باڵیۆزی رووسیا لە عێراق: وەبەرهێنانی کۆمپانیا رووسییەکان لە هەرێمی کوردستان بە ملیارەها دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی رووسیا لە عێراق دەڵێت، هەرێمی کوردستان ئاییندەیەکی "گەش"ـی هەیە و وڵاتەکە چالاکییەکی "گەورە"ـی ئابووری لە هەرێمی کوردستان هەیە و وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانیان لەبواری نەوت و گاز لە بە ملیارەها دۆلارە.
ئێلبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان، وەبەرهێنانی وڵاتەکە و کاری کۆمپانیاکانیان لە هەرێمی کوردستان، ئاییندەی هەرێمی کوردستان، رەوەندی کوردی لە رووسیا، پەیوەدنییەکانیان لەگەڵ هەسەدە و چەندین پرسی دیکە کرد.
باڵیۆزی رووسیا بۆ عێراق باسی تێڕوانینی خۆی لەبارەی کورد دەکات و دەڵێت، گەلی کورد بۆ ئەوان "نامۆ" نییە و "زۆرباش دەیانناسین." دەشڵێت، "کۆمەڵگەیەکی گەورەی کوردی لە رووسیا هەیە، بەتایبەتی لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا گەورەترین بوو."
ئێلبروس کوتراشێڤ باس لە پەیوەندیی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "دەرگەکانی مۆسکۆ بە رووی دۆستان لە هەموو جیهان کراوەن، لەوانەش عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی."
لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و پەیوەندیی رووسیا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە، باڵیۆزی رووسیا ئاماژەی بەوە دا، "پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەسەدە پەیوەندیی ئاسایی و گفتوگۆیین."
باڵیۆزەکەی رووسیا لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر هەسەدەش گوتی، ئەمریکا چەک بۆ هەسەدە دابین دەکات و پشتیوانی دەکەن، "ئەوان دەیانەوێت هەسەدە لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکاربهێنن وەکو جۆرێک لە کۆمپانیایەکی سەربازی."
لەبارەی رادەستکردنەوەی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری پێشووی سووریا کە ئێستا لە رووسیا دەژی، باڵیۆزی رووسیا ئاماژەی بەوە دا، ئەو پەنابەری مرۆییە و مانەوەی ئەسەد لە رووسیا وەکو پەنابەری مرۆیی، "جێگەی رەزامەندی سەرکردایەتیی سووریای نوێ بوو کە بەشار ئەسەد لە مۆسکۆ دەمێنێتەوە و هیچ مافێکی نییە بۆ هیچ چالاکییەکی نە راگەیاندن و نە سیاسی. بەم شێوەیە ئەو دەمێنێتەوە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئێلبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق:
رووداو: پێش هاتنتان بۆ عێراق و کوردستان، باسی 20 یان 22 ساڵ پێش ئێستا دەکەم، چ بیرۆکەیەکتان لەسەر ئەم ناوچەیە هەبوو؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: بەدڵنیاییەوە بیرۆکەیەکم هەبوو، بەڵام تەنیا بیرۆکەیەکی تیۆری بوو. من لە بەغدا وەکو پاشکۆ و دواتر وەکو سکرتێری سێیەم لە ساڵانی 1999 بۆ 2002 کارم کردووە. بێگومان لەو بارودۆخەدا دەرفەتمان نەبوو سەردانی کوردستان بکەین. بۆیە یەکەم جار لەدوای رووخانی رژێمی سەدام، وابزانم لە ساڵی 2004، سەردانی کوردستانم کرد.
رووداو: لە تێڕوانینی ئێوەدا کوردستان چۆن بوو، چیتان بینی؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: سەرەتا گەلی کورد بۆ ئێمە نامۆ نییە، ئێمە زۆر باش دەیناسین، چەندین توێژەر و زانامان هەن لەسەر پرسی کورد و، زۆربەیان بە رەچەڵەک کوردن. کۆمەڵگەیەکی گەورەی کوردی لە رووسیا هەیە، بەتایبەتی لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا گەورەترین بوو. تاوەکو ئێستاش لە رووسیای فیدراڵدا، لە مۆسکۆ، سانت پیتەرزبێرگ، ناوچەی کراسنادۆر و رەنگە ناوچەکانی دیکەش، کورد وەکو هاووڵاتی رووسی، وەکو بەشێک لە کۆمەڵگەی رووسی بوونیان هەیە.
رووداو: ئایا هیچ ئامارێک لەبارەی ژمارەی ئەو کوردانەی لە رووسیا دەژین، لەبەردەستە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: بەخودا دوودڵم بڵێم ژمارەیان چەندە، چونکە لە رووسیا 300 زمانمان هەیە، هەموویان بوونیان هەیە. بەڵام داوای لێبووردن دەکەم. بێگومان ژمارەکە لە ئینتەرنێتدا هەیە، بەڵام من لێرەدا دەمەوێت بڵێم کە لە کاتی کارکردنم لە وەزارەتی دەرەوە، لە چوارچێوەی کارەکەم لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لانی کەم سێ کوردم بینیوە کە خەڵکی رووسیا بوون. هەمووشیان ئێزدی بوون. نازانم هۆکاری سەرنجڕاکێشیی تایبەتی ئێزدییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا چییە، نازانم، بەڵام گەنجی باش بوون. یەکێکیان لە پۆلیسی تایبەت بە پاراستنی وەزارەت بوو، دووەمیان راهێنەری هونەرە جەنگییەکان بوو لە وەزارەت و، سێیەمیشیان تاوەکو ئێستا وەکو دیپلۆماتکار کار دەکات. رەنگە ژمارەیان زیاتر بێت، بەڵام من ئەوانەم ناسیوە.
رووداو: کەواتە کورد رۆڵێکی دیاری لە بازاڕی کاری رووسیا و وەرگرتنی کار و پۆستدا هەیە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: بێگومان، گەلی کورد بە تواناکانی و بە بڵاوبوونەوەی لە جیهاندا ناسراوە. جێگەی سەرسوڕمان نییە کە رووسیا وڵاتێکە مافەکانی کەمینەکان بە باشی تێیدا دابین کراوە و، هەمووان دەرفەتی یەکسانیان بۆ کار و پێشکەوتن هەیە. بەدڵنیاییەوە مۆسکۆی پایتەخت، وەکو پایتەختی هەموو وڵاتێکی گەورە، ژمارەیەکی زۆری کەمینەکان لەوێن، بۆیە هەندێک جار وا دەرناکەون کە کەمینە بن.
رووداو: بەرێز باڵیۆز عەرەبییەکەت زۆر باشە نەک ئەوەی من هەڵسەنگاندنی بۆ بکەم بەڵام عەرەبی و ئینگلزییەکەت زۆر باشن، دەمەوێ بزانم هیچ لە کوردی فێر بووی؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: بەڕاستی سوپاست دەکەم بۆ ئەم هەڵسەنگاندنەتان بۆ زمانی عەرەبییەکەم، پێویستیی بە راهێنانی بەردەوام هەیە. من یەکەم جار پیتەکانی عەرەبی لە ساڵی 1992 فێربووم. بێگومان ئێستا ئێمە لە ساڵی 2025داین، کاتی ئەوە هاتووە کەمێک باشتر لە جاران قسە بکەم. سەبارەت بە زمانی کوردیش، ئەگەر لە زانکۆدا فێر بوومایە یان دەستم پێکردایە، دۆخەکە ئاسانتر دەبوو، بەڵام ئەو دەرفەتەم نەبوو. من ئێستا خەڵکی بەغدام، چونکە لە بەغدا نیشتەجێم، هەرچەندە بەردەوام سەردانی کوردستان دەکەم. بێگومان داوای لێبووردن دەکەم کە زۆر شت فێر نەبووم جگە لە "زۆر سوپاس". وشەی "سوپاس" هاوشێوەی وشەیەکە کە لە زمانی رووسیدا بەکاریدەهێنین، ئێمە دەڵێین "سپاسیبۆ".
رووداو: چ وشەیەکی دیکە هەیە، چونکە هەندێک لە زمانزانەکان دەڵین زیاتر لە 300 وشەی هاوبەش هەیە، شتێکی دیکەی هاوبەش هەیە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: بەڕاستی 300 وشە جێگەی سەرسوڕمان نییە، بەڵکو پێم سەیرە کە تەنیا 300 وشە هەبێت. من پێموابوو زیاتر بێت، چونکە بەتایبەتی لەم سەردەمەی ئێستا کە تێیدا دەژین، هەموو زمانەکان لێکنزیکبوونەتەوە. ئاڵوگۆڕێک هەیە لەنێوان گەلان و وڵاتاندا، نەک تەنیا بازرگانی، بەڵکو لە قسەکردنیشدا. بەداخەوە دەرفەتم نەبووە بۆ فێربوونی زمانی کوردی. ئەگەر دەرفەتێکم بۆ بڕەخسێت، بێگومان فێری دەبم. ئێستا پەیوەندییەکی تایبەتم هەیە لەگەڵ هەرێم و لەگەڵ دۆستانی کورد. ئەم پەیوەندییە لە ساڵی 2003 دەستیپێکرد، کاتێک لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی کورد و نوێنەرانی پارتە کوردییەکان ئاشنا بووم. زۆربەی کات لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەیوەندیدا بووم. ئەمەش بە رێکەوت بوو، چونکە لەو ماوەیەدا، لە سەردەمی داگیرکاریدا، دۆخەکە زۆر ئاڵۆز بوو. ئینتەرنێت بە شێوەیەکی ئاسایی کاری نەدەکرد، هیچ تەلەفۆنێک نەبوو. لە کاری دیپلۆماسیدا، دەبوایە سواری ئۆتۆمبێل بم و بە شەقامەکانی بەغدادا بڕۆم بەدوای تابلۆی پارتەکاندا بگەڕێم. بە رێکەوت چوومە لای یەکێتی نیشتمانی و یەکگرتووی ئیسلامی. هاوکارم ئەلێکسی سەلاماتین چووە نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و، بەرپرسی نووسینگەکەش هۆشیار زێباری بوو. بەم شێوەیە کرانەوەی ئێمە لەگەڵ هێزە کوردییەکان روویدا. دوای تێپەڕبوونی ساڵێک، ئێمە وەکو شاندێکی فەرمی سەردانی هەردوو هەولێر و سلێمانیمان کرد. بەو شێوەیە دەست بە ئاڵوگۆڕی سەردانەکان کرا، رەنگە ئاڵوگۆڕێکی دوولایەنە نەبووبێت، زۆر سەردانیان نەکردین لە بەغدا، بەڵام ئێمە بە بەردەوامی سەردانی کوردستانمان دەکرد.
رووداو: ئایا ئەو پەیوەندییانە تاوەکو ئێستا بەردەوامن؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: نەک تەنیا بەردەوامن بەڵکو پێموایە بەردەوام لە گەشەسەندندان. ئەگەر لە سەرەتادا پەیوەندییەکی سیاسی دۆستانە بووبن، ئێستا زیاتر دۆستانەن وەک لەوەی سیاسی بن. دەتوانیت هەستی پێبکەیت.
