جێگری سەرۆکی پارتی دەڤا: تۆمەتبارکردنی دەم پارتی بە تیرۆر کۆتایی دێت


رووداو دیجیتاڵ 

 

محەممەد ئەمین ئاکمەن، جێگری سەرۆکی پارتی دواڕۆژ (دەڤا) کە ئەحمەد داوودئۆغڵو سەرۆکایەتی دەکات لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا دەڵێت، دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رۆژی 27ـی شوبات بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەرگەیەکی تازە بۆ داواکردنی مافەکانی کورد لە تورکیا دەکرێتەوە، "تاوەکو ئێستا هەندێک مافی دیموکراسی لە سیاسەت داوا نەدەکران و باس نەدەکران، بەهۆی ترس و هەڕەشەی تیرۆرەوە."
 
محەممەد ئەمین ئاکمەن کە کوردە و ئەندامی پەرلەمانی تورکیایە دەڵێت، ئەو پرۆسەیەی ئێستا کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بە "پرۆسەی کۆتاییهێنان بە تیرۆر " ناودەبرێت و بەگشتی وەک "پرۆسەی چارەسەری" ناودەهێنرێت، ئەگەر سەربکەوێت، "تۆمەتبارکردنی دەم پارتی بە تیرۆر و، قەییوم لەسەر دانانی شارەوانییەکانیان کۆتایی دێت. هەروەها رێکخستنەکانی دەم پارتی نوێ دەبنەوە. لەسەر ئاستی گشتیی سیاسەتی تورکیا بەراورد بە پێشتر ئازادتر و بەهێزتر و بە سوودتریش دەبێت". 
 
بەپێی دەستووری تورکیا هەر هاووڵاتییەکی تورکیا بە "تورک" دادەنرێت. ئێستا باسی گۆڕینی دەستووری تورکیا دەکرێت، محەممەد ئەمین ئاکمەن دەڵێت، "ئێمە لەو بڕوایەداین، دەبێ ئەو پێناسەیەی ئێستا هەیە بۆ هەڵگرانی ناسنامەی تورکیا، گۆڕانی بەسەردابێت و بەشێوەیەک بنووسرێتەوە کە هەموو نەتەوە، ئایین و لایەنەکانی نێو تورکیا لەخۆبگرێت". 

 

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جێگری سەرۆکی پارتی دواڕۆژ (دەڤا)
 
 
رووداو: کاریگەری پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەسەر سیاسەتی ناوخۆی تورکیا و پەیوەندی نێوان پارتەکان چۆن دەبێت؟
 
محەممەد ئەمین ئاکمەن: تاوەکو ئێستا هەندێک مافی دیموکراسی لە سیاسەت داوا نەدەکران و باس نەدەکران، بەهۆی ترس و هەڕەشەی تیرۆرەوە. ئەوە تەنیا بۆ دەم پارتی نا، بەڵکو بۆ بەشێک لە پارتەکانی دیکەی تورکیا و سیاسەتڤانەکانی کوردیش راستە. چونکە بەردەوام ئەو ترسە هەبوو، ئایا ئەگەر داوای ئەو مافانە بکەین، تۆمەتی تیرۆرمان دەخەنە پاڵ یان نا؟ بەڵام ئەم دۆخە ئیدی نامێنێت. ئەو کەسانەی شارەزاییان هەیە لەبارەی مامەڵەکردنی سیاسەتی تورکی لەگەڵ پرسی کورد، لە ترسی تیرۆر و دابەشبوون هەندێک هەنگاو هەبوو نەیاندەهاوێشت. دەوڵەتیش لەو ترس و دڵەڕاوکێیەدا ئاهێکی بە بەردا دێتەوە. ئیدی لە سیاسەتی کوردی دا بە ئەگەری زۆر لە پارتە کوردستانییەکان، هەروەها ئەو پارتانەی لەسەر ئاستی تورکیا چالاکانە سیاسەت دەکەن، جۆرێک لە هەمەڕەنگی دروست دەبێت. تۆمەتبارکردنی دەم پارتیش بە تیرۆر و قەیووم لەسەر دانانی شارەوانییەکانیان کۆتایی دێت. هەروەها رێکخستنەکانی دەم پارتی نوێ دەبنەوە. لەسەر ئاستی گشتی سیاسەتی تورکیا بەراورد بە پێشتر ئازادتر و بەهێزتر و بە سوودتریش دەبێت. 
 
