دیبەیتی رووداو لەگەڵ کوردانی فەیلی لە سوێد؛ زیاتر لە 5 هەزار کوردی فەیلی لەو وڵاتە دەژین


رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی میدیایی رووداو وەک یەکەم میدیای کوردی بۆ یەکەم جار دیبەیتێکی کراوەی لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی و چالاکوانی کوردی فەیلی لە سوێد کرد. ئەوان باسی دۆخی خۆیان کرد و دەڵێن، زیاتر لە 5 هەزار کوردی فەیلی لەو وڵاتە دەژین کە بەشێکیان بەهۆی هەڕەشەکانی دەسەڵاتی پێشووی عێراق وڵاتەکەیان جێهێشتووە.
 
هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا لە 'ماڵی کوردی فەیلی' لە ستۆکهۆڵم میوانداریی هەریەک لە فوئاد چراخوانی، کارساز. خانم لەیلا سەلمان، هاوژینی شەهید. موحسین سەلمان، پیشەگەر. ساڵح جادری، یەکێک لە کۆنترین کوردی فەیلی لە سوێد و کەسایەتییەکی ناسرا کرد. هەروەها ئیبراهیم جازگیر، چالاکڤانی مەدەنی و عیسا فەیلی، کەسایەتی سیاسی دوو میوانی دیکەی دیبەیتەکە بوون.
 
بەپێی ئامارەکان لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو زیاتر لە 22 هەزار گەنجی فەیلی بێسەروشوێنکران، 5000 کاسبکار و بازرگانی فەیلی زیندەبەچاڵ کراون. هەروەها 600 هەزار کوردی فەیلی لە عێراق بۆ ئێران دەرکران، ئەوە جگە لە گیانلەدەستدانی چەندین کەسیان لە رێگەی دەربەدەریدا.
 
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 500 ھەزار کوردی فەیلی لە بەغدا و خانەقین دەژین، بەڵام بەردەوام ژمارەیان لە کەمبوونەوەدایە و هەمیشە 'هەڕەشەی کوشتن'یان لێدەکرێت.
 
دوای جینۆسایدی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، بەشێکی زۆریان روویان لە ئەوروپا کرد و زۆربەیان لە سوێد نیشتەجێبوون، ئێستا ئەوان ماڵێکیان دروستکردووە بە ناوی 'ماڵی کوردی فەیلی لە ستۆکهۆڵم' و ژمارەیان لەنێوان 5 بۆ هەشت هەزار کەس دەبن و زۆربەیان خاوەنی بڕوانامەی بەرزن.
 
بەرنامەی دیاسپۆرا بۆ ئەم هەفتەیە چووەتە ماڵی کوردی فەیلی لە ستۆکهۆڵم و لەوێ لەگەڵ چەندین کەسایەتی و چالاکڤانی کوردی فەیلی بەرنامەیەکی لەشێوەی دیبەیت کردووە، ئەوان باسی مەینەتیی ژیانی خۆیان لەکاتی حکومەتی بەعس دەکەن و باسی راگواستن و دەرکردنیان و جینۆسایدکردنی کەسوکاریان دەکەن، هەروەها باسی ژیان و رۆڵی خۆیان دەکەن دوای ئەوەی گەیشتوونەتە سوێد.
 
دەقی دیبەیتەکە کە هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشی کرد:
 
رووداو: بینەر و بیسەری رووداو ئەم کاتەتان باش، بەرنامەی ئەمجارەی دیاسپۆرا لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێدە، بەرنامەیەکی تایبەتە، تایبەت بە کوردی فەیلی، دیاسپۆرای کوردی فەیلی لە ستۆکهۆڵم، وەک دەزانن فەیلییەکان لە مێژووی کوردستاندا بەتایبەتی لە مێژووی شۆڕشەکانی کوردستاندا لە 100 ساڵی رابردوودا رۆڵی زۆر گەورەیان هەبووە لە باشووری کوردستان بەتایبەتی، لە دامەزراندنی ئەو پارتە گەورانە کە ئێستاش لە کوردستاندا هەمیشە رۆڵی گەورەیان هەبووە و هەیە، ئەوان دیاسپۆرایەکی گەورەیان هەیە و بەزۆر لە هەشتاکان و حەفتاکان و پێشتریش لە عێراق و کوردستان راگوێزراون، دیاسپۆرایان هەبووە لە دەرەوەی کوردستان و عێراق، بەڵام لە دوای راپەڕینیشەوە بەتایبەتی لە ئەوروپا دیاسپۆرایەکی گەورەی فەیلی دروست بووە، بۆ یەکەمجارە لە تەلەڤیزیۆنێکی کوردییەوە کوردی فەیلی باسی کیشەکانی خۆیان و باسی ژیانی خۆیان دەکەن لە بەرنامەی دیاسپۆراوە لە سوێد.
 
