یاریدەدەری سەرۆکی دەڤا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: ئەگەری سەرکەوتنی زیاترە لە پڕۆسەکانی پێشوو

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد ئەمین ئەکمه‌ن، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) لەبارەی سەردانەکەیان بۆ ئێرلەندا و گفتوگۆکردن لەسەر ئەزموونی پرۆسەی ئاشتیی ئەوێ، بە رووداوی راگەیاند، لەسەر داوای ئەنستیتیوتی گەشەپێدانی دیموکراسی سەردانی ئێرلەندایان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئێرلەندا ئەزموونی پرۆسەی ئاشتیان تاوتوێ کرد.
 
8 پەرلەمانتاری تورکیا، کە هاوکات ئەندامی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسین، سەردانی ئێرلەندایان کرد و لەلایەن ئەنستیتۆی گەشەپێدانی دیموکراسی پێشوازییان لێکرا. 
 
شاندەکە رۆژی 31-10-2025 سەردانی ئیرلەندایان کرد و تاوەکو رۆژی 2-11-2025 لە ئێرلەندا دیدار و کۆبوونەوەی سازکرد. لەو پڕۆگرامەدا کە چەندین دیداری لەخۆگرتبوو، هەڵسەنگاندنی گشتگیر لەبارەی ئەزموونەکانی ئاشتی لە ئێرلەندا و جیهان کرا. 
 
محەمەد ئەمین ئەکمه‌ن، لەدوای گەڕانەوەی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداوی رایگەیاند: "لەگەڵ 6 پارت و 8 پەرلەمانتار لە کۆمیسیۆنی پەرلەمان، بەشداریمان لەم پڕۆگرامەدا کرد."
 
 ئەنستیتۆی گەشەپێدانی دیموکراسی پێشتریش چەندین پڕۆگرامی لە تورکیا لەبارەی نموونەکانی چارەسەرکردنی ململانێکان لە جیهاندا رێکخستبوو، لە 15 ساڵی رابردوودا ئەم ژمارەیە لە 100 نزیک بووەتەوە. لە پڕۆگرامەکەدا ژمارەیەک دیپلۆماتکار بەشدار بوون، کە لە ناوچە جیاوازەکانی وەک باشووری ئەفریقا، گواتیمالا، بۆسنا و سوودان کاریان کردووە".
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: پلان و پرۆگرامی سەردانیکردنی بەشێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بۆ  ئێرلەندا و چاودێریکردنی ئەزموونی پرۆسەی ئاشتیی ئەوێ، لەلایەن کێ داڕێژرا؟
 
محەممەد ئەمین ئەکمەن: پڕۆگرامەکە لەلایەن پەیمانگەی گەشەپێدانی دیموکراسی (DPI) رێکخرابوو و ئەوان میواندارییان کردین. پێشتر ئەو پەیمانگەیە چەندین پڕۆگرامی دیکەی لەسەر بنەمای سوودوەرگرتن لە ئەزموونی چارەسەرکردنی کێشەکان لە تورکیا رێکخستووە. لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا، ژمارەی ئەو کۆبوونەوانەی لەلایەن ئەو دامەزراوەیە بە بەشداریی پارتە سیاسییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان، رێکخراون، نزیکەی 100 کۆبوونەوە بووە.
 
رووداو: کاتێک گەیشتنە ئەوێ، چاوتان بە کێ کەوت؟ ئایا ئەوان بە ئەرێنییەوە لە پرۆسەی چارەسەریی تورکیا دەڕوانن؟
 
محەممەد ئەمین ئەکمەن: دیدارمان لەگەڵ هەریەک لە: ئەلێکا کیسلەر، پسپۆڕی پێشکەوتوو لە ئەنستیتۆی گەشەپێدانی دیموکراسی (DPI) و بێرتی ئاهێرن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئێرلەندا و دەیڤید گۆرمان، پسپۆڕی نێودەوڵەتی بنیاتنانی ئاشتی و دێرێک موونی، پسپۆڕی پەیوەندییەکان و راوێژکاری پێشووی حکومەتی ئێرلەندا و دێرمۆت ئاهێرن، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێرلەندا و سێر کران پرێندەرگاست، یاریدەدەری پێشووی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و فرانک سمیت، بەڕێوەبەری یەکەی گەشەپێدان لە وەزارەتی دەرەوەی ئێرلەندا و رایسا ئێچ جاجوری، وەزیری خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و تیم داڵتۆن، بریکاری پێشووی وەزارەتی داد و یەکسانیی ئێرلەندا و ڤێگارد ئێلێفسن، باڵیۆزی پێشووی نەرویج لە تورکیا و ناتۆ و  پادراگ کویگلی، پسپۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئێرلەندا ساز کرد.
 
