یونسێف: زیاتر لە 10 هەزار منداڵ لە سوەیدا لە خوێندن دابڕاون


رووداو دیجیتاڵ  

"سووریا ماوەیەکی درێژە رووبەڕووی زۆر لە ناخۆشی و قەیرانەکان بووەتەوە، لەنێو هەموو ئەمانەشدا، منداڵان زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە." ماتیۆ فرۆنتینی، بەڕێوەبەری بەشی فریاگوزاری و بەدواداچوونە مەیدانییەکان لە لقی یونسێف لە سووریا وای گوت.
 
فرۆنتینی جەخت لەوە دەکاتەوە "هەزاران منداڵ بەهۆی ئەم ململانێیە زیانیان پێگەیشتووە" و دەڵێ: "لانیکەم لە سوەیدا زیاتر لە 10 هەزار منداڵ لە خوێندن دابڕاون." ئەم دابڕانە لە خوێندن، لەگەڵ زیانگەیاندن بە قوتابخانە و سیستمەکانی ئاو، دۆخێکی "زۆر نالەبار و پڕ لە نیگەرانی" دروست کردووە. یونیسێف، بە هاوکاری رێکخراوەکانی دیکە، هەوڵ دەدات پێداویستییە ژیانپارێزەکان دابین بکات، وەک خۆراک، دەرمان و ئاوی پاک، بەڵام ماتیۆ فرۆنتینی روونیدەکاتەوە کە "ئەمە بەس نییە."
 
جەخت لەسەر چارەسەرکردنی دۆخی قوتابخانەکان دەکاتەوە کە ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی تێدایە و دەڵێت: "بۆ ئەوەی منداڵان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ خوێندن، دەبێ ئەو قوتابخانانە بکرێنەوە".
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 
 
رووداو: لەم دۆخ و گرژییانەی سوەیدا روویاندا، ئێوە دۆخی منداڵان لەو پارێزگایە چۆن هەڵدەسەنگێنن، چەند منداڵ لەژێر کاریگەریی ئەو دۆخەدان؟
 
ماتیۆ فرانتینی: زۆر سوپاس بۆ ئەم پرسیارە، وەکو دەزانن، یونیسێف لەگەڵ دەزگاکانی دیکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی سووریا و هەروەها خاچی سووری نێودەوڵەتی و مانگی سووری عەرەبی سووریا، لەم دواییانەدا توانیویانە بگەنە سوەیدا، لە سەرەتای کارەکانمانەوە توانیمان هەڵسەنگاندنێکی نێوان دەزگاکان بکەین و سەرنجمان داوە هەزاران منداڵ بەهۆی ئەم ململانێیە زیانیان پێگەیشتووە، بە لەبەرچاوگرتنی پەروەردە، خۆراک، ئاو و ئاوەڕۆ، هەموو ناوچەکانی سوەیدا و هەروەها لە دەرعا بەهۆی ئاوارەبوونی نوێوە، دۆخێکی زۆر نالەبار و پڕ لە نیگەرانی بۆ منداڵانی سووریا دروستبووە.
 
رووداو: ژمارەی دروستتان لایە، چەند منداڵ کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییەوە؟
 
ماتیۆ فرانتینی: بەڵێ، لانیکەم لە سوەیدا زیاتر لە 10 هەزار منداڵ لە خوێندن دابڕاون، قوتابخانەکان زیانیان پێگەیشتووە، هێشتا خەریکی کۆکردنەوەی زانیاریین لەبارەی ئەو منداڵانەی بەهۆی کەمیی خۆراکەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئێستاش خەریکی هەڵسەنگاندنی چەندین بیری ئاو و سیستمی ئاوین زیانیان پێگەیشتووە. بێگومان دەستڕاگەیشتن بە ئاو لەو ناوچەیەدا زۆر گرنگە، بۆیە مەزەندە دەکەین هەزاران منداڵ زیانیان بەرکەوتووە.
 
رووداو: یونسێف لەم دۆخانەدا چۆن پشتگیری منداڵانی سوەیدای کردووە، ئەگەر لە خواردنەوە دەست پێ بکەین؟
 
ماتیۆ فرانتینی: دەستمان کردووە بە دابەشکردنی پێداویستییەکان لەڕێگەی مانگی سووری عەرەبی سووریاوە، یونیسێف بۆ ناوەندە تەندروستییەکان، پێداویستییەکانی تەندروستی و خۆراکی وەک وەڵامێکی خێرا دابین کردووە، بۆ شوێنی ئاوارەبوونی نوێ ئاومان دابین کردووە. ئەمەش تەنیا بۆ منداڵان نییە، بەڵکو بۆ ئەو کۆمەڵگانەشە کە زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها سووتەمەنییشمان دابین کردووە بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە هەندێک لە سیستمەکانی ئاو وێران نەبوون، کارا بن. لەم دواییانەدا، لە هەفتەی رابردووەوە، توانیمان چەندین ئەندازیار بنێرین ئێستا خەریکی هەڵسەنگاندنی ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەم سیستەمە ئاوانەن و پێمانوایە ئەگەر ململانێکە دیسانەوە پەرە نەسێنێت، بتوانین زۆر بە خێرایی چارەسەری بکەین.
 
