وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: تورکیا بەڵێنی بەردانەوەی ئاوی دا و جێبەجێی نەکرد
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایدەگەیێنێت، عێراق کەمتر لە 30%ی پێداویستیی خۆی لە ئاو وەردەگرێت، داواش دەکات تورکیا پابەندی بەڵێنەکانی بێت بۆ بەردانەوەی پشکی ئاوی زیاتر.
د. خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە نووڕۆژی رووداو، دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئاوی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی تورکیا، خستەڕوو و رایگەیاند، هەر رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەنقەرە بکرێت، "دەبێت دۆسیەی ئاوی تێیدا بێت."
ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە، حکومەتی ئێستای عێراق گرنگییەکی زۆر بەم دۆسیەیە دەدات، "چونکە ئاسایشی ئاو یەکێکە لە گرنگترین دۆسیەکانی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق."
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاماژەی بە سەردانی شاندێکی باڵای عێراق کرد بۆ تورکیا، "لەو سەردانەدا، لایەنی عێراقی دۆخی مەترسیداری ئاو و پێویستیی عێراقی بۆ بەردانەوەی ئاوی زیاتر" بۆ شاندی تورکیا روونکردووەتەوە، بەڵام وەک ئەو بەرپرسە باسی کرد، سەرەڕای بەڵێنەکان، هیچ گۆڕانکارییەکی کردەیی رووینەداوە.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ د. خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق:
رووداو: سەرەتا با لە دۆخی ئاوی عێراق و پەیوەندییەکانتان لەگەڵ تورکیاوە دەست پێبکەین، ئایا هیچ پێشهاتێکی نوێ هەیە؟
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: بەڵێ، دۆخی ئاو لە عێراق هێشتا جێگەی نیگەرانییە. لە هەر دانوستاندن و رێککەوتنێکدا لەگەڵ تورکیا، دەبێت دۆسیەی ئاو ئامادە بێت و لە پێشینەدا بێت. حکومەتی عێراق دۆسیەی ئاوی کردووەتە دۆسیەیەکی سەروەری، چونکە ئاسایشی ئاو یەکێکە لە گرنگترین کۆڵەکەکانی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و سازشی لەسەر ناکرێت. بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵ تورکیا، سووریا و ئێران پێویستی بەوەیە کە هەمووان ئەم دۆسیەیە بخەنە سەرووی هەموو پەیوەندییەکانی دیکەوە.
رووداو: ماوەیەک لەمەوبەر شاندێکی باڵای عێراق سەردانی تورکیای کرد، ئایا ئەو سەردانە هیچ ئەنجامێکی کردەیی هەبوو؟
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: راستە، شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوە و بە ئەندامێتیی وەزیری سەرچاوەکانی ئاو سەردانی تورکیای کرد. لەوێدا دۆخی مەترسیداری ئاو و پێویستیی بەپەلەی عێراقمان بۆ بەردانەوەی پشکی زیاتری ئاو خستەڕوو. لایەنی تورکی بە بایەخەوە گوێی لە داواکارییەکانمان گرت و بەڵێنی هاوکارییان دا، بەڵام بەداخەوە، تاوەکو ئێستا لەسەر زەوی هیچ گۆڕانکارییەک رووینەداوە. هیچ زیادبوونێک لە ئاستی ئاوی هاتوو بۆ عێراق تۆمار نەکراوە و ئێمە هێشتا لە چاوەڕوانیداین.
رووداو: بە دیاریکراوی عێراق داوای چەند ئاو لە تورکیا دەکات و بۆچی ئەو بڕە ئاوەتان پێویستە؟
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: ئێستا عێراق کەمتر لە 30%ـی پێداویستیی خۆی لە ئاو وەردەگرێت. ئێمە داوامان کردووە کە بەردانەوەی ئاوی رووباری دیجلە بگاتە 500 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، و هی رووباری فوراتیش لە 300 مەتر سێجا کەمتر نەبێت. ئەمە بۆ چەند ئامانجێکی ستراتیژی زۆر گرنگە: یەکەم، بۆ دووبارە پڕکردنەوەی یەدەگی دابەزیوی بەنداوەکانمان. دووەم، بۆ دابینکردنی ئاو بۆ وەرزی کشتوکاڵی داهاتوو. سێیەم، بۆ مسۆگەرکردنی ئاوی خواردنەوە و بەکارهێنانەکانی دیکە. چوارەمیش، بۆ پاراستنی ژینگەی شەتولعەرەب و زۆنگاوەکان کە رووبەڕووی مەترسیی جددی بوونەتەوە.
رووداو: جگە لە فاکتەری دەرەکی، هەندێک لایەن ئاماژە بە 'خراپ بەڕێوەبردن'ی ناوخۆیی دەکەن وەک بەشێک لە قەیرانەکە. ئێوە وەک وەزارەت لەگەڵ ئەم بۆچوونەدان؟
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: ناکرێت نکۆڵی لە هەندێک کەموکوڕی بکرێت، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە عێراق لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا بە دۆخێکی نائاساییدا تێپەڕیوە؛ لە شەڕەوە بگرە تاوەکو گەمارۆی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. ئەمەش وایکردووە کە پەرەپێدانی ژێرخانی ئاو و نوێکردنەوەی تۆڕەکانی ئاودێری وەکو پێویست نەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، چوار ساڵی رابردوو ساڵی وشکەساڵی بوون، کە بووە هۆی دابەزینی یەدەگی ستراتیژیی ئاومان بۆ کەمتر لە 6%، ئەمەش رێژەیەکی پێوانەیی و مەترسیدارە.
رووداو: کەمبوونەوەی ئاو چ کاریگەرییەکی لەسەر کوالێتیی ئاو و ژیانی خەڵک هەبووە، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی باشوور؟
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: کاریگەرییەکە زۆر نەرێنی بووە. کاتێک ئاستی ئاو دادەبەزێت، رێژەی پیسبوون و سوێری تێیدا بەرز دەبێتەوە. پارێزگاکانی باشوور، وەک بەسرە، میسان، زیقار و موسەننا، زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە چونکە دەکەونە کۆتایی رووبارەکانەوە. بۆ نموونە لە بەسرە، بەهۆی کەمیی ئاوی شیرینەوە، "زمانی سوێری"ی کەنداو دزە دەکاتە ناو شەتولعەرەب، کە پێشتر بە بەردانەوەی نزیکەی 50 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا دەمانتوانی رایبگرین، بەڵام ئێستا ئەو توانایەمان نەماوە.
رووداو: باشە، جگە لە چاوەڕوانی بۆ وڵاتانی دراوسێ، حکومەتی عێراق چ هەنگاوێکی ناوخۆیی ناوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە؟
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: بێگومان حکومەت دەستەوەستان نییە. هەڵمەتێکی نیشتمانیی فراوانمان دەستپێکردووە بۆ لابردنی سەرجەم زیادەڕۆییەکان لەسەر رووبارەکان و کەناڵەکانی ئاو. هەروەها کار لەسەر دروستکردنی وێستگەی نوێی چارەسەرکردنی ئاوی پیس دەکەین بۆ ئەوەی دووبارە بەکاربهێنرێتەوە. لەلایەکی دیکەوە، بۆ پشتگیریکردنی رووباری فورات، ئاو لە دەریاچەی سەرسارەوە بۆی بەردەدرێتەوە. وەزارەت پلانی هەیە بۆ نوێکردنەوەی ژێرخان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو، بەڵام دووپاتی دەکەینەوە کە چارەسەری بنەڕەتیی قەیرانەکە، بەندە بە هاوکاریی وڵاتانی سەرچاوەی ئاو.