سیناتۆرێکی فەرەنسی بۆ رووداو: دەبێت لە داهاتووی ئێراندا پێگەی 10 ملیۆن کورد لەبەرچاو بگیرێت

رووداو دیجیتاڵ

رێمی فێراود، سیناتۆری فەرەنسا رایگەیاند، "پێویستە 10 ملیۆن کوردی ئێران لە پاشەڕۆژی ئەو وڵاتەدا لەبەرچاو بگیرێن. ئەمە پرسێکی زۆر گرنگە و فەرەنسا لێرەدا خاوەن رۆڵ و قسەی خۆیەتی."
 
دوای ئەوەی لە 28ی شوباتدا ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشی سەربازییان بۆ سەر ئێران دەسپێکرد، تاران وەڵامی دایەوە و جیا لە ئیسرائیل، هێرشی کردە سەر چەند ئامانجێک لە قەتەر، ئیمارات و بەحرەین و هەرێمی کوردستان کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان لێیە. لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی ئێران کوژران. 
 
رێمی فێراود، سیناتۆری فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ (رووداو)، تیشکی خستە سەر ئەم شەڕە و هەڵوێستی وڵاتەکەی و گوتی: "کورد قوربانی سەرەکیی چەوسانەوەن، ناوچە کوردییەکانی ئێران بەدەست دەیان ساڵ زوڵم و زۆردارییەکی سەختەوە دەناڵێنن."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: فەرەنسا چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەم شەڕە دەکات و مەترسییەکانی بۆ سەر ئەورووپا چییە؟
 
رێمی فێراود: ئەمڕۆ شەڕ راگەیێندراوە، هەرچەندە بە فەرمی نەبێت، بەڵام شەڕ دەستی پێکردووە. لە کاتێکدا دەستیپێکرد کە چاوەڕوانمان نەدەکرد و پێمان وابوو دواتر روودەدات. فەرەنسا تاوەکو ئێستا هیچ رۆڵێکی نییە چونکە سەربازەکانمان بەشدار نین، بەڵام ئەگەری زۆرە ئەورووپا تێوەبگلێت، وەک چۆن لە هێرشەکانی سەر قوبرس دەیبینین. ئەمە شەڕێکە کە دەزانین چۆن دەستی پێکردووە، بەڵام نازانین چۆن پەرە دەستێنێت و کۆتایی دێت، ئەمەش جێگەی نیگەرانییە، چونکە رێز لە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی ناگیرێت. بێگومان، ئەمە نابێتە رێگر لەبەردەم خواستی رووخانی رژێمی مەلاکان لە ئێران و هیوادارین لانیکەم ئەنجامەکەی جێگرەوەیەکی باشتر بێت.
 
رووداو: ئایا فەرەنسا بیر لەوە دەکاتەوە بەشێوەیەکی سەربازی بەشداریی شەڕەکە بکات؟
 
رێمی فێراود: وا دیارە رژێمی ئێران دەیەوێت تەقینەوەیەکی هەرێمی دروست بکات، ئەوەش لە رێگەی ناردنی درۆن و موشەک بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، ریاز، ئیسرائیل و قوبرس دەبینرێت. هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی فەرەنسا لە ئیمارات، بۆیە ئامانجی رژێمی ئێران لە کاتی رووخانیدا ئەوەیە شەڕەکە گەورەتر بکات. سەبارەت بە بەشداریی سەربازانی فەرەنسا، نازانم لە رۆژانی داهاتوو چی روودەدات، بەڵام ئەوەندەی بزانم ئامانجی حکومەتەکەی ئێمە نییە.
 
رووداو: بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەیوەندیتان لەگەڵ کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەبینن؟
 
رێمی فێراود: ناوچە کوردییەکانی ئێران دەیان ساڵە لەژێر زوڵمدان. لە رۆژئاوا کەمتر باس لەوە کراوە، بەڵام کوردەکان هەمیشە لە ریزی پێشەوەی خۆپێشاندانەکان بوون و قوربانیی سەرەکین. پێویستە فرەڕەنگیی پێکهاتەکانی ئێران، بەتایبەت ئەو 10 ملیۆن کوردەی لەوێ دەژین، لە داهاتووی وڵاتەکەدا لەبەرچاو بگیرێن. فەرەنسا لێرەدا خاوەن قسە و رۆڵی خۆیەتی.
 
