هەڵاڵە سوهرابی: بەگشتی ژن لە شیعری مندا یاخی و ناڕازی و تووڕەیە
رووداو-هەولێر
هەڵاڵە سوهرابی؛ لە شاری بۆکان لە ساڵی (1976) لەدایک بووە و لەم ماوەیەی رابردوودا دوو کتێبی شیعری بە ناوەکانی "من ئێستا دۆزەخە" و "پیاڵەیەک ئوقیانووس نیم بمڕێژی" چاپ و بڵاوکردەوە. سوهرابی کە ئێستاکە لە شاری سنە نیشتەجێیە، لەم هەڤپەیڤینەدا باسی ئەزموونی خۆی لە بواری شیعر و رەوتی ئەدەبیات لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.
رووداو: پێمخۆشە سەرەتا ئەم پرسیارە بکەم: چ شتێک ئێوەی ڕاکێشاوەتە نێو جیهانی شیعر؟
هەڵاڵە سوهرابی: شیعر زیاتر لە هەموو هەستێک ئەزموونی ڕەنجە، جا بڕێک لە ڕەنجەکان تایبەتی خودی شاعیرن، هەندێکیشیان هاوبەشن لە نێوان شاعیر و خوێنەردا و هەر ڕەنجێکیش تایبەتی تەمەنێکم بووە و هەتا ئێستاش هەر لە کاتی خەم یان تووڕەییدا، ئێش و ئازارەکانی خۆم بە شیعر دەربڕیوە.
شیعر بۆ من وەک هاوڕێیەکی ڕاستەقینەیە. هەمیشە چێژم لە سیحری وشە بردووە. بەڵام بێجگە لە هەموو ئەو هەستانەش، سهردهمانێک کە پێیانگوتین لاڵ بە، لاڵ بووین و نووسین دەستیپێکرد.
وەک ژنێک هیچ شتێک ناتوانێ لەم جیهانهدا خۆی لە بیر و هزری من بشارێتەوە. لەسەر شەقام، لەناو پاسدا، لە قوژبنی درەختەکاندا، لە نیگا و ڕوانین و هەڵسوکەوتی مرۆڤەکاندا بە دوای وشەدا دەگەڕێم.
رووداو: دوو کتێبی شیعریتان تازە هاتوونەتە نێو کتێبخانەی کوردییەوە، دەکرێ لەسەر ئەو کتێبانە بۆ خوێنەرانمان بدوێن؟
هەڵاڵە سوهرابی: "من ئێستا دۆزەخە" و "پیاڵەیەک ئوقیانووس نیم بمڕێژی" بەرهەمی ساڵەکانی ۹۰ تا ۹٦ی هەتاوین، ئەم دوو بەرهەمە شیعرییە بۆ یەکەمجار لە چاپەمەنیی گوتاردا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاوکراونەتەوە.
شیعرەکان زۆربەیان باسی ڕەنج و ئازارەکانی ژنن. هەوڵمداوە بە تەواوەتی لە بیر و هزری ژنێکەوە بڕوانمە دونیا و دەوروبەرم و بەپێی ئەوەی کە مرۆڤم و ژنیشم، وەکو خۆم بیرم لە ژیان کردووەتەوە و بێگومان ئەوە لە شیعرەکانیشمدا ڕەنگی داوەتەوە و زۆربەی کارەکانم وەک بڵێی ئەزموونی ژینکراو (زیستکراو)ی منن و دوور نین لە ژیانی خۆم و ژنانی دەوروبەرم. باسی ڕوانگەی ڕەگەزی (جنسییەتی) و ئەوەی کە ژن لە کۆمەڵگای ئێمەدا تەنیا جەستەیەکی بێ سەرە و تەنانەت جەستەیشی وەک پەیکەرێکی چێوی و بۆش وایە و حەز و چێژ و ژنانەیی لای زۆربەی خەڵک و بەتایبەت لای خودی ژنان وەک هەستێکی قەدەغە و عەیبە، ناوی براوە.
