سەرۆکی AfD هۆشداری دەدات: هەواڵگریی ئەڵمانیا بۆ لەنێوبردنی ئۆپۆزیسیۆن بەکاردەهێنرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

تینۆ چرۆپاڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD)، گومانی زۆری هەیە لەوەی حکومەتی نوێی ئەڵمانیا بتوانێت بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات، بەتایبەتی لە گۆڕینی سیاسەتە سەرەکییەکانی وەکو کۆچ، ئابووری و قەرزکردن. ئەو پێیوایە پارتی سۆسیال دیموکرات، سەرەڕای شکستی لە هەڵبژاردن، توانیویەتی لە دانوستانەکانی هاوپەیمانێتیدا زاڵ بێت.
 
سەبارەت بە سیاسەتی کۆچ، چرۆپاڵا داوای گۆڕانکاریی ریشەیی دەکات، لەوانەش رێگری لە هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی و ئەوانەی مافی پەنابەرییان نییە یان تەنها لەبەر هۆکاری ئابووری دێن؛ جەخت دەکاتەوە کە ئەڵمانیا دەبێت خۆی بڕیار بدات کێ دێتە وڵاتەکەیەوە و کێ دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا رەخنە لە پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات دەگرێت کە تەنیا بۆ فریودانی دەنگدەران باسی گۆڕینی سیاسەتی کۆچ دەکات.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا بە تووندی ناڕەزایەتی دەردەبڕێت بەرامبەر پۆلێنکردنی پارتەکەی وەکو "راستڕۆی تووندڕۆ" لەلایەن دەزگای پاراستنی دەستوورەوە، ئەمەش بە هەڕەشە لەسەر دیموکراسی و بەکارهێنانی هەواڵگری بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆن دەزانێت. ئەو دەڵێت، ئەم تۆمەتانە بێ بنەمان و بەڵگەی پێویستیان نییە.
 
لە کۆتاییدا، چرۆپاڵا ئاماژە بەوە دەکات، قەدەخەکردنی پارتێک کە 10 ملیۆن دەنگدەری هەیە، بە واتای بێبەهاکردنی دەنگی هاووڵاتییان و زیان گەیاندن بە دیموکراسییە. ئەو پێیوایە رەخنەگرتن لە سیاسەتە هەڵەکانی حکومەت، وەکو سیاسەتی کۆچ، نابێتە هۆی ئەوەی وەکو تووندڕۆ یان نازی تۆمەتبار بکرێن.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ تینۆ چرۆپاڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا:
 
رووداو: بەڕێز چرۆپاڵا، زۆر سوپاس بۆ ئەم دیدارە. گەشبینن بەوەی حکومەتی نوێ بتوانێت بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات؟
 
چرۆپاڵا: بەربژێری راوێژکاری ئەڵمانیا، فرێدریک مێرتز بەڵێنەکانی خۆی لە بانگەشەی هەڵبژاردن وەکو گۆڕینی سیاسەت و لابردنی سنووردارکردنی قەرزکردن جێبەجێ نەکردووە. لە نزیکەوە چاودێریی دەکەین بۆئەوەی بزانین ئایا بە راستی سیاسەت دەگۆڕدرێت یان نا، ئەوە ئەرکی ئۆپۆزیسیۆنە. لێرەدا مرۆڤ دەبینێت کە پارتی سۆسیال دیموکرات کە شکستی لە هەڵبژاردنەکان هێنا، توانیویەتی لە دانوستانەکانی هاوپەیمانێتیدا بەهێزتر بێت و داواکارییەکانی خۆی بسەپێنێت. بۆیە گومانم زۆرە، باوەڕ ناکەم سیاسەت و سیاسەتی نێوخۆیی بگۆڕدرێت. باوەڕ ناکەم، سیاسەتی کۆچبەری، سیاسەتی ئابووری و سیاسەتی ئاشتی لە ئەورووپا بگۆڕدرێن.
 
رووداو: بەڕێز چرۆپاڵا، ئێوە لە پەرلەمانی فیدراڵدا دووەم پارتی بەهێزن و گەورەترین ئۆپۆزیسیۆنن. ئایا باوەڕتان وایە پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات دەیەوێت سیاسەتی کۆچبەران بگۆڕێت؟
 
چرۆپاڵا: پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات هەندێک سیاسەتی گۆڕیوە، وەکو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتدا دیپۆرتکردن ئەنجام دەدات. با بزانین ئایا بە راستی ئەو گۆڕانکارییانە دەکات کە لە ئێمەیان کۆپی کردبوو، یان تەنیا فریودانی دەنگدەران بوو. ئێمە بە چاوێکی رەخنەییەوە سەیری دەکەین. پێویستمان بە گۆڕانی سیاسی و سیاسەتێکی دیکەی کۆچبەرییە، بۆئەوەی کۆچبەرانی دیکە بە رێگەی نایاسایی نەیەنە ئەڵمانیا. هۆشیاری لە ئەڵمانیا گرنگە بۆئەوەی خەڵک بزانێت، هاتن بۆ ئەڵمانیا بەهای نییە و یارمەتییە کۆمەڵایەتییەکانی پێناگات. دەبێت ئێمە بڕیار لەسەر ئەوە بدەین، کە رێگە بە کێ بدەین بێتە ئەڵمانیا.
 
