سەرۆکی هوداپار: ئێمە دەڵێین ئەو ناوچەیەی زۆرینە کوردی تێدا دەژی کوردستانە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گشتیی هوداپار بۆچوونی خۆی سەبارەت بە چۆنیەتیی چەک دانانی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئاشکرا کرد کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازی چەک دانانی بۆ کردوون.
زەکەریا یاپیجیۆغلو گوتی، "لەوانەیە لە هەرێمی کوردستان یان لە خاکی عێراق کەمپێک دروست بکرێت، ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە بەشداریی شەڕیان نەکردووە یاخود دەستیان خوێناوی نەبووە، لەو کامپەدا بمێننەوە، سەرکردە دیارەکانیش دەتوانن بچن بۆ وڵاتانی ئەورووپا."
یاپیجیۆغلو لە قسەکانی دا زیاتر گوتی: "دەوڵەت دەتوانێت رێکاری یاسایی بۆ گەڕانەوەی ئەم کەسانە جێبەجێ بکات و بگەڕێنەوە تورکیا".
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: بەڕێز زەکەریا، ئایا پڕۆسەکە (پڕۆسەی چارەسەری) دەست پێدەکات؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: وابزانم پرۆسەکە دەستیپێکردووە. نزیکەی ساڵێکە هاتووچۆ و چاوپێکەوتن لەنێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هەواڵگریی تورکیا دەکرێت. وادیارە گەیشتووەتە قۆناخێک. هەرچەند لەوانەیە سیاسەتڤانان زۆر ئاگایان لێنەبێ، بەڵام بریارە ئەمڕۆش [27ی شوبات] شاندێکی دەم پارتی سەردانی دوورگەی ئیمرالی بکات و چاوەڕوان دەکرێت، ئەمڕۆ بانگەوازی دانانی چەک بکرێ، ئەگەر ئەمڕۆ بانگەوازەکە نەکرێت، سبەی دەکرێت. پێموایە ئەگەر ئەو بانگەوازە ئەمڕۆ بکرێت باشترە لە سبەی، ئەگەر سبەی بکرێت باشترە لەوەی کە هەفتەیەکی دیکە بکرێت. بانگەوازەکە تاوەکو زووتر بکرێت، باشتر دەبێت. لە تورکیا پرۆسەکە ناوی لێنراوە پرۆسەی کۆتاییهاتنی تیرۆر یانیش چەک دانان. واتە، قۆناخ و سەردەمی خەباتی چەکداری کە 40 ساڵ درێژەی کێشاوە، کۆتایی پێبهێنرێت و پرسەکە ئێستا گەیشتووەتە ئاستێک کە ئیتر دەتوانرێت بە رێبازی سیاسی و ئاشتییانە گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
"دەوڵەت بە پەکەکە دەڵێت هیچ مامەڵەت لەگەڵ ناکەم"
رووداو: دوای چەک دانانی پەکەکە، چ گۆڕانکارییەک روودەدات؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: تاوەکو ئەمڕۆ حکومەت دەڵێت ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت، هەندێک هەنگاو دەنرێن، بەڵام ئەو هەنگاوانە چین، تائێستا دیار نین و ئاشکرایان نەکردوون.
