ساڵح موسلیم بۆ رووداو: دیمەشق ئامادەی گفتوگۆ نین و دەیانەوێت گەڕەکە کوردییەکان چۆڵ بکرێن

رووداو دیجیتاڵ

ساڵح موسلیم بە رووداوی گوت: "حکومەتی سووریا پابەندی رێککەوتننامەی 10ی ئازار نابێت و دەیەوێت کورد قڕ بکات. هەروەها ئامادەی گفتوگۆ نین و دەیانەوێت گەڕەکە کوردییەکان چۆڵ بکرێن."
 
ساڵح موسلیم، ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراسی (پەیەدە) لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "مەبەستی ئەم شەڕە تێکدانی رێککەوتنەکەیە، ئێمە تێکی نادەین، چونکە لە بەرژەوەندی سووریا دایە. دەبێت ئەمریکا و بەریتانیا وەک وڵاتانی گەرەنتیکار خاوەنداری لەم رێککەوتنە بکەن"
 
ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوە کرد کە هێنانی چەکدارە جیهادییەکان بۆ سەر ئەو گەڕەکانە ئامانجی تێکدانی رێککەوتنەکانی (10ی ئازار و 1ی نیسان)ـە و گوتی: "ئەوان پابەندی بەڵێنەکانیان نابن و دەیانەوێت کورد قڕ بکەن، ئەم هێرشەش راستەوخۆ دوای هەڕەشەکانی وەزیری بەرگریی تورکیا دەستیپێکرد."
 
لەبارەی هەڵوێستی هێزە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ساڵح موسلیم باسی لەوە کرد کە ئەمریکا و بەریتانیا وەک وڵاتانی گەرەنتیکار بەرپرسیارن لە پاراستنی رێککەوتنەکە و دەبێت "تورکیا رابگرن".
 
هەروەها گومانی خۆی لە ونبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا نیشان دا و رایگەیاند کە "بێدەنگیی ئەو لە ئاست ئەم کوشتارە جێگەی پرسیارە و رەنگە لە تورکیا یان دیمەشق دەستبەسەر کرابێت."
 
جەختیشی کردەوە کە سەرەڕای هەوڵەکانی ئیلهام ئەحمەد بۆ نێوەندگیری، لایەنەکانی بەرامبەر ئامادەی گفتوگۆ نین و تەنیا بژارەی چۆڵکردنی گەڕەکە کوردنشینەکانیان داناوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 
 
رووداو: بۆچی لەم کاتەدا شەڕ لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەستیپێکرد؟ هۆکار چییە؟
 
ساڵح موسلیم: هەموو کاتێک کە باسی رێککەوتن دەکرێت یان شاندێکی ئێمە دەچێتە دیمەشق، بیانوویەک دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی دۆخەکە بەم شێوەیەی لێبێت. بنەڕەتی کێشەکە ئەوەیە کە رێککەوتنی 10ی ئازاریان بە دڵ نییە و دەیانەوێت لێی دەربچن، بەتایبەتی تورکیا؛ چونکە تورکیا بەشداری رێککەوتنەکە نەبوو، بۆیە بە هەر شێوەیەک بێت دەیانەوێت تێکی بدەن. رێککەوتنەکانی 10ی ئازار و 1ی نیسان دەری دەخەن کە ئەمانە پابەندی بەڵێنەکانیان نابن و هەر کاتێک دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت هێرش دەکەن. چەکدارە جیهادییەکانیان لە هەموو لایەکی جیهانەوە کۆکردووەتەوە و هێناویانەتە سەر دوو گەڕەکی کوردنشین و سڤیلی بێتاوانیان گەمارۆ داوە و دەیانەوێت لەناویان ببەن. ئەوەی لێرە روودەدات نە لە کەناراوەکانی سووریا و نە لە سوەیدا رووی نەداوە؛ دەیانەوێت خەڵک بکوژن، تاڵان بکەن و ژنان ببەن. ئەم هێرشەش راستەوخۆ دوای لێدوانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا دەستیپێکرد کە گوتی "بە ئاشتی بێت یان بە شەڕ دەیانفەوتێنین". لێرەوە دیارە تورکیا لە پشت ئەم هێرشەیە و دەیەوێت بەردەوام بێت، پێویستە گەلی کورد ئەمە باش بزانێت.
 
هەروەها دەمەوێت شتێک بڵێم؛ ئەحمەد شەرع تا ئێستا دیار نییە، کوا؟ دەگوترێت لە کۆشکی سەرۆکایەتی سووریا لێیان داوە و لەو کاتەوە ونە. من ئێستا ئیدیعای ئەوە دەکەم کە ئەو یان لای تورکیایە یان لە دیمەشق دەستبەسەر کراوە. دەبوو لە کاتی ئەم هەموو کوشتار و هێرشەدا دەربکەوێت و قسەیەک بکات، بەڵام بێدەنگە. کاتێک بریندار بوو گوتیان بردوویانەتە ئەنقەرە، لەو کاتەوە دیار نییە. با دەربکەوێت و بڵێت کورد بکوژن یان نەیانکوژن، بڵێت رێککەوتنەکە قبووڵ دەکات یان نا. بۆیە پێم وایە تورکیا فەرمان دەدات کە ئەم گەلە قڕ بکەن و هێرش بکەنە سەر شێخ مەقسوود.
 
