باڵیۆزی چیک لە عێراق بۆ رووداو: عێراق لە چەند ساڵی رابردوودا بەهێزبووە


رووداو دیجیتاڵ

یان شنایدیف، باڵیۆزی چیک لە عێراق لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و، هاوکارییە ئابووری و سەربازییەکان دەکات. 
 
شنایدیف، ستایشی رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات لە شەڕی دژی داعش و دەڵێت: "ستایشێکی تایبەت شایستەی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەیە، چونکە ئەوان هێزێکی سەرەکیبوون کە لە سەرەتاوە یارمەتیدەربوون بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوە و داگیرکردنی خاک لەلایەن داعشەوە".
 
لەبارەی رووداو و کارەکانی لە میدیای کوردستان و ناوچەکە، گوتی، "رووداوم وەکو میدیایەکی زۆر جێی متمانە ناسیوە و لەسەر ئاستی جیهانیش جێگەی خۆی کردووەتەوە."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: یان شنایدیف باڵیۆزی کۆماری چیکە لە عێراق، لە بارەی پلانی حکومەتەکەی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، هەڤپەیڤینێکمان لەگەڵی دەبێت. بەڕێز یان گەلێک بەخێربێیت سوپاس کە لە رووداو لەگەڵمانی، سەرەتا با لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە دەست پێبکەین، ئێستا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکردووە، ئەم هەڵبژاردنە لە دۆخێکی جیاوازی نێوخۆیی و ناوچەیی بەڕێوەدەچێت، سەرنجتان سەرەتا لەسەر ئەم هەڵبژاردنە چییە؟
 
یان شنایدیف: پێموایە ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکی زۆر گرنگدایە بۆ عێراق، چونکە لە چەند ساڵی رابردوودا بینیومانە وڵاتەکە بەهێزتر بووە، زۆر جێگیر، زۆر ئارام و زۆر گەشەسەندوو بووە. پێموایە ئاراستەکە زۆر باشە و هیوادارم، ئەم هەڵبژاردنە ئەو ئاراستەیە زیاتر جێگیر بکات. هەر حکومەتێک لە داهاتوودا بێت ، ئەگەر لەسەر ئاراستەی باشبوون بەردەوامبێ وەک ئەوەی تائێستا بینیومانە، پێموایە ئەوە ئەنجامێکی باشی دەبێت. هەروەها پێموایە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە نابێ کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی عێراق هەبێت. دەبێ عێراق خۆی و ئاڵنگارییەکانی و کێشەکانی بابەتی هەڵبژاردنەکە بن، نەک رووداوەکانی دەوروبەر.
 
رووداو: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟
 
یان شنایدیف: پێموایە ئەمە پێشهاتێکی زۆر ئەرێنییە کە رێککەوتنەکە لە نێوان لایەنەکاندا کرا . بەمەش پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکان لەنێو عێراق دا، ئینجا حکومەتی ناوەندی بێت، یاخود حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاسانتر دەبن. دەرگە دەکاتەوە بۆ رێککەوتنی زیاتر. دەرگە دەکاتەوە بۆ کارکردنی باش پێکەوە. دەرگە دەکاتەوە بۆ داهاتی زیاتر لەو نەوتەی کە لە رێگەی بۆڕییەوە هەناردە دەکرێت. بۆیە من بە دڵنیاییەوە پێشوازی لەم رێککەوتنە دەکەم و، تەنیا ئاواتەخوازم عێراق بەردەوامبێ لەم جۆرە پێشهاتە ئەرێنییانە.
 