میوانداریی هەریەک لە بەڕێزان فوئاد چراخوانی، کارساز. خانم لەیلا سەلمان، هاوژینی شەهید. موحسین سەلمان، پیشەگەر. ساڵح جادری، یەکێک لە کۆنترین کوردی فەیلی لە سوێد و کەسایەتییەکی ناسراوە لێرە. هەروەها ئیبراهیم جازگیر، چالاکڤانی مەدەنی و کاک عیسا فەیلی، کەسایەتی سیاسیم کردووە. هەمووتان بەخێربێن و پێم خۆشە گفتوگۆیەکی زۆر راشکاومان هەبێت بەیەکەوە باسی کۆمەڵگەی کوردی فەیلی دەکەین لە سوێد، بەڵام بێگومان دەبێت باسی کوردستانیش بکەین و باسی بەغداش بکەین بەحوکمی ئەوەی دەزانین کاریگەریی کوردی فەیلی لە 50 بۆ 70 ساڵی رابردوودا لەسەر بەغدا چۆن بوو، چۆن هەوڵدرا بگۆڕدرێن. بە حوکمی ئەزموون و تەمەنەوە بە کاک ساڵح جادری دەستپێدەکەم، کە کەسایەتییەکی ناسراوی فەیلییە، کاک ساڵح جەنابت کۆنترین کوردی فەیلی لە سوێد وایە؟
 
ساڵح جادری: تەنیا یەک کوردی فەیلی پێش من لە ساڵی 1956 هاتووەتە سوێد لە باشووری سوێد نیشتەجێبووە، بەڵام من لە ساڵی 1971 هاتوومەتە ئێرە.
 
رووداو: دوای ئەوە کەی کۆمەڵگەی کوردی فەیلی لێرە فراوان بوو و وردە وردە خەڵکی دیکەی فەیلی هاتن و تاوەکو چەند ساڵ تەنیا هەر ئەو دوو کەسەبوون؟
 
ساڵح جادری: ئێمە وردە وردە زیادبووین و بووین بە حەوت بۆ هەشت کەس، کاک حەمید نەورۆز و کاک عیسا و چەند کەسی دیکە، تەقریبەن بووین بە 30 کەس، ئێستاش نزیکەی 5 هەزار کەسین لێرە. واتە 5 هەزار کوردی فەیلی لێرە دەژین و هەمووشیان لە ستۆکهۆڵم و دەوروبەری ستۆکهۆڵم نیشتەجێن.
 
رووداو: بۆچی سوێدت هەڵبژارد و بۆچی هاتی بۆ سوێد؟
 
ساڵح جادری: حکومەتی بەعس و رژێمی سەدام حوسێن دەستیان کرد بە هێرشکردن بۆسەر نەتەوەی کورد، بەتایبەتی فەیلییەکان، چونکە بازرگانی عێراق هەمووی بەدەست فەیلییەکان بوو، خانووە گەورەکان و شوێنە گرنگەکان بەدەست فەیلییەکان بوو، هۆکارەکەش ئەوەبوو یەکەم وایان حیساب دەکرد فەیلییەکان پشتیوانی لە شۆڕشی کورد دەکەن و پارە کۆدەکەنەوە بۆ جەنگی ئازادی، ئەم تووڕەییە لەسەرمان بوو، بۆیە ئەوکات خەڵکێکی زۆرمان لێگرا، بەڵام ئەوکات کوشتن کەم بوو، وەک ئیستا نەبوو، دواتر کوشتن دەستیپێکرد و لە پێشمەرگە و جوانانی کورد لە ساڵی 1963 تاوەکو ساڵانی حەفتاکان، بەڵام لە ساڵی 1969 بۆ سەرەوە هەزاران کوردی فەیلی زیندانی کران و کوژران و لە وڵات دەرکران، من ئەوەم بەچاوی خۆم دیوە، دواتر کوشتنی بە کۆمەڵ دەستیپێکرد، کاتێک سێ گەنجی کوردی فەیلی لە بەغدا دەستگیرکران لە ناوەندی نیزاڵ لە بەغدا کە تەمەنیان 16 ساڵان بوون، هەریەکەیان حەوت گولـلەیان لێدرا و کوژران و دواتر لاشەکانیان لەسەر شەقام فڕێدران، یەکێکیان لە بەغدا و دووانی دیکەش لە دیالە، ئیتر لەوکاتەوە دەستیان بە هێرشکردن کرد بۆسەر فەیلییەکان، خانووەکانیان لێسەندن و هەروەها مافی بازرگانیان لێوەردەگرتنەوە، دەیانویست دەریان بکەن و ژمارەیان کەمبکەنەوە، ئەمەش دوو هۆکاریان هەبوو، یەکەمیان کوردایەتی بوو، بۆ  ئەوەبوو کە یارمەتیی شۆڕشی کورد نەدەن کە هەمیشە لە کوردستان شۆڕش هەر هەبووە، جەنابی بارزانی خوا لێخۆش بێت چوار شۆڕشی کردووە و ئینجا شێخ مەحموودی حەفید و ئەوانی دیکە بەم شێوەیە دەستیپێکرد.
 