هەوڵمداوە زمانی شیعریی تایبەت بە خۆمم هەبێ و شیعرەکان لە بیرۆکەی کۆن و وشەی سواو بپارێزم و مانای نوێ بدەم بە دالەکان و لە پەنای پاراستنی مانادا فۆرم و تەکنیکیش بهێنمە شیعرەکانەوە، بە تایبەت لە کتێبی "پیاڵەیەک ئۆقیانووس نیم بمڕێژی " زیاتر تێکەڵاوی فۆرم و تەکنیکەکان بووم و پێکهاتەشکێنییەکی تایبەت بە خۆمم هەبووە، هەروەها زمانی شیعرەکانم زمانێکی ژنانەیە و ساڵها هەوڵم بۆ ڕچەشکێنی داوە لەو بوارەشدا...
بەڵام بەگشتی ژن لە شیعری مندا یاخی و ناڕازی و تووڕەیە، بەرەنگاری هەموو نابەرابەرییەکان دەبێتەوە و لە هەمان کاتیشدا تووشی سەرگەردانییەکی ئەبەدییە لەم کۆمەڵگا دینتەوەرەدا کە هەموو هەڵسوکەوتێکی ژن بە گوناە لێکدەداتەوە و ژن بۆ هەموو هەڵسوکەوتێکی تووشی ڕەنج و عەزابی ویژدانە و تەنانەت خۆیشی بەوە گەیشتووە کە بوونی ئەو تەنیا لە خزمەت پیاو و بنەماڵەدایە و کاتێکی تەرخانکراوی بۆ خۆی و هەستەکانی نییە. بەڵام تا چەندە لەو بوارەدا سەرکەوتوو بووم، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتنی ڕەخنەگران و خوێنەرانی ئێستا.
رووداو: باسی شاعیربوونی خۆتان وەک ژنێک هێنایە گۆڕێ، ڕوانینتان بۆ حزووری ژنان لە ئەدەبیاتی کوردیدا چۆنە؟
هەڵاڵە سوهرابی: ژنبوون، لە وڵاتێکدا کە چەوسانەوە و پیاوسالاری حاکمە، دژوارە؛ جا ئەگەر ژن بی و نووسەریش بی زۆر دژوارتر! ژن بەدرێژایی مێژوو لەلایەن دەسەڵاتەوە کەوتووەتە بەر توندوتیژی و چەوسانەوە، ئەم دەسەڵاتە چ لەلایەن باوک و براوە بووبێ یان هاوسەرەوە، یاخود کۆمەڵگاوە، حاشاههڵنهگره. سنووردانان بۆ هەڵسوکەوت و ئاخاوتنی ژن، لەبەرچاو نەگرتنی بیروڕای ژن تەنانەت لە سەردەمی تەکنۆلۆژی و مۆدێرنیتەشدا یهکێ له گهورهترین کێشهکانی کۆمهڵگای پیاوسالاره. ئێستاش هەن پیاوانێ کە قایل بە سنووردانانن بۆ سهرهکیترین مافهکانی ژن و بە ڕاشکاوی دەیانچەوسێننەوە.
لە کۆمەڵگایەکدا کە ئاخاوتن و دەربڕین و دەرکەوتن سنووردار کراوە و ژن بەگشتی لە چوارچێوەگەلێکدا دیلە و لە پەلەقاژەی دەربازبووندایە، ژنی نووسەر هەوڵدەدا شوێنێک بۆ دەستپێکی گۆڕانکاری بدۆزێتەوە بەڵام تەنانەت لە شوێنە ئەدەبیەکاندا بەرەوڕووی کێشەکانی ڕەگەزسالاری یان ڕوانگەی جنسیەتی دەبێتەوە. مانەوە لەم چەشنە بارودۆخەدا ئەستەمە و لە باشترین حاڵەتدا ئینکار و لەبهرچاونهگرتنی ژن و خواستەکانی دێته ئاراوه. لهم کۆمەڵگایەدا و لەم فەزا کپەدا زۆر بە کەمی دەنگ هەڵبڕین و بەرەنگاربوونەوە لە ئەدەبیاتی ژناندا بینراوە، یان هێندە کەمڕەنگ بووە کە نەیتوانیوە کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر ڕەوتی ئەدەبیات بە گشتی و ئەدەبیاتی ژنان بە تایبەت دابنێ و ببێتە ڕێگەیەک بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و دەرخستنی جیهانبینیی ژنان.