رووداو: رووسیا بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیوەندییەکانی تەنیا لەگەڵ دەوڵەتان نییە، بەڵکو لەگەڵ نەتەوەکانیش هەیەتی. کوردیش وەکو نەتەوەیەک و هێزێکی سەرەکی لە ناوچەکەدا، پێگەیەکی گرنگی هەیە. ئایا هەست ناکەن جۆرێک لە دوورکەوتنەوە لەنێوان رووسیا و کورد، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان دروست بووە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: هەرگیز، هیچ دوورکەوتنەوەیەک رووینەداوە. یەکەم شت ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ هیچ وڵاتێک لە کێبڕکێدا نین. ئێمە بە خۆشحاڵییەوە بە گەرمی پێشوازی لەوە دەکەین ئەگەر وڵاتێکی دیکە چالاکییەکانی لە چالاکییەکانی ئێمە زیاتر بێت لە کوردستانی عێراق. گرنگ ئەوەیە کە ئەم چالاکییە لە بەرژەوەندی هەرێم و لە سوودی گەلەکەیدا بێت. واتە ئێمە لەم رووەوە ئاسوودەین بە دۆخ و پەیوەندییەکانمان لە کوردستان. من وشەی دوورکەوتنەوەم بەلاوە سەیرە، چونکە ئێمە لێرەین، ماوەیەکی زۆرە کۆنسووڵخانەی گشتیمان کردووەتەوە، وابزانم لە ساڵی 2007ەوە بێت. تاوەکو ئێستا چالاکییەکانی ناسراون. پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکانی هەرێم هەیە، جگە لە چالاکیی گەورەی ئابووری، وەبەرهێنانی رووسی لە نەوت و گاز لە کوردستان بە ملیارەها دۆلارە نەک ملیۆنەها.
رووداو: دواتر پرسیاری ئابووری دەکەم، بەڵام بۆچی تاوەکو ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەنجام نەدراوە؟ هیچ پلانێک بۆ رێکخستنی دیدارێکی لەو شێوەیە هەیە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: دەبێت لە جەنابی سەرۆک بپرسین بۆچی کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە نەکراوە. رەنگە سەرقاڵی پرسی وەک ئۆکراینا و پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و بابەتی جەنگ و ئاشتی و بابەتی مانەوەی مرۆڤایەتی لەسەر زەوی بێت، چونکە بەهۆی پێشڤەچوونە نوێیەکان و بەهۆی گەمژەیی ئەوانەی لە وڵاتانی رۆژئاوا دژی ئێمە دەوەستنەوە، جیهان بەرەو جەنگی جیهانی سێیەم دەبەن. ئەمەش نیگەرانمان دەکات. سەبارەت بە سەردانەکانی بەڕێز پووتین، لەم دواییانەدا تەنیا لەو دۆخانەی وەکو بە ئینگلیزی دەڵێین، گەمارۆ چووەتە دەرەوە. لەو رووەوە دەرگەکانی مۆسکۆ بە رووی دۆستان لە هەموو جیهان کراوەن، لەوانەش عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی. بڕوام پێ بکە دۆستان لە هەولێر و سلێمانی ئەم شتە دەزانن و زیاتر لە سەردانێکیان لە ئاستە جیاوازەکاندا ئەنجامداوە. هیچ ئەجێندایەکمان نییە کە رێگری لە سەردانیکردن و دانوستاندن و هاوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات. هیچ ئەجێندایەکمان نییە، نە سیاسی و نە ئەجێندای دیکەش.
رووداو: جگە لە بابەتی ئابووری، دەمەوێت دەربارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە رێگەی تورکیاوە راگیرابوو، پرسیارتان لێ بکەم. تێڕوانینی رووسیا لەسەر ئەم پرسە چییە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: بە دڵنیاییەوە پێشوازی لە هەموو ئەو چارەسەرانە دەکەین کە بە شێوازێکی دیپلۆماسی و دانوستاندن پێیان گەیشتووین، بەتایبەتی ئەگەر بابەتەکە لە نێوان خەڵکانی یەک وڵاتدا لەنێو گفتوگۆدا بێت. ئەمە بە شێوەیەکی گشتی. بە شێوەیەکی تایبەتیش، بێگومان ئێمە بەرژەوەندیمان هەبووە لە دەستپێکردنەوەی ئەم هەناردەکردنە، چونکە کۆمپانیاکانمان لە کوردستان کار دەکەن و وەبەرهێنانی زۆریان هەیە. ئەم کۆمپانیایانەش، وەکو کۆمپانیاکانی دیکە، بەهۆی ئەو راگرتنی هەناردەکردن و ناسەقامگیرییەوە کاریگەرییان لەسەر هەبووە. بە دڵنیاییەوە بە گەرمی پێشوازی لێ دەکەین و هیوادارین لەو بوارەدا بەردەوام بین لە کارکردن. جیاوازیی نێوان رووسیا و وڵاتانی دیکە تەنیا ئەوەیە کە ئێمە لە سەرەتاوە ئەم بابەتەمان بە کارێکی نێوخۆیی عێراقی زانیوە و، رێگەمان بە خۆمان نەداوە دەست لەم بابەتە وەربدەین. من وەکو باڵیۆز زیاتر لە جارێک لە دیدارەکانم لە بەغدا و لە هەولێر و سلێمانی لەگەڵ بەرپرسان، ئەم بابەتەم تاوتوێ کردووە، بە دڵنیاییەوە هەڵوێستێکی پاڵپشتی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتم پێشکێش کردووە. بەڵام هەڵوێستێکی راگەیاندراوی ئاشکرامان نەبوو وەکو هەندێک وڵات کردیان. ئەم بابەتە هەستیار بوو، بابەتێکی نێوخۆیی بوو، بۆیە ئێمە بەپێی توانامان بەشداریمان لە دۆزینەوەی چارەسەردا کرد. من ناڵێم کە ئێمە رۆڵێکی گەورە یان گەورەترمان لەوانی دیکە هەبووە، بەڵام ئەم بابەتە لە سەرەتای کێشەکەوە لە چەقی بایەخدانماندا بووە.
رووداو: ئایا دەزانن چەند کۆمپانیای رووسی و بە چ بڕە پارەیەک لە ماوەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا زیانیان کردووە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سەتان ملیۆن دۆلار و ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە. راستییەکەم پێناڵێن، بۆیە بە دڵنیاییەوە زیادەڕۆیی هەیە، رەنگە زیادەڕۆیی لەم بابەتەدا هەبێت و، رەنگە نەبێت. من نازانم، ئەوە بەرپرسیارێتی من نییە کە زیانەکانیان بزانم. مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیاکان لەسەر ئەوە دامەزراوە کە ئەگەر شتێکیان لێم بوێت، من وەکو باڵیۆزی فیدراڵی رووسیا لە خزمەتیاندام. بەڵام ئەگەر شتێکیان نەوێت، من بە راستی زۆر لەبارەی کارەکانی کۆمپانیاکانمان نازانم، بەتایبەتی سەبارەت بە بابەتی پارە و خەرجی و قازانجەکان. هەر پیاوێکی بازرگان، بەتایبەت ئەوەی پارەیەکی زۆری هەیە، پرسیاری لێ بکە چۆن دەستی پێکردووە، ئەو دەڵێت من هەژارم هیچم نییە.
رووداو: سەبارەت بە کۆمپانیا رووسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان و عێراق، ئایا ئەو گەمارۆیانەی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا خستوویانەتە سەر رووسیا، بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم کارەکانیان لە عێراق؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: سەبارەت بە سزاکان، بەشێوەیەکی سرووشتی سزاکان شتێکی خراپن. ئێمە سزاکان بە نایاسایی دادەنێین. سزای یاسایی تەنیا دەکرێت لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بە بڕیارێک بسەپێندرێت. بەڵام ئەگەر سزاکان لە دەرەوەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش بن، ئەوانە سزای تاکلایەنە و نایاسایین. بە واتایەکی دیکە لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە بە راستی نایاسایین، چونکە ئەمە شێوازێکە بۆ سزادانی بازرگانی ئازاد و مامەڵەی ئازاد و، شێوازێکی نایاساییە بۆ گوشار خستنە سەر وڵاتان. بەڵام لە دەرئەنجامی ئەو سزایانەی بەسەر رووسیادا سەپێنران چی روویدا؟ یەکەم شت، شانازی دەکەین بڵێین کە رووسیای فیدراڵیی پلەی یەکەمی جیهانی وەرگرتووە لە رووی قەبارەی سزاکانەوە. واتە سزای سەپێنراو بەسەرماندا. لە رووی ژمارەشەوە، زیاترە لە سزای سەپێنراو بەسەر ئێران، کۆریای باکوور، کووبا و وڵاتانی دیکە کە بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنن. ئەزموونێکی زۆرمان هەیە لەم رووەوە. یەکەم شت، دەرکەوت کە ئەم سزایانە سەرکەوتوو نین، سەرکەوتوو نین چونکە زیانیان بەوانە گەیاند کە سەپاندیان. ئەوانەی سزاکانیان بەسەرماندا سەپاند، بوونە یەکەم قوربانی. دۆخی ماندووی ئابووری ئەورووپا بەڵگەیەکی روونە لەسەر ئەوە، ئەو کێشانەی کە دروست بوون، هەرچەندە زۆر گەورە نین بەراورد بە ئەورووپا، بەڵام ئەوانەی لەسەر ئابووری ویلایەتە یەکگرتووەکانیش دروست بوون بەڵگەن لەسەر ئەوە. سەبارەت بە ئێمەش، بێگومان ئێمە بەدەست ئەم سزایانەوە ناڵاندمان، بەڵام سەرسام بووین بەوەی کە کاریگەری راستەقینەی زۆر کەمتر بوو لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا. لە سەرەتادا کاتێک دەستیان بە شەڕی سزاکان دژی رووسیا کرد، ورەمان جێگیر نەبوو چونکە ترس هەبوو، بەتایبەتی لەنێو بازرگاناندا. بەڵام دواتر دەرکەوت کە دۆخەکە ئەوەندە خراپ نییە، بۆیە دەتوانرێت بەسەر ئەم سزایانەدا زاڵبین. گرنگ ئەوەیە کە ئارەزوویەکی جیهانی هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم سزایانە. کەواتە، ئەزموونمان لەم بابەتەدا هەیە و، دۆستمان هەیە. سەبارەت بە عێراقیش، لێرە بێگومان وەکو گوتم، ئەو سزایانەی بەسەر کۆمپانیا رووسییەکاندا سەپێنراون، رێگر دەبن لە چالاکی ئەم کۆمپانیایانە. بەڵام با سەیر بکەین، راستییەکە ئەوەیە کە وەبەرهێنانەکانی کۆمپانیای لوک ئۆیل لە عێراق زیاتر لە 11 ملیار دۆلارە. ئەمە بەشێکی گرنگی تواناکانی پیشەسازی عێراقە لەسەر ئاستی نیشتمانی. ئەگەر ئاستەنگ لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بەسەر کۆمپانیای لوک ئۆیلدا سەپێنرا، ئایا عێراق وەڵام دەداتەوە بە وتەی "ناتوانین مامەڵە لەگەڵ ئەم زیاتر لە 11 ملیار دۆلارەدا بکەین کە لە ئابوورییەکەماندا وەبەرهێنراوە"؟ یان وەڵام دەداتەوە "نا، پێویستە پارێزگاری لەم 11 ملیار دۆلارە بکرێت"؟ تەنیا 11 ملیار دۆلاری سڕکراو نییە، بەڵکو ژمارەیەکە کە دەکرێت زیاد بکات. گفتوگۆ و مامەڵە هەیە لە نێوان لایەنە عێراقییەکان و لایەنە رووسییەکان بۆ کردنەوەی پڕۆژەی نوێ. ئەوانە پڕۆژەن بە وەبەرهێنانی رووسی. ئەو سزایانە هەنگاوێکی نادروست و ناژیرانەن، نە دۆخی رووسیا و نە دۆخی هاوبەشەکان لە جیهاندا رەچاو ناکەن. بۆیە چارەنووسیان شکستە.