رووداو: ئێوە وەکو هوداپار کە زۆر نزیکن لە ئاکپارتی و بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئاکپارتی. ئایا نازانن لە بەرامبەر چەک دانانی پەکەکە، چی بۆ کورد دەکرێت؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: تاوەکو ئێستا ئاشکرایان نەکردووە. نە تەنیا ئێمە، تەنانەت دەتوانم بڵێم، زۆربەی بەرپرسانی ئاکپارتی نایزانن، زۆربەری بەرپرسانی دەم پارتی نایزانن و تەنانەت ئەوانەی سەردانی ئیمراڵییان کردووە نایزانن. بۆچی؟ چونکە 10 ساڵ لەمەوبەر پڕۆسەیەک دەستیپێکرد بە ناوی "پرۆسەی چارەسەری". ئەو پڕۆسەیە تێکچوو. بە بۆچوونی من، یەکێک لە هۆکارەکانی تێکچوونی پرۆسەکە ئەمە بوو؛ لەسەر هەندێک ماف و داواکاریی کورد کە داوایان دەکرد هەندێک هەنگاو بنرێت، حکومەت لەگەڵ پەکەکە مامەڵەی کرد، واتە بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە چەک دانانی پەکەکە کرا بە مەرج. پەکەکەش وەک نوێنەری هەموو کورد مامەڵەی کرد و دەیویست لەجیاتی هەمووان دانوستاندن بکات، کەمێک دەستی قورس کرد و پڕۆسەکە تێکچوو. پێموایە پەند لەو هەڵەیە وەرگیراوە. ئەمڕۆ دەوڵەت (بە پەکەکە) دەڵێت، هیچ مامەڵەیەکت لەگەڵ ناکەم. ئەگەر داواکاری و خواستی هاووڵاتیانی کورد هەیە، ئەوا لایەنی بەرامبەر ئەوانن. لایەنی پەیوەندیداریش بۆ هەنگاونان لەو بوارەدا، دەوڵەت و حکومەتە و هەرچی پێویست بێت دەیکەین، بەڵام بە هیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئێوە ناکەین. وادیارە پەکەکە ئەمەی قبووڵ کردووە و دەم پارتیش ئەمەی قبووڵ کردووە. کاتێک باسی شتێکی دیکەی لەم جۆرە دەکەن، حکومەت پێیان دەڵێت، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئێوە مامەڵە ناکەین. دەڵێن، باشە کاتێک پەکەکە بە بێ مامەڵە چەک دابنێت، چ هەنگاوێک دەگیرێتەبەر؟ حکومەت دەڵێت، ئێمە هەر هەنگاوێک پێویست بێت دەینێین.
"کەس نازانێت هەنگاوەکانی دەوڵەت چین"
رووداو: ئایا تورک ئامادەن هەنگاو بنێن؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: دەڵێن ئێمە ئامادەین، بەڵام ئەو هەنگاوانە چین، چەند هەنگاون و لە چ بوارێکدان، کەس نازانێت.
رووداو: بەڕێز زەکەریا، کورد چیان دەوێت لە تورکیا. بۆ ئەوەی ئێمە بڵێین کورد داوای ئەو شتانە دەکەن و تورکیا ئامادەیە ئەم هەنگاوانە بنێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: دەوڵەت یان حکومەت ئامادەیە یان ئامادە نییە، بەڕاستی کەس ناتوانێ لەوبارەوە شتێک بڵێت و بڵێت کە لە فڵان بواردا هەنگاو دەنرێت، بەڵام لەو بڕوایەدام لە چەندین بواردا هەنگاو دەنرێت، بەڵام هەنگاوەکان چین، بەڕاستی نازانین. وردەکارییەکانی چین، ئێمە نازانین. کورد چی دەوێت؟ هەلومەرجی هەرێمی کوردستانی عێراق جیاوازە. گشتپرسییەک کرا و زیاتر لە 90٪ی خەڵک دەنگیان بە سەربەخۆیی دا. لێرە سیستەمێکی فیدراڵ هەیە. دۆخی کوردانی سووریا جیاوازە، دۆخی ئەوانەی (کوردانی) ئێران جیاوازە. بە بۆچوونی من زیاتر لە 90٪ی کوردانی تورکیا پێکەوەژیانێکی هاوبەش و شکۆمەندانەیان دەوێت. بۆ ئەمەش، سەرەتا ئەوە دەڵێین، کاتێک کۆماری تورکیا پێش سەت ساڵ دامەزراو ، کورد و تورک پێکەوە بوون. بەر لەوەش لە ساڵانی 1914 و 1915 لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەم دا لە هەموو بەرەکان پێکەوە جەنگاون بۆ بەرگریکردن لە وڵات.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ 500 ساڵ یان تەنانەت 1000 ساڵ لەمەوبەر، دەبینین هەر پێکەوە بووین. بۆیە دەڵێین کوردیش یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئەم دەوڵەتە و کوردیش خاوەنی ئەم دەوڵەتەیە و خاوەنی ئەم وڵاتەیە. لە هەموو گۆشەیەکی وڵات تورک و کورد دەژین. راستە لەوانەیە لە هەکاری (جۆلەمێرگ) زیاتر لە 95٪ یان 98٪ی دانیشتووان کورد بن، بەڵام لە ئیستەنبووڵیش کورد هەن و گەورەترین شار کە کورد لێی دەژین، ئیستەنبووڵە. تەنانەت من خۆم لە بازنەی ئیستەنبووڵ بوومەتە پەرلەمانتار و چوومەتە پەرلەمان. بۆیە کورد لەو شوێنانە بوونەتە خاوەنی خاک، خاوەنی موڵک و کار. مامەڵەیان پێکەوەیە، هاوبەشییان پێکەوەیە و کۆمپانیاکانیان پێکەوەیە و بە شێوەیەکی فراوان خزمایەتیان هەیە. کوردیش دەڵێن، ئێمەش خاوەنی ئەم وڵاتەین، نەک تەنیا خاوەنی هەکاری، شرنەخ و دیاربەکر، بەڵکو خاوەنی هەموو وڵاتەکەین و پێکەوە ئەم کۆمارەمان دامەزراندووە.