ژنانی نووسەر بە هۆکارگەلێکی وەک: زاڵبوونی پیاو بەسەر ژندا، نەبوونی پاڵپشت، کێشەکانی ژیانی هاوبەش، چاوەڕوانیگەلی ڕۆژمەڕە لەلایەن دەوروبەرییەوە، نەبوونی سەربەخۆیی ئابووری بۆ چاپی بەرهەم، نەبوونی ڕەخنەگرانێک کە لە ڕوانگەی شیعرییەتەوە بۆ بەرهەم بڕوانن نەک لە ڕوانگەی ڕەگەزییەوە، ترس لە قەزاوەتی خوێنەر، نەخوێندنەوە و خستنەپشتگوێی هەستەکان و نیازەکانی ڕۆح بە نووسین لەلایەن خودی ژنەوە و نەبوونی دەرفەتی دەرکەوتن و هاتنە مەیدان و هەوڵنەدانی جیدی لەلایەن خۆیانەوە بۆ ناساندنی دەنگ و هزریان، هەموو ئەوانە دەتوانن هۆکارگەلێکی گرنگ بن لە بەردەوامنەبوون و دابڕانی ژنانی نووسەر لە فەزای ئەدەبیات. بەگشتی چ لە ژانری نووسیندا چ لە بواری ڕەخنەدا ژن حزوورێکی کەمڕەنگی هەبووە، بەڵام بەو حاڵەش ئێستا هەن کەسانێک چالاکیی باشیان هەیە و کۆڵ نادەن و لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوەکان و ئەنجوومەنەکانیشدا حزووریان هەیە و بە هەموو کەموکوڕییەکانەوە دەنگی خۆیان هەڵدەبڕن.
رووداو: ڕاستە ژنانێک هەن کە حزووریان هەبووە و کۆڵیان نەداوە، بەڵام ئەوە زۆر کەم دەبینرێ و لەو ئاستەی کە دەبوو ببێ نییە؛ بە بڕوای ئێوە ئەو ژنانەش کە حزووریان بووە چەندە توانیویانە خواستەکانیان و بوونیان بکێشنە ناو پانتایی نووسینەکانیانەوە؟
هەڵاڵە سوهرابی: ژنی نووسەر زۆر جار ترساوە دەست بۆ وشە بەرێ و هێشتا بڕوای بە خۆی نەهێناوە و بڕوای بە وشە نەهێناوە و بەردەوام بیر و هزری بە لاڕێدا چووە.
پێموایە ژنی نووسەر بە پێچەوانەی پیاو لە یاساوە، لە قەدەغەبوونی دەربڕینەکانی وەک مرۆڤێک، لە قەدەغەبوونی خۆشەویستییەوە وەک ڕەگەزی مێ، لە قەدەغەبوونی هەستەکانی بەرانبەر بە خۆی وەک ژنێک، لە قەدەغەبوونی دربڕینی حەزی جنسی و هەروەها بەکەمزانینی ژن لە باری هەست و ئاوەز و عەقڵەوە لە کۆمەڵگای دینسالار و پیاوسالاردا سەری هەڵداوە، بەڵام هێشتا ڕۆحی یاخیبوون و هەڵوێستگرتنی بەرانبەر بەو هەموو چەوساندنەوانە نەهێناوەتە ناو شیعرەوە و بە داخەوە لە ئێستای مۆدێرنیتەدا هێشتا سوننەت زاڵە بەسەر مێشکی بەشێک لە ژنان و پیاوانی ئێمەدا. ژنانی ئازادیخواز و خوازیار بە یەکسانیی فکری لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەکەونە ژێر پرسیار و دەچنە پەراوێزەوە، بەردەوام بوونی سێکسیزمی خێرخوازانە لە نێو کۆمەڵگادا تۆختر بووەتەوە و سێکسیزمێکی ڕادیکاڵیش لە هەموو شوێنێکی کۆمەڵگادا هێشتا باوە، ئەوانەش لە حاڵێکدایە کە کچان و ژنانی ئەم سەردەمە لەچاو ڕابردوو زیاتر مافەکانی خۆیان دەناسن و بەرەنگاری تابۆکان دەبنەوه؛ کەچی هێشتاکە لە شیعری زۆربەی ژناندا کەمتر هەست بە ناڕەزایەتی و هەڵچوون و یاخیبوونی ژن کراوە.