رووداو: ئایا کارەکانی کۆمپانیای لوکئۆیل و گازپرۆم وەکو پێشتر بەردەوامن؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: گازپرۆم، رۆسنەفت، کۆمپانیای KPC کە رووسیا خاوەنی 60%ی پشکەکانییەتی، هەموویان لە کوردستان کار دەکەن. بێگومان ناتوانم بڵێم دۆخیان نایابە، چونکە کوردستان بە دۆخی ئێستایەوە دوبەی نییە. دۆخی کوردستان لە رووی ئابوورییەوە بەهۆی رووداوگەلێکەوە ئاڵۆزە کە ئێوە باش ئاگادارن. بەڵام کۆمپانیاکان هێشتا ماون و سەرەڕای ئاستەنگەکان لە کارەکانیان بەردەوام دەبن، چونکە لە کۆتاییدا وەبەرهێنانیان کردووە، سەتان ملیۆن دۆلاریان لە پڕۆژەکاندا وەبەرهێناوە. کەواتە ناتوانرێت ئەم وەبەرهێنانانە بکشێنرێنەوە و بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی دیکە. ئەم سەرمایەیە لە زەویدا دانراوە. ئەوانە وەبەرهێنانی زۆر گرنگن. جگە لەوەش، بازرگانی دەبێت سەیری داهاتوو بکات، هەرچەند کێشەی ئەمڕۆ هەبێت، دەبێت سەیری دوای ئەوە بکات، واتە سبەی چی دەبێت. لەو رووەوە ئێمە پێمانوایە ئەم هەرێمە بە سامانە سروشتییەکانی و دۆخی نێوخۆیەوە داهاتوویەکی ئابووری گەش و ئومێد بەخشی هەیە. دەبێت ئامادە بین و کۆمپانیاکانمان هان بدەین بۆ کارکردن.
رووداو: جگە لە کەرتی نەوت و غاز، رووسیا حەز دەکات لە چ کەرتێکی دیکەی هەرێمی کوردستاندا وەبەرهێنان بکات؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: راستگۆیانە بڵێم، ئەم پرسیارە بۆ پیاوانی خاوەنکارە. ئەگەر من لە بازرگانیدا بەهێز بوومایە، باڵوێز نەدەبووم، دەبوومە بەڕێوەبەر لە کۆمپانیایەکدا.
رووداو: مەبەستم ئەوەیە، ئەو بازرگانانەی رووسیا کە دەیانەوێت لە عێراق وەبەرهێنان بکەن و دێنە لای ئێوە، زیاتر سەرنجیان لەسەر چییە یان عێراق زیاتر داوای چی دەکات؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: بە راشکاوی دەڵێم، بۆ ئێمە ئابووریی عێراق شتێکی نامۆ نییە و دەیزانین. لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتەوە لە چەندین بواردا ئەزموونمان هەیە، بەتایبەتی وزەی کارەبا، ئاو، پیشەسازی. بەهۆی چەند هۆکارێکی ناسراوەوە وەکو داگیرکردنی کوێت، گەمارۆی سەر عێراق، دواتر داگیرکردنی عێراق لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانییەوە و، ئەو پشێوییەی دوای ئەوە دروست بوو، هەرچەندە دواتر هەناسەیەکی ئاسوودەیی بۆ گەلی عێراق هات، بەڵام پاشان جەنگی دژ بە داعش دروستبوو. سەرجەم ئەو رووداوانە رێگەیان پێنەداین بە خێرایی بگەڕێینەوە بۆ ئەو بوارانەی کە تێیدا ئامادە بووین. ئەمە یەکەم. دووەم، وەکو بە رووسی دەڵێین، یاسا بایۆلۆجییەکان هەن. ئەو سۆڤێتی و رووسانەی لە شەستەکان و حەفتاکاندا لە عێراق کاریان دەکرد، ئێستا لە کوێن؟ هەندێکیان لە ژیاندا ماون و، هەندێکیشیان نەماون، بەڵام دڵنیام کار ناکەن. بەهۆی ئەو کێشانەی لە نەوەدەکانەوە دەستیان پێکرد، نەوە پێشوومان کە ئەزموونی لە عێراقدا هەبوو، نەمان. نەوەی نوێی ئێستا ئەزموونی نییە. کەواتە ئەو بۆشاییەی نێوان نەوەکان دروست بووە. ئەمە شتێکە دەکرێت تێپەڕێندرێت، چونکە رووسەکان لای عێراقییەکان پەسەندن، تەنانەت لە رووی مەعنەویشەوە. واتە، کاتێک وشەی "عێراق" بە هەندێک لە خەڵکی جیهان دەڵێین، هەست بە ترس دەکەن. رووسەکانیش بێگومان هەموویان دڵخۆش نین بە بیستنی وشەی "عێراق"، چونکە لە راگەیاندنەکاندا عێراق زۆرجار تەنیا کاتێک باس دەکرێت کە کێشەیەک هەبێت. بەڵام لە لایەکی دیکەوە، هەڵوێستی گشتیی رووسیا بەرامبەر عێراق زۆر ئەرێنییە، چونکە ئێمە کاتی هاوکاریمان لەبیرە و، بە گشتی لە عێراقەوە هیچ شتێک دژی رووسیا رووینەداوە کە لای خەڵک و لای منیش ناسراو بێت. داوای لێبووردن دەکەم کە وەڵامەکەم درێژ بوو. ئێمە کۆمپانیاکانمان هان دەدەین بێنە عێراق و لە بوارە جیاوازەکاندا کار بکەن، تەنیا لە نەوت و گازدا خۆمان سنووردار ناکەین. لێرەدا ئەگەر رێگەم پێبدەن، چەند کێشەیەک بۆ ئەم بابەتە هەن، بەربەستگەلێک هەن کە دەبێت تێیانپەڕێنین. هەندێک لەو بەربەستانە تایبەت نین بە عێراق. بۆ نموونە، کێشەی سیستمی سزاکان. هەر بازرگانێکی رووسی کە لەگەڵ عێراق مامەڵە دەکات، پرسیاری یەکەمی ئەوەیە چۆن پارە دەدات یان چۆن پارە وەردەگرێت؟ دەتوانرێت چارەسەرێک بۆ ئەم بابەتە بدۆزرێتەوە، چونکە کۆنترۆڵکردنی سیستمی دارایی جیهانی بۆ لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ هاوپەیمانەکانیشی مەحاڵە. بابەتێکی دیکەش، من بە راشکاوی وەکو دۆستێکی عێراق قسەتان لەگەڵ دەکەم، لە رووی راکێشانی وەبەرهێنەرانەوە پێویستە هەندێک هەوڵدان هەبێت دروستکردنی میکانیزمێک هەبێت. ناتوانرێت کەسێکی نامۆ بێتە عێراق و وەبەرهێنان بکات و سەرکەوتوو بێت. تۆ هۆکارەکان دەزانیت، ئەم وڵاتە تایبەتمەندیی خۆی هەیە. قسەی من بە هیچ شێوەیەک رەخنە نییە، چونکە لای ئێمە لە رووسیاش دۆخەکە بەنزیکەیی وایە. بۆ نموونە، رووسیای فیدراڵ وڵاتێکی زۆر گەورەیە، کەشوهەوای وەبەرهێنەران لەوانەیە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاواز بێت. لەو رووەوە، هەندێک ناوچەی رووسیامان هەیە کە کەشوهەوای وەرگرتنی وەبەرهێنەرانیان ناتوانرێت بە عێراق بەراورد بکرێت چونکە زۆر خراپترە لە عێراق. بۆیە قسەی من رەخنە نییە، قسەی من ئامۆژگارییە.
رووداو: لە لێدوانێکدا گوێم لێتان بوو کە باسی سەرەتای شەڕی داعشتان دەکرد، کاتێک نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق، پەیوەندیی بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاوە کردبوو. دەکرێت باسی رۆڵی ئەوکاتی رووسیا لە پشتیوانیکردنی عێراق بکەن؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: ئەم بابەتە دەتوانرێت فیلم و درامای لەسەر دروست بکرێت، چونکە ئێستا تەنانەت ئێمەش سەرسام دەبین کە خۆمان شایەتحاڵی ئەو رووداوانە بووین. ئەگەر 11 ساڵ بگەڕێینەوە دواوە، سەرسام دەبین چۆن رووداوەکان بەو شێوەیە پەرەیانسەند. بەڕاستی ئەمە قسەی ئەوان بوو کە پێیان گوتم، لای منیش پشتڕاست کراوەتەوە، ئەمە لە دۆستە عێراقییەکانمەوەیە. کاتێک جەنگ دژی داعش دەستیپێکرد و داعش هەڕەشەی لە بەغدا دەکرد، دەرکەوت کە نە ئەمریکییەکان و نە هاوپەیمانەکانیان نەیاندەویست بە شێوەیەکی ماددی هاوکاریی عێراق بکەن. هەروەک چەندین جار بەڕێز سەرۆکوەزیرانی پێشوو نوری مالیکی رایگەیاند و گوتی رەتیانکردەوە تەنانەت یەک فیشەکیشمان بدەنێ. هۆکار چی بوو؟ قورسە لێدوانی لەسەر بدرێت. من پێموایە کە داعش وەکو دیاردەیەک بەرهەمی ئەمریکایە، رەنگە هەموو ئەمریکییەکان ئەم شتە نەزانن، بەڵام من شێوازی کارکردنیان دەزانم بۆیە سەرسام نابم بە کارێکی لەم جۆرە لەلایەن ئەوانەوە. ئەمە بۆ روونکردنەوەی ئەوەی کە ئەوان نەیاندەویست لە سەرەتای رووداوەکاندا شەڕ لە دژی داعش بکەن. یاخود لەوانەیە شەڕی مەرجدار، رەنگە مەرجیان هەبووبێت، رەنگە بیر لەوە کرابێتەوە کە داعش، کاتێک دەڵێم بیر لەوە کرابێتەوە ئەمە واتای ئەوەیە کە بە کورتبینییان بیر لەوە کرابووەوە وەکو هەمیشە، چونکە هەڵوێستیان لەبەرچاونگرتبوو. رەنگە بیر لەوە کرابێتەوە کە داعش شێوازێکی گوشارە لەسەر حکومەتێکی لایەنگری ئێران لە بەغدا. من نازانم، بەڵام دۆخەکە بەو شێوەیە بوو. نوری مالیکی راستەوخۆ رووی لە سەرۆک پووتین کرد و داوای یارمەتیی لێکرد. بڕیاری سەرۆک پووتین زۆر خێرا بوو. گوتی کاتمان نییە بۆ دروستکردنی فڕۆکەی جەنگی بۆ ئێوە و یەدەگیشمان نییە. بۆیە ئەو فڕۆکانەی ئێستا لای سوپاکەمانە بۆتان دەنێرین. فڕۆکە رووسییەکان گەیشتنە ئاسمانی عێراق. بێگومان فڕۆکەوانەکان عێراقی بوون، فڕۆکەی رووسی بەڵام فڕۆکەوانی عێراقی. واتە فڕۆکەکان پێش واژۆکردن گەیشتن. نازانم، رەنگە لە سەرەتادا پێنج یان شەش دانە بووبن، نەک زیاتر. بەڵام لێرەدا گرنگ ئەوە بوو کە فڕۆکەکان هاتن، هەرچەندە ژمارەیان زۆر زۆر نەبوو، هاتن و ورەی هەردوولایان گۆڕی، بۆ لایەنی داعشی و لایەنی عێراقیش، چونکە سەربازی عێراقی تێگەیشت کە ئەوان بەتەنیا نین و بەجێ نەهێڵدراون، چونکە فڕۆکەکان لە رووسیاوە هاتبوون و بنکەکانی داعشیان بۆردوومان دەکرد. داعش تێگەیشت کە عێراق بەتەنیا شەڕ ناکات و دۆست و هاوپەیمانی هەیە.