رووداو: پرسیارەکەی من ئەوەبوو بۆچی هاتی بۆ سوید؟ 
 
ساڵح جادری: بۆیە هاتم بۆ سوێد، چونکە فەرمانی دەستگیرکردنم بۆدەرچوو بوو، لەلایەن نازم گزارەوە داواکرابووم کە ساڵح جادری بە مردوویی یان زیندووی بگەڕێندرێتەوە بۆ بەغدا، بۆیە من ماوەی شەش مانگ لەژێر چاودێریی ئەمن و هەواڵگریی عێراقدا بووم، دواتر منیان دۆزییەوە و تەقەیان لێکردم و منیش دەمزانی کەس نییە رێگەیان لێبگرێت و دەکوژرێم، ئینجا چوومە لای ساڵح یوسفی خوا لێیخۆش بێت و بابەتەکەم تێگەیاند و پێی گوتم 'کوڕم خۆت بڕیاربدە'، منیش گوتم رادەکەم و دەچم بۆ سوێد دواتر پەیوەندییان بە جەمال عەلەمدار کرد کە نوێنەری پارتی بوو لە سوێد گوتی 'با بێتە سوێد'، منیش وێنەکانی خۆم لە خۆپێشاندانەکانی بەغدا نارد، چونکە من سەرکردەی خۆپێشاندانەکانی بەغدا بووم، لەگەڵ برادەرانی کوردی خۆمان ئیتر  وەرگرتنی ڤیزاکەم ئاسان بوو، بە ڤیزای گەشتیاری هاتم بۆ سوێد و دواتر چوومە لای پۆلیس و هەموو بەڵگەکانی خۆم پێدا و  ئەوانیش قبووڵیان کرد و وەک پەنابەر وەرگیرام.
 
رووداو: خانم لەیلا سەلمان وەک هاوژینی شەهید لێرەی، شەهیدی کوردستان دەزانم برین کوڵاندنەوەیە و ناخۆشە، بەڵام پێش بەرنامە بە منت گوت کە 40 ساڵ ئەم جلە رەشانەم دانەناوە چیرۆکی تۆ چییە؟
 
لەیلا سەلمان: ساڵی 1982 ئێمەیان راگواست، سەرەتا لە بەغدا زیندانییان کردین بۆ ماوەی مانگ و نیوێک و ژن و پیاوەکانیان لێکتر جیاکردنەوە، دواتر ئێمەیان ئاودیوی سنووری ئێران کرد و پیاوەکانیشیان هێشتەوە، من ماوەی 15 ساڵ لە ئێران مامەوە پیاوەکەم و براکەی کە پێشمەرگەبوون لەگەڵ دوو برای دیکە واتە چوار کەس بوون هیچ هەواڵێکمان لێیان نەبوو، تاوەکو دوای کەوتنی رژێم لە 2003 گوتیان لە سێدارەدراون و نەماون.
 
رووداو: هاوژینەکەت پێشمەرگە بوو؟
 
لەیلا سەلمان: بەڵێ پیشمەرگە بوو، هەروەها حاکم بوو لە ناوچەی خانەقین لە ساڵی 1982.
 
رووداو: هاتنت بۆ سوێد بڕیارێکی باش بوو، سوێد وڵاتێکە باشە بۆ ئەوەی تێیدا بژی؟
 
لەیلا سەلمان: 15 ساڵ لە ئێران مامەوە زۆر زەحمەت بوو، هەروەها وڵاتینامەیان پێنەداین و گوزەرانمان زۆر خراپ بوو، بۆیە ناچاربووین هاتمە سوێد و لێرە باشە منداڵەکان توانیان زانکۆ بخوێنن و خاوەن کار و کەسابەتی خۆیانن.
 
رووداو: یەکێک کە زۆر زانیاری نەبێ دەڵێت خۆ ئێران وڵاتێکی موسڵمانە و هاوسێی کوردستان و عێراقە، سوێدێکی سارد و دوور کە کۆمەڵگەیەکی کریستیانی بووە پێشتر بۆچی ئێرە باشتر بوو لە ئێران بۆ ئێوە؟
 
لەیلا سەلمان: چونکە ئێران وڵاتینامەیان پێنەداین و تەنیا کارتێکی سەوز نەبێت، منداڵەکانیش کاتێک خوێندن تەواو دەکەن مافی کارکردنیان نەبوو، سەرچاوەی بژێویی ژیانمان لە ئێران نەبوو، بۆیە ناچاربووین بێین بۆ سوێد.
 