رووداو: چ کۆسپگەلێک دەتوانێ لەبەردەم نووسەر یان شاعیرێکدا هەبێ؟
هەڵاڵە سوهرابی: ترس لە قەزاوەتی خوێنەر گەورەترین دڵەڕاوکێیە بۆ شاعیر، خۆسانسۆریی شاعیر و بردنە ژێر پرسیاری بیروڕای نووسەران لە کۆمەڵگای داخراو و سوننەتیدا لەلایەن کۆمەڵگاوە بەتایبەت کێشەکانی نووسین لە ژیانی هاوبەشدا بەهۆی چاوەڕوانییەکان و سنوورگەلی زەمانی و زمانی دابینکراو بۆ نووسەر، ڕوانینی جنسیەتی ، چاوەڕوانیگەلی جنسی، بەرژەوەندیدارکردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ ژنانی نووسەر و خستنە پەراوێزیانەوە لەلایەن کۆمەڵگای پیاوسالار...
رووداو: ئاسۆی شیعری کوردی لە ڕۆژهەڵات چۆن دەبینن؟
هەڵاڵە سوهرابی: شیعری ڕۆژهەڵات بە ئاستێکی باش لە تەکنیک و فۆرم و پێکهاتە گەیشتووە و خۆی لە ڕوایەت و گێڕانەوە تا ڕادەیەک دەرباز کردووە و تێدەکۆشێ مانای نوێتر بۆ دال و مەدلوولەکان دابین بکا و چەند دەنگی و چەند ڕەهەندی، هەروەها کایە زمانییەکانی هەندێک لە شاعیرانی ئێستای ڕۆژهەڵات، خوێنەری چالاک هاندەدا بۆ بیرکردنەوەی زیاتر و قووڵتر و تێدەکۆشێ خوێنەر بەو قەناعەتە بگەیەنێ کە لە بواری خوێندنەوەدا خۆی بگەیەنێتە ئاستی نووسەر و هەندێ کاتیش تەنانەت لە نووسەر جیاوازتر بیربکاتەوە، بەڵام ئەم جۆر ڕوانینە بۆ شیعر و چێژبردن لێی تایبەت بە چینێکی تایبەتی کۆمەڵگایە و خوێنەری چالاکی پێویستە و هەمووان چێژی لێ نابەن. باسێکی تریش هەیە کە لێرەدا پێویستە بێتە گۆڕێ، ئەویش ئەوەیە کە دیواری ئەم جۆری نووسینە واتە بەرەی چواری ڕۆژهەڵات زۆر کورتە و زۆر کەس وای لێ تێگەیشتوون کە بە چنینی چەند وشەی بێ واتا و بێ پێوەندیی مانایی و پارادۆکسیکاڵ دەتوانن ببنە داهێنەری شیعر و ئیدیعای شاعیربوونیان هەبێ. هەر بەو هۆیەشەوە زۆر دەقی کۆپیکراو و بێ واتا لەم ناوەدا خولقاوە و بووەتە هۆی ئاڵۆزی و ئاخۆرانێک کە ئەم بەرەیە خەریکە بەرەو ناشوێن دەبا.
رووداو: پێتانوایە شیعرەکانتان لە کام لەو پۆلێنبەندییانەی وەک بەرەی سێ و چوار و ئەوانە کە لەلایەن هەندێک لە شاعیران و ڕەخنەگرانی ڕۆژهەڵاتەوە کراوە، جێ دەگرێ؟ یان هەر بڕوات بە بەرەی شیعریی لەو شێوەیە هەیە؟
هەڵاڵە سوهرابی: ڕوانینی من بۆ شیعر ڕوانینێکی ڕەهایە و خاڵی گرنگ لە نووسینەکانمدا بوونی ئەندیشە و مانایەکی قووڵە لە پشت وشەکانەوە و هەمیشە لەسەر ئەو بڕوایە بووم کە شیعر دەبێ قسەیەکی گرنگی بۆ گوتن هەبێ و تووشی دووپاتبوونەوەی پێش خۆی نەبێ و خوێنەر تووشی تێفکرین بکات و بە دوای خۆیدا ڕایکێشێ.