لەو جۆرە کۆبوونەوانەدا، باسی تورکیا و ئاکتۆرە سیاسییەکانی تورکیا ناکرێت، بەڵکو باسی بابەتە هاوبەشەکان و ئەزموون دەکرێت. سەختییەکانی پڕۆسەکانی ئاشتی، پێداویستییەکان و ئارامی و نەرمی لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەکەدا، بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکان بوون".
 
رووداو: ئێوە کاتێک باسی دیدارەکانی ئێرلەنداتان کرد، جەختتانکردەوە، کە هیچ مۆدێلێکی چارەسەری لە وڵاتێکەوە ناکرێت وەکو خۆی لەسەر وڵاتێکی دیکەدا جێبەجێ بکرێت. هەروەها نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی مۆدێلی تورکیا دەکات. ئاخۆ مۆدێلێک هەیە دیزاین کرابێت و بیری لێکرابێتەوە؟
 
محەممەد ئەمین ئەکمەن: لێرەدا لایەنی جیاکەرەوە و روون ئەوەیە، یەکەمجار ئاشتی دەستیپێکرا و رێکخراو بە شێوەی یەکلایەنە خۆهەڵوەشاندنەوەی راگەیاند. ئەمەش بۆ ئەوەی دواتر کار بۆ ژێرخانی یاسایی و ئاشتیی ئەرێنی بکرێت. بەڵێ، ئەمە نائاساییە، هەروەها پرسیار دەکرێت کە ئایا ئەمە دەبێتە مۆدێلێکی نموونەیی بۆ وڵاتانی دیکە؟ جا کات و ئەنجامەکان وەڵامی ئەمە دەدەنەوە. لە لایەکی دیکەوە، لە کێشەکاندا پێکچوون لە نێوان ئەزموونەکانی وڵاتاندا هەیە، بۆ نموونە، وەک چۆن رووداوەکانی "هەینی خوێناوی" و "یەکشەممەی خوێناوی" لە ئێرلەندا روویاندا، ئێمەش هێرشەکەی (توساش) مان بەسەردا هات. لە رابردوودا، هێرشەکانی سیلوان و رەشادیەش هەبوون.
 
لە ئەنجامدا تورکیاش بە شێوەیەکی نائاسایی تایبەت بە خۆی پێشدەکەوێت. هێشتا هیچ مۆدێلێکی تایبەت بە "مۆدێلی تورکیامان نییە."
 
رووداو: ئایا هیچ مۆدێلێک لەگەڵ پەکەکەدا گفتوگۆی لەسەر کراوە؟ بەڕای ئێوە قەندیل ئامادەی کام مۆدێلە؟
 
محەممەد ئەمین ئەکمەن: ئەو مۆدێلەی لەگەڵ ئیمرالی و قەندیل قسەی لەسەر کراوە، پێدەچێت هەمان مۆدێلی ئێستا بێت. واتە، یەکەمجار هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردن، دواتریش ئامادەکردنی ژێرخانی یاسایی. لە کۆتاییشدا پێشکەوتن لە بوارەکانی ماف و ئازادییەکاندا. جەختێکی زۆر بەهێز لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە هیچ مامەڵە و دانوستاندنێک نییە. هەر بۆیە پێناچێ ئاشتیی ئەرێنی، لە یاسا، دادپەروەری، ئازادی و دیموکراسی دا جێبەجێ بکرێن، هەتا پرۆسەی لەنێوبردنی چەکەکان و گواستنەوەیان بۆ ناوچەیەکی دیکە تەواو نەبێت. 
 
رووداو: وەک ئەندامێکی لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، دوای 15 کۆبوونەوە هەڵسەنگاندنتان بۆ گوێگرتنەکان چییە؟ لە قۆناخی داهاتوودا چی دەبینین؟
 
محەممەد ئەمین ئەکمەن: پێموایە گوێگرتنەکان لە شوێنی خۆیدا بوون. ئێمە وەک فراکسیۆنی رێبازی نوێ، بە گشتی 94 کەس، دامەزراوە و رێکخراومان پێشنیازکرد. 37 دانە لە پێشنیازەکانمان پەسندکران. سەرۆک پەرلەمانەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەکادیمییەکان، توێژەران، دایکانی ئاشتی، دایکانی دیاربەکر و کەسایەتیی دیکەی جیاواز گوێیان لێ گیرا. ئەم گوێگرتنانە کۆبوونەوەکانیان کردبووە گۆڕەپانی ئاگۆرا؛ خەڵک بۆچوونی خۆیانیان دەردەبڕی، من ئەو گوێگرتنانە بە بەهادار دەزانم. پێموایە کۆریۆگرافیی قسەکەرەکان و کوالێتیی گوێگرتنەکەش باش بوو. هەفتەی رابردوو گوێمان لە وەزیرانی دەرەوە و داد گرت کە بۆ میدیا داخراو بوو. وا خەریکە لە کۆتایی نزیک دەبینەوە.
 