رووداو: پەیوەندییەکانتان لەگەڵ عێراق لە چ ئاستێکدان؟
 
یان شنایدیف: پەیوەندیی نێوان چیک و عێراق مێژووییە، درێژخایەنە، لانیکەم نیو سەدەیە، تەنانەت زیاتریش.  زۆر دڵخۆشم کە بڵێم هاوکارییەکی چڕوپڕ هەبوو لە نێوان عێراق و چیکۆسلۆڤاکیا، وڵاتە کۆنەکەم پێش دابەشبوون. ئاڵوگۆڕێکی زۆری کولتووری هەبوو، ژمارەیەکی زۆر کاری بازرگانی لە کەرتە جیاوازەکاندا دەکران، وەک کەرتی ئاو، کە کۆمپانیاکانی چیک یارمەتییان دا لە دروستکردنی هەندێک لە ژێرخانی ئاوی عێراق. لە پیشەسازیی بەرگریدا کاتێک کۆمپانیاکانی چیک چەک و کەرەستەیان دەدایە  هێزە چەکدارەکانی عێراق. ئەمانە تەنیا هەندێک نموونەن. هەروەها لە کەرتی نەوت دا. هیوادارم کە بەردەوامبین لە پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییە و، ئێستا لە قۆناخێکی زۆر باشدان دوای سەردانی بەڕێز سەرۆکوەزیران سوودانی بۆ پراگ لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ دا. هەندێک رووداو دەبینم روودەدەن. لەکاتی سەردانەکەدا رێککەوتنێکمان لەسەر فڕۆکەوانیی مەدەنی واژۆکرد، چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتنمان لە نێوان وەزارەتەکانی حکومەت دا واژۆکرد. لەم کاتەدا خەریکی دانوستاندنین لەسەر رێککەوتنێک بۆ پاراستنی وەبەرهێنانەکان. خەریکی دانوستاندنین لەسەر رێککەوتنێک بۆ رێگریکردن لە باجدانی دوولایەنە. بۆیە بەڕاستی پێموایە ئەمە کاتێکی ئەرێنییە کە هەردوو وڵاتمان دەرفەت دەدۆزنەوە بۆ لابردنی بەربەستەکان تاوەکو پێکەوە کار بکەن. من پێموایە ئەمە بەردەوام دەبێت.
 
رووداو: پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدان؟
 
یان شنایدیف: پەیوەندی نێوان کۆماری چیک و کوردستان تائێستا لە کەرتە جیاوازەکاندا جۆراوجۆر و چڕوپڕ بووە. زۆربەی ئەوانەی پێشتر وەکو نموونە باسم کردن، ژێرخانی ئاو لە سەدەی رابردوودا، لە کوردستان کراوە، بەڵام ئێمە پڕۆژەی هاوبەشیشمان لە کولتوور و میراتی مێژووییدا هەبووە. قەڵای هەولێر بۆ نموونە، هەندێک بەشی لەلایەن کۆمپانیا شارەزاکانی چیکەوە نۆژەنکراوەتەوە، هەروەها کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەکانیش نموونەی دیکەن. وڵاتەکەم توانیویەتی ئامێری پێویست بۆ ژمارەیەک نەخۆشخانە لە عێراقی فیدراڵ و کوردستان دابین بکات، کە پێموایە کارێکی زۆر گرنگە و دەمانەوێت لە کەرتی تەندروستیش دا بەردەوامبین بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان. بێگومان، کۆماری چیک نوێنەرایەتییەکی راستەوخۆی لە کوردستان، لە هەولێر هەیە، کە کونسووڵخانەی گشتیی ئێمەیە و بەرپرسیارە لە کوردستانی عێراق و پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان لێرە لە هەولێر و هەروەها سلێمانی و شارەکانی دیکەدا هەیە. ئەم ساڵ کونسووڵێکی گشتیی نوێمان دەبێت کە لە مانگی نۆڤێمبەردا دەستبەکار دەبێت. زۆر هانیدەدەم کە لە سەرەتاوە زۆر چالاک بێت لەگەڵ هاوبەشانی کوردمان.
 
رووداو: ئێستا لە بواری پێدانی ڤیزا بە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان چ ئاسانکارییەک کراوە لە کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەتان لە هەولێر و، بە نیازن چ ئاسانکارییەکی دیکە بکەن لە بواری ڤیزای گەشتیاری و ڤیزای بازرگانی دا؟
 
