سری ساکک بۆ رووداو: نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی کاریگەر لە پرۆسەی چارەسەریدا دەگێڕێ


رووداو دیجیتاڵ 

سری ساکک، پەرلەمانتاری دەم پارتی کە دێرینترین پەرلەمانتاری کوردە لە پەرلەمانی تورکیادا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دایەوە.
 
ساکک دەڵێ، ئەو سیاسەتەی تورکیا کە لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە کورد دامەزراوە و ماوەیەکی دوور و درێژە دەستیپێکردووە، لەم ساڵانەدا گەیشتووەتە دۆخێک کە چی دیکە لەلایەن دەوڵەتەوە درێژەی پێ نادرێت و کاری لەسەر ناکرێ. هەروەها دەڵێ عەبدوڵڵا ئۆجەلان 40 ساڵە ئامادەیی خۆی بۆ هەر جۆرە دیدارێک لەپێناو چارەسەرکردن نیشانداوە و ئامادەیە. 
 
تورگوت ئۆزاڵ، هەشتەمین سەرۆککۆماری تورکیا، یەکەمین سەرۆککۆمار بوو کە لە پرۆسەی ئاشتیدا هەنگاوی نا. ئەوکات سری ساک لەسەر داواکاریی ئۆزاڵ سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی کورد کۆبووەوە و تاوتوێی پرۆسەی ئاشتییان کرد. 
 
لەمبارەیەوە ساکک گوتی: "ئەوکات نیگەرانیی بەڕێز ئۆجەلان ئەوە بوو کە ئۆزال لاوازە و هێزەکانی نێو دەوڵەت دەتوانن بیکوژن، کە هەرواش دەرچوو. هێشتا ئێمە لە شام بووین، هەواڵی مردنی ئۆزالمان پێگەیشت. بەڵام ئەمڕۆ زەحمەتە لەنێو دەوڵەتدا چەتەی هاوشێوە بدۆزیتەوە". 
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوەیەکی داخراو رایگەیاند، نیگەرانیی لەدەستدانی دەنگ، کاردانەوەی جەماوەرە نەتەوەییەکە و زۆر شتی دیکە هۆکارن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی داخراو بەڕێوەببرێ. هەروەها باسی لە بوونی چەند لایەنێکی دژی پرۆسەکە کرد.
 
ساکک گوتی، لە پرۆسەی چارەسەریدا لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بە تەواوی هاوڕا نین و تێڕوانینیان جیاوازە، بەڵام هاوڕان لەسەر ئەوەی پرۆسەکە لەڕێی دانوستاندنەوە بگاتە ئەنجام.
 
هەروەها لەبارەی بوونی هەڵمەتی دژی پرۆسە و هەوڵەکانی تێکدەری، ساکک رایگەیاند، ئەو کارانە لەلایەن نەتەوەپەرستەکانەوە دەکرێن و گوتی:"ئەگەر ئاشتی بەدی بێت، ئەوانە ناتوانن بچنە سەر شاشە، ناتوانن نەتەوەپەرستی و نەتەوەپەرستی بفرۆشنەوە، بۆیە بە گوتاری تووند هەوڵی هاندانی کۆمەڵگە بۆ خراپە دەدەن". 
 
کۆماری تورکیا تاوەکو ئێستا هیچ وڵاتێکی وەکو چاوی سێیەم یان وڵاتی چاودێر بۆ پرۆسەی چارەسەری پەسندنەکردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە کە شاندی دەوڵەت و دەم پارتی بە فەرمی بۆی هاتوون و تاوتویی پرۆسەکەیان کردووە. 
 
سری ساکک رایگەیاند، دڵنیا نییە لەوەی ئایا هەرێمی کوردستان وەک چاوی سێیەم دەبینرێ یان نا، هاوکات گوتی:"بەشداربوونی لایەنەکانی باشووری کوردستان لەم پرۆسەیەدا گرنگ دەبێت. بە بڕوای من رۆڵی ئاسانکار، ناوبژیوان و پاڵپشت دەگێڕن".
 
هەروەها سەبارەت بە پەیوەندیی ئەرێنیی نێچیرڤان بازرانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنقەرە و کاریگەریی لەسەر پرۆسەکە گوتی:"بەڕێز نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی بەهادار دەگێڕێت. پرۆسەیەک باشووری تێدا نەبێت، زۆر بە زەحمەت و پڕ مەترسی بەڕێوەدەچێت".