٪90ی کورد نایانەوێت لە تورکیا جیاببنەوە
رووداو: بە زمان و ناسنامەی کوردی، بۆ نموونە داوای زمان دەکەن؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: بە ناسنامەی کوردی، بە زمانی کوردی، ئێمەش بەشێکین لەم وڵاتە، ئێمەش خاوەنی ئەم وڵاتەین، ئێمەش خاوەنی ئەم خاکە و تەنانەت لە دامەزرێنەرانی ئەم کۆمارەین. ئێمە دەڵێین دەمانەوێت ئەمە دەوڵەتی هەموومان بێت. کوردیش هەست بەمە بکات و ئەوە ببینن کە ئەوانیش خاوەنی دەوڵەتەکەن.
لە سەرەتاکانی کۆماردا و لە ساڵەکانی یەکەم و دووەم دا لە یەکەمین خولی پەرلەمان دا لە ساڵی 1920 تاوەکو ساڵی 1923، ئەو کەسانەی وەکو نوێنەر لە کوردستان لە پەرلەمان بوون، وەکو نوێنەرانی کوردستان چووبوونە پەرلەمان. ئەوانەی لازستانیش بە هەمان شێوە، بەڵام دواتر و لە ساڵی 1925ـەوە بوونی کورد نکۆڵی لێکرا، زمانەکەیان قەدەخە کرا، زۆر زوڵم کرا و کوشتارێكی زۆر روویدا. لەبەر ئەوە کورد دڵگرانە، دڵیان شکاوە. کاتێک بەڕێز باخچەلی لە 25ی ئۆکتۆبەر لە پەرلەمان بانگەوازی کرد و گوتی، با ئۆجەلان بێت و داوای چەک دانان لە پەکەکە بکات یانیش با رێکخستن (پەکەکە) خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، با بێتە نێو پەرلەمان و لە نێو فراکسیۆنی دەم پارتی ئەمە بڵێت، لە راستی دا کەس بڕوای نەدەکرد کەسایەتییەکی وەک دەوڵەت باخچەلی بانگەوازێکی وا بکات. پاشان ئوزگوور ئوزەل، سەرۆکی جەهەپە گوتی، شتێکی دیکە دەڵێم و بە کوردان دەڵێم، دەوڵەتم دەوێت بۆ کورد، با ئێوەش ببنە خاوەنی دەوڵەت. واتە ئێوەش خاوەنی ئەم دەوڵەتەن. راستییەکەی لە سەرەتادا ئێمەش خاوەنی ئەم دەوڵەتە بووین، بەڵام هەنگاو لە دوای هەنگاو کورد لە دەوڵەت دوورخرایەوە. ئەگەر پرۆسەیەکی پێچەوانە دەستپێبکات و کورد جارێکی دیکە ببینن کە خاوەنی دەوڵەتن، داوای هەمان شت دەکەن.