یان شنایدیف: بەڵێ، بێگومان کۆنسووڵخانەی گشتی بەرپرسە لە دەرکردنی ڤیزا بۆ خەڵکانی کورد. رێکارێکی جێگیر هەیە کە ناتوانرێت لێی لابدریت. هەمیشە پێویستە بەڵگەنامەی دروست هەبن. ئەوە پرۆسەیەکی جێگیرە، بەڵام ئێمە زۆر بە باشی رەچاوی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان دەکەین. ئەوانەی داوای ڤیزا دەکەن و دەیانەوێت بۆ کاروباری بازرگانی بێنە وڵاتەکەمان و بانگهێشتنامەیان هەیە لە هاوبەشە بازرگانییەکانیان، بۆ ئەوان ئەگەری زۆر هەیە کە ڤیزاکە بەدەستبێنن و بچن. هەروەها هەندێک کەس هەن بۆ مەبەستی گەشتیاری داوای ڤیزا دەکەن، ئێمە بەخێرهاتنیان دەکەین. زۆر کەس هەن کە بۆ مەبەستی بازرگانی داواکاری پێشکەش دەکەن، مەیلی ئێمە زیاترە بۆ ڤیزادان بەوانە، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی هاوبەش لەو پەیوەندییە بازرگانییانەدا. بەڵام جارێکی دیکە دەڵێم، پرۆسەکە جێگیرە و ناتوانرێت لە مەرجەکان لابدریت. لەلایەن هەموو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپاوە هەر وایە، چونکە ئێمە هەمان پرۆسە پەیڕەو دەکەین.
 
رووداو: چیک لە هەرێمی کوردستان زیاتر سەرنجی لەسەر دیپلۆماسیی ئابوورییە، مەبەست لە دیپلۆماسیی ئابووری چییە؟
 
یان شنایدیف: من دیپلۆماسیی ئابووریی خۆم و باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا وەک ئەنجامدانی کاری ئاسانکاری راستەقینە تێدەگەم، واتە یارمەتیدان لە دامەزراندنی پەیوەندییەکان لەنێوان کۆمپانیاکانی چیک، خاوەنکارانی چیک و ئەوانەی لە عێراقن. ئێمە پێشتر چەند پێشڤەچوونێکی باشمان هەبووە. بۆ نموونە، شاندێکی بازرگانی سەرەتای ئەم ساڵ بۆ پێشانگەی وزە لە بەغدا سەردانی عێراقی کرد. هیوادارم شاندی بازرگانی زیاتر ببینم لە کەرتە جیاوازەکاندا. ئێمە بێگومان پێشوازی لە هەوڵی لایەنی عێراقییش دەکەین بۆ ئەوەی بە شاندێکی بازرگانییەوە سەردانی وڵاتەکەمان بکەن بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکان. پێشتر پەیوەندیی زۆر بەهێز لە چەندین کەرت دا هەبووە، دەتوانم ئەو کەرتانە دووبارە بکەمەوە، لە پیشەسازیی پترۆکیمیاییدا کە چەندین کۆمپانیای چیکی بەشدارن لە پەرەپێدانی پڕۆژەکان بۆ پاڵاوگە نەوتییەکان و دروستکردنیان. لە بواری تەندروستیش دا بە دڵنیاییەوە، ئێمە ئامێر و کەرەستەمان بۆ نەخۆشخانەکان دابینکردووە.
 
رووداو: تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەم بارەیەوە کراوە؟ 
 
یان شنایدیف: پێموایە لە کەرتی تەندروستی دا پلانمان هەیە. هەروەها لە کەرتی بەرگریش دا، ئێستا هەندێک رێککەوتن دەکرێن، لە کەرتی پترۆکیمیاییدا پڕۆژەکان پێشتر کراون و بەردەوامن، بۆیە بەڕاستی دۆخەکە جۆراوجۆرە. زۆر دڵخۆشم کە کارەکان دەکرێن، بەڵام دەکرێت زیاتربن. دەکرێت زیاتربن و، کۆمپانیاکانی چیک دەتوانن خزمەتگوزاری و بەرهەمی زۆر کوالیتی بەرز دابین بکەن. پێموایە ئەو پەیوەندییە دێرینەی کە لە رابردوودا لەگەڵ عێراق هەمانبووە، خۆی لە خۆیدا نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە توانای زۆرمان بۆ ئێستاش هەیە.
 