رووداو: ئەو پشتیوانییە لە چ رۆژ و مانگێکدا بوو و بۆ چ ماوەیەک بەردەوام بوو؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: ئەگەر بمزانیبایە کە پرسیارێکی لەم جۆرە دەکرێت، ئەوا خۆم ئامادە دەکرد. من لەو ماوەیەدا لە سووریا بووم، دۆخێکی زۆر ئاڵۆز و گرژمان هەبوو. بێگومان ئێمە لە دیمەشقەوە چاودێریی دۆخی هەموو ناوچەکە و بەتایبەتی عێراقمان دەکرد. بەڵام باوەڕم پێبکە لەو ماوەیەدا بیرکردنەوەکانم ئەوە بوو ئایا دەتوانم ئەگەر خودا نەخواستە گرووپێکی تیرۆریستی چووە دیمەشقەوە، ئایا کاتم دەبێت کەلوپەلەکانم کۆبکەمەوە و بڕۆم یان بەبێ کەلوپەلەکانم بڕۆم یان رەنگە بکوژرێم؟ ئەگەر گرتیانم، بیرم لەوە دەکردەوە کە خێرا بمکوژن بەبێ ئەشکەنجەدان. ئەمە بیرکردنەوەکانم بوون. بۆیە داوای لێبووردن دەکەم لە وردەکارییەکان سەبارەت بە جەنگی دژی داعش لە عێراق. ئەمە بە هەر حاڵ جەنگی هاوبەشی ئێمە بوو. بەشداریی رووسیا لە سووریا زۆر گەورەتر بوو لە بەشدارییەکەی لە عێراق. لە عێراق رۆڵی سەرەکی بۆ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و ئەوەی پێیدەگوترێت هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بوو، بەڵام بەشداریی ئێمەش هەبوو، لە بەشێکی زۆر هەستیار لەو رووداوانەدا رۆڵێکی گەورەمان گێڕا.
رووداو: رووسیا لە کوێدا بەشێک بوو لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: ئێمە بەشێک نەبووین لەو هاوپەیمانێتییە، چونکە بانگهێشت نەکرابووین. وەکو دەزانیت، ئەوە سەردەمێک بوو کە ئێمە هەڵوێستی تەواو جیاوازمان هەبوو. من بە وشەیەکی دیپلۆماسی دەڵێم، سەبارەت بە رووداوەکانی سووریا و تەنانەت لەسەر بابەتی داعشیش. مێژووی داعش زۆر سەیرە، دانپێدانانی ئەمریکی هەیە کە ئەوان داعشیان دروستکردووە. من سەیرم لێ نایەت کە ئەمریکییەکان نەیاندەویست هیچ هاوئاهەنگییەک لەگەڵ رووسیا هەبێت. بەڵام بە هەموو بەرپرسیارێتییەکەوە ئەمە تێڕوانینی بەهێزی منە، ئەگەر سەرکەوتنەکانی رووسیا نەبووایە لە سووریا بەسەر داعش و گرووپە تیرۆریستییەکاندا، من کە دەڵێم سەرکەوتنەکانی رووسیا، مەبەستم سەرکەوتنەکانمان هاوبەش بوون، رووسی، سووری، هێزە یاریدەدەرەکان لە ئێران، لە لوبنان، لە وڵاتانی دیکە. ئێمە پێکەوە دەستمان بەسەرکەوتن بەسەر تیرۆردا کرد لە سووریا. ئەمەش هانی ئەمریکییەکانی دا کە دەبێت ئەوانیش شتێک بکەن، چونکە ئەگەر وا نەبووایە، هەموو سەرکەوتنەکان رووسی دەبوون. ئایا ئەمە بەشدارییەکی زیادەی رووسی نییە لە سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا لە عێراق؟
رووداو: ئەو کاتە نووری مالیکی بەپەلە فڕۆکە و هەلیکۆپتەری جەنگیی لە رووسیا کڕی. وا دیارە ئێستا عێراق چەک لە رووسیا ناکڕێت یان پرۆسەکە وەستاوە، هۆکارەکەی چییە؟ ئایا رووسیا فرۆشتنی چەکی بە عێراق راگرتووە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: بەڕاستی ئەم بابەتە هەستیارە. بێگومان، میدیا دەیەوێت هەموو شتێک بەدەستبهێنێت کە دەتوانرێت لە باڵیۆز وەریبگیرێت. لەوانەیە من دوای تێپەڕبوونی 20 تاوەکو 30 ساڵ بە وردی لەسەر ئەم بابەتە بدوێم کاتێک نهێنی لەسەر ئەم دۆسیانە هەڵدەگیرێت. بەڵام بەگشتی دەڵێم پەیوەندییەکانی هاوکاریکردنی سەربازی و تەکنیکی لە نێوان رووسیا و عێراق بەردەوامە. چەندین لایەن لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن. ئەم هاوکارییە لە نێوانماندا زۆر سرووشتییە و، شتێکی نە نوێ و نە نائاساییە، بەڵکو پێتان دەڵێم بابەتێکی زۆر رۆتینییە. بێگومان، لە بارودۆخی ئێستادا، دەکرێت بڵێین لە 2003ەوە کاتێک ئەمریکییەکان هەوڵیان دا قۆرخکاری لە بواری چەک لە عێراقدا بکەن، هاوکارییەکە کەمێک قورستر بووە لە جاران. بەڵام شانازی دەکەم کە بڵێم هەر چەندە هەوڵی نەیارەکانمان زۆر بێت، هاوکاریی رووسی-عێراقی بەردەوامە، چونکە دۆستی عێراقی، من ئەمە دووبارە دەکەمەوە، دۆستی عێراقی چەکی رووسی خۆشدەوێت و لەسەر چەکی رووسی راهاتووە. دوای تێپەڕبوونی 22 ساڵ لە کۆنترۆڵی ئەمریکی بە جۆرێک لە جۆرەکان و، هەوڵەکانی کۆنترۆڵی ئەمریکی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان لە عێراقدا، لەسەرووی هەموویانەوە بابەتی چەکداری، ئەوان لەم بابەتەدا شکستیان هێناوە. سەرەڕای بوونی چەکی جۆراوجۆر لە عێراقدا، دەبینین کە زۆربەی ئەم چەکانە تاوەکو ئێستا رووسی و سۆڤیەتین. رەنگە مۆدێلێکی ئەم چەکە لە وڵاتانی تر کڕیبێتیان، بەڵام بنەچەی ئەم چەکە، رووسیایە. بەڵکو زیاتر لەوەش، هاوڕایی و ویستێکی هاوبەش هەیە بۆ زیاترکردنی ئەمە. بە دڵنیاییەوە، لەوانەیە روویدابێت کە عێراق نەیتوانیبێت زۆر شت بکڕێت، بۆ نموونە لە کاتی شەڕی داعش زۆری دەکڕی چونکە یەکەم، پێویستییەکی بەپەلە بوو، دووەم، دەستێوەردانی گەورەی رۆژاوا لەم بابەتەدا نەبوو. ئێستا رەنگە دەستێوەردانەکان زۆر بەهێز بووبن. ئێوە لە کوردستانی عێراق دەزانن چۆن ئەمریکییەکان هەندێک جار تەنانەت لەگەڵ دۆستەکانیشیان مامەڵە دەکەن، ئیدی واز لەوانە بێنە کە دۆست نین. من نامەوێت زۆر درێژەی بدەمێ، بەڵام گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە لە بابەتی چەکدارکردنی عێراقدا، لای رووسیای فیدراڵ هیچ ئەجێندایەک نییە، هیچ شتێک نییە کە رێگەمان لێبگرێت لە دابینکردنی هەر شتێک بۆ عێراق کە داوای دەکات. بەپێی چاودێریکردنی من بۆ ئەم بابەتە، ئاساییە کە رەنگە عێراق ئێستا توانای نەبێت، یان رەنگە رووسیا کە ئێستا دژی تەواوی هاوپەیمانی ناتۆ رووبەڕووی شەڕێکی پڕۆکسی بووەتەوە. ئێمە دژی ئۆکراینا شەڕ ناکەین، ئێمە دژی سیستەمی ناتۆ بە تەواوی شەڕ دەکەین بە هەموو کۆگەکانی چەک و جبەخانەکانیانەوە، بە هەموو پیشەسازییە سەربازییەکانیانەوە، بە هەموو ژمارەی دانیشتووانیانەوە، بە هەموو توانای داراییانەوە. ئێمە رووبەڕووی شەڕێکی گشتگیر بووینەتەوە. لەو رووەوە، هەندێک جار جۆرە چەکێکی دیاریکراو ناتوانین بیفرۆشین چونکە پێویستیمان پێیەتی. ئێمە بەرەیەکی شەڕمان هەیە، بەرەیەکمان هەیە کە 600 هەزار شەڕکەر رۆژانە شەڕی تێدا دەکەن.
