بەرپرسێکی وەزارەتی وزەی سووریا بۆ رووداو: بە هاوردەکردنی گازی ئازەربایجان پێدانی کارەبا بۆ 10 کاژێر زیاد دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد سلێمان، گوتەبێژ و بەڕێوەبەری پەیوەندییە حکومییەکانی وەزارەتی وزەی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی هاوردەکردنی گازی ئازەربایجان لە لایەن سووریاوە لە رێگەی تورکیاوە، هەوڵەکانی حکومەتی کاتیی سووریا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا و دابینکردن و زیادکردنی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ هاووڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات.
ئەحمەد سلێمان دەڵێ، لە قۆناخی یەکەمی پرۆژەکەدا رۆژانە 3.4 ملیۆن مەترسێجا گاز لە لایەن ئازەربایجانەوە هەناردەی سووریا دەکرێ و پلانیان هەیە بڕەکە بۆ 6 ملیۆن مەترسێجا لە رۆژێکدا بەرز بکەنەوە.
سەبارەت بە دابینکردنی کارەبا لەو وڵاتە، بەڕێوەبەری پەیوەندییە حکومییەکانی وەزارەتی وزەی سووریا بە رووداوی رایگەیاند، بە هاوردەکردنی گازی ئازەربایجان لە قۆناخی یەکەمدا دەتوانن لە نێوان 700 تاوەکو 800 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن و بەوەش کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان بۆ 10 کاژێر لە رۆژێکدا بەرزبکەنەوە، کە ئێستا تەنیا پێنج کاژێرە لە رۆژێکدا. لە قۆناخی دواتریشدا هەوڵ دەدەن، پێدانی کارەبا بگەیێننە 14 کاژێر لە رۆژێکدا.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی وزەی سووریا، دابەشکردنی کارەباکە لە هەموو پارێزگاکانی سووریا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بەپێی توانای بەکاربردنی هەر پارێزگایەک دەبێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پێدانی کارەبا پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یش دەگرێتەوە.
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت لە سووریاش، ئەحمەد سلێمان گوتی، ئێستا لە هەموو سووریا رۆژانە نزیکەی 100 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت؛ روونیشی کردەوە، ئەم بڕە بەراورد بە پێشووتر و بەر لە رووداوەکانی ساڵی 2011ی ئەو وڵاتە، زۆر کەمترە کە ئەو کاتە نزیکەی 400 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەحمەد سلێمان:
رووداو: لە کاتێکدا کەرتی وزە لە سووریا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە، بەتایبەتی لە بواری دابینکردنی کارەبا و پەیداکردنی سەرچاوەکانی نەوت و گاز، جووڵە و چاکسازیی گرنگ ئەنجام دەدرێن کە ئامانج لێیان بەهێزکردنی سەقامگیریی وزە و پشتیوانیکردنی ئابووریی نیشتمانییە. ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی پڕۆژە و وەبەرهێنانی گەورەدان کە حکومەت رایگەیاندوون، لەگەڵ هاوکاری و رێککەوتن لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لەم بوارەدا. بۆ گفتوگۆکردنی ئەم بابەتانە لە نزیکەوە، خۆشحاڵین ئەمڕۆ میوانداریی ئەحمەد سلێمان، گوتەبێژی فەرمی و بەڕێوەبەری پەیوەندییە حکومییەکانی وەزارەتی وزەی سووریا بکەین. بەڕێز ئەحمەد لە شامەوە میوانی ئێمەیە، بەخێر بێیت.
ئەحمەد سلێمان: بەخێر بن.