رووداو: واتە ئێوە ناتانەوێ لە تورکیا جیا ببنەوە. تورک لەوە دەترسن کە دەتانەوێت تورکیا پارچە بکەن. ئایا کورد نیازێکی هەیە بۆ پارچەکردنی تورکیا؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: وەک کەسی خۆم نیازی پارچەکردنم نییە. بڕوام وایە کە 90٪ی کوردی تورکیاش نیازێکی وایان نییە. لەوانەیە 10٪ی کورد لە تورکیا بیانەوێت ببنە وڵاتێکی سەربەخۆ یان سیستەمێکی فیدراڵ دابمەزرێنن. بەڵام پێموایە 90٪ی کورد ژیانێکی هاوبەش، یەکسان و شکۆمەندانەیان دەوێت. ژیانێکی شکۆمەندانە کە تێیدا نە کەس ئاغا بێت نە کەسیش خزمەتکار. کەسێک گەورە نەبێت و ئەوەی دیکە بچووک و دیلی بەردەستی.
"لە سەرەتای کۆماری تورکیادا ناوی کوردستان بەکاردەهات"
رووداو: لە مێژوودا شوێنێک هەیە پێیدەڵێن کوردستان. ئایا ئێوە دەتوانن بڵێن جوگرافیایەکی کوردستان لە تورکیا هەیە؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: بەڵێ دەیڵێین. 10 رۆژ لەمەوبەر لە دیاربەکر کۆڕێکمان هەبوو، گوتمان ناوی ئەو ناوچەیەی زۆرینەی کوردی تێدا دەژی، کوردستانە. ئەمە ناوێکی جۆگرافییە. بەڵام کاتێک ئەوان (تورک) وشەی کوردستان دەبیستن، دەڵێن ئەوانە بەنیازن تورکیا پارچە بکەن و بەشێک لە خاکمان لە کۆماری تورکیا جیا بکەنەوە و دەوڵەتێکی سەربەخۆ دروست بکەن. ئێمەش دەڵێین نەخێر، ئەمە ناوی جوگرافیاکەیە. لە سەردەمی دەسەڵاتی سەلجووقییەکان، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و لە ساڵانی سەرەتای کۆمار دا، ناوی ئەم ناوچانە کوردستان بووە. زۆر نەخشەی ئەو سەردەمانە هەن و زۆر نامەی سوڵتانەکان هەن کە تێیاندا ناوی کوردستان هاتووە. تەنانەت لە تۆمارەکانی پەرلەمانیشدا لە ساڵانی سەرەتای کۆمار، دیسان ناوی کوردستان هاتووە.
رووداو: با بگەڕێینەوە سەر مژاری پرۆسەی ئاشتی. دەم پارتی بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە لەگەڵ چەندین پارت چاوپێکەوتنی کردووە. ئایا هاتنە لای ئێوەش؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: نەخێر، نەهاتن.
رووداو: دەرگاتان داخرابوو یان ئەوان نەیانویست؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: نەخێر، دەرگامان بۆ هیچ کەسێک دانەخراوە. چەندین جار پرسیار کراوە، وەڵاممان ئەوە بووە. نەک تەنیا بۆ دەم پارتی، بەڵکو بۆ هەموو پارتێک وایە. هەر کەسێک بیەوێت، دەرگامان کراوەیە. دەرگامان بۆ هیچ کەسێک داخراو نییە.
رووداو: وەکو هوداپار نەتانویست لەم پرۆسەیەدا بەشداربن؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: بەڕاستی ئەگەر ئەم پرۆسەیە وەکو پرۆسەیەک بێت بۆ چەک دانانی پەکەکە، ئەوا چەک لە دەستی ئێمەدا نییە و ئەرکی ئێمەش نییە کە ئەو چەکانە لە دەستی پەکەکە وەربگرین، پێویستە لە پرۆسەیەکی لەم جۆرەدا دانوستاندن لە نێوان پارتە سیاسییەکانیش هەبێت. پێویستە پرسیارەکە بگۆڕین و بەم شێوەیە بپرسین؛ کاتێک دەم پارتی سەردانی پارتەکانی دیکەی کرد، چییان کرد؟ لەسەر چی قسەیان کرد؟ چ بڕیارێکیان دا و چ کارێگەرییان هەبوو؟
رووداو: بەڵام ئێوە سەت لە سەت دەزانن!