رووداو: دەربارەی شەڕی ئۆکراینا، ئایا رووسیا لە بەرەکانی شەڕدا پێشڕەوی دەکات؟ ئایا ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، نیازی راگرتنی شەڕەکەی هەیە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: یەکەم شت، پلانەکە ئەوە بوو لە سەرەتای رووداوەکاندا ئۆکراینا ناچار بکەین بۆ ئاشتی. پلانەکە پلانی جەنگێکی تایبەت بۆ سێ ساڵ و نیو یان زیاتر نەبوو. بەڕاستی ئەم پلانە سەرەتا سەرکەوتوو بوو. شەڕەکە دەستی پێکرد و نزیکەی دوو مانگ دواتر لەگەڵ ئۆکراینییەکان بە نێوەندگیریی بێلارووس و تورکیا گەیشتینە فۆرمی رێککەوتنامەیەکی ئاشتی. بەو پڕۆژەیە، پڕۆژەی رێککەوتنەکە، هەموو ئەوەی رووسیا دەیویست جێگیر کرابوو. بەڵکو شتێکی نهێنی نییە کە ئۆکراینییەکان پێش ئێمە کەوتبوون بە پێشکێشکردنی هەندێک خاڵ لەو پڕۆژەیەدا کە ئێمە دەمانویست، بەڵام ئەوان پێش ئێمە کەوتن بە قبووڵکردنیان چونکە دەیانزانی رووسیا چی دەوێت. بۆیە دەیانویست چارەسەرێکی خێرا بدۆزنەوە. دواتر بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەو کاتەدا، کە رووبەڕووی کێشە لە نێوخۆی بەریتانیادا ببووەوە و دەیویست خۆی وەکو دیپلۆماتکارێکی گەورە نمایش بکات، قەدەخەی خستە سەر حکومەتی ئۆکراینا بۆ واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە. من نامەوێت هەموو بەرپرسیارێتییەکە بخەمە ئەستوی بۆریس جۆنسۆن، هەرچەندە ئەوەی کردی کارێکی شێتانە بوو، دەتوانین بڵێین کە ئەو هۆکاری درێژبوونەوەی جەنگەکەیە. دەتوانین گاڵتە بەم بابەتە بکەین، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە و قەبارەی وێرانکارییەکان، ژمارەی کوژراوان، ژمارەی برینداران، ژمارەی بێوەژنەکان، ژمارەی هەتیوان بژمێرین، ئەوا بۆریس جۆنسۆن رۆڵێکی گەورەی هەیە لەم بابەتەدا. نامەوێت بەردەوام بم لەسەر ئەم بابەتە چونکە وشەی بەڕێزم نییە بۆ وەسفکردنی ئەم دۆخە. بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئۆکراینییەکان، ئەمە پاساو بۆ هەڵوێستەکەیان ناهێنێتەوە چونکە دەبوو بڕیاری خۆیان هەبێت، بڕیاری کەسێکی بیانی نەبێت کە بێت و بەسەریاندا بیسەپێنێت. بەڵام ئەو دەرفەتە لەدەست درا. بۆیە رووداوەکان لە کۆنترۆڵ دەرچوون، چونکە مەبەستمان ئەوە بوو سیستمی ئۆکراینا ناچار بکەین بە رێککەوتن، لەسەرووی هەمووشیانەوە هێرش نەکردنە سەر ناوچەکانی دۆنباس و دۆنێتسک و لوهانسک. ئێمە پێش ئۆکراینییەکان کەوتبووین بە هێرشکردن چونکە ئەوان خەریکی دەستپێکردنی هێرشێک بوون بۆ سەر ئەو ناوچانە و ئەنجامدانی پاکتاوکردنی دیمۆگرافی لەوێ.
رووداو: وەکو خۆتان ئاماژەتان پێ دا شەڕەکە ئەو هەموو کوژراو و بریندار ە بێوەژن و منداڵی بێسەرپەرشتی لێ کەوتووەتەوە. ئایا هیچ پلانێکتان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە هەیە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: زیاتر لە پلانێک هەیە. پلانێکی رووسی هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر بۆ ئەم جەنگە و دەرچوون لێی، چەسپاندنی ئاشتی بۆ هەمیشە. پلانی دیکەش هەن، وەکو ملکەچپێکردنی رووسیا. بەپێی ئەزموونەکانی دیکە، چونکە رووسەکان گەمژەن، دەتوانرێت ملکەچ بکرێن و باوەڕیان پێبکرێت کە ئێمە جەنگەکە رادەگرین و جارێکی دیکە دەرفەت دەدەین بە ئۆکراینا بۆ دووبارە چەکدارکردن و دووبارە کۆکردنەوەی هێزەکانی.
رووداو: ئێستا رووسیا بەرەو کام سیناریۆ هەنگاو دەنێت و بژاردەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری چین؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: هەموو جیهان دەزانێت کە ئێمە ئاشتیمان دەوێت لە ئۆکراینا، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئاشتییەکی گشتگیر بێت بە چارەسەرکردنی هۆکارەکانی ئەم جەنگە، هۆکارە بنچینەییەکانی ئەم جەنگە. هەموو ئەوەی ئێستا روودەدات لە پێشنیازەکان لە لایەنە جیاوازەکانەوە، هۆکارەکان چارەسەر ناکەن، ئەوان دەرەنجامەکان چارەسەر دەکەن. ئێمە باوەڕ بەم جۆرە چارەسەرانە ناکەین. بۆچی؟ چونکە ئێمە ئەزموونی پێشوومان هەیە. ئەگەر رێگەم پێبدەیت، لە ساڵی 2014 راپەڕینی خەڵک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا روویدا. ئەم راپەڕینە بە چەک سەرکوت کرا. ئێوە لە کوردستان باش دەزانن چۆن ئەم شتانە روودەدەن. رووسیا دەستێوەردانی کرد و جەنگەکەی راگرت و، لە ساڵی 2015 جەنگەکە راگیرا. پرۆسەیەکی چارەسەر رێکخرا لە نێوان ئۆکراینا وەکو ناوەند، کیێڤ و رۆژهەڵاتی ئۆکراینا و، ناوچەی دۆنباس کە زۆرینەی رووسن، بەڵام لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوودا دەبوو چارەسەر بدۆزنەوە. دۆخێکی زۆر هاوشێوەی دۆخی کوردستان لە عێراق. نزیکەی هەمان ژمارەی دانیشتووان لەو کاتەدا بۆ ئۆکراینا و لە عێراق هەبوو. گەلی کورد ژمارەی وەکو ژمارەی رووسەکانی نەتەوەی رووسە بە رەگەزنامەی ئۆکراینی لە ئۆکراینا. بە دڵنیاییەوە هەمان بوونی جوگرافی دەتوانرێت بگوترێت، لە پەراوێزی وڵاتەکە، نەک لە ناوەڕاستی وڵاتەکە. هەمان هەڵوێست لەلایەن ناوەندەوە، هەڵوێستێکی تووند، هەڵوێستێکی خوێناوی، هەڵوێستێکی توندوتیژ و مامەڵەکردن لەگەڵ راپەڕینی ئەو کەسانەی هاتنە سەر شەقامەکان و داوای مافەکانیان دەکرد. هێزە چەکدارەکان دژیان نێردرا. ئایا ئەمە راستە؟ راست نییە. کورد لە عێراق لە کاتی پرۆسەی ئەنفالدا کەسیان نەبوو بۆ پاراستنیان. بەڵام کوردە رووسەکان لە ئۆکراینا برایەکی گەورەیان هەبوو، ئێمە دەستێوەردانمان کرد بۆ پاراستنیان. بەڵام نەک بۆ پارچەپارچەکردنی ئۆکراینا. داوامان کرد چارەسەرێک بدۆزرێتەوە لە نێوان رۆژهەڵاتی ئۆکراینا و ناوەند. چی روویدا؟ چوارچێوەیەکیان بۆ چارەسەر دروستکرد بە بەشداری فەرەنسا و ئەڵمانیا و هەندێک لایەنی دیکە و، بە دڵنیاییەوە بە بەشداری ئەمریکییەکان. هەموویان لە ماوەی هەشت ساڵدا درۆیان دەکرد کە دەیانەوێت چارەسەر هەبێت، لە کاتێکدا چەکیان بۆ ئۆکراینا دابین دەکرد و مەشقیان بە هێزە ئۆکراینییەکانیان دەکرد. ئۆکراینایان ئامادە دەکرد بۆ جەنگ دژی رووسیا. دواتر چی روویدا؟ دواتر هەریەک لە مێرکڵ و هۆلاند دوای دەستلەکارکێشانەوەیان دانیان بەمەدا نا، دەڵێن ئێمە ئاشتیمان نەدەویست، ئێمە چارەسەرمان نەدەویست، ئێمە دەمانویست دەرفەتێکی دیکە بە ئۆکراینا بدەین. ئایا ئێستا دوای هەموو ئەوەی کە روویدا، هەمان ئەزموون دووبارە دەکەینەوە؟ گەلی رووس گوێدرێژ نین. ئێمە لەوانەیە جارێک هەڵە بکەین بەڵام دوو یان سێ جار هەڵە ناکەین.
رووداو: جەنابی باڵیۆز، راپۆرت و ڤیدیۆ هەن باس لەوە دەکەن هاووڵاتیی عێراقی لە بەرەکانی شەڕی ئۆکراینا لە ریزی سوپای رووسیادا شەڕ دەکەن. ئێوە لەسەر ئەمە چی دەڵێن؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: من سەرسام نیم بەم بابەتە، چونکە ئەگەر خواستێکی گەورە هەبێت، دەتوانرێت کەمێک قووڵتر لە ئینتەرنێتدا بگەڕێین و کەسانێک لە زۆر نەتەوەی جیاواز بدۆزرێنەوە کە لەم رووداوانەدا لە هەردوولا بەشدارن. ئێستا، بۆ نموونە، خۆبەخشەکان لە ئیسرائیلەوە هەن کە بۆ لایەن و رژێمی ئۆکراینا شەڕ دەکەن.