رووداو: کاک فوئاد چراخوانی، کارساز، فەیلی بەناوبانگن بەتایبەتی کاتێک جوو لە عێراق نامێنن، ئابووریی عێراق دەکەوێتە دەستی فەیلییەکان بەتایبەتی بەغدا وەک ناوەند، یەکێک لەو هۆکارانەی کە بووە هۆی جینۆسایدکردنی فەیلییەکان ئەوەبوو کە ئابووریی عێراقیان بەدەستەوە بوو و، لێیان دەترسان، جەنابت کارسازی بەو عەقڵییەتە بازرگانییە کەلەوێوە هاتن بۆ ئێرە، کوردی فەیلی توانیویانە لێرەش لەڕووی ئابوورییەوە وەک رۆژانی زێڕین کەلە بەغدا هەیان بوو لێرەش دروستی بکەنەوە؟
 
فوئاد چراخوانی: راستە بەهەمان عەقڵییەتی بازرگانی بەغداوە هاتینە ئێرە و لێرەش بەرەوپێشچووین و ئێمە بەردەوام بووین و لێرەش وەک عەرەب و فارس نەبووین کە نەدەهاتنە نێو بازرگانیکردنەوە، سوپاس بۆخوا توانیمان بەردەوام بین، من ئەوکات لە بەغدا تەمەنم 15 ساڵ بوو، باوکم بازرگانی دار بوو، بەڵام بازرگانیکردنی لە عێراق و سوێد جیاوازە تەنانەت لە ئەوروپاش کەمن ماوەیەک لە هۆڵەندا ژیاوم، لێرە یارمەتی بازرگانان دەدرێت و هاوکارییان دەکەن وەک عێراق نییە، کاتێک لەوێ پارەت نەمێنێت ئیتر تەواو ناتوانیت کار بکەیت، بەڵام لێرە باوەڕ و متمانەت پێدەکەن و باوەڕ بە عەقڵییەتی بازرگانیکردنت دەکەن و ئامۆژگاریت دەکەن و بانکەکان هاوکاریی باشیان دەکەن و پێیان دەڵێن فەرموو کاربکەن، ئێمەی فەیلییەکان سەرکەوتووترین لە کەسانی دیکە لە عێراق.
 
رووداو: مەبەستت ئەوەیە کوردی فەیلی ئێرە سەرکەوتووترن لە فەیلییەکانی عێراق؟
 
فوئاد چراخوانی: نا مەبەستم ئەوە نییە، ئێمەی فەیلییەکان لە جووەکان فێری بازرگانیکردن بووین، پێشتر ئێمە چەند ماڵباتێکی دەوڵەمەندمان هەبوو خەڵکی دیکە وانەبوون، بەڵام ئێمە عاقڵ و زیرەکین و توانیمان خۆمان پێشبخەین و بەرەوپێش بچین، ئێمە لە جووەکان فێربووین و ئیتر گوتمان بۆچی خۆمان کاری بازرگانی نەکەین لە جیاتی کرێکاری، خۆ خوا ئەو عەقڵەی بە جووەکانی داوە بە ئێمەشی داوە، عەقڵمان بەکارهێنا و ئەزموونمان پەیداکرد، وەک هۆڵەندییەکان دەڵێن ئەزموون، بۆیە توانیمان بازرگانی عێراق بەدەستبهێنین و ئەمەش وایکرد سەدام حوسێن رامانگوێزێت.
 
رووداو: کاک موحسین سەلمان لێرە کاری خۆتت هەیە و کار دەکەی؟
 
موحسین سەلمان: لێرە لە کۆمپانیایەکی سوێدی کارمکرد بۆ ماوەی 25 ساڵ، لە بەغدا ئاسنگەربووم و لە کوردستانیش زۆر کاری ئاسنگەرییم کردووە، بەتایبەت لە تانکیی ئاوی ماڵان کە 25 مەتر بەرزبوون، ئەو کار و ئەزموونەم سوودی زۆری بۆمن هەبوو لە سوێد.
 
رووداو: لە سەرەتای بەرنامەکە ئەو پرسیارەم کرد بۆ چی ئێوەی کوردی فەیلی سوێدتان هەڵبژارد، لەکاتێکدا ئێوە گەرمیانین و هی شوێنی گەرمن، بۆچی سوێدت هەڵبژارد؟
 
موحسین سەلمان: وەڵڵا خۆ هەر خۆمان خوێنمان گەرمە.. ئەوەی نەمانناسێت دەڵێت کەسێکی تووڕەیە، وەک کاک ساڵح باسی کرد کە ئەو دوو کەسە خزممان بوون جەبار قەمبەر عەلی کوژرا، هەروەها سالم سادق کە کوژران، ئێمە نەمانزانی چییان بەسەرهاتووە دواتر پێیان گوتین سالم لە نەجەف کوژراوە و جەباریش لە دیالە ئەمە ئەمین عەبوڵڵا ئەمین بۆی باسکردین، کە چووینە سەر تەرمەکانیان، سەیری تەرمی جەبارمان کرد کە گولـلەیەکی لە کەلـلەی سەری درابوو لە خوار چەنەگەی دەرچووبوو.
 