زەکەریا یاپیجیۆغلو: ئێمە دەزانین! ئەوەش دەزانین کە هیچ کاریگەریی نەبووە لە سەر پرۆسەکە. ئەوانیش وردەکارییەکان نازانن و نازانن چی روودەدات، بەرەو کوێ دەڕوات و چ کاتێک سەردەگرێت. دەمەوێت ئەمە بڵێم، لایەنە سیاسییەکان زۆر جار یەکتر دەبینین. بۆ نموونە لێرە لە سێیەمین کۆربەندی هەولێریش، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی، پەرلەمانتارانی جەهەپە و دەم پارتی، کاتێک یەکتر دەبینین، لەسەر بابەتەکە قسە دەکەین و وادەردەکەوێت، ئەو شاندانەی کە سەردانی یەکتریان کردووە، شتێکی بەرچاویان باس نەکردوو. ئێمە گوتوومانە کە پێویست ناکات دانوستاندنێکی لەم شێوەیە هەبێت، بەڵام ئەگەر سەردانی ئێمەیان کردبووایە، بێگۆمان ئێمەش پێشنیازمان هەبوون.
رووداو: بەڵام ئێوەش لایەنێکی کوردین و جەماوەری ئێوە کوردن!
زەکەریا یاپیجیۆغلو: بێگۆمان. بە بووچوونی من، ئەم کەموکوڕییە، کەموکوڕیی دەم پارتییە. لە لایەک دەڵێت، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان لەم پرۆسەیەدا بەشداربن، یانیش لەو زانیارییانەی هەمانە ئاگادارتان دەکەینەوە. ئایا پێشنیازەکانیان چین، نیگەرانییان هەیە یان نا. لە دەرگەی هەموو لایەنێک دەدەیت، بەڵام سەردانی هوداپار ناکەیت. ئێمە دەڵێین، با بە دڵی خۆتان بێت، ئێوە سەلامەت بن.
ئەمریکاش لەم پرۆسەیەدا بەشدارە
رووداو: بەڕێز زەکەریا، هەزاران گەریلای پەکەکە هەن. بە بۆچوونی ئێوە میکانیزمی چەک دانان چۆن دەبێت. ئەو هەزاران گەریلایەی پەکەکە چەکەکانیان لە کوێ دابنێن؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: نزیکەی ساڵێکە هەواڵگریی تورکیا و ئۆجەلان دانوستاندن دەکەن، چاویان بە یەکتر دەکەوێت و لەبارەی ئەو بابەتانە قسە دەکەن. عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش ئەوەندەی پێویست بکات زانیاری و وردەکاری دەدات بەو شاندانەی دەچنە ئیمراڵی. پێموایە ئەم بابەتەش باس کراوە. دەبێت چەک دابنێت؟ بێگومان ئەویش پرسیاری کردووە کە چەک دابنرێت، لە کوێ دابنرێت؟ یان ئەوانەی چەک دادەنێن بۆ کوێ دەچن؟ بێگومان لەسەر ئەمە گفتوگۆ کراوە. لەوانەیە سیستەمێکیش دانرابێت. ئەمەش تەنیا مەسەلەیەک نییە لە نێوان تورکیا و پەکەکە یان لە نێوان هەواڵگریی تورکیا و عەبدۆڵڵا ئۆجەلان.
پێموایە هەندێک لایەنی نێودەوڵەتیش لەم پڕۆسەیەدا بەشدارن. وەک لە سەرەتادا ئێوەش ئاماژەتان پێکرد، ئەگەر چەک دابنرێت و چارەسەرێک بۆ ئەم پرسە بدۆزرێتەوە، کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانی عێراقیش دەبێت. کاریگەرییەکەی لەسەر کوردی سووریاش دەبێت. واتە هەرچەندە وادەردەکەوێت کە پرۆسەکە بۆ ئەو کوردانەیە کە لە تورکیا دەژین یان چەک دانانی پەکەکە پەیوەستە بە ئەوان و دەوڵەتی تورکیا، بەڵام کاریگەریی هەیە لەسەر هەموو ناوچەکە. کاریگەریی دەبێت لەسەر ئێران و عێراقیش، حکومەتی ناوەندیی بەغدا و دیمەشقیش. هەموویان پەیوەستن بە یەکەوە و کاریگەریی هەر دەبێت.