رووداو: بۆ دابینکردنی خواردن و پێداویستییە تەندروستییەکان، لەگەڵ رێکخراوەکانی دیکە چەند کاروانی هاوکاریتان تێپەڕاندووە؟
 
ماتیۆ فرانتینی: بەڵێ، یونیسێف بە تەنیا کار ناکات، لەگەڵ رێکخراوەکانی دیکەدا کار دەکەین. لە رێگەی مانگی سووری عەرەبی سووریاوە لانیکەم 15 کاروانی هاوکاریمان گەیاندووە هەموو دەزگاکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سووری نێودەوڵەتی توانیویانە خۆراک یان لانیکەم بۆ نانەواخانەکان بگەیەنن، ئێمە پێداویستییەکانی خۆراک و دەرمانی پزیشکیمان گەیاندووە، بەڵام ئەمە بەس نییە، کێشەکە ئەوەیە ئێمە نامانەوێت تەنیا دەستڕاگەیشتنی مرۆیی هەبێت، بەڵکو دەمانەوێت دەستڕاگەیشتنی بازرگانیش لە دیمەشقەوە بۆ سوەیدا دەست پێبکاتەوە، بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت و لایەنی دیکە بتوانن دەست بکەن بە گواستنەوەی بارهەڵگرەکان، هێنانی خۆراک و گەیاندنی پێداویستییەکان، لەوانەش پێداویستیی پزیشکی بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان کە زیانیان بەرکەوتووە.
 
رووداو: ساڵی نوێی خوێندن نزیکە، لە بواری پەروەردەییدا دەتوانن چ جۆرە پشتگیرییەک پێشکەش بە قوتابیان و منداڵانی سوەیدا بکەن؟
 
ماتیۆ فرانتینی: هاوکارەکانمان لە بەشی پەروەردەی یونیسێف لە پەیوەندیدان لەگەڵ بەشی پەروەردە لەسەر ئاستی پارێزگا و هەروەها لەسەر ئاستی وەزارەت لێرە لە دیمەشق.،ئەمە نیگەرانییەکی گەورەیە و لەسەر مێزی گفتوگۆیە ،خەریکی دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ ئەوەی رێگە بەوانە بدرێت نەیانتوانی بچنە تاقیکردنەوەکان ولە هەفتەکانی داهاتوودا بەشداری تێدا بکەن، پاشان بە هیوای کردنەوەی قوتابخانەکان، ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەکان، بەلایەنی کەمەوە ١٥ قوتابخانە کە ئێمە بینیومانە، ئاوارەی تێدایە. واتە خەڵک قوتابخانەکانیان وەکو ناوچەیەکی سەلامەت بەکار هێناوە. ئێمە ئێستا دەزگەکانی دیکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک کە تێیدا دانیشتوانی ئاوارە بتوانن بگەڕێنەوە بۆ کۆمەڵگەکانیان و بەمەش قوتابخانەکان بۆ منداڵان بکرێنەوە و ساڵی نوێی خوێندن بخوێنن 
 
رووداو: پەیامی ئێوە وەک یونسێف بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەخشەران سەبارەت بە منداڵانی سووریا چییە؟
 
ماتیۆ فرانتینی: بە دروستی وەکو ئێوە دەڵێن، یونیسێف تەنیا لە سوەیدا کار ناکات، ئێمە لە سەرانسەری سووریا کار دەکەین. سووریا بە کاتێکی زۆر گرنگدا تێدەپەڕێت. ئێمە پشتگیری لە وەڵامدانەوەی مرۆیی و وەڵامدانەوەی فریاگوزاری دەکەین وەک لە سوەیدا، بەڵام لە ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییانە لە لازقیە، و ناوچەکانی کەنار دەریا و فریاگوزارییەکانی دیکە، پشتگیری بەردەواممان هەیە ،سووریا وڵاتێکە دەرفەتی زۆری هەیە. بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار لەسەر دوو رێچکەی هاوتەریب دەکات، وەڵامدانەوەی دۆخی مرۆیی و فریاگوزاری، هەروەها پشتگیری لە پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوە هەوڵ دەدرێت هاوکاری کۆبکرێتەوە  بۆ پشتگیریکردنی ئەم پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بووژانەوەیە کە زۆر گرنگە. ئێمە پێمان وایە بۆ باشترین داهاتووی منداڵان، پەرەپێدان کلیلی داهاتوو و سەقامگیری وڵات و ناوچەکەیە.