رووداو: ئایا چەند عێراقی هەن لەنێو سوپای رووسیادا شەڕ دەکەن؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: من لە کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانی لە بەغدا ئەم بابەتەم بە وردی خستەڕوو، بۆیە دووبارەی ناکەمەوە، چونکە هیچ شتێکی نوێ نییە. ئەم حاڵەتانە هەن، بەڵام تاکەکەسین و قەبارەیان ئەوەندە نییە کە هەندێک کەس هەوڵدەدەن بانگەشەی بۆ بکەن. وەکو تاک هەن، ئێمە ئەوە دەزانین، چونکە ئەوەندەی لەبیرم بێت، رەنگە دوو یان سێ جار، رەنگە زیاتر، چوار جار، ڤیزامان داوە بە کەسوکاری کوژراوان کە چوون بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکانیان. ئەوە راستیی بابەتەکەیە، ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەوان لەوێ هەن. بەڵام ژمارەیان چەندە؟ من هیچ ژمارەیەکم نییە. دووبارەی دەکەمەوە، شتێکی گرنگ هەیە، ئەم جەنگە جەنگی رژێم دژ بە رژێم نییە. بۆ ئێمە ئەمە جەنگی گەلەکەمانە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی. هەموو رووسێک هاوڕێی هەیە یان خزمی هەیە کە لە بەرەکاندا شەڕ دەکەن. من زۆر لە خزم و هاوڕێیانم، یان خزمانی هاوڕێیانم، یان هاوڕێی هاوڕێیانم هەن. ئێمە بەردەوام لەگەڵیاندا لە پەیوەندیداین، تەنانەت بۆ پشتگیریی مەعنەوی، یارمەتییان بۆ دەنێرین گەر شتێکی سادەش بێت. ئەوەی لە بەرەکان شەڕ دەکات دەزانێت کە لەلایەن نیشتمانەکەیەوە پشتگیریی لێ دەکرێت، نەک تەنیا حکومەت، بەڵکو لەلایەن گەلەکەشییەوە. بۆیە زۆر هەواڵ لەوێوە دێت سەبارەت بەوەی چی روودەدات، بەڵام من هیچ شتێکم نەبیستووە لەسەر بوونی بیانییەکان بە هیچ شێوەیەک. مەبەستم ئەوەیە نەمبیستووە گەر بیانییەکان لە لایەنی رووسی بن، بەڵکو لە لایەنی ئۆکراینی بیانییەکان هەن. ئێمە دیلمان لەوان هەیە، تەرمەکانیانمان هێناوەتەوە، بەڵگەنامەکانیانمان هێناوەتەوە، موڵکەکانیان دۆزراونەتەوە، هەندێکیان بە ناویان و شوێنی سەربازی و هەواڵگرییان لە وڵاتەکانیان ناسراون. بەڵام گەر باسی لایەنی رووسی بکەین، بەڕاستی هیچ شتێک نییە باس بکرێت. تەلەفزیۆنی رووسی جار نا جارێک راپۆرت بڵاودەکاتەوە بۆ نموونە خۆبەخشێک لە ئەمریکای لاتینەوە هاتووە بۆ رووسیا و پەیوەندی بە سوپای رووسیاوە کردووە و شەڕ دەکات و لەگەڵ هاوڕێیانی وێنە دەگرێت. ئەوان لە هەموو پرۆسەکەدا هەن و بۆ ئەم حاڵەتە هاتوون. بۆیە من دەڵێم ئەم حاڵەتانە تاکەکەسین و بەم شێوەیە فراوان نین. بەڵام من گەر رێگەم بدەن، لەم بارەیەوە دەبێت سوپاسی هاووڵاتییانی عێراقی بکەم کە ئەم هەڵوێستەیان هەیە، کە هەڵوێستێکی پاڵپشتیکاری رووسیایە. بە دڵنیاییەوە من داوای لێبوردن دەکەم گەر یەکێک لەوان بریندار یان کوژرابێت، جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە ئێمە ئەوانمان وەرنەگرتووە، ئەوان وەکو خۆبەخش هاتوون.
رووداو: ئایا هیچ پاداشتێک وەرناگرن؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: سەرەتا ئەوەی کە کەسێک مووچە وەردەگرێت، مانای ئەوە نییە کە بەکرێگیراوە. پۆلیس مووچە وەردەگرێت و بەکرێگیراو نییە. سەرباز مووچە وەردەگرێت و بەکرێگیراو نییە. تەنانەت بێژەریش لەم ستۆدیۆیەدا مووچەی هەیە و بەکرێگیراو نییە. باڵوێزیش، من بە مووچە دەژیم. سەبارەت بە خۆبەخشەکان، ئێمە دەوڵەتین، تەنانەت خۆبەخشەکانی ئێمەش بەپێی توانامان مووچەیان پێدەدەین. لە هەر بوارێکدا بێت، بوارگەلێک هەن کە هیچ دەرفەتێک نییە بۆ پێدانی مووچە بە خۆبەخش، بۆ نموونە کاتێک چالاکییە ئایینییە ئیسلامییەکان لە مۆسکۆ رێکدەخرێن، خۆبەخشانێک لە موسڵمانان بەشداری دەکەن لە رێکخستنی کارەکاندا لە دەرەوەی زانکۆ و لەنێو زانکۆدا، هیچ شتێکیان پێنادرێت. بەڵام ئەگەر کەسێک ماوەی چەند مانگێک یان چەند ساڵێک لە شوێنێکی دیاریکراودا کار بکات، من ناڵێم کە مووچە وەرناگرێت، ئەی بە چی دەژی؟
رووداو: دەگوترێت وەرگرتنی ڤیزای رووسیا لەلایەن هاووڵاتییانی عێراقەوە مەرجی هەیە و پێویستی بە بانگهێشتنامەیە. مەرجەکان چین و هاووڵاتیی عێراقی چۆن دەتوانێت ڤیزای رووسیا بەدەست بهێنێت؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: شەهیان، ئەمە شتێکی هاوبەشە. کارمان هاوبەشە، ئازارمان هاوبەشە، ئومێدمان هاوبەشە، لەسەر بنەمای ئەوەی کەسێک کە 40 رۆژ لەگەڵ گەلێکدا ژیا، دەبێتە بەشێک لەوان. من چەندین جار 40 رۆژم لەگەڵ هەموو لایەنەکان، هەموو چین و توێژەکانی گەلی عێراقدا بەسەر بردووە. کەواتە من بە سرووشتی خۆم دەمەوێت دەرگە بە رووی عێراقییەکاندا بکەمەوە بۆ سەردانیکردنی رووسیا، بۆ سەردانی گەشتیاری و بازرگانی و کولتووری بۆ رووسیا. بەڵام بەداخەوە، سنووردارکردن لەسەر ئەمە سەپێنراوە. من بەپێی توانای خۆم بۆ لایەنی عێراقی هەوڵدەدەم، بەڵام بابەتەکە سەختە. بێ گومان ئەوەی دەڵێم بەشێکی کەمی گاڵتەیە، بەڵام بەشێکی زۆری ئەمە شتێکی جدییە. کێشەکە لێرە ئەوەیە یەکەم، ئێمە هیچ شتێکمان نییە دژی عێراقییەکان وەکو دوژمن. هەرگیز، بەڵکو بە پێچەوانەوە، عێراقییەکان لای ئێمە هەموویان وەکو کەسانی رێزدار ناسراون. بۆ نموونە، نێوبانگی خوێندکارانی عێراقی لە رووسیا زۆر باشە. لە یەکێک لە هەڤپەیڤینەکانمدا گوتم کە خوێندکارانی عێراقی زیاتر خەریکی هاوڕێ کچە رووسییەکانن وەک لە وانەکان، ئەمە لە بابەتی گاڵتە بوو. جا لە کۆبوونەوە رۆژنامەوانییەکەدا من ناچار بووم ئەمە بڵێم، چونکە ئەو بێژەرەی کە من هەڤپەیڤینم لەگەڵدا دەکرد سوور بوو لەسەر بەشداریکردنی عێراقییەکان لە شەڕی ئۆکرانیادا. تا ئەو رادەیەی گەیشتە ئەوەی کە هەواڵ هەبوو گوایە خوێندکاران ناچار دەکرێن واز لە وانەکان بێنن و بچنە جەنگەوە. منیش وەڵامم دایەوە کە ئەگەر خوێندکارێکی عێراقی واز لە وانەکان بێنێت، نەک لەبەر شەڕ، بەڵکو لەبەر هاوڕێ کچەکان بێت، ئەوا بێگومان ئەمە شتێکی ئاساییە. ئێستا هەر کەسێک لە رووسیا بخوێنێت و بگەڕێتەوە نیشتمانەکەی، دەبینین کە پشتگیری لە نێوبانگی خۆی دەکات، پشتگیری لە پۆستەکانی دەکات، پشتگیری لە پۆستبەرزکردنەوەیەکی گەورە دەکات. ئەمە بەخێرهاتنی لێدەکرێت. دەگەڕێینەوە سەر بابەتی ڤیزا. ئێستا دۆخی ئەمنی لە رووسیا ئاڵۆزە، چونکە رووسیا رووبەڕووی شەڕێکی میدیایی و شەڕی سزاکان نەبووەتەوە، بەڵکو شەڕی بە وەکالەتە، بەڵام ئەم شەڕە بە وەکالەتە شەڕێکی خوێناوییە لەسەر خاکی ئۆکراینا دژ بە ئێمە. ئێمەش رووبەڕووی شەڕی تیرۆر دەبینەوە. هەوڵ هەیە بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی لەنێو رووسیادا لەلایەن هەواڵگریی ئۆکراینی و ئەوانەی لەگەڵیان وەستاون. بۆیە لەم رووەوە، وەکو رووسەکان، بەتایبەتی لەم قۆناخەدا، دەبێت زۆر ئامادە و وریابین. پێویست ناکا بیرتان بخەمەوە، یان رەنگە پێویست بکات، مەبەستم رووداوە خوێناوییەکەی ناوەندیی بازرگانی کرۆکۆس سیتی هۆڵە. ناوەندێکی بازرگانییە کە خەڵک تێیدا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی پشوو بدەن. گرووپێک لە تیرۆریستان چوونە ناوی، ئاژەڵگەلێکی قسەکەر بوون و دەستیان کرد بە کوشتنی خەڵک، تەقەیان لێکردن. ژمارەی قوربانییەکان لەوێ زیاتر لە 100 کەس بوون. ئینجا ئەوانە بەپەلە روویان کردە سنووری ئۆکراینا و پێش ئەوەی سنووری ئۆکراینا ببەزێنن، دەستگیرکران. تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێ، چونکە دەرکەوتووە کە ئەم تیرۆریستانە، پێشینەی تیرۆریستییان نییە، هیچ پێشینەیەکی تیرۆریستییان نەبووە، ئەندامی هیچ گرووپێکی تیرۆریستی نەبوون، بە هیچ دۆسیەیەک لەلای دەزگا ئەمنییەکان، نە رووسی و نە ناڕووسی، ناسراو نەبوون. خەڵکانێکی سادە بوون کە بە شێوەیەک دامەزرێنرابوون نازانم چۆن، وردەکارییەکان نازانم، بەڵام چەکیان وەرگرتووە و بە شێوەیەکی یاسایی لەنێو رووسیا بوون. یەکێک چەکی پێداون و چوونەتە ناوەندێکی بازرگانی و دەستیان کردووە بە کوشتنی خەڵک و ئەمەیان وێنە گرتووە وەک ئەوەی داعشن. هەوڵیان دا خۆیان وەکو داعش پێشانبدەن، تەنانەت هەندێک قوربانیشیان بە چەقۆ سەربڕی، بەڵام بە شێوەیەک بوو کە تەنانەت ئەزموونیان لەم بابەتەدا نەبوو. بۆیە بێگومان رووسیا ناچارە رێکارە ئەمنییەکان توند بکاتەوە و نەچێتە سەر کراوەیی زیاتر. من گەرەنتیتان پێدەدەم، بەڵێنتان پێدەدەم کە دوای دەرچوونمان لە قەیرانی ئۆکراینا و دوای جێگیربوونی بارودۆخەکان، رەنگە عێراق لە یەکەمین وڵاتان بێت کە بابەت و کێشەی ڤیزا و هەموو شتێکی بۆ بکەینەوە، چونکە راستییەکەی ئێستا ئێمە کراوەیی گشتیمان هەیە بۆ عەرەبەکان، لەگەڵ هەندێک وڵاتی کەنداو گەیشتووینەتە هەڵوەشاندنەوەی سیستمی ڤیزا. ئەمە شتێکە پێشتر قورس بوو پێشبینی بکرێت. عێراق دۆستێکی دێرینی ئێمەیە، چۆن ناکرێت لەسەر ئەم بوارە هاریکاری لەگەڵدا نەکەین؟
رووداو: رووسیا تاوەکو کەی دەیەوێت هێزەکانی لە سووریا بمێننەوە؟ دۆخی هێزەکانی رووسیا لە بانیاس و بنکەی حمێمیم ئێستا چۆنە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: بە دڵنیاییەوە ئێستا پێویستییەکی سەربازی نییە بۆ مانەوەی هێزەکانمان لە سووریا، چونکە ئەوە بۆ شەڕکردن بوو دژی گرووپە تیرۆریستییەکان. ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، ئێمە بەشدار نین لە هیچ شەڕێک لەسەر خاکی سووریا. لە لایەکی دیکەوە، ئەم بنکانە رەهەندێکی ستراتیژییان هەیە و تایبەت نین بە سووریا. بۆیە نەیارەکانمان دەزانن مەبەست چییە کاتێک دەمانەوێت لەو بنکانە بمێنینەوە. گرنگ لێردا ئەوەیە سیستمی نوێی سووریا چی دەوێت و چۆن بیردەکاتەوە؟ پێشبینییەکان لە سەرەتادا ئەوە بوون کە رەنگە داوای رۆیشتنی رووسیا بکات. لەوانەیە ئەمە شتێکی گونجاو بووبێت لەو ماوەیەدا، من باسی رووداوەکانی مانگی دیسێمبەری رابردوو دەکەم. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەرکەوت کە تاوەکو ئێستا بنکەکان ماون و هێزیان تێدایە. بێ گومان ژمارەی هێزەکانی ناو بنکەکان، من وشەی بنکەکان وەکو زاراوە بەکاردەهێنم، بنکەیەکی ئاسمانی حمێمیم هەیە کە دەبێت لەم دۆخەدا ئەوەندەی پێویست بێت تێیدا بێت. کەواتە لەو بنکانە هێزەکان زۆر کەمترن لەوەی کە پێشتر هەبوون، بەڵام ماون.
رووداو: ژمارەیان چەندە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: نازانم، رەنگە نیو بێت، رەنگە زیاتر بێت. ئەم زانیارییانە زانیاریی نهێنین. دوای 20 ساڵ، یاخود دوای لەسەرکارلادانم یان دەستلەکارکێشانەوەم لە وەزارەتی دەرەوە، باسی ئەم بابەتە دەکەینەوە. بەڵام گرنگ ئەوەیە کە بەڕاستی ژمارەیەکی زۆرن و لەوێن. بەڵام مانەوەیان لە سووریا ئیستا رەهەندێکی سیاسی و ستراتیژی هەیە کە زۆر زیاترە لە سەربازی، چونکە ئەم بنکانە بەڵگەن کە سیستمی حوکمڕانی لە سووریا گۆڕا، بەڵام پەیوەندییەکانی ئێمە هەر ماون تەنانەت لەم بابەتە هەستیارەشدا. تا ئێستا پەیوەندییەکی چالاکمان لەگەڵی حکومەتی سووریا هەیە و، شاندەکان سەردانی یەکدی دەکەن. دواجار ئەحمەد شەرع سەردانی مۆسکۆی کرد، پێش ئەوەش زیاتر لە شاندێکی باڵای رووسی سەردانی دیمەشقیان کردبوو. بۆیە لەوێ کۆبوونەوە و دانوستاندنی ورد هەبوون لە ئاستی سەرکردایەتییەکاندا، واتە ئەفسەر نا، بەڵکو لە ئاستی سەرکردایەتیی دەزگا هەواڵگرییەکان و وەزیرانی بەرگری و وەزیرانی دەرەوەدا. زۆر وردەکاری باسیان لێوە کرا، بەڵام باسی داخستنی بنکەکان نەکرا و هەر ماون.
رووداو: لە سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ مۆسکۆ، حکومەتی سووریا داوای کردووە کە بەشار ئەسەد رادەست بکرێتەوە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: پێموایە کە لەم سەردانەدا داوایان نەکردووە، رەنگە داوایان نەکردبێت. ناتوانم بڵێم سەد لە سەد بەڵام دەڵێم 99٪ داوایان نەکردووە. پێشتر یەکەمجار داواکراوە و، بابەتەکە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە لە کاتی سەردانی نوێنەری سەرۆکی رووسیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بریکاری وەزیری دەرەوە، بەڕێز بۆگدانۆڤ، کە ئێستا خانەنشینە. کەسایەتییەکی ناسراوە. ئەو بە سەرۆکایەتی شاندێکی گەورە چووە دیمەشق، لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە. سەرەتا داوای کردبوو کە دەبێت بەشار ئەسەد رادەست بکرێت. لێرەدا لێکدانەوەی لایەنی رووسی ئەوەیە کە ناتوانرێت رادەست بکرێت، چونکە پەنابەری مرۆییە، بۆیە ناتوانرێت رادەست بکرێت. پەنابەری مرۆییش، بەپێی لێکدانەوەی ئێمە بۆ وشەکە، جیاوازە لە پەنابەری سیاسی. پەنابەری سیاسی واتە هەر کەسێک بە شێوەیەکی سیاسی داوای پەنابەری کردبێت و، بەردەوام دەبێت لە چالاکیی سیاسی و لە رووی تیۆرییەوە رەنگە لە کاتێک لە کاتەکاندا رادەستی وڵاتەکەی یان نیشتمانەکەی بکرێتەوە. بەڵام پەنابەری مرۆیی واتە فڵان کەس ناتوانرێت رادەستی نیشتمانەکەی، یان وڵاتەکەی بکرێت چونکە ئەمە مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی. ئەم قسەیە جێگەی رەزامەندی سەرکردایەتی سووریای نوێ بوو کە بەشار ئەسەد لە مۆسکۆ دەمێنێتەوە و هیچ مافێکی نییە بۆ هیچ چالاکییەکی نە راگەیاندن و نە سیاسی. بەم شێوەیە ئەو دەمێنێتەوە. هیچ شتێکتان دەربارەی بیستووە؟ نەتانبیستووە. بۆچی؟ چونکە مافی نییە، بەڵام ئەو لە شوێنێکی ئارامدا دەژی.
رووداو: باسی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هەسەدە بکە. ئەمریکا و فەرەنسا داوایان کردووە دان بە مافی کورددا بنرێت لەنێو حکومەتی سووریا و هەسەدە ببێتە بەشێک لە سوپای ئەو وڵاتە. روانگەی رووسیا لەسەر ئەم پرسە چییە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: یەکەم شت من دەمەوێ بڵێم کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەسەدە پەیوەندیی ئاسایین، دەڵێم دۆستانەن، بەڵام پەیوەندیی گفتوگۆیین. سەبارەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەوان لایەنێکن کە چەک بۆ هەسەدە دابین دەکەن و پشتیوانیی دەکەن. وەکو دەردەکەوێت دەیانەوێت هەسەدە بەکاربهێنن لە بەرژەوەندی خۆیان وەکو جۆرێک لە کۆمپانیایەکی سەربازیی تایبەت. ئەمە هەڵوێستی ئەمریکایە بەرامبەر بە هەسەدە. کوا هەڵوێست بەرامبەر هەسەدە کە هێزێکی سەربازی و سیاسییە؟ لەم رووەوە ئێمە هانی دیالۆگ دەدەین لە نێوان دیمەشق و هەسەدە. لە سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەد ئێمە هانی ئەم دیالۆگەمان دەدا و وەک ناوبژیوان بەشدار بووین. ئێستاش هانی ئەم دیالۆگە دەدەین هەرچەندە ئێستا ناوبژیوان نین.
رووداو: کەواتە رووسیا پاڵپشتیی ئەوە دەکات دان بە مافی کورددا بنرێت لەنێو دەسەڵاتی نوێی سووریا و هەسەدە ببێتە بەشێک لە سوپای نوێی سووریا؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: سەرەتا ئەمە شتێکی زۆر گرنگە، ئێمە لەوەوە دەستپێدەکەین کە ئەم بابەتە دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە لە چوارچێوەی دیالۆگێکی نیشتمانیدا. ئەم پرسە شتێکی نێوخۆیی سووریایە. ئەوەی رووسیا بیری لێدەکاتەوە، لەوانەیە بیری لێ بکاتەوە و لەوانەشە بیری لێ نەکاتەوە، بەڵام ئەوەی ئێمە بیری لێ دەکەینەوە، زۆربەی جار بۆ بڵاوکردنەوە نییە، چونکە ئەگەر شتێک لەم هەڵوێستە بڵاوبکرێتەوە، دەبێتە کارتی گوشار. بۆ نموونە تۆ چوویتە نێو هەڵوێستە ئاشکراکەمانەوە. ئێمە، رووسیای فیدراڵ، دەوڵەتێکی فیدراڵین، پێمگوتی 300 زمان و زیاتر لە 80 هەرێممان هەیە. لەوانەیە لە عێراق یەک هەرێم هەبێت، ئێمە 80 هەرێممان هەیە. لەو رووەوە ئێمە بە سرووشتی داوا دەکەین کە هەموو نەتەوەیەک دەبێت مافی زمانی خۆی مسۆگەر بکات، لە سەروویانەوە مافەکانی زمان، چونکە جەنگی ئۆکراینا بەهۆی سەپاندنی قەدەخەکردنێک لەسەر زمانی رووسی لە ئۆکراینا دەستیپێکرد. بیهێنە پێش چاوی خۆت ئەگەر قەدەخەکردنێک لەسەر بەکارهێنانی زمانی کوردی لە عێراقدا بسەپێنرێت، نەک لە بەغدا و بەسرە، بەڵکو لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک، چی روودەدات؟راپەڕین و جەنگ. مافی زمان، مافە کولتوورییەکان، مافە ئابوورییەکان، مافە کارگێڕییەکان، مافە سیاسییەکان، بەپێی یاسا و دەستوور، دەبێت هەموو ئەو مافانە مسۆگەر بکەین. سەبارەت بە وردەکارییەکان، تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا، یان مانەوەی هەسەدە وەکو لایەنێکی لاوەکی، تێکەڵکردنیان وەکو گرووپێکی تەواو، یان تێکەڵکردنیان وەکو تاک، سوپاس بۆ خودا هیچ پێویستییەکمان نییە دەست لەم وردەکارییانە وەربدەین، بەڵکو ئێمە داوا دەکەین کە ئەم بابەتانە دەبێت لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن، چونکە ئەگەر دیالۆگ نەبێت، چی روودەدات؟ روونە.