بۆیە بڕوام وایە رێگەیەک بۆ ئەمەش دۆزراوەتەوە. بۆ نموونە، با بڵێین لە خاکی عێراق یان لە خاکی هەرێمی کوردستان کەمپێک دروست دەکرێت، بەڵام بەڕێوەبردنی ئەم کەمپە لە دەستی پەکەکە نابێت. لەوانەیە بیر لە دروستکردنی کەمپێکی وا کرابێتەوە، بەڵام بوونیان لەو کەمپەدا بێ چەک دەبێت. بەشێک لە بەرپرسانی باڵای پەکەکە لەوانەیە بنێردرێنە ئەورووپا و هەندێک وڵاتی ئەورووپی دەتوانن وەریان بگرن. ئەمەش رێی تێدەچێت. بێگومان ئەمریکاش لەم کارەدا بەشدارە، چونکە ئەوانیش حیسابیان هەیە لەسەر سووریا و رۆژئاوا، لەسەر هەموو ناوچەکە حیسابیان هەیە. بێگومان لەسەر ئەمانە قسە کراوە، بەڵام وردەکارییەکانی دیار نین و باس نەکراون. ئەگەر داوای بۆچوونمان لێ بکەن، ئێمەش دەتوانین را و پێشنیازەکانمان بخەینەڕوو. دەتوانین نیگەرانییەکانمان بخەینەڕوو.
رووداو: بووچوونتان چییە لەسەر ئەم پرسە؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: وەکو ئەو شتانەی باسم کردن، دەکرێت ئەمانە بکرێن.
رووداو: واتە ئێوە دەتانەوێت کەمپێک دروست بکرێت و گەریلاکانی پەکەکە تێیدا بمێننەوە؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: تاوەکو کەی؟ نەک بۆ تاهەتایە. لەوانەیە تورکیا زەوینەیەکی یاسایی بۆ ئەم مژارە ئامادە بکات. دەتوانرێت ئەو کەسانەی خوێنیان نەڕشتووە، رێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە تورکیا و بۆ ئەو کەسانەی دیکەش، تاوەکو ژمارەیان کەمتر بێت، چارەسەرکردنیشی ئاسانتر دەبێت.
نابێ غەززە و رۆژئاوای کوردستان بەراود بکرێن
رووداو: با بچینە سەر مژاری رۆژئاوای کوردستان. بەر لە دەستپێکردنی هەڤپەیڤینەکە گوتم، کوردی رۆژئاوا زۆر باش هوداپاریان ناسیوە. چۆن زۆر باش ناسیویانە. لە گردبوونەوە گەورەکانیان بۆ فەلەستین ناسیویانە. خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەپرسن، هوداپار ئەوەندە میتینگی گەورە بۆ غەززە و فەلەستین ساز دەکات، بۆچی بۆ کوردی رۆژئاوای کوردستان میتینگێکی ئاوا گەورەیان نییە؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: بەڕیز دڵبخوین، ئایا پشتگیری تەنیا بە میتینگ سازکردنە؟
رووداو: ئایا ئێوە پشتگیری رۆژئاوای کوردستانتان کردووە؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: بێگومان! کوردانی رۆژئاوا کاتێک دەسەڵات لەوێ کەوتە دەستی پەکەکە یان پەیەدە، سەدان هەزار کورد لەوێوە هەڵاتن. کێ یارمەتی ئەوانی دا؟
رووداو: بەڕێز زەکەریا، نەکەوتە دەستی پەکەکە و لە ساڵی 2014 کە داعش هێرشی کرد، ئەو کاتە خەڵک هەڵات.