رووداو: ئێستا هێرشێکی زۆر تووند لەسەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە هەیە. ئەم دوو گەڕەکە تا کەی دەتوانن بەرگریی بکەن؟
 
ساڵح موسلیم: ئەمە یەکەمجار نییە بەرگریی دەکەن. لە 2012وە کاریان بەرخودانە و لە دۆخی زۆر خراپتریشدا توانیویانە خۆیان بپارێزن. ئێمە باوەڕمان بە گەلەکەمان هەیە. بەڵام ئەوەی نیگەرانمان دەکات بوونی ژن و منداڵ و بەساڵاچووانە کە بێ جیاوازی تۆپباران دەکرێن. داوا لە هێزە نێودەوڵەتی و دیموکراتەکان دەکەین ئەگەر ویژدانیان هەیە بە تورکیا بڵێن "بەسە". چونکە ئەمانەی هێرش دەکەن تەنیا ئامرازن، دەبێت تورکیا رابگیرێت.
 
رووداو: دیمەنێک بڵاوکراوەتەوە کە کاروانێکی هاوکاری بەرەو شێخ مەقسوود دەچێت. ئایا هەسەدە تێوەگلانی سەربازیی دەبێت ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت؟
 
ساڵح موسلیم: بۆ هاوکاری هەموو جۆرە ئامادەییەکیان هەیە، بەڵام داوای هیچ لە حکومەتی دیمەشق ناکەین، چونکە هەموو قسەکانیان درۆ و بێبەختییە. سەبارەت بە بەشداریی سەربازیی هەسەدە، ئەوە بڕیارێکی سەربازییە و ئێمە نازانین چ بڕیارێک دەدەن.
 
رووداو: هەوڵێک هەیە بۆ راگرتنی شەڕ؟
 
ساڵح موسلیم: هەوڵی زۆر هەیە. ئیلهام ئەحمەد سێ ڕۆژە دەیەوێت پەیوەندییان پێوە بکات بۆ نێوەندگیری، بەڵام وەڵامی نادەنەوە و نایانەوێت دابنیشن. دەیانەوێت کوردەکان قڕ بکەن و گەڕەکەکان چۆڵ بکەن.
 
رووداو: هێزەکانی هاوپەیمانان دەڵێن چی؟
 
ساڵح موسلیم: هەموویان ئاگادارکراونەتەوە. تەنیا دەڵێن "خەمبارین و نابێت سڤیل بکوژرێت". خەمباریی ئەوان دادی ئێمە نادات، دەبێت تورکیا رابگرن. هەموویان دەزانن تورکیا کاریگەریی هەیە، بەڵام لەبەر بەرژەوەندییەکانیان بێدەنگن. وەک ئەوەی خوێنی کورد حەڵاڵ بێت. لێرەوە سوپاسی بەرپرسانی باشووری کوردستان دەکەین بۆ پشتیوانییەکانیان، چونکە جگە لەوان و کوردەکان کەس پشتیوانی نەکردووین.
 
رووداو: پێشتر گوتبووتان پەیوەندیی راستەوخۆتان لەگەڵ ئەنقەرە هەیە. ئایا بۆ راگرتنی ئەم شەڕە پەیوەندیتان پێوە کردوون؟
 
ساڵح موسلیم: تا ئێستا نەگەیشتووینەتە هیچ ئەنجامێک. ئەگەر بە نهێنیش هەبێت، من بڕوا ناکەم کاریگەر بێت.
 
رووداو: فەرەنسا و ئەمریکا چ دەڵێن؟
 
ساڵح موسلیم: دەڵێن خەمبارین و دەبێت لایەنەکان بە عەقڵانی مامەڵە بکەن. باشە ئێمە هێرشمان نەکردووە، هێرشمان دەکرێتە سەر. ناتوانین تەسلیم بین. هیوادارین هەڵوێستیان روونتر بێت.
 
رووداو: ئایا رێککەوتن لەگەڵ حکومەت ماوە؟
 
ساڵح موسلیم: کێشەکە لێرەدایە؛ مەبەستی ئەم شەڕە تێکدانی رێککەوتنەکەیە. ئێمە تێکی نادەین، چونکە لە بەرژەوەندی سووریادایە. دەبێت ئەمریکا و بەریتانیا وەک وڵاتانی گەرەنتیکار خاوەنداری لەم رێککەوتنە بکەن. تورکیا دەیەوێت بمانکێشێتە ناو دۆخێکەوە کە بڵێین دەستبەرداری رێککەوتنەکە دەبین، بەڵام ئێمە ناچینە ناو ئەوەوە و پابەند دەبین.
 
رووداو: سەرۆک بارزانی هۆشداری دا لەوەی مەترسی جێنۆساید لەسەر کورد هەیە. داواکاریت لە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان چییە؟
 
ساڵح موسلیم: سوپاسی هەموو بەرپرسانی باشوور دەکەین بۆ هەڵوێستیان. پرسی کورد یەکە و هەموومان بەیەکەوەین. نابێت کەس بڵێت عەفرین هی من نییە یان زاخۆ و مەهاباد هی من نین؛ هەر کوێیەکمان ئازاری پێ بگات، هەموومان ئازارمان دەبێت. شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە هی هەموو کوردانە.
 
رووداو: زۆر سوپاس مامۆستا ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی PYD کە میوانمان بوویت.
 
ساڵح موسلیم: سڵاو و رێز بۆ ئێوە، سەرکەوتوو بن.