆری هیواش هەن.
 
رووداو: سوپاس دکتۆر بنیامین و جارێکی تر بەخێربێیت بۆ ڕووداو.
 
د. بنیامین: زۆر سوپاس.