زەکەریا یاپیجیۆغلو: من باسی ئەو کاتە ناکەم. دوای ئەوەی داعش تێکچوو و پەیەدە کە دواتر بووە هەسەدە (هێزەکانی سووریای دیموکرات) بووە دەسەڵاتدار و بوونە هەرێمێکی خۆسەر، بۆچی کورد نەگەڕانەوە؟ ئایا 250 هەزار کورد لە هەرێمی کوردستان نین؟ نزیکەی 500 هەزاریش لە تورکیا نین؟ بۆچی ئەوانە ناگەڕێنەوە؟ ئەو کاتەی لە رۆژئاوای کوردستان شەڕ لە نێوان داعش و پەکەکە هەبوو، تەنیا ئێمە بووین یارمەتی ئەوانەمان دەدا کە لە شەڕەکە هەڵدەهاتن. ئەوانەش کە لە پەکەکە هەڵدەهاتن، لەبەر ئەوەی لە پەکەکە و پەیەدە هەڵدەهاتن، هەر ئێمە بووین یارمەتی ئەوانمان دەدا. ئەو کوردانەی دەڵێن، ئێمە بەرگری لە رۆژئاوا دەکەین، یارمەتی ئەوانە دەدەن کە لە رۆژئاوان، بەڵام هاوکاریی ئەوانە ناکەن کە هەڵاتوون و کۆچیان کردووە. ئێمە دەڵێین، بۆ ئێمە هیچ جیاوازییەکی نییە، کورد هەر کوردە و ستەملێکراو هەر ستەملێکراوە، تەنانەت ئەگەر کوردیش نەبێت. کێ ستەملێکراو بێت، ئێمە پشتیوانی لێدەکەین، بۆ نموونە چەند گرووپێک کە لە وێ پێکدادان لە نێوانیاندا روویداوە، ئێمە رەخنەمان گرت. هەر لایەنێک هێرش بکات، هەر لایەنێک ستەم لە لایەنێکی دیکە بکات، ئێمە رەخنە دەگرین، بەڵام بەراوردکردنی رۆژئاوا و فەلەستین دروست نییە.
رووداو: بەڵام رۆژئاوا زۆر نزیکترە لە ئێوە. کوردانی رۆژئاوا زیاتر لە فەلەستینییەکان نزیکن لە ئێوە بەڕێز زەکەریا!
زەکەریا یاپیجیۆغلو: ئێمە حیزبێک نین کە لە سەرەتای هەر هەفتەیەک یان سەرەتای هەر مانگێک میتینگێکی گەورە ساز بکەین. ئەو شتەی لە فەلەستین روویدا، لە مێژوودا لەوانەیە جیهان دوای ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی رژێمی سەدام حوسێن کە تێیدا 182 هەزار کەسی کوردی کۆمەڵکوژ کرد و دوای هێرشی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، کۆموڵکوژییەکی لەو جۆرەی بەخۆیەوە نەبینیوە. لە خاکێکی زۆر بچووک، وەک بڵێین لە هەولێر و لە دەورووبەری هەولێر، لە شوێنێکی وا بچووک دا زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەژین، 85 هەزار تۆن بۆمب بەسەریاندا بەردراوەتەوە. نزیکەی 200 هەزار کەس، ژمارەیەکی نزیک لە قوربانیانی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال، خەڵک بریندار بوون، کەمئەندام بوون یانیش کوژران. ماوەی 16 یان 19 ساڵە گەماڕۆدراون و تەنانەت ئاویان نییە بۆ خواردنەوە. زۆربەی هاووڵاتیانیان لەبەر ئەوەی کارەبا نییە لە نەخۆشخانەکاندا گیانیان لەدەست دەدەن. ئەو وەحشیگەرییەی لەوێ کراوە، جیهان شتێکی وای بەخۆیەوە نەبینیوە. واتە بەراورد ناکرێت کە دەڵێن، بۆ ئەوانەتان کرد و بۆچی بۆ ئەمانەتان نەکرد. تاوەکو ئێستا پێمان دەڵێن، خەم و کێشەی ئێوە تەنیا غەززەیە. غەززە تاقیکردنەوەیەکی مرۆڤایەتییە. لەبەرچاوی هەموو جیهان، ئەو هێرشە دەکرێتە سەر غەززە و نە تەنیا گەورەکان، لە منداڵانی ساوای نێو بێشکەوە تاوەکو کەسانی بەساڵاچوو دەکوژرێن، هیچ کەسێک نەیدەتوانی دەستی یارمەتیشیان بۆ درێژ بکات، بەڵام رۆژئاوا... من دەڵێم بەراورد ناکرێت.
