کۆسرەت رەسول بۆ رووداو باسی ژیانی تایبەتی دەکات

رووداو - هەولێر

کۆسرەت رەسول عەلی، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، دوور لە سیاسەت لەبارەی ژیانی تایبەتی وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە.

رووداو: ئەگەر پێشمەرگە و سیاسەتوان نەبوویتایە، چ پیشەیەكت هەڵدەبژارد؟

كۆسرەت رەسوڵ:  حەزم دەكرد پارێزەر بم، بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەكانی خەڵك بكەم.

رووداو: حەزت لە دەنگی چ گۆرانیبێژێكە؟

كۆسرەت رەسوڵ:  تەحسین تەها و حەسەن زیرەك.

رووداو: خولیای چ جۆرە وەرزشێكی، هاندەری چ هەڵبژاردە و یانەیەكی؟

كۆسرەت رەسوڵ: حەزم لە تۆپی پێیە. هاندەری یانەی مانچستەر یونایتدم، ئەویش لەبەر دڵی دەرباز و شاكێو.

رووداو: خۆشترین شوێن بە لای تۆ كوێیە؟

كۆسرەت رەسوڵ: لە كوردستان دۆكان. لە جیهانیش ئیتاڵیا.

رووداو: حەزت لە چ جۆرە خواردنێكە؟

كۆسرەت رەسوڵ:  هەموو جۆرە خواردنێكی كوردەواری دەخۆم.

رووداو: جگە لە مام جەلال، حەز لە نوكتەی كێ‌ دەكەی؟

كۆسرەت رەسوڵ: نوكتەكانی كەمال شاكر.

رووداو: قسەی دڵی خۆت لای كێ‌ دەكەی؟

كۆسرەت رەسوڵ: هەندێ كات قسەی دڵی خۆم لای كەس ناكەم.

رووداو: حەز دەكەی بەناوی باوكی رێناس بانگت بكەن یان ناوێكی دیكە؟

كۆسرەت رەسوڵ: هیچ جیاوازییەكی نییە بەهەر ناوێك بانگم بكەن.

رووداو: سەختترین ئازار لە ژیانتدا بینیبێتت چییە؟

كۆسرەت رەسوڵ: ئەشكەنجە و ئازاری بەندیخانەی بەعس لە ساڵی 1977.

رووداو: رێبازی كوڕت چ مانایەكی هەیە بۆ تۆ؟

كۆسرەت رەسوڵ:  كە بەبیرم دێتەوە دڵم دەسووتێ.

رووداو: چ ئامۆژگارییەك بەردەوام بە بیری منداڵەكانت دەهێنییەوە؟

كۆسرەت رەسول: خزمەتی خەڵك بكەن و بەوەفا بن بۆ كورد، خۆتان دووربگرن لە هەموو شتێك كە كاریگەریی خراپ بكاتە سەر ناوبانگتان.