رووداو: لە تورکیا باسی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت، وەک پارتێکی ئۆپۆزیسیۆن بۆچوونی ئێوە لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە چییە؟ 
 
محەممەد ئەمین ئاکمەن: هێشتا زیاتر لە سێ ساڵ ماوە بۆ کاتی هەڵبژاردن، بەپێی یاسا. هەرچی بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەیە یان سەرۆککۆمار دەیدات، یانیش بە کۆی دەنگی 360 دەنگی پەرلەمانتاران بڕیارێکی بەوشێوەیە دەدرێت. ئەو ژمارەیەش بەبێ ئاکپارتی هیچ لایەنێک ناتوانێت تەواوی بکات. واتە ئەگەر ئەردۆغان و ئاکپارتی نەیانەوێت، هەڵبژاردنی پێشوەختە ناکرێت. پێموایە باسکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە هێشتا زووە. دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لەلایەن جەهەپەوەش بە زوو دەبینم، بەڵام ئەگەر بڵێن ئەو دۆخەی ئێستا هەیە چۆن کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن دەبێت، پێموایە پێویستی بە کات دەبێت. ئێمە پشتگیری هەموو کارێک دەکەین کە لە پێناو بە دیموکراتیکردن و ئازادیی و مافی مرۆڤ بێت، بەڵام ئەو دۆخە لە یەکی مانگی ١٠ی ساڵی رابردووەوە دەستی پێکرد، هەر لەو کاتدا زیاتر لە 20 رۆژنامەڤان دۆسییەی لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەستپێکرا. تەنانەت گەردوونناسێک کە پێشبینیەکی کردبوو، ئەویش لێپێچینەوەی لەگەڵ کرا، واتە ئەوە زۆر گاڵتە ئامێزە. لەگەڵ ئەمەش هێرش دەکرێتە سەر شارەوانییەکان. ئەوە جگە لە دانانی قەیووم. چونکە شارەوانییەکانی جەهەپەش لەژێر گوشارێکی زۆردان. وەک چۆن رێکخراوە ناحکومییەکان و میدیاکانیش بە هەمان شێوە لەژێر گوشاردان. هەموو ئەوانە لەگەڵ بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی کە دەیگوت با چەکەکان دابنرێن و ژێرخانی دیموکراتی بەهێز بکەین، زۆر پێچەوانەیە. ئەوەی ئێمە تێیگەیشتووین، بەڕێز ئەردۆغان لە خاڵی بە دیموکراسی بووندا ناتوانێت تێڕوانینێکی باشتر پێشکێش بکات. ئەو ئێستا پلانی ئەوەی هەیە، خۆی بەهێزتر بکات و لە دەرفەتێکدا بەرەو هەڵبژاردنێکی دیکە بچێت و جارێکی دیکە بیباتەوە. بە بڕوای ئەوە بەدینایێت. 
 
رووداو: ئێوە وەک پارتی دەڤا، دەتانەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت . بە واتایەکی دیکە ئێستاش لەبەرەی جەهەپەن بۆ ئەو پرسە؟ 
 
محەممەد ئەمین ئاکمەن: لە تورکیا دۆخی ئابووری زۆر خراپە، محەممەد شیمشەک بووە وەزیری دارایی، سووی بانکی بۆ سەرووی 50٪ بەرزکردەوە، بەڵام ئەوانەی بە کەمترین مووچە دەژین و چاوەڕوانی سەری مانگن بۆ وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیان، لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدان. بۆ گۆڕانکاری لەو هەلومەرجانە، ئێمە هەڵبژاردنی پێشوەختەمان دەوێت، پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان ناتوانن بڵێن ئێمە هەڵبژاردنی پێشوەختەمان ناوێت. ئێمەش هەموو کات بۆ هەڵبژاردن ئامادەین، بەڵام وەک کەمێک پێش ئێستاش گوتم، ئەگەر هەموو پارتەکانی پەرلەمان پێکەوەش بن، بەبێ ئاکپارتی ناتوانن دەنگی پێویست کۆبکەنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە. بۆیە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئاکپارتی و ئەردۆغان بڕیاری لەسەر دەدەن. ئەگەر سەیری ١٠ ساڵی رابردوو بکەین، کاتێک لە سووریا 36 سەرباز شەهید کران، رووداوەکانی خەندەق لێدان روویاندا، هەوڵی کودەتاکردن درا، دۆلار لە سێ لیرەوە بووە ٣٠ لیرە، بەڵام نەچووینە هەڵبژاردنی پێشوەختەوە؛ واتە لەسەر داواکاری پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان هەڵبژاردن ناکرێت. بۆیە پێم راست نییە زۆر باسی ئەو بابەتە بکرێت، چونکە ئەگەر وابێت دەنگدەری ئۆپۆزیسیۆن وەها بیر دەکاتەوە و دەڵێت: ئەوانە نەیانتوانی بڕیار لە بارەی هەڵبژاردنێکی پێشوەختەوە بدەن، لەوانەیە بەو هۆیەوە جارێکی دیکە نەچنەوە سەر سندووقی دەنگدان. 
 
