ئاینوور دۆغان: بیری منداڵیم، داپیرم و چیاکانی دێرسم دەکەم

رووداو دیجیتاڵ 

بە جلێکی رەش و روویەکی خۆشەوە، لەسەر قەڵای هەولێر، تەمبوورەکەی لە کۆشی خۆی دانابوو، دوای چڕینی گۆرانییەک، دڵبخوین دارا ویستی بیناسێنێت، بەڵام پەشیمان بووەوە و گوتی: پێویست ناکا، هەمووان ئاینوور دۆغان دەناسن.
 
ئاینوور (دۆغکان)، خانمە گۆرانیبێژی کورد، خەڵکی دێرسمی باکووری کوردستانە. خۆی دەڵێت: لە هۆزی شکاکم. ئێستا لە ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا دەژی.
 
ئاینوور: لە ماڵباتێکی کۆچەری لەدایکبووم
 
ئاینوور دۆغان، میوانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو لە هەولێر، لە ئێوارەیەکدا لەسەر قەڵای هەولێر، دڵبخوین دارا، پێشکێشکاری نێوداری تۆڕی میدیایی رووداودا هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ کرد.
 
دەسپێکی هەڤپەیڤینەکە ئاوا دەستیپێکرد
 
رووداو: چۆنی ئاینوور؟
 
ئاینووری دۆغان: باشم، مادام لە کوردستانم زۆر باشم.
 
رووداو: من زۆر حەزم دەکرد لە نزیکەوە ئاینوور ببینم، لە دوورەوە دەیناسم، چەند خۆشە لە نزیکەوە بتناسین!
 
ئاینووری دۆغان: ئێمە لە دڵەوە یەکدیمان دەناسی
 
رووداو: دەنگی تۆ هەمیشە بڵندە و خەمگینیشی تێدایە
 
ئاینووری دۆغان: دەنگی من دەنگی گەلی کوردە، دەنگی برینەکانی کوردە
 
ئاینوور دۆغان: زۆر بیری چیا، داپیرم و منداڵیی خۆم دەکەم
 
ئاینوور لەبارەی ژیانی خۆی و ماڵباتەکەیەوە گوتی: "لە ماڵباتێکی کۆچەری لەدایکبووم، رانی مەڕ و ماڵاتمان هەبوو، بەهاران دەچووینە سەر چیای مونزور لە دێرسم بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات."
 
ئەو خانمە هونەرمەندە، نزیکەی 30 ساڵە گوندەکەی جێهێشتووە و باس لەوە دەکات، کە "ئێستا زۆر بیری چیا دەکەم، بیری داپیرم، منداڵیی خۆم و گفتوگۆی جاران دەکەم."
 
لەبارەی ماڵباتەکەشی دەڵێت: "ئێمە لە ماڵەوە بە کوردی گفتوگۆ دەکەین. بەردەوام لەگەڵ خوشکەکم ئایسوون بەیەکەوەین، نزیکەی 20 ساڵە بەیەکەوە کاردەکەین."
 
"بە گۆرانی کچا کوردانم ناسرام"
 
ئاینوور دەیان گۆرانی بە زمانی کوردی و تورکی هەیە، بەڵام دەڵێ: بە گۆرانی "کچا کوردانم" ناسرام. ئەو کاتێک دەچێتە سەر  سەکۆ هەست بە دڵخۆشی دەکات. "چونکە دەتوانم ئەوەی لە دڵمدایە دەریبڕم و هەست بە ئازادی دەکەم."
 
ئەو هەر لە منداڵییەوە خولیای گۆرانیگوتن بووە، "کاتێک منداڵ بووم، لاسایی دەنگی کەو و باڵندە و ئاوم دەکردەوە. زۆر هەستێکی هونەریم هەبوو، خەونی ئەوەم بۆ دروستبوو کە ببمە هونەرمەندێکی جیهانی و گۆرانی لە وڵاتانی جیهان بڵێم، ئەوەشم کرد."
 
ئەو خانمە هونەرمەندە، لەگەڵ زۆر هونەرمەندی بیانی کاری کردووە، لە ئەمریکا، ئوسترالیا، سەنگاپوور و زۆر وڵاتی ئەورووپا کۆنسێرتی کردووە.
 
"بە کوردی باشتر دەتوانم هەستی خۆم دەربڕم"
 
ئاینوور دەڵێت: "گۆرانی تورکیشم گوتووە، گۆرانی تورکی و کوردی جیاوازییان نییە، بەڵام من کوردم، دڵی من بۆ کورد دەسووتێ و بە کوردیی گەورەبووم، بۆیە کوردی بۆ من خۆشترە و زیاتر دەتوانم باشتر هەستی خۆم دەربڕم."
 
لەنێو ماڵباتەکەیدا، دایکی ئاینوور دەنگی خۆشە: "دایکم دەنگی زۆر خۆشە و پڕە لە هەست."
 
ئاینوور دۆغان ساڵی 1994 چووەتە ئیستەنبووڵ، لە ساڵی 1995 بڕیاریداوە دەست بە کاری هونەری بکات. "سەرەتا لە تەمبوورەوە دەستمپێکرد. لە ساڵی 2004 ناسرام و سەرەتاکەش بە گۆرانی کچا کوردان بوو."
 
ئاینوور زیاتر گوێ لە دەنگی هونەرمەندە کۆنەکان دەگرێت، لەوانە شاکرۆ، خان ئەزیزی، مەریەم خان، کاوێس ئاغا "ئەمانە لەنێو میوزیکی کوردی زۆر تایبەتن، شاکرۆ بولبولی کوردستانە. گوێ لە گۆرانییە نوێیەکانیش دەگرم، بەڵام دەنگیان کاریگەرییان لەسەرم نابێ."