رووداو: گوتتان کە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکی و بەریتانی لە باڵیۆزخانەکەتان لە بەغدا چاودێرییان کردوون، ئایا ئەو کارە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: دەبێت لەوان بپرسیت، من پەیوەندیم لەگەڵ ئەوان نییە.
رووداو: ئەی چۆن زانیتان؟ پێشتر گوتت چاودێریمان دەکەن، بەڵام ئێستا نازانیت بەردەوامە یان نا؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: شەهیان، من دەمەوێت ئەوە بڵێم، ئەمە شتێکی زانراوە لای هەمووان کە ژیانی دیپلۆماسی ژیانێکە بەردەوام چاودێری دەکرێت. ئێمە لەسەر ئەم بابەتە و بابەتەکانی دیکە راهاتووین. ناتوانرێت، بەتایبەتی لەم سەردەمەی ئێستادا، ئێمە مۆبایلمان هەیە. مۆبایل باشترین ئامرازە بۆ سیخوڕی لە جیهاندا، چونکە دەتوانرێت مۆبایلەکان بەبێ ئاگاداری خاوەنەکانیان کاریان پێ بکرێت. مۆبایلەکان لە گیرفاندان و بۆ سیخوڕیکردن بەکاردێن. مایکرۆفۆن و کامێرا پێکەوە بەکاردەهێنرێن ئەگەر پێویست بێت، دەکرێت هەموو نامەکان بخوێنرێنەوە. دەکرێت هەموو پەیوەندییەکان چاودێری بکرێن. ئێمە لەم جیهانەدا دەژین. جیهان بووە بە شتێکی شەفاف. بە دڵنیاییەوە، سەرنج لەسەر هەندێک بەرپرسی دیاریکراو هەیە، لەوانەش دیپلۆماتکاران. ئێمە سەرمان سوڕنامێنێت لەسەر ئەم بابەتە. بەشێوەیەکی سرووشتی ئێمە ئامرازمان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەوڵانە. نازانم ئەم هەوڵانە تا چەند کاریگەرن. بۆ نموونە ئەمریکییەکان گلەییان نەکرد لەوەی کە من ناهێڵم دەرفەتیان هەبێت. سەبارەت بە دۆخی ئێمە لە عێراق، من لێرە پێویستە سەرەتا سوپاسی سەرکردایەتی و گەلی عێراق بکەم لەسەر باشیی پێشوازی و میواندارییان. دۆخی ئێمە لە عێراق، دۆخی باڵیۆزخانە لە بەغدا و دوو کۆنسووڵخانەی گشتی لە هەولێر و بەسرە، دۆخێکی زۆر نایابە. ئێمە لە وڵاتێکی دۆستداین. ئێمە زۆر دۆستمان هەیە، زۆر لایەنگرمان هەیە. ئەگەر دەرفەتمان هەبێت لەگەڵ خوێندکاران، لەگەڵ خەڵک، هەمیشە تێڕوانینی ئەرێنی هەیە. لە رێگەی کارکردن لە عێراقدا، ئەزموونی زۆر بەنرخ بەدەست دەهێنین بۆ بەردەوامیدان بە کارەکانمان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق یان لە وڵاتێکی دیکە. تەنانەت دەبێتە دیاردەیەک کە دیپلۆماتکاری رووسی کە لە عێراق کاری کردووە، دواتر بەردەوام سەردانی دەکات. من دەتوانم بڵێم کە لە بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ئێمە دوو گرووپمان هەیە، گرووپی عێراقی و گرووپی سووری، چونکە هەموو ئەوانەی لە یەکێک لەو دوو وڵاتەدا کاریان کردووە، پێکەوە گروپێک پێکدەهێنن. بۆ نموونە دیپلۆماتکارانی رووسی، چونکە دیپلۆماتکارمان هەیە کە لە وڵاتانی جیاوازدا کاریان کردووە، بەڵام تەنیا ئەوانەی لە سووریا و عێراق کاریان کردووە کاتێک کەسێکی دیکە دەبینن کە ئەویش لە سووریا و عێراق کاری کردووە، هەست دەکەن کە ئەو برایەتی. تەنانەت دیپلۆماتکارێکی بیانی، من پێتدەڵێم کاتێک لە دیپلۆماتکارێکی بیانی دەبیستم، گەرچی لە وڵاتێکی دۆستیشمان نەبێت، ئەگەر زانیم کە بۆ نموونە پێشتر لە سووریا کاری کردووە، ناتوانم وەکو نامۆ مامەڵەی لەگەڵدا بکەم. هەست دەکەم کە نزیکم لێی، گەرچی دۆستیشم نەبێت بەڵام نزیکم لێی. لێرە کەشێکی تایبەت هەیە. کەشێک جیاوازە لە وڵاتانی دیکە. من بۆچی درێژەم بەم قسەیە دا؟ کارکردن لە عێراق لایەنێکی ئەمنیی هەیە. وەکو چۆن ئێمە لە ساڵی 2006 پێنج کەس لە باڵیۆزخانەکەمان لەدەست دا لە ئەنجامی رفاندن و کوشتنیان لەلایەن قاعیدە لە عێراق. لەو رووەوە ئێمە لێرە لە بارودۆخێکی ئەمنیی تایبەتدا دەژین. ئێمە ناتوانین وەکو هاوڵاتییەکی عێراقی بژین. من بۆچی درێژەم بەم قسەیە دا، داوای لێبووردن دەکەم، بەڵام من پێش هەموو شتێک سوپاسی دەزگای ئەمنییەکانی عێراق دەکەم لەسەر دابینکردنی ئاسایشی ئێمە، لەسەر پاراستنمان، لەسەر چاودێریکردنمان. سوپاسی حکومەت دەکەین، چونکە ئەگەر ئەم چاودێرییە نەبوایە، نەماندەتوانی کار بکەین. سەبارەت بە چالاکی CIA یان ئەوانی دیکە، خودا تەندروستییان باش بکات با کار بکەن. بەڵام لانیکەم دۆخی ئێمە لێرە لەم رووەوە باشترە لە دۆخی هاوپیشەکانمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و لە هەندێک وڵاتی ئەورووپی کە گوشارێکی راستەوخۆ و نائەخلاقییان لەسەرە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییە نێوخۆییەکانەوە. دوایین جار یەکێک لە هاوڕێکانم لە یەکێک لە وڵاتانی باڵتیک کاری دەکرد. راستەوخۆ کەسێک هات و گوتی: "من لە دەزگای هەواڵگریم، یان هاوکاریمان دەکەیت یان دەرتدەکەین، وەکو کەسێکی نەخوازراو". هاوڕێکەم وەڵامی دایەوە: "ئایا تۆ وادەزانیت کە وڵاتەکەت تا ئەم رادەیە گرنگە؟ کاتێک تۆ دوو بژاردەم دەدەیتێ." بە دڵنیاییەوە ئەمە روویدا. ئەم دیپلۆماتکارە وەڵامی دایەوە: "باشە، ئیدی کارە دیپلۆماسییەکەت لە وڵاتەکەمان کۆتایی هات." لەوانەیە تەمبەڵ بن، لەوانەیە گێل بن، بەڵام بابەتەکە سێ مانگی خایاند پێش ئەوەی یاداشتێک بگاتە باڵیۆزخانەکەمان کە فڵان ”کەسێکی نەخوازراوە". ئەم بارودۆخە نائاساییانە هاوپیشەکانمان لە چەندین وڵاتدا تێیدا دەژین. یان هەڵمەتەکانی دەرکردن کاتێک بە یەکجار رایدەگەیەنن دەیان دیپلۆماتکار کەسی نەخوازراون. هەموو ئەم شتە سوپاس بۆ خودا لێرە لە عێراق بوونی نییە. ئێمە زۆر ئاسوودەین. خودا ماڵی CIA وێران بکات.
رووداو: دوایین پرسیارم لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراقە. کەمپەینی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت و چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ رۆژی دەنگدان. پرۆسەکە تاوەکو ئێستا چۆن بەڕێوەچووە و پێشبینیی ئێوە چییە، ئایا هەڵبژاردنێکی دوور لە دەستێوەردان ئەنجام دەدرێت؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: من لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار نیم، نە وەکو بەربژێر و نە وەکو دەنگدەر. بەڵام بانگهێشت کراوین بۆ چاودێری کردن و، وەکو چاودێر بەشدار دەبین. ئێمە ئەزموونی پێشترمان هەیە لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکان وەکو چاودێر. ئێمە وەکو میوانی ئەم وڵاتە، بە شێوەیەکی سرووشتی پشتگیری لە پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەکەین لە کاتی خۆیاندا. پێش هەموو شتێک، بەدواداچوون بۆ گۆڕانکارییەکان دەکەین. پێویستی چییە بۆ هەڵسەنگاندن؟ دۆخی عێراق چۆنە؟ خوا نەخواستە، ئایا شیاوی تەقینەوەیە یان جێگیرە؟ سوپاس بۆ خودا، تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی مەترسیدار تا رادەیەکی دیاریکراو نابینین. سەبارەت بە تۆمەتە ئاڵوگۆڕکراوەکان و هەڵمەتی تۆمەتبارکردنی ئەم دواییە، لە هەموو هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا ئەم دیاردەیە هەیە. گرنگ ئەوەیە کە بەربژێرەکان لە عێراق دووچاری کردەوەی تیرۆرکردن نەبوونەتەوە. لەم رووەوە، ئەو کەسەی رەخنە لە عێراق دەگرێت، دەمەوێت بیری بهێنمەوە کە لە ئەمریکا دوو جار هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ درا پێش ئەوەی هەڵبژێردرێت، دوو جار. یەکەم جار بە رێکەوت سەری پێوە نەبوو. سەری گەورەیە، ماشاڵڵا. ئەو پیاوێکە قەبارەی گەورەیە و دەنگی بەرزە. بۆیە لەم رووەوە ئەگەر عێراق بە وڵاتانی دیکە بەراورد بکەین، ئەوا هەڵوێستی من ئەوەیە کە سوپاس بۆ خودا کارەکان بە شێوەیەکی باش بەڕێوە دەچن. من هەستدەکەم تەنانەت ئەم هەڵمەتە ئارامترە بەراورد بە هەڵمەتەکانی پێشوو. بەڵام ئەمانە هەستێکی کەسین، لەوانەیە هەڵە بم، ئەگەر هەڵەم داوای لێبوردن دەکەم.
رووداو: گفتوگۆیەکی زۆر بەرهەمدار بوو، زۆر سوپاس. ئێلبروس کوتراشێڤ باڵێۆزی رووسیا لە عێراق زۆر سوپاس.
ئێلبروس کوتراشێڤ: زۆر سوپاس بۆ ئەم گفتوگۆیە و ئارامگرتنتان.
رووداو: سوپاس