رووداو: بۆچی سەرنجەکان زیاتر لەسەر کەرتی ئابوورین لە کوردستان؟
 
یان شنایدیف: نەخێر، پێموایە کارەکانی ئێمە گشتگیرن، ئێمە پەیوەندییە سیاسییەکانیشمان هەن. من خۆم ئێستا، لە کاتی سەردانەکەم بۆ کوردستان لە سلێمانی و لە هەڵەبجە، پێشتریش لە هەولێر بووم، بۆیە ژمارەیەک هاوبەشم بینیون لە ئاستی سیاسی و ئاستی ئیدارەی خۆجێی دا. گفتوگۆم لەگەڵ هاوبەشەکان کردووە لە کۆمەڵگەی مەدەنی، بێگومان لە ژوورە بازرگانییەکانیش. کەواتە بە هیچ شێوەیەک تەنیا بازرگانی نییە. ئێمە بەڕاستی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو هاوبەشێکی گرنگ دەبینین و، پەیوەندییەکان لە ئاستەکاندا پەرە پێدەدەین. بەڵام دامەزراوەی سەرەکی لە لایەن ئێمەوە کۆنسووڵخانەی گشتییە لە هەولێر، کە ئامادەییەکی هەمیشەیی هەیە. بۆ خۆم، تەنیا سەردانەکانمە کە دێمە کوردستان و زۆر دڵم پێی خۆشە، بێگومان لەبەر باڵیۆزخانەکەم لە بەغدا ناتوانم زۆر لێرەبم.
 
رووداو: لە بواری ئاو، کشتوکاڵ، هەروەها وزەی نوێبووەوە دا، چیک ئەزموونێکی باشی هەیە، چۆن دەتانەوێت ئەم ئەزموونە بگوازنەوە بۆ هەرێمی کوردستان؟
 
یان شنایدیف: زۆر سوپاس بۆ پرسیارەکە. پێموایە ئەمە بوارێکی زۆر گرنگە، بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵنگارییەکانی عێراق و گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی ئاو، بێگومان پرسی کشتوکاڵ بنەڕەتییە. ئێمە پڕۆژەیەکمان لەگەڵ دامەزراوەیەک لە بەغدا پەرەپێداوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون، بە هێنانی شارەزایانی زانکۆکانمان و هەندێک کۆمپانیای زۆر تایبەتمەند بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆکردن، بەتایبەتی بۆ گفتوگۆ لەسەر شێوازە نوێیەکانی کشتوکاڵ. چەندین مۆدێلی زۆر داهێنەرانە هەن بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان. رەنگە گوێتان لە کۆنسێپتی کشتوکاڵی ستوونی و بابەتەکانی دیکە بووبێت. ئەمانە هەموو ئەو بابەتانەن کە حەز دەکەین لەگەڵ عێراق تاوتوێیان بکەین، لەگەڵ عێراق هاوبەشیان بکەین و رەنگە لە داهاتووشدا دەرفەتی بازرگانی بدۆزینەوە. هەروەها دەمەوێت ئاماژە بەوەش بدەم کە بێگومان ئێمە لە چەندین کەرتی جیاوازدا هاوکاریمان پێشکێشی  عێراق کردووە بۆ ئەوەی بتوانین لەم وڵاتەدا سوودبەخش بین.
 
رووداو: ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای پێوە دیارە و، ئەوەی  وڵاتان زۆر گرنگی پێدەدەن سەوزاییە، چ پرۆژەیەکتان هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق؟
 
یان شنایدیف: جارێکی دیکە، ئێمە دان بەوە دادەنێین کە ئەمە زۆر گرنگە، عێراق لە دۆخێکدایە کە گۆڕانی کەشوهەوا راستەوخۆ کاریگەری لەسەر خەڵکەکەی هەیە. ئێمە بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێین بۆ هاوکاریکردن لە کوردستان. من ئاماژەم بەوەدا کە لە بەغدا چ پلانێکمان داناوە، لە راستی دا بۆ پەرەپێدانی گفتوگۆیەکی گونجاو لەسەر ئەوەی چ چارەسەرێک هەیە لەو بارودۆخەدا لەڕووی کشتوکاڵ و سەوزایی و هتدەوە. تاوەکو ئێستا هیچ پڕۆژەیەکمان لە کوردستان نەبووە، بەڵام پێموایە ئەمە ئەو بوارەیە کە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکی پتەو لە ساڵانی داهاتوودا.
 
رووداو: سەبارەت بە هاوردەکردن و هەناردەکردن لە نێوان چیک و عێراق و هەرێمی کوردستان دا، چی لە وڵاتەکەتانەوە هەناردە دەکەن و چ لە کوردستان و عێراقەوە هاوردە دەکەن؟ 
 
یان شنایدیف: بەڵێ، هەناردەکانمان بۆ عێراق بریتین لە ئامێر و هەندێک پارچەی ئامێر. پێموایە ئەمە لە هەموویان گەورەترە. هەر بەو بۆنەیەوە دەڵێم، کۆمپانیاکانی چیک مێژوویەکی زۆر دێرینیان هەیە لە بەرهەمهێنانی هەندێک کەرستەدا وەکو ئامێری کشتوکاڵی، ئۆتۆمبێلی گواستنەوە، شەمەندەفەر و ترام بۆ شارەکان. کەواتە بەڵێ، ئامێر گەورەترین بەشە. هەروەها ئەوەی دیکەش، تەکنەلۆژیای تەندروستی و ئامێرەکانی تەندروستییە. پێموایە ئەوانە دوو گەورەترین شتن. لە هەندێک ساڵ دا، بەرهەمەکانی پیشەسازیی بەرگری، ئۆتۆمبێلی سەربازی، کەرەستە یان چەک بەشێکی گەورە بوون، بەڵام ئەوە هەموو ساڵێک نییە. ئەوە پشت بەوە دەبەستێت کەی دەرفەت هەبێت و کەی رێککەوتن بکرێت. دەتوانم نموونەیەک بهێنمەوە. چەند ساڵێک لەمەوبەر، ئێمە بۆ هێزی ئاسمانیی عێراق 12 فڕۆکەی ژێر خێرایی دەنگمان دابینکردن، کە تاوەکو ئەمڕۆش بەکاردەهێنرێن.
 
رووداو: ئێوە لە شەڕی دژی داعش دا وەکو ئەندامێکی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی هاوکاری پێشمەرگەتان کرد، بەڕای ئێوە هێشتا مەترسی داعش لە عێراق ماوە؟
 
یان شنایدیف: ئاسایشی عێراق باشبوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. ئێمە دەزانین کە هێشتا زووە بڵێین دەوڵەتی ئیسلامی، داعش، بە تەواوی بنبڕ کراوە، دەزانین کە هێشتا هەندێک پاشماوەی ماوە. بەڵام گۆڕانکارییەکە زۆر بەرچاو بووە و، دەمەوێت پیرۆزبایی لە عێراق بکەم بەم بۆنەیەوە، کە ئێستا وڵاتێکی زۆر سەقامگیرتر، ئاشتیانەتر ، پارێزراوتر و ئارامترە لە جاران. بە گەڕانەوەش بۆ ساڵانی شەڕی دژی داعش، ستایشێکی تایبەت، شایستەی کوردستانە، شایستەی هێزە کوردییەکانە، هێزەکانی پێشمەرگە، چونکە ئەوان هێزێکی سەرەکی بوون کە لە سەرەتاوە یارمەتییان دا بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوە و داگیرکردنی خاک لەلایەن داعشەوە، ئێمە ئەوە بەرز دەنرخێین. ئەوە کارێکی نایاب بوو. کۆماری چیک بەشێکبووە لە هاوپەیمانێتی دژی داعش، هەندێک لە هێزەکانمان تاوەکو ئێستاش لە هاوپەیمانێتییەکەدا ماونەتەوە، هاوکات بەشێکیشە لە هاوپەیمانێتی ناتۆ لە عێراق، کە یارمەتی نوێکردنەوە و ئەنجامدانی گۆڕانکاری و راهێنانی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەدات بۆ ئەوەی توانای زیاتریان هەبێت بۆ شەڕکردن دژی داعش و هەڕەشەکانی دیکە. پێموایە ئەمە لایەنێکی دیکەی پەیوەندییەکی زۆر نزیکە کە لەگەڵ عێراق دا هەمانە و لە بەرژەوەندی هەموومانە. عێراقێکی سەقامگیر، ئاشتیانە و گەشەسەندوو بۆ گەلی عێراق و گەلی کورد زۆر گرنگە و، هەروەها بۆ ئاسایشی ناوچەکە بەگشتی و لەسەر ئاستی جیهانیش زۆر گرنگە، لەوانەش وڵاتەکەی خۆم.
 
رووداو: ئێستا چەند راوێژکاری سەربازیتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن؟
 
یان شنایدیف: ئێستا ژمارەیان 10یە. ئەوان 10 راوێژکارن، لە چوارچێوەی ئەرکی ناتۆ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دا. گرووپێکی بچووکە.
 