رووداو: پرسێکی دیکەی رۆژەڤی تورکیا، نووسینەوەی دەستوورە، ئێوە چۆن دەڕواننە نووسینەوەی دەستوور؟
 
محەممەد ئەمین ئاکمەن: ئێمە پێمان وایە پێویستیمان بە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێیە. بۆ ئەمەش لە کۆڕ و کوبوونەوەی پارتەکەماندا زۆر باسمان کردووە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەردۆغان لە دوای، دوایین هەڵبژاردنەکانەوە وازی لە سیاسەتی سووی بانکی هێنا، بۆ مژوولکردنی خەڵک هەندێک شت دێنێتە رۆژەڤەوە، یەکێک لەوانە پرسی نووسینەوەی دەستوورە. دوو ساڵە دەڵێن با دەستوورێکی نوێ بنووسینەوە. لەکاتێکدا لەو بارەوە هیچ داواکارییەکیان پێشکێشی پەرلەمان نەکردووە، ئایا لەو بارەوە لە دانیشتنەکانیان لەگەڵ پارتە سیاسییەکان باسیان کردووە؟ نەخێر. کەواتە نیازێکیان نییە بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ، لەلایەکی دیکەوە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا دوودڵە لەوەی ئایا نووسینی دەستوورێکی نوێ دەرفەت بە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەدات تاوەکو جارێکی دیکە خۆی بەربژێر بکاتەوە؟ جگە لە هەموو ئەمانە، ئێستا لەنێو پڕۆسەیەکی ئاشتیداین، بۆیە ئەگەر ئەو پێڤاژۆیە بگاتە ئەنجامێک، دەوڵەتیش لەلای خۆیەوە، وەک مامەڵەکردن نا، بەڵام لەوانەیە بڵێت منیش هەندێک مافتان پێدەدەم. بۆیە پرسی نووسینەوەی دەستووری تورکیا باس ناکرێت ، تاوەکو ئەو قۆناخە نوییەی ئێستا لە پڕۆسەی ئاشتی هەیە و تاوەکو پەیامەکەی ئۆجەلان نەگاتە ئەنجامێک، ئینجا ئەوکات دەتوانین دووبارە باسی نووسینەوەی دەستوور بکەین. 
 
رووداو: بۆچوونی پارتی دەڤا، لەسەر ناساندنی هەڵگرانی ناسنامەی تورکیا لە دەستوور چۆنە؟
 
محەممەد ئەمین ئاکمەن: ئێمە لەو بڕوایەداین، دەبێ ئەو پێناسەیەی ئێستا هەیە بۆ هەڵگرانی ناسنامەی تورکیا، گۆڕانی بەسەردابێت و بەشێوەیەک بنووسرێتەوە کە هەموو نەتەوە، ئایین و لایەنەکانی نێو تورکیا لە خۆ بگرێت. 
 
رووداو: پەیوەندی پارتەکەتان لەگەڵ پارتە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان چۆنە؟ 
 