رووداو: لە 10ی تشرینی یەکەمی 2024ەوە، ناو بەناو لێدوانی چاوەڕواننەکراو دەبیستین. دواجار بەڕێز باخچەلی گوتی، "ئازادکردنی دەمیرتاش دەبێتە مایەی خێر."  بەڕای ئێوە دەمیرتاش لە زیندان دەردەچێت؟
 
محەممەد ئەمین ئەکمەن: لەبارەی دەمیرتاش، دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیارێکی دەرکردووە و ئەمە دەرفەتێکە. بەڕێز باخچەلیش چەند هەڵسەنگاندنێکی هەبوو. خۆزگە بێ ئەوەی پێویست بە ئامۆژگاریی بەڕێز باخچەلی بێت، ئازادکردنی ئەو کەسانە لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگەی دەستووری و دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا زووتر بکرایە. بە شێوەیەک کە بمانتوانیبا بڵێین "دادوەر لە تورکیادا هەن"! بەداخەوە ئەمە نەکرا. بەگوێرەی لێدوانەکەی بەڕێز باخچەلی، پێویستییەکی یاساییە بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا بە دەرفەتیک بزانرێت و کۆتایی بە دەستبەسەریی بەڕێز دەمیرتاش بهێنرێت کە هەشت ساڵی خایاندووە.
 
رووداو: وەک پارتی دەڤا، چۆن سەیری پرۆسەی چارەسەری دەکەن؟ ئایا هیچ هەنگاوێکتان لەم بارەیەوە ناوە؟
 
محەممەد ئەمین ئەکمەن: ئێمە لە سەرەتاوە پشتگیری لە پڕۆسەکە دەکەین. سەرۆکی پارتەکەمان، عەلی باباجان، چەندین جار بە ئاشکرا لەناو خەڵکدا پشتگیریی خۆی نیشانداوە. ئێمە بەردەوام بیروڕاکانمان لەگەڵ کۆمیسیۆن و لایەنەکاندا دەگۆڕینەوە. ئێمە پرەنسیپێکمان هەیە. پڕۆسەکە فرەڕەهەندە و بەشێک لە پڕۆسەکە بە ناچاری بە شێوەی نهێنی بەڕێوە دەچێت. بۆیە، لە بری ئەوەی پێشنیارێک پێشکێش بکەین، ئێمە پێشنیازەکانی دەسەڵات هەڵدەسەنگێنین، رەخنە لە هەڵەکان دەگرین، کەموکوڕییەکان پڕ دەکەینەوە و پشتیوانی لە راستییەکان دەکەین. دڵنیایی ئەوەی کە گەنجەکانمان ناکوژرێن و ناکوژن، بۆ ئێمە بەنرخە. ئێمە وەک پارتی دەڤا، پشتگیری لەو هەنگاوانە دەکەین کە دەبنە هۆی چارەسەرکردنی پرسی کورد. دەبێت هەموو مافەکان بە یەک لایەنە بناسرێن. هەروەها بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەش، هەڵوێستمان روونە لەسەر ئەوەی کە پێویستە سوود لە هەموو دەرفەتەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکی وەک ئەزموون و زانست وەربگیرێت.
 
رووداو: ئەگەر شتێک ماوەتەوە کە ئێمە باسی نەکەین و ئێوە بتانەوێت بیڵێن، تکایە فەرموون.
 
محەممەد ئەمین ئەکمەن: پێمانوایە، چ بەهۆی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چ بەهۆی پشتیوانی لە پڕۆسەکە لە سیاسەتی ناوخۆ، ئەگەری سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە زیاترە لە پڕۆسەکانی پێشوو. کاتێک ئەم پڕۆسەیە سەرکەوتوو دەبێت، نەوەک هەر لە تورکیا، بەڵکو لە عێراق و سووریاش سیاسەت و دیموکراسی بەهێزتر دەبێت. بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی، دوور لە گرژیی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەبێت. ئەو دۆخە سوود بە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەیەنێت.