شێخ جەعفەر: داعش لە ناوچە سوننەنشینەکان زۆر بەهێزە و زیاتر لە 5 هەزار چەکداری هەیە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ژمارەی چەکدارانی داعش جێگیر نییە و بەپێی ناوچەکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. هەروەها دەشڵێت، داعش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێز نییە، بەڵام لە ناوچە کێشەلەسەرەکان لە دیالە بە گشتی و سنووری تکریت و لە کەرکووک و موسڵ و مەخموور ئێستا زۆر بەهێزە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو دژی داعش کراون، لەگەڵ ژمارەی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق، رایگەیاند: "لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە هێزێکی داعش لە ناحیەی زنانە کە سەر بە قەزای خورماتووە و ناوچەیەکی زۆر سەختە، جێگیر بوون و زیانێکی زۆریان بە خەڵکی ناوچەکە گەیاندووە".
بە گوتەی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەو رۆژەوەی داعش لەو ناوچانەیە هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ هاوپەیمانان، یان عێراقییەکان ئەو ناوچەیە پاک بکەنەوە و هێزی پێشمەرگەی تێدا جێگیر بکەن و ئەمنیەت بۆ خەڵکی ناوچەکە دابین بکەن: "بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەوەی دەبوو عێراقییەکان رەزامەندی بدەن، تاوەکو ئێستا ئەو رەزامەندیەیان نەداوە بۆ ئەوەی ئێمە هێز ببەینە ئەو ناوچانە و جێگیریان بکەین".
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، "سەرەڕای بەربەستەکان هێزەکانی پێشمەرگە لە رێگەی مەفرەزەی پارتیزانییەوە زیاتر لە 30 ئۆپەراسیۆنیان لەو ناوچانە کردووە، دوو ئۆپەراسیۆنی ئەمدواییەشیان بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای و هێزەکانی هاوپەیمان بووە و زیانی زۆریان بە داعش گەیاندووە".
سەبارەت بە جموجۆڵی داعش و خۆر رێکخستنەوەیان لە ناوچە کوردستانییەکان و بۆشاییە ئەمنییەکان، شێخ جەعفەر دەڵێت: "ئەو ناوچانەی دەکەونە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان داعش لەو ناوچانە بەهێز نییە، بەڵام لە ناوچە دابڕێندراوەکانی کوردستان لە هەموو ناوچەکان، لە دیالە بە گشتی، لە خانەقین و جەلەولا و سەعدیە، هەروها لە ناوچەی خورماتوو کە دەکەوێتە سنووری تکریت، لە کەرکووک و موسڵ و مەخموور، لەو ناوچە سوننەنشینانە ئێستا داعش زۆر بەهێزە، بە باشی هێزەکانی خۆی رێکخستووەتەوە و چالاکیی رۆژانەی هەیە و بەردەوام کردەوەی تیرۆریستی دەکات".
سەبارەت بە ژمارەی چەکدارانی داعش شێخ جەعفەر دەڵێت: "ژمارەیان جێگیر نییە، لە هەندێک کاتدا ئەو شوێنانەی کە ئۆپەراسیۆنی لێکراوە جاری وا هەبووە 700 تاوەکو 800 کەسی لێبووە، جاری واش هەبووە 30 بۆ 50 کەسی لێبووە، چونکە هەندێک شوێن بۆ ئەوان وەکو وێستگەیەک وایە، ئەوەی دەکەوێتە ناوچەی زنانە وەکو وێستگەیەک وایە بۆ ئەو هێزانەی لە کەرکووک و تکریتەوە دێن و بەرەو دیالە دەڕۆن، لەو کاتانەی عێراق ئۆپەراسیۆنی کردووە ئەوان هێزەکانیان بۆ ئەو ناوچانە گواستووەتەوە دواتر چوونەتەوە شوێنی خۆیان یان شوێنێکی دیکە".
بە بڕوای شێخ جەعفەر داعش هێزەکانی لە "زیاد و کەمدایە، جاری واهەیە لە هەندێک ناوچە دەگاتە 2 هەزار چەکدار، جاری واش هەیە دێتە خوارەوە بۆ 400 تاوەکو 600 چەکدار، بەڵام ئەگەر بە گشتی ئەژماریان بکەین پێموایە لە ناوچەکانی دیالە و کەرکووک و تکریت زیاتر 5 هەزار چەکداریان لەو ناوچانە هەیە".