رووداو: هەرچەندە سوێد وڵاتێکی پێشکەوتووە و شەڕی تێدانییە، هەروەها چەند ساڵێکە کە ژیانێکی ئارامتان لێرە هەیە، بەڵام هەست دەکەم ئەوەی بەسەرتان هاتووە هێشتا لە هزر و بیرکردنەوەتاندا ماوە و زیندووە لەگەڵتانە و کاریگەری خراپی هەیە؟
 
موحسین سەلمان: راستە بەڵام کاریگەریی خراپی نەبووە، بۆ نموونە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و ئەوانی دیکە کە لێرە لەنێو کوردی فەیلیدا نەبووە، نییە هەرچەندە لێرە ئازادیی زۆریش هەیە، بەڵام کوردی فەیلی دەستی بۆ نەبردوون.
 
رووداو: کەواتە ئەو گوشارە دەروونییە و ناخۆشییەی بەسەرتان هاتووە، هەر توانیوتانە خۆتان راگرن. کاک عیسا فەیلی، کاک ساڵح گوتی پێنج هەزار کوردی فەیلی لە سوێد دەژین، بەڵام دەگوترێت ژمارەکە زیاترە، ئایە جەنابتان هیچ ژمارەیەکی فەرمیتان لایە چەند کوردی فەیلی لە سوێد دەژین؟
 
عیسا فەیلی: بەڕاستی تاوەکو ئێستا ئامارێکی تەواو نییە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە زۆر زیاترە وەک کاک ساڵح گوتی کە پێنج هەزار کەس بن، لەوانەیە ژمارەکە لە نێوان پێنج هەزار بۆ هەشت هەزار کەس بێت، نەک تەنیا لە ستۆکهۆڵم لە هەموو شارەکانی سوێد کوردی فەیلی هەن، تەقریبەن پەیوەندیمان لەگەڵ هەموویان هەیە، کوردی فەیلی زۆربەیان خزمی یەکن و یەکدی دەناسن و زیاتر لە پێنج هەزار کەسن و پێموایە دەگاتە هەشت هەزار کەس.
 
رووداو: ئەو کوردە فەیلییانەی لێرە دەژین زۆربەیان گەنجن یان بە تەمەنن؟
 
عیسا فەیلی: زۆربەیان گەنجن و ئەوانەی بەتەمەنن زۆربەیان دەگەڕێنەوە، زۆربەی گەنجەکانمان لە دەزگا و دامەزراوەکانی سوێد کاردەکەن و بەشێکیان بە سەربەخۆ کاردەکەن، پزیشک، ئەندازیار و ئابووریناس و هەموو جۆرە پسپۆڕییەکمان هەیە، حکومەتی سوێدیش هاوکارە، ئێمەی دایک و باوکانیش لە سوێد کاریگەریی زۆرمان بەسەر منداڵەکانمان هەیە ئێستا ئەوان گەیشتوون بە قۆناخێک کە ئێمە شانازییان پێوە دەکەین، لەکاتێكدا ئێمە ناخۆشیی زۆرمان چەشت، بەتایبەت کە حکومەتی بەعس لە عێراق دەریکردین ئەمە کاریگەریی خراپی دەروونی بەسەر هەموو کوردی فەیلی دروستکردبوو، بەتایبەت کە زیاتر لە 20 هەزار کوردی فەیلی بێسەروشوێن بوون و چارەنووسیان نادیارە، ئەمە کاریگەریی دەروونی خراپی هەبوو، بەڵام منداڵەکانمان گەیشتن بە قۆناخێک شانازییان پێوە بکەین و کورد شانازییان پێوە بکات و ئەوان کە قسە دەکەن دەڵێن کوردین، هەرچەندە کوردی فەیلی، سۆرانی، بادینی هەورامیش هەن، بەڵام ئێمە هەمیشە خۆمان بە کورد ناساندووە، سەیرە کە کوردی فەیلی شیعەن کە دەچنە نێو مەوکبێکەوە دەنووسن مەوکبی کوردی فەیلی، یاخود کە تیپێکی تۆپی پێ دروست دەکەن، هەمیشە ناوێکی کوردی پێوە دەلکێنین، ئێمە شانازی بەو شتەوە دەکەین.
 
رووداو: لە سوێد هەمیشە ناوی کورد لەگەڵ فەیلی بەیەکەوە دێت؟
 
عیسا فەیلی: بەڵێ هەمیشە.
 