رووداو: بەڵام رۆژئاوا، ئەوان برای ئێوەن!
زەکەریا یاپیجیۆغلو: بۆچی لەگەڵ غەززە بەراوردی دەکەن؟
رووداو: لەبەرئەوەی ئێوە میتینگی گەورە بۆ غەززە ساز دەکەن و بۆ رۆژئاوا ناکەن. ئەمانە دەبینرێن!
زەکەریا یاپیجیۆغلو: ستەمێکی گەورە هەیە لەوێ بۆیە میتینگێکی گەورەمان کرد. لەوێ (رۆژئاوا) ستەم نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە، ئەوەی لە دەستمان هاتووە کردوومانە.
رووداو: وەکو کەسێکی کورد، چۆن لە کوردانی رۆژئاوا دەڕوانن، دەتانەوێ چ جۆرە مافێکیان دەستبکەوێت؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: لە رۆژئاوای کوردستان یان کوردستانی سووریا، ئەگەر هەر ناوێکی لێ بنرێت، کوردانی سووریاش پێکهاتەیەکی سووریان وەکو عەرەب، تورکمان، ئاشووری و وەک ئەوانەی موسڵمان نین، یان وەکو ئەوانەی مەزهەبیان وەکو یەک نییە. سووریا وڵاتێکی یەک رەنگ نییە. سیستەمی بەعس تێکچو،و دوای سەدام، ئەسەدیش تێکچوو. ئێمە دەڵێین، شوکر بۆ خوا کە ئەو سیستەمەی ستەم تێکچوو. پێویستە سیستەمێکی نوێ دابمەزرێت، بەڵام ئەگەر سیستەمێکی نوێ دانرا، ئەگەر عەرەبەکان بڵێن ئێمە خاوەنی ئەم وڵاتەین و هیچ کەسێکی دیکە مافی لەم وڵاتەدا نییە، ئەمە دەبێتە هۆی شەڕی ناوخۆیی.
شەڕی ناوخۆیی کە 14 ساڵ بوو بەردەوام بوو و بینیمان کە شەڕی ناخۆیی بە چ شێوەیەکە. ئەگەر نایانەوێت شەڕێکی دیکەی ناوخۆێی دەستپێبکات، پێویستە هەموو پێکهاتەکانی سووریا بگەنە مافەکانیان. کوردیش بە هەمان شێوە و ئەوانەی دیکەش بە هەمان شێوە. ئەوانەی موسڵمان نین، دروزییەکان و ئاشوورییەکان و هەموو لایەنەکان. کەسانی عەلەوی، کریستیان و سوننە پێویستە بگەنە مافەکانیان. ئەگەر دادپەروەری هەبێت، ئارامی دەبێت، ئەگەر دادپەروەری نەبێت، ئارامیش تێکدەچێت.
رووداو: زۆر سوپاس، زۆر دڵخۆش بووم بەم هەڤپەیڤینە. کوردیتان زۆر باشە.
زەکەریا یاپیجیۆغلو: ئەگەر ماوەیەکی درێژ نەکەوێتە نێوان ئەم جۆرە بەرنامانە، لەو بڕوایەدام کوردیمان باشتر دەبێت. لەبەرئەوەی لە تورکیا زۆربەی بەرنامەکان بە زمانی تورکین و لە کۆبوونەوەکانیشمان، هەندێک ئەنداممان هەن کە کوردی نازانن. کەسی زازامان هەن، کورمانج هەن، تورک هەن، عەرەب هەن.
رووداو: کەم بەرپرس و سەرۆکی حیزبی کوردی هەن کە وەکو بەڕێزت بە کوردییەکی باش قسە دەکەن.
زەکەریا یاپیجیۆغلو: نەخێر، من زۆر لە کوردییەکەم رازی نیم، بەڵام خراپیش نییە.