رووداو: ئێوە چی دەخوازن؟ دەبێت چی دەستبەجێ لە سیاسەتی کۆچبەری بگۆڕدرێت؟
 
چرۆپاڵا: نابێت ئەو کەسانە بێنە ئەڵمانیا کە مافی مانەوە و مافی پەناخوازییان نییە و ئەوانەی کە لەبەر هۆکاری ئابووری مەبەستیان ئەڵمانیایە. ئێمە وەکو وڵاتێکی سۆشیاڵ، بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان بەرامبەر ئەو کەسانە هەیە کە خۆیان لە ئەڵمانیا گونجاندووە و خاوەنی ناسنامەی ئەڵمانین. ئەوانەی لەبەر شەڕ رایان کردووە. کەسانێک لە ئەفغانستانەوە هاتوون و کەسانی دیکەش هاندراون کە بێنە ئەڵمانیا. ئێمە دەمانەوێت دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەین و خۆمان بڕیار بدەین کە کێ بێتە ئەڵمانیا. هەروەها بڕیار لەسەر ئەوە بدەین، کێ لە ئەڵمانیا بمێنێتەوە.
 
رووداو: بەڕێز چرۆپاڵا، پارتی جێگرەوە لە ئەڵمانیا لەلایەن دەزگای پاراستنی دەستووری ئەڵمانیاوە وەکو پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆ ناسێنراوە. ئێوە لەبارەی ئەمەوە چی دەڵێن؟ ئایا دەکرێت پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا قەدەخە بکرێت؟
 
چرۆپاڵا: پرۆسەیەکی بێ وێنەیە. دەبێت دەرەوەی ئەڵمانیا ئاگادار بێت، وڵاتێکی دیموکراسیی وەک ئەڵمانیا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆندا دەکات و هەواڵگریی ئەم وڵاتە بۆ بچووککردنەوە و لەنێوبردنی ئۆپۆزیسیۆن بەکاردەهێندرێت. ئەمە شتێکی بێ وێنەیە و هەڕەشەیە لەسەر دیموکراسی. ئەمەش باری خراپی دیموکراسی نیشان دەدات. لە هەواڵگریی هیچ وڵاتێکی دیموکراسیی رۆژئاوایی بڕیار لەسەر ئۆپۆزیسیۆن نادات. سەرەڕای ئەوە، بڕیارێکی بێ بەڵگە و بێ دەلیل پێشکێش دەکەن. دەڵێن، بڕیارێکی هەزار لاپەڕەییە کە کەسی نەخوێندەوار و رۆژنامەنووسیش ناتوانن رەخنەی لێ بگرن یان بزانن کە باسی چ تۆمەتێک دەکرێت و کام تووندڕۆیی ئەنجام دراوە.
 
رووداو: بەڵێ، ئێمەش دەمانەوێت بزانین.
 
چرۆپاڵا: ئێمەش نازانین، بەڵام بە رێکارەکانی یاسا دژی ئەوە کار دەکەین. چارەسەری سیاسیشی پێویستە، بۆیە دەبێت بۆ هاووڵاتییان روونی بکەینەوە.
 
رووداو: 10 ملیۆن هاووڵاتی دەنگیان بە پارتەکەی ئێوە داوە. ئایا دەکرێت پێیان بگوترێت ئەم پارتە ئیدی قەدەخەیە؟
 
چرۆپاڵا: راستە، بەم شێوەیە دەنگەکانیان بێ بەها دەکرێت. کارێکی لەو جۆرە دەبێتە هەڕەشەیەک لەسەر دیموکراسی لەم وڵاتەدا. مرۆڤ دەیەوێت ئۆپۆزیسیۆن هەڵبوەشێنێتەوە و دەیەوێت لەنێو خۆی بمێنێتەوە و گوێ لە رەخنەکان نەگرێت. لە ئەڵمانیا ئەو کەسانەی پرسیاری رەخنەیی دەکەن و لە بەرژەوەندیی گەلی ئەڵمانیا قسە دەکەن، وەکو کەسێکی راستڕۆ یان نازی تۆمەتبار دەکرێن، ئەمەش مرۆڤ لە مرۆڤایەتی دەخات. ئەمە فۆرمێکی نەشیاوی دیموکراسییە.
 
رووداو: لە پارتی ئێوەدا، ئەندام و ئەندامانی پەرلەمانی راستڕۆی تووندڕۆ هەن؟
 
چرۆپاڵا: بێگومان دەتوانن ئەمە بپرسن. سەرەتا دەبێت وشەی "راستڕۆی تووندڕۆ" شرۆڤە بکەین. کاتێک مرۆڤ دۆخی خراپی وڵات دەستنیشان دەکات، ئەو کاتە مرۆڤ نابێتە راستڕۆی تووندڕۆ. ئێستا ئێمە ئەنجامی حکومەتەکانی پێشوو دەبینین، بۆ نموونە سیاسەتی هەڵەی کۆچبەری. ئەوە رادیکاڵە، بەتایبەت هەڵەش.
 
رووداو: بەڕێز چرۆپاڵا، زۆر سوپاس کە لەگەڵ ئێمە بوون.
 
چرۆپاڵا: خۆشحاڵ بووم.