ساڵح جادری: دەمەوێ ئیزافەیەک بکەم، ئێمە بووین بە حەوت کوردی فەیلی لە ئۆبسالا، لە هەر ژوورێک کە تێیدا دەژیاین ناوی کوردستانی لێ نووسرابوو، بۆ نموونە ساڵح ئەلجادری- کوردستان، یان سەمیر شاکر کوردستان، لە هەر حەوت ژوورەکە ناوی کوردستان بەهەموویانەوە لێکێنرابوو، تەنانەت خەڵک لەسەر سەقامەکانیش کە دەیبینین پێیان دەگوتین کوردستان و بەدەستیان ئاماژەیان بۆ خانووی ژمارە 15 دەکرد، چونکە کاتێک ئێمە لەوێ نیشتەجێبووین لەژێر ناوی هەریەکێکمان نووسرابوو کوردستان، نەک بنووسرێت فەیلی یان شتێکی دیکە ، تەنیا کوردستان بوو.
 
رووداو: دەمەوێ بە بینەرانم بڵێم ئەو خانووەی لێتانەوە دیارە لە پشتی میوانەکان ئەمە ماڵی کوردی فەیلییە لە سوێد، ئەو رۆژانەی کە هاتین سەردانمان کرد لە ژوورەوە بینیمان وێنەیەکی مەلا مستەفای بارزانی لێیە، ئەو بەڕێزانەی کە لەوێ پێشوازییان لێکردین پێیان گوتین ئەوە وێنەی موللایە، ئەوان وایان دەگوت بە رێبەری شۆڕشی کوردستان، گوتیان لە حەفتاکانەوە ئەم وێنەیە لێرەیە، لەم ماڵەدا ماوەتەوە. کاک ئیبراهیم بازگیر، خۆت گوتت من چالاکوانی مەدەنیم چ شتێکی فەیلییەکان هەیە لە سوێد کە چالاکی بۆ بکرێت؟
 
ئیبراهیم بازگیر: کاتێک ئێمە باسی چالاکییەکان دەکەین، هەمیشە داوا لە منداڵەکانمان دەکەین بخوێنن و چالاکی بکەن و تێکەڵاوی یەکدی بن و یەکتر بناسن، من هەمیشە گوتار دەنووسم و مێژوو دەنووسم و زۆربەیان نازانن مێژوومان چۆنە من فێریان دەکەم و شارەزایان دەکەم.
 
رووداو: ئایە سوێدییەکان دەزانن کە کوردی فەیلی لە عێراق چییان بەسەرهاتووە؟
 
ئیبراهیم بازگیر: وابزانم دەزانن و ناکرێت نەیزانن و دەزانن. 
 
رووداو: هەمان پرسیار لە کاک ساڵح جادری دەکەم وەک دووەم کوردی فەیلی نیشتەجێێ سوێد، ئایە سوێدییەکان دەزانن کوردی فەیلی چییان بەسەرهاتووە؟
 
ساڵح جادری: کاتی خۆی لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی سوێد گوتارم نووسیوە و بە چوار لاپەڕە چیمان بەسەرهاتووە هەموویم نووسیوە و بڵاوکراونەتەوە، هەروەها لە کاتی راگەیاندنی رێککەوتننامەی 11ی ئازار لەگەڵ دوو رۆژنامەڤانی سوێدی دانیشتبووین و هەموو چیرۆکی خۆمان و کوردم بۆ گێڕانەوە، یەکەمجار لە رۆژنامەی ئۆبسالا بڵاوکرایەوە لە ساڵی 1984 جارێکی دیکە گوتارم بڵاوکردەوە، هەروەها لەکاتی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم خۆپێشاندانمان کرد و ئەوەی بۆمان کراوە کردوومانە بۆ ناسینی کورد و مەینەتییەکانی بڵاومان کردووەتەوە، تەنانەت جیاوازیی نێوان کوردی پارچەکانیشمان نەدەکردووە و هاوکاریمان دەکردن بەبێ جیاوازی.
 
رووداو: خاتوو لەیلا هەمیشە لە کۆنگرە و کۆبوونەوەکان لە ئەوروپا و برۆکسەل بەشداری دەکەی؟ پێتوایە گرنگیدان هەیە بەوەی کە کوردی فەیلی چییان بەسەرهاتووە؟
 
لەیلا سەلمان: هەر کۆنگرەیەک میوانداریمان بکەن بێگومان رۆیشتووین و بەشداریمان کردووە، پێموایە بە کەمی بایەخ بە نەهامەتییەکانی کوردی فەیلی دەدرێت، بۆنموونە لەو کۆنگرەی کە مانگی پێنج کاک مەسعود داوای کرد قوتابخانەیەک بە کوردی فەیلی دروست بکرێت، ئەوە راستە بەڵام کێشەکە ئەوەیە کەس بەدواداچوونی بۆ ناکات، ئێمە دەمانەوێ بەدواداچوونەکان جیددی بن.
 