جا لە تەنیشت ئەوانەشدا هەندێ تەکنیک و تایبەتمەندیی خودی شاعیر هەن وەک مانای نوێ بەخشین بە وشە و شکاندنی پێکهاتەی شیعری کە بۆم گرنگ بووە تێکەڵی شیعر ببن. بەڵام هیچکات کەڵکەڵەی من پۆلێنبەندیی شیعر نەبووە و پێموابێ شیعر بە پێویستی فەزا و ناوەڕۆک ڕێی خۆی دەبینێتەوە و هیچکات بۆ نووسین خۆم لە قاڵبێکی تایبەتدا نەبەستۆتەوە. بەڵام هەوڵمداوە زمان و شوناسی خۆم ببێ لە شیعر و نووسینەکانمدا.
شیعر لای من وەکو ژن وایە، پێویستی بە ڕەهابوونە تا بتوانێ باشتر گەشە بدا بە خۆی.
هەر بەرەیەکی شیعری تایبەتمەندی و قەواعیدی تایبەتی خۆی هەیە و بێگومان شیعرێک دەتوانێ سەرکەوتوو بێ کە لە هەموو ئەو خاڵانەی وەک قەفەسن، خۆی بپارێزێ و لە هەمانکاتیشدا هەڵگری شیعرییەت بێ بە تەواوی ماناوە.
رووداو: ڕوانگەتان لەسەر چییەتی شیعر؟
هەڵاڵە سوهرابی: شیعر وەک ئەسپێکی یاخی دەبینم کە بە دەم حیلەی وشەوە دەمبا و دەستەمۆ نابێ، کاتێ ڕۆژمەڕەیی ماندووم دەکا و پەنا دەبەم بۆ نووسین، ڕەنجی من دەستپێدەکا و ڕەنگە خۆشترین ڕەنجێکە کە لێی ماندوو نابم.
بەڵام بۆ منێکی نووسەر کە ژنیشم و لە هەمبەر توندوتیژی و پێشێلبوونی مافی ئینسانی و هەروەها زاڵبوونی بیرۆکەی پیاوسالاری لە کۆمەڵگادا و لە پەراوێزخستنی ژنان لە باری فیکری و کۆمەڵایەتییەوە ڕێی دەنگهەڵبڕینم بۆ دانەنراوە و چما دەنگهەڵبڕینەکان دەمکوت کراون، شیعر دەبێ بتوانێت پەنجەرەیەک بەرەوڕووی کۆمەڵگادا بکاتەوە و وەبیرهێنەرەوەی کێشە و گرفتەکانی ناو کۆمەڵگا بێ. دەردێک کە لە تاک بە تاکی مرۆڤدا هەیە و نووسەر تەنیا پڕڕەنگتر و قووڵتر دەڕوانێتە جیهانێک بە ناوی کۆمەڵگا.
رووداو: شیعرەکانی ئێوە زیاتر لە گەردوونەی چ باسگەلێکدا خۆ دەبیننەوە؟
هەڵاڵە سوهرابی: بە گشتی هەر شتێک لە ناخەوە منی ئازار دابێت، یان تووڕەی کردبم یان بەربەست بووبێ لە نێوان من و خواستەکانم، لە ئاکامدا بە شێوازی شیعر یان زۆر جاریش وەک چیرۆکێک خۆی لە منەوە دەرباز کردووە. هەوڵمداوە وەک ژنێک بڕوانمە دنیای دەوروبەرم و زۆربەی شیعرەکان باسگەلی کۆمەڵایەتی و باسی دنیایەکی ژنانەیە و کێشەکان و ڕوانینیان و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی ژنێک لەگەڵ کۆمەڵگایە.
رووداو: ژن لە شیعرەکانی ئێوەدا چۆن دەنوێنرێ؟
هەڵاڵە سوهرابی: ژن لە شیعری مندا لە پێش هەموو شتێکەوە مرۆڤە، دوایی ژنە و هاوسەرە و دایک و هاوڕێ، لە هەمان کاتیشدا دەیەوێ وەک خۆی بێ و وەک خۆی بۆی بڕوانن، حەزی لە ڕەهاییە و لە ژنانەییە، بەڵام ژنی کۆمەڵگای ئێمە لە پارادۆکسێکی خەمناکدا ماوەتەوە... یان دەبێ ژنانە بژی و لە قەفەسدا، یان دەبێ پیاوانە هەڵسوکەوت بکا و خۆی و هەستەکانی و تایبەتمەندییەکانی ڕەگەزی خۆی لە چاوی کۆمەڵگا بشارێتەوە!
رووداو: بەگشتی چ چاوەڕوانیەکتان لە شاعیربوون هەیە؟
هەڵاڵە سوهرابی: شاعیربوون و بەگشتی نووسەربوون واتە لە دۆزەخدا بوون. کە شاعیر بووی ژیان و دەوروبەرت جۆرێ تر دەبینی، هەمیشە ڕەنجەکان و واتای شتەکان و ڕووداوەکان بۆ تۆ تۆختر دەنوێنێ. شیعر بە من دەڵێ کە بێهوودە نیم، مرۆڤم بە تەواوی هەست و چێژ و حەزێکەوە کە لە مرۆڤدا هەیە. بێهوودە نیم چون هەست بە ئازارکێشانی دەوروبەرەکانم دەکەم و دەتوانم دەنگی تەواوی بێدەنگییەکانیان بم. شیعر دەنگی چەوساوە و بێدەنگکراوی منە و هەمیشە نزیکترین هاوڕێم بووە .
رووداو: کاتێک کە شیعرێک دەنووسن خوێنەر لەبەرچاو دەگرن؟ خوێنەر لای ئێوە چ ڕۆڵێک و پێگەیەکی هەیە؟
هەڵاڵە سوهرابی: شاعیر لە کاتی نووسیندا تەنیا خۆیەتی و شاڵاوی وشەکان و ئەو دۆزەخەی تێیدا دەژی، بێگومان شاعیرێک کە بە ئەندێشەوە بنووسێ خوێنەری خۆی دەبینێتەوە. پێموایە خوێنەر ڕۆڵێکی تایبەتی هەیە لە نواندنی شیعردا، من وەک شاعیرێک هەمیشە خوێنەرم لا گرنگ بووە و دوای ئەوەی شیعرێک بە ئاکام دەگا یەکەم کەس خوێنەران بوون کە شیعرەکەم لەگەڵدا بەش کردوون و چێژێکی تایبەتم بردووە لەوەی توانیومە هەستەکان و خەمەکانی خۆم لەگەڵ خوێنەردا بەش بکەم.
خوێنەر لای من کاتێ گرنگە کە چالاک بێ و خۆی بگەیێنێتە ئاستی شاعیر، یان نا لە شاعیر سەرتر بڕوانێتە شیعر و مانای نوێ و جیاواز ببەخشێ بە دەق.
رووداو: زۆرێک لەو شاعیرانەی لە وڵاتە تا ڕادەیەک دواکەوتووەکان یان ئەوانەی لەژێر دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکاندا ژیان و بەرهەمیان خولقاندووە، شیعرەکانیان پێوەندییەکی زۆری هەیە بە دۆخی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگاکەیانەوە؛ پێتانوایە شاعیرانی کۆمەڵگای ئێمە دەبێ چۆن بن؟
هەڵاڵە سوهرابی: بە بڕوای من ئەوەی کە شیعر پێوەندی هەبێ بە دۆخی سەردەمی کۆمەڵگاوە دواکەوتوویی ئەدەبیات نییە بەڵکوو خاڵێکی ئەرێنییە لە شیعردا کە شاعیر بتوانێ بەپێی بارودۆخی سەردەمی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگا بچێتە پێشێ و داهێنانی هەبێ. پێموایە نیوەی زیادی شاعیرانی ئەم سەردەمە لە باسگەلێکی بێهۆ وەک باسی ئەوین و دڵداری و هتد دەرباز نابن و ئەوە لە حاڵێکدایە کە کۆمەڵگای ئێمە لە قەیرانی ئابووری و کارەساتی خۆکوژی و کێشەگەلی ڕەگەزی و هەژاریدا دەتلێتەوە.
بێگومان نووسەرێک کە بارودۆخی خەڵک و کۆمەڵگای خۆیی بۆ گرنگ بێ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئەو ڕەنجانە لە کارەکانیدا ڕەنگدەداتەوە، بەڵام ئەستەم نییە ئەوەی کە ئەدیبان و شاعیرانی ئێمە بارودۆخی سەردەمی خۆیان لە کارەکانیاندا ڕەنگ بداتەوە و ئێستای وڵاتی خۆیان بە بەرەی داهاتوو بناسێنن.