رووداو: ئێوە بایەخی پڕۆژەی هەناردەکردنی گازی ئازەربایجان بۆ سووریا لەم کاتەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا ئەمە گۆڕانکارییەکە لە سیاسەتی وزەی سووریادا؟
ئەحمەد سلێمان: بێگومان. سڵاو لە ئێوە و لە بینەرە بەڕێزەکان. هێڵی گازی نێوان تورکیا و سووریا کرایەوە. سوپاس بۆ خودا، گازی ئازەربایجان لەڕێگەی ئەم هێڵەوە بە پشتیوانی و بودجەی سندووقی قەتەری بۆ گەشەپێدان نێردرا. ئەم بڕە دەگاتە 3.4 ملیۆن مەتر سێجا گاز، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر وزە لە سووریا دەبێ و دەتوانێ لەنێوان 750 بۆ 800 مێگاوات [کارەبا] بەرهەم بهێنێ. ئەم مێگاواتانەی کە بەرهەم دەهێنرێن، کاژێرەکانی پێدانی کارەبا نزیکەی پێنج کاژێر زیاد دەکەن، واتە بە گشتی دەبێتە 9 بۆ 10 کاژێر پێدانی کارەبا لە بەرامبەر 14 کاژێر کوژانەوە. پشتیوان بە خودا، ئێمە کار لەسەر پڕۆژەی دیکە دەکەین بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزە، هەروەها گازی زیاتر هاوردە دەکەین بۆ ئەوەی بڕەکەی لە هێڵی تورکیا-سووریاوە ببێتە 6 ملیۆن مەتر سێجا.
رووداو: باشە، ئایا دەتوانین هەناردەکردنی گازی ئازەربایجان وەک هەنگاوێکی گواستنەوە لە چوارچێوەی دیدێکی فراوانتری پڕۆژە گەورەکانی وزەدا هەژمار بکەین کە حکومەت بایی حەوت ملیار دۆلار رایگەیاندووە؟
ئەحمەد سلێمان: بێگومان، پشتیوان بە خودا، هەنگاوێکی ئەرێنی و کاریگەرە لە دابینکردنی گازدا. پشتیوان بە خودا، دەگەینە شەش ملیۆن مەتر سێجا گاز و بەرهەمهێنان و بەرهەمی وزەی کارەبا زیاتر دەبێت، لەگەڵ هێڵەکانی دیکەی بەیەکەوەبەستن کە توانای وزەی کارەبا لە سووریا زیاد دەکەن.
رووداو: ئێستا ئاماژەتان پێدا بەڕێز ئەحمەد، چاوەڕوان دەکرێ دابینکردنی کارەبای رۆژانە لە هەندێک ناوچە بگاتە 10 کاژێر، دوای ئەوەی پێشتر تەنیا سێ تاوەکو چوار کاژێر بوو. ئەم ژمارەیە ئەمڕۆ چەندە وردە؟ چاوەڕوان دەکرێ ئەم دۆخە سەقامگیر بێت یان کاتییە؟
ئەحمەد سلێمان: کاژێرەکانی پێدانی کارەبا نزیکەی پێنج کاژێری دیکە زیاد دەکەن. ئێستا پێدان لەنێوان 4 بۆ 5 کاژێرە، و 5 کاژێری دیکەی دێتە سەر و دەبێتە 9 بۆ 10 کاژێر لە رۆژێکدا. ئەمە لە سەرتاسەری ناوچە و پارێزگاکانی سووریا دەبێت، لە تەواوی خاکی کۆماری عەرەبیی سووریا بەبێ جیاوازی. دابەشکردنەکە دادپەروەرانە دەبێ. هەر پارێزگایەک توانایەکی بەکاربردنی هەیە و بەپێی توانای هەر پارێزگایەک پێی دەدرێت و هاووڵاتییان پشتیوان بە خودا ئەم جیاوازییە لە سەرتاسەری کۆماری عەرەبیی سووریا دەبینن.
رووداو: کەی دەست دەکەن بە هەستکردن بەم جیاوازییە؟
ئەحمەد سلێمان: بێگومان، دەست کراوە بە پەمپکردنی گازی سرووشتی، ئیدی بۆرییەکانی گاز پڕ دەبن. ئەو بۆرییانە بەتاڵ بوون. دوێنێ و ئەمڕۆ بۆرییەکانی گاز پڕبوونەوە و پاشان بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان دەنێردرێ؛ وێستگەی حەلەب و وێستگەی جەندەر لە حمس، تاوەکو دەگاتە وێستگەی دێرعەلی لە گوندەواری شام. پشتیوان بە خودا ئەو بڕە دەگاتە وێستگەکان و دەست بە بەرهەمهێنان دەکات. واتە، لەو ساتەی بەرهەمهێنان دەستیپێکرد، خەڵکی ئێمە پشتیوان بە خودا جیاوازییەکە لە کاژێرەکانی پێدانی کارەبادا دەبینن. واتە، لە چەند رۆژێکی کەمدا پشتیوان بە خودا.