رووداو: کاک فوئاد دەمەوێ باسی منداڵەکانیشتان بکەم، سەرەتا چوویە هۆڵەندا دواتر هاتیەوە سوێد یان بە پێچەوانەوە؟
 
فوئاد چراخوانی: من ساڵی 1980 لە هۆڵەندابووم، دواتر هاتمە سوێد، سوێدم پێ لە هۆڵەندا باشتر بوو، چونکە لەسوێد زۆر گرنگی زیاتریان بە منداڵ دەدا، بۆ نموونە کاتێک ئێمە کاردەکەین ئەوان گرنگی زۆر بە منداڵ دەدەن لە مامۆستا و خوێندن و پەروەردە، بۆ نموونە لە هۆڵەندا بایەخی زۆر و رێکلامی زۆر ئەو کات بۆ جگەرە دەکرا، منیش پێم قبوڵ نەبوو، بۆیە هاتمە سوێد و لێرە کارمکرد و زیاتر بایەخم بە پەروەردەی منداڵەکانم دا.
 
رووداو: هەندێکجار دەگوترێت سوێد بۆ بابەتی منداڵ باش نییە، وایان لێدەکەن زۆر لە ژێر کۆنترۆڵی دایک و باوکیان نەبن، بەڵام تۆ پێچەوانەکەی باس دەکەی ئەمە چۆنە؟
 
فوئاد چراخوانی: نا زۆر گرنگیان پێدەدەن، ئێستا ئازای کوڕم راوێژکاری وەزیری دادی سوێدە، هەروەها راگری شاری هۆدێنگە سەر بە وەزارەتی داد، کوڕەکەی دیکەم زانای فیزییە و ئێستا لە کامبریج لە بەریتانیا دەخوێنێت و ئەمە بەرهەمی پەروەردەی سوێدییە.
 
رووداو: کاک موحسین تۆ گوتت نا زۆر باشە، بەڕاستی زۆر باشە بۆ منداڵەکانتان؟
 
موحسین سەلمان: بەڵێ زۆر باشە، بەڵام دەبێت دایک و باوکیش زۆر ئاگاداریان بن، منداڵێکم مامۆستایە و ئەوانی دیکەش خوێندیان تەواوکردووەو کاری خۆیان دەکەن و رێزیان لێدەگرن.
 
رووداو: لەیلا خانم وەک دایکێک لێرەیە باوکەکان زۆر رازین، لە کورد دا شتێک هەیە دایکان دەڵێن باوک کوا ئاگای لە مناڵە و لە دەرەوە خەریکی ئیش و کارە دەردەکە لای منە؟ ئایە سوێد بۆ منداڵەکانتان باشە؟
 
لەیلا سەلمان: بەڵێ زۆر باشە، خانەوادەی ئێمە و نزیکەکانمان زۆربەیان خوێندیان تەواوکردووەو زۆربەیان پزیشکن، منداڵی خوشکم و براکانم، هەموویان بروانامەی بەرزیان هەیە، ئێمە لێبووینەوە، بەڵام ئەوان بەدەستیان هێناوە.
 
رووداو: کاک ساڵح ئەمساڵ لە کوردستان کۆنگرەیەکی گەورە لەبارەی فەیلییەکان کرا، لە بەرامبەردا باسی مێژووی جوانی فەیلییەکان کرا و کاریگەرییان بەسەر  شۆڕشەکانی کوردستانیش کرا، چ شتێک پێویستە لە هەولێرەوە لە کوردستانەوە بکرێت بۆ کوردی فەیلی؟
 
ساڵح جادری: ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە بوونی پەیوەندییەکی بەهێزە، بۆ نموونە پەیوەندی نێوان کوردی فەیلی لەگەڵ سۆرانی و کورمانجی و ئەوانی دیکە وەک پێویست بەهێز نییە و دەبێت بەهێز بکرێت و نابێت مەزهەب ببێتە هۆی نەبوونی ئەو پەیوەندییە، هەر کەسێک نوێژ بکات یان یادی ئیمام حوسێن بکات سەرچاوم، بەڵام دەبێت ئاڵای کوردستان لە هەموو بۆنەکان ئامادەبێت و ئێمە یەک نەتەوەو یەک گەلین، ئێمە دژی ئەوانە نین و نابێت رێگە بە کەسان بدرێت ناکۆکی بخاتە نێوانمان لە رێگەی جیاکاریی مەزهەبییەوە، کورد مێژووی میدیای هەیە و هەریەکە و بە شێوەیەک باسی دەکەن، لوڕ، کەڵهوور، میدیا و زۆری دیکە، پێویستە ئێمە پەیوەندی بەهێزمان لە نێواندا هەبێت و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە بدات ئەمە بەلای ئێمەوە گرنگە.
 