رووداو: چەندیان لە عێراق ن و چەندیان لە هەرێمی کوردستانن؟
 
یان شنایدیف: بەپێی زانیارییەکانی من، هەموویان ئێستا لە بەغدان، بەڵام لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی هاوپەیمانیی دژ بە داعش و گواستنەوەی بۆ هەولێر، پێموایە بەشێک لە گرووپەکەمان دێنە هەولێر، بەڵام ژمارەیان کەمە. تەواوی گرووپەکەمان 10 کەسن، تەنیا 10 کەسن، هەندێکیان رەنگە بێنە هەولێر، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە.
 
رووداو: سەبارەت بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، بۆچوونی ئێوە چییە بەتایبەت پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە؟
 
یان شنایدیف: بەڵێ، ئاگادارین چاکسازی لە نێو هێزەکانی پێشمەرگە لە ئارادایە، بۆ بەهێزکردنی تواناکانیان، هەروەها لەڕووی رێکخستنیشەوە، بە ئامانجی یەکخستنیان لەژێر وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا. ئەمە پرۆسەیەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی ببنە یەک هێزی یەکگرتوو لە کوردستان دا و، بە باشی هاوکاری هێزە چەکدارەکانی عێراق بکەن، نەک ئەوەی ببنە دوو هێزی سەربەخۆ یان زیاتر لە کوردستان دا کە یەکگرتوو نەبن، چونکە پێمان وایە ئەوە رێگەی دروست نییە. رێگەی دروست ئەوەیە پێکەوە یەکبخرێن. بەوشێوەیە، ئەوانیش بەهێزتر دەبن و، باشترین توانایان دەبێت بۆ شەڕکردن لەگەڵ دووژمنان، ئینجا داعش بێت یان هەر دووژمنێکی دیکە.
 
رووداو: پلانی داهاتووی چیک چییە بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە داهاتوودا؟
 
یان شنایدیف: ئێمە وەک چیک توانامان نییە پڕۆگرامێکی گەورە بە تەنیا دابین بکەین. کۆماری چیک وڵاتێکی مامناوەندە کە بە شێوەیەکی بەرهەمدار و چڕ لەو پڕۆگرامانەدا بەشدارە کە یارمەتی عێراق دەدەن. دڵخۆشین کە لەگەڵ هاوپەیمانان کار دەکەین. ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانانی ناتۆ و لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا کار دەکەین. هەروەها یەکێتیی ئەورووپا ئەرکێکی راوێژکاریشی بۆ پۆلیسی عێراق و وەزارەتی ناوخۆ هەیە، کە ئێمە پشتیوانی لێدەکەین، بەڵام ئێمە وەکو کۆماری چیک پڕۆگرامێکی تایبەتمان نییە، چونکە پێمان وانییە لەم کاتەدا بەهایەکی زیادە ببەخشێت.
 
رووداو: زۆر باشە بەڕێز یان، من پرسیارێکی دیکەم نەماوە ، بەڵام ئەگەر بەڕێزتان شتێکتان هەیە دەتوانن پێمان بڵێن.
 
یان شنایدیف: زۆر سوپاس بۆ میوانداریکردنم لەم هەڤپەیڤینەدا. بەرز دەینرخێنم و زۆر سوپاستان دەکەم. (رووداو)م وەکو میدیایەکی زۆر جێی متمانە ناسیوە، کە بە باشی لە کوردستان و سەرانسەری عێراق و، لە راستی دا لەسەر ئاستی جیهانیش بەهۆی ئەو نووسینگانەی کە هەتانە، جێی خۆی کردووەتەوە. راپۆرتەکانی ئێوە بە بابەتیانە و کوالیتی بەرز دەبینم و، هیوادارم کە بەو شێوەیەی ئێستا لە گۆڕەپانی میدیایی عێراق دا بمێننەوە، زیاتر گەشە بکەن و میدیای زیاتریش هەبن کە هەمان کوالیتی و هەمان تایبەتمەندیی ئێوەیان هەبێت کە جێی متمانەن.
 
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز یان شنایدیف باڵیۆزی کۆماری چیک لە عێراق.
 
یان شنایدیف: دڵخۆش بووم، زۆر سوپاس.