رووداو: ئایا شەڕەکە زوو تەواو دەبێت یان وەک ئەوەی ترەمپ دەڵێت 4 هەفتە دەخایەنێت؟
 
رێمی فێراود: نازانم چەند دەخایەنێت. بەرپرسانی فەرەنسا دەڵێن پێشوەختە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئاگادار نەکراونەتەوە لە هێرش بۆ سەر سەرکردەکانی ئێران. سەرۆک ماکرۆن رۆژانە لەگەڵ ئەنجوومەنی بەرگری کۆدەبێتەوە. لەوانەیە هێرش بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئێمە و ناچار بین دەستوەردان بکەین. دەبێت پارێزگاری لە دۆستەکانمان بکەین، بەتایبەت بیر لە کوردەکان و کوردانی عێراقیش دەکەمەوە. پێویستە ئەوروپا بە یەک دەنگ قسە بکات.
 
رووداو: فەرەنسا دەیەوێت رژێمی ئێران بڕووخێت یان تەنیا لاواز بێت؟
 
رێمی فێراود: من بە شەخسی دەمەوێت رژێمی مەلاکان بڕووخێت و پێشم وایە وادەبێت، ئەمە خواستی بەرپرسانی فەرەنسایشە. چەند هەفتەیەک لەمەوبەر حکومەتی فەرەنسا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە. پێویستە ئەم دەرفەتە بەکاربهێنرێت بۆ رزگارکردنی گەلی ئێران لەم رژێمە و دروستکردنی ئازادییەکی راستەقینە کە رێز لە فرەپێکهاتەیی بگرێت.
 
رووداو: فەرەنسا چۆن دەتوانێت لە سووریا مافی کوردەکان بپارێزێت؟
 
رێمی فێراود : فەرەنسا زۆر جار بە تەنیا رۆڵی گێڕاوە. سەرۆک ماکرۆن و وەزیری دەرەوەمان چوونە هەولێر و بەغدا و جەختیان لە پشتگیریی کورد کردەوە. فەرەنسا دەیەوێت ئەوروپاش رابکێشێتە ناو ئەم هەڵوێستە بۆ پاراستنی کورد.
 
رووداو: ئایا دەبێت لە رۆژئاوای کوردستانیش ئۆتۆنۆمییەک هاوشێوەی هەرێمی کوردستان هەبێت؟
 
رێمی فێراود: بەڵێ، ئەمە دیدگایەکی راستەقینەیە، هەرچەندە بارودۆخەکان جیاوازن. لە وڵاتێکی فیدراڵیدا، پێدانی ئۆتۆنۆمیی راستەقینە بە کورد، بەتایبەت لە سووریا، مۆدێلێکی دروستە بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و مافی پێکهاتەکان.
 
رووداو: فەرەنسا چۆن گرەنتی دەدات کە کوردانی رۆژئاوا نەکەونە بەر مەترسی؟
 
رێمی فێراود:  فەرەنسا بە تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە ناتوانێت، بەڵام لە رووی سیاسییەوە دەتوانێت گوشار بخاتە سەر ئەوروپا و گفتوگۆی تووند لەگەڵ تورکیا بکات و ترەمپیش قایل بکات. ئەگەرچی رەنگە سوپای فەرەنسا بە شێوەیەکی فراوان بڵاوە پێ نەکرێت، بەڵام قورسایی سیاسی و دیپلۆماسیی فەرەنسا هەمیشە گرنگ بووە، وەک چۆن سەردەمی مێتێران بۆ پاراستنی کوردانی عێراق ئەنجوومەنی ئاسایشی هەژاند، ئێستاش دەبێت فەرەنسا لەسەر ئەو رێچکەیە بەردەوام بێت.