رووداو: رەنگە ئێستا لە کوردستانیش بیر لەوە بکەنەوە بڵێن کوردی فەیلی لە دەرەوە چ هێزێکی مرۆییان هەیە کە سوودی بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت و دەتوانین سوودیان لێببینن؟
 
ساڵح جادری: هەموو ئەوانەی لێرەن دەیانەوێ یارمەتی وڵاتی خۆیان کوردستان بدەن، نموونەیەکت بۆ بێنمەوە، برادەرێک لێرەیە ناوی سەعدون مورادە و پرۆفیسۆرە، لە سوێد و ئەبوزەبی و تەواوی ئیمارات، هاتەوە کوردستان و ویستی هاوکاری کوردستان بکات، بەڵام گەڕایەوەو نەیکرد، بەهۆی گەندەڵی ئیداری و دارایی، پرۆفیسۆری دیکەشمان هەیە، ئێستا چووەتە ئێران وانە دەڵێتەوە، زۆر پزیشکی دیکەمان هەیە لە ئەوروپا و کوردستان دەتوانێت سوودی زۆریان لێوەربگیرێت و هیوام وایە سوودی باشیان لیوەربگیرێت.
 
رووداو: کاک ئیبراهیم جاران دەگوترا سەددام کوردی فەیلی جینۆساید دەکات بەهۆی کوردبوون و شیعەبوون، عێراقی دوای سەددام عێراقێکی جیاوازە، هیچ نەبێت بۆ لایەنی مەزهەبی دەبێت بۆ کوردی فەیلی لە ناوەوەو دەرەوە زۆر باش بێت، بەغدا چۆنە بۆ کوردی فەیلی؟
 
ئیبراهیم بازگیر: ئەسڵەن لە عێراق عەرەب نەبوون، ئەوان لە دوای فتوحاتی ئیسلامییەوە هاتوونە عێراق، پێشتر هەموویان کلد و ئاشووری و کورد بوون.
 
رووداو: ئێستا حوکمی عێراق شیعەیە و فەیلیش شیعەن، ئەوان بۆ ئێوە چۆنن؟
 
ئیبراهیم بازگیر: کێشەکە ئەوەیە کۆمەڵگەی کوردی فەیلی یەکگرتوونین، کێشەکە ئەوەنییە کوردن یان شیعەن، بڕیار هەیە لەکاتی سەدام حوسێن دەرچووە کە ماڵ و سەروەت و سامانی فەیلییەکان دەستی بەسەردابگیرێت، ئێستا شیعەکان بڕیاری ئەوە نادەن کە ماڵ و سامانی شیعەکان کە سەددام دەستیبەسەرداگرتبوو هەڵبوەشێتەوە، راستە بەهۆی کوردبوونمانە، بەڵام سەرپەرشتێکمان نییە.
 
رووداو: جارجار بەرپرسانی عێراقی دێنە سوێد و لەگەڵ رەوەندی عێراقی کۆدەبنەوە، ئایە لەگەڵ ئێوە کۆدەبنەوە؟
 
عیسا فەیلی: ئەوانەی دێینە ئێرە باسی کوردی فەیلی ناکەن، مەسەلەکەش سیاسییە و گفتوگۆی لەسەر ناکەن، لەکاتێکدا زۆر کێشەمان لە عێراق هەیە چارەسەر نەبووە، ئێمە سوپاسی سەرکردایەتی کورد دەکەین لەکاتی نووسینەوەی دەستوور ئەوان نەبوونایە ناوی کوردی فەیلی لەناو دەستوور نەدەبوو، چونکە دان بە ئیمەدا نانێن، حکومەتەکانی عێراق لە ساڵانی سییەکانەوە تاوەکو هەشتاکان خەریکی دەرکردنی کوردی فەیلین لە عێراق، واتە حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی عێراق دژی کوردی فەیلی بوون، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی شیعەن، سەیرکە 65٪ی دانیشتووانی عێراق شیعەن، بۆچی سەددام ئەوانی لە عێراق دەرنەکرد، بەڵای ئێمەی دەکرد، بەهۆی ئەوەی کورد بووین، بەهۆی ئەوەی لە بەغدا بەهێزبووین و ئابووری عێراق بەدەست ئێمەوە بوو و کوردە فەیلییەکان بەشداربوون لە دامەزراندنی حیزبە کوردستانییەکان.
 
رووداو: خاتوو لەیلا چارەنووسی کوردە فەیلییەکانی بێسەروشوێنکراو بەتایبەت دوای ئازادکردنی عێراق چیلێهات و بەغدا چیتان پێدەڵێت؟
 
لەیلا سەلمان: هیچمان پێناڵێن، نازانین لە کوێ لە سێدارەدراون یان زیندەبەچاڵکراون، هیچ نازانین و هەرچەندە هەرێمی کوردستان هاوکاری کردین بۆ ئەوەی لە دادگا بەشداربین، بەڵام هیچمان دەستنەکەوت.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئێوەو ماڵی کوردی فەیلی کە هاوکارمان بوون لە تۆمارکردنی ئەم بەرنامەیە لێرە.