رووداو: سەبارەت بە دابەشکردنی کارەبای بەرهەمهاتوو، دابەشکردنەکە چۆن دەبێت؟ بۆ هەر شارێک؟ هەر پارێزگایەک؟ کاژێرەکانی کارەبا چەند زیاد دەکات؟
ئەحمەد سلێمان: بێگومان. پێم گوتن، تۆڕی کارەبای سووریا تۆڕێکی بازنەییە و بە تەواوی خاکی سووریاوە بەستراوەتەوە. واتە، ئەمڕۆ بەرهەمهێنانی وزە لە حەلەب کاریگەری لە سەر هەموو پارێزگاکانی سووریا دەبێت، یان ئەگەر لە حمس بەرهەم بهێنرێت هەر کاریگەری لە سەر هەموو پارێزگاکان دەبێت. دابەشکردنەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە سەرتاسەری پارێزگاکان دەبێ و هاووڵاتییان لە هەموو پارێزگاکان ئەم زیادبوونە دەبینن. کاژێرەکانی پێدانی کارەبا دەگەنە نزیکەی 10 کاژێر لە بەرامبەر 14 کاژێر کوژانەوە، پشتیوان بە خودا و دۆخەکە بەرەو باشی دەچێت. هەوڵ دەدەین لە رێگەی پڕۆژەکانی داهاتووەوە بگەینە 12 بۆ 14 کاژێر پێدان، پشتیوان بە خودا.
رووداو: لە ئەگەری ئەوەی ناردنی گاز بگاتە شەش ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا وەک پلانی بۆ دانراوە، چ باشبوونێکی زیاتر روودەدات؟ ئایا دەتوانین لە هەندێک ناوچە کارەبای بەردەوام ببینین؟
ئەحمەد سلێمان: بێگومان، کاژێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد دەکەن. لە ئەگەری هاوردەکردنی 2.6 ملیۆن مەتر سێجای دیکە، کاژێرەکانی پێدانی کارەبا پشتیوان بە خودا زیاد دەکەن، تاوەکو دەگەینە نزیکەی 14 کاژێر پێدان لە بەرامبەر 10 کاژێر کوژانەوە، پشتیوان بە خودا، کە لە سەرتاسەری پارێزگاکان دابەش دەکرێت. نابێت پارێزگایەک کارەبای هەمیشەیی هەبێت و لەوانی دیکەش بڕان هەبێت. هەموو پارێزگاکان لە هەمان کاژێرەکانی پێدان و کوژانەوەدا دەبن.
رووداو: ئایا نەخشەیەکی کاتی هەیە بۆ گەیشتن بە لووتکەی ئەم پڕۆژەیە، واتە ئامانجی شەش ملیۆن مەتر سێجا؟
ئەحمەد سلێمان: بێگومان. ئێمە ئێستا دوای وەرگرتنی 3.4 ملیۆن مەتر سێجا بە پشتیوانیی سندووقی قەتەری بۆ گەشەپێدان، پشتیوان بە خودا ئێستا دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەین بۆ هاوردە کردنی 2.6 ملیۆن مەتر سێجای دیکە بۆ ئەوەی کۆی گشتی ببێتە شەش ملیۆن مەتر سێجا. لە ماوەیەکی کورتی داهاتوودا، پشتیوان بە خودا، ئێمە ئەم بڕە لە رێگەی هاوردەکردنەوە دەگەیەنینە 6 ملیۆن مەتر سێجا. هەروەها هاوردە کردنی مادەی فیوڵیش هەیە. وێستگە هەن کە لەسەر فیول کار دەکەن. ئەمە هەمووی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندایە و پشتیوانی لە کارەبا دەکات بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژتر، پشتیوان بە خودا ماوەی پێدانێکی درێژتر هەبێت.
رووداو: لە مانگەکانی رابردوودا زۆر جار باس لە کۆبوونەوە و رێککەوتن لەنێوان وەزارەتی وزەی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت و گاز کرا. ئایا ئەم دیدارانە لە نێوانتاندا بەردەوامن؟
ئەحمەد سلێمان: کۆبوونەوە رووینەدا، تەنیا کۆبوونەوەیەک لەسەر بابەتی ئاو هەبوو. کۆبوونەوەکە لە پارێزگای حەلەب لەسەر ئاو پێکهات. لە پارێزگای حەلەب رێککەوتنێک هەبوو بۆ کەمکردنەوەی ئاو لە ناوچەکانی هەسەدەوە بەرەو عێراق، بۆ ئەوەی ئاو لە بەنداوەکان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سووریا بپارێزرێ. ئەم رێککەوتنە یان ئەم کۆبوونەوانەی کە لە مانگەکانی رابردوودا لە نێوان وەزارەتی وزە و نوێنەرانی هەسەدەدا کران، لەسەر ئەم بابەتە بوون.
رووداو: دابینکردنی کارەبا، پارێزگای حەسەکە و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش دەگرێتەوە؟
ئەحمەد سلێمان: پشتیوان بە خودا گشتی دەبێت، بەڵام هێڵەکانی بەیەکەوەبەستن لە نێوان ناوچەکاندا پێویستییان بە چاکسازییەکی گەورەیە. بە گشتی هێڵەکانی بەیەکەوەبەستن لە سووریا زۆر کۆنن، پێویستییان بە چاکسازی، گۆڕین و دانانی کێبڵی نوێیە. ئەگەر ئەم کێبڵانە لە جۆرێکی باش نەبن یان خاوەنی هێز و توانایەکی باش نەبن، ناتوانین لە توانایان زیاتر لۆد بخەینە سەریان. بەپێی کێبڵەکان یان هێڵەکانی بەیەکەوەبەستنی نێوان ناوچەکان، پشتیوان بە خودا ئەگەر هێڵی بەیەکەوەبەستن بە توانای بەرز هەبن، بێگومان جیاوازییەکە دەبینرێ. بەڵام بەپێی زانیارییەکانی من، هێڵی بەیەکەوەبەستنی بەتوانای بەرز لەنێوان رۆژئاوا و باکووری سووریادا نییە. کێبڵەکان پێویستییان بە چاکسازی و نۆژەنکردنەوەیە. ناوچەکە بەهۆی مین و شتی هاوشێوەوە سەلامەت نییە، بۆیە پێویستە ئەو مینانە هەڵبگیرێنەوە، هێڵەکانی بەیەکەوەبەستن دابنرێن و چاک بکرێنەوە. پشتیوان بە خودا لە رۆژانی داهاتوودا کار لەسەر ئەمە دەکەین.
رووداو: ئەمڕۆ توانای بەرهەمهێنانی نێوخۆیی سووریا لە نەوت و گاز گەیشتووەتە چ ئاستێک؟ ئایا ژمارەی نوێ سەبارەت بەو کێڵگانەی کە بەراستی کاردەکەن و ئەو بڕەی رۆژانە بەرهەم دەهێنرێت هەیە؟
ئەحمەد سلێمان: بێگومان. ئەمڕۆ لە سەرتاسەری سووریادا هیچ شتێک نەگۆڕاوە. پێشتریش گوتمان کە بەرهەمهێنانی نەوت ئەمڕۆ لە سەرتاسەری سووریا نزیکەی 100 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا. هەڵبەتە ئەم بڕە بەراورد بە زانیارییەکانی پێش شۆڕش لە ساڵی 2011دا زۆر کەمە. ئەو کاتە بەرهەمهێنانی سووریا نزیکەی 400 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا. ئەمڕۆ بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە سەرتاسەری سووریا. پشتیوان بە خودا دوای کۆنترۆڵکردن یان وەرگرتنی هەموو کێڵگەکان، ئەم کێڵگانە پەرەیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی بگەینەوە هەمان ئاستی پێشووی بەرهەمهێنان، و هەروەها پەرەپێدان و زیادکردنی گەڕان و هەڵکەندن بۆ ئەوەی پشتیوان بە خودا بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە زیاد بکەین.