محەممەد ئەمین ئاکمەن: ئێمە پارتی هەموو تورکیاین. ئێمە پارتێکی دیموکراتین. لە بەرنامەی پارتەکەماندا پرسی کورد و ئازادی، دادپەروەری، پەروەردە بە زمانی دایک، دەستوور، دەسەڵاتی شارەوانییەکان، مافە کولتوورییەکان و هەموو ئەوانە زۆر بە وردی لە پەیڕەو و پڕۆگرامی پارتەکەمان دا نووسراون و شوێنیان بۆ کراوەتەوە. دەبێ دان بەوەش دابنێین، ئەو پارتانەی بە پارتە کوردستانییەکان ناسراون، رەنگێکی زۆر جوان بە سیاسەت دەبەخشن، بەڵام دەنگدەری کورد، کاتێک دەچێتە سەر سندووقی دەنگدان، هەموو کات لەسەر ئاستی هەرێمەکەی خۆی و تورکیاش، بەهێزترین پارت هەڵدەبژێرێت. بۆیە ئێمە سیاسەتی "دەرگای کراوەمان" بەسەر هەموو پارت و لایەنەکان دا هەیە. گوێ لە هەموو کەسێک دەگرین و دیداریان لەگەڵ دەکەین. 
 
رووداو: بۆچوونی پارتی دەڤا لەسەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی سووریا چۆنە. لە کاتێکدا جەهەپە دوای رووخانی ئەسەدیش هەر رەخنەی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی هەیە؟ 
 
محەممەد ئەمین ئاکمەن: ئێمە لەبارەی سووریاوە چەند شتێک هەیە زۆرمان پێ گرنگە. یەکەم پێمانوایە دەبێت سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزرێت. سەبارەت بە چۆنیەتی شێوازی دەسەڵاتدارێتی، ئەوە سووریاییەکان خۆیان بڕیاری لێدەدەن. بەڵام پرسی دەستوور لە سووریا، بە هەموو کورد و تورکمان و عەرەبەوە، نووسەیرییەکان، دورزییەکان، سوننە و شیعەکان لە خۆ بگرێت. هەروەها دەبێت سەرچاوە مادییەکانی سووریا بۆ خەڵکی سووریا بن. لەو باوەڕەشداین، سووریا بەبێ ئەوەی دابەش ببێت، بە دەستوورێکی گشتی فراوان دەتوانێ هەموو پێکهاتەکانی وڵاتەکە لە خۆی بگرێت، بەبێ جیاوازی. بە بۆچوونی ئێمە لە دەسەڵاتی نوێی سووریادا، عەرەبێکی سوننە چەندی بەر دەکەوێت لەو دەسەڵاتە، دەبێت کوردێکیش ئەوەندەی ئەوی دەستکەوێت و هەمان مافی پێبدرێت. بۆ عەلەوی، نووسەیڕی و دوورزییەکانیش بە هەمان شێوە. واتە دەبێت هەموو ئەوانە لەنێو ئەو دەستوورەی دەنووسرێتەوە هەست بە ئاسایش و ئارامی بکەن. چونکە دوو نموونەی خراپمان هەیە و لێمان نزیکن. ئەوانیش عیراق و لوبنانن، مۆدێلی شێوازی دەسەڵاتی ئەو وڵاتانە سەرکەوتوو نەبوون. بۆیە نازانین لە سووریا چۆن مۆدێلێک جێبەجێ دەکرێت، بەڵام بە وردی چاودێری دۆخەکەی ئەوێ دەکەین. 
 
رووداو: لەبارەی پەنابەرە سووریاییەکان لە تورکیا، پارتی دەڤا لەو باوەڕەدایە ئیدی کاتی ئەوە هاتووە ئەو پەنابەرانە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان؟ 
 
محەممەد ئەمین ئاکمەن: هیچ کەسێک لە خەڵکی سووریا بە ویست و حەزی خۆی نەهاتووەتە تورکیا، هیچ سووریاییەکیش لە تورکیا زۆر دڵخۆش و دەوڵەمەند نییە. ئەوان لە هەر دەرفەتێکدا خواستی ئەوەیان هەیە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، بەڵام بۆ گەڕانەوەشیان پێویستە دڵنیابن لە سایەی حکومەتی نوێی سووریادا سەر و ماڵ و موڵکیان پارێزراو دەبێت. ئەسەد رۆیشت و ئەحمەد شەرع هاتە سەر دەسەڵات، تاوەکو ئێستا وادەردەکەوێت دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع ئەو شتانە جێبەجێ بکات کە باسم کردن. من پێموایە، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی سووریا، بەشێکی زۆری ئەو پەنابەرانەش دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان. ئێمەش بۆ ئەوە هاوکاریان دەبین، تاوەکو بە ویستی خۆیان بگەڕێنەوە. ئێمەش هەر ئەو جۆرە گەڕانەوەمان پێ راستە.