 

 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: ئەو پرۆسەی چارەسەرە کە بە هەنگاوی دەوڵەت باخچەلی دەستی پێکردووە، چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
 
سری ساکک: ئەو سیاسەتەی تورکیا کە لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە کورد دامەزراوە و ماوەیەکی دوور و درێژە دەستیپێکردووە، لەم ساڵانەدا گەیشتووەتە دۆخێک کە چی دیکە لەلایەن دەوڵەتەوە درێژەی پێ نادرێت و کاری لەسەر ناکرێ. پرسێک کە ساڵانێک لەمەوبەر دەکرا بە پێدانی سەرەتاییترین ماف دیموکراسی چارەسەر بکرێ، بەهۆی سیاسەتی رەتکردنەوە و نکۆڵیکردنەوە ئەمڕۆ بووەتە بابەتێکی هەرێمی. ئەو سیاسەتەی لە ساڵانی پێشوودا تەنیا دژی کوردی باکوور دەکرا، ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت لە ئەورووپاشدا رووبەڕووی تەواوی کورد بووەتەوە. هەر چرکەیەک کە پرسی کورد تێیدا چارەسەر ناکرێ، باری سەر تورکیا، بە کورد و تورکەوە قورس دەکات. بە بڕوای من، دەوڵەت باخچەلی لەم خاڵەدا وەک نوێنەرایەتیی هێڵێک لەنێو دەوڵەتدا، بە ئامانجی تێپەڕاندنی ئەم کێشەیە و کەمکردنەوەی ئەو 'مەترسییە هەرێمییانەی' ئەوان بە مەترسیی سەر تورکیای دەزانن، دەسپێشخەرییەکی کرد. بەڕێز ئۆجەلان 40 ساڵە ئامادەیی خۆی بۆ هەر جۆرە دیدارێک لەپێناو چارەسەرکردن نیشانداوە و ئامادەیە. لەم سۆنگەیەوە چارەسەر و ئاشتی بۆ هەمووان دەبێتە مایەی خێر. پرسێک کە بریتییە لە 100 ساڵی پڕ ئازار و مەرگ، ئەگەر بە ئاشتی کۆتایی بێت، قۆناخێکی زۆر گەورە تێدەپەڕێندرێت.
 
رووداو: لە مێژووی تورکیادا چەند جارێک پرۆسەی چارەسەری دەستی پێکراوە و هەنگاو نراوە. ئێوە ساڵی 1993 سەردانی شامتان کرد و لەگەڵ خوالێخۆشبوو مام جەلال و عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیدارتان سازکرد. ئەگەر بەراوردێک لە نێوان پرۆسەکەی ئەوکات و ئەمەی ئێستا بکەن چی دەڵێن؟
 
سری ساکک: ئەو کاتەش بەڕێز ئۆجەلان گرنگیی زۆری بە هەوڵەکانی ئاشتی دەدا. ئێمەش لەڕێی ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ تورگوت ئۆزال هەمانبوو، هەوڵمان دا و بینیمان کە ئۆزالیش خواستی هاوشێوەی هەیە. بەم ئامانجە و لەسەر خواستی ئۆزال سەردانی شاممان کرد. هاوکات مام جەلال کە دۆستم بوو، هاتبوو هەتا رۆڵ بگێڕێ. ئەوکات نیگەرانیی بەڕێز ئۆجەلان ئەوە بوو کە ئۆزال لاوازە و هێزەکانی نێو دەوڵەت دەتوانن بیکوژن کە هەرواش دەرچوو. هێشتا ئێمە لە شام بووین، هەواڵی مردنی ئۆزالمان پێگەیشت. لەو سەردەمەدا دەوڵەت لەلایەن هەندێک رێکخستنی نێو دەوڵەتەوە بە بارمتە گیرابوو. دەوڵەت زیاتر لەلایەن ئەو هێزە قووڵانەوە بەڕێوەدەبرا. پێکهاتە تاریکەکان، چەپەڵانە سیاسەتیان دەکرد. ئەمڕۆ زەحمەتە لەناو دەوڵەتدا چەتەی هاوشێوە بدۆزیتەوە. کارەکتەری سیاسیی بەهێز هەن، بەڵام ئەمڕۆش لە بابەتی پرسی کورددا نیگەرانییەک بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و هەوڵی مانەوە لە دەسەڵات هەیە. لەبەرامبەر رای گشتییەکی وەها کە ساڵانێکی دوور و درێژە بە حەماسەتی نەتەوەپەرستی و پڕوپاگەندە هان دراوە، هەمووان لە ترس و نیگەرانیی لەدەستدانی دەنگ، شەرمنانە هەڵسوکەوت دەکەن.
 
رووداو: لە پرۆسەی چارەسەریدا پێشکەوتن هەیە، دوایین جار شاندێکی سێ کەس لە ئیمراڵی دیداریان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازکرد. هیچ پەیامێکی روون بۆ رای گشتی بڵاونەکراوەتەوە و بەردەوام دەنگۆی جۆراوجۆر بڵاودەکرێنەوە. پێتان وایە بەهۆی هەستیاریی پرۆسەکەوەیە کە هیچ پەیامێکی روون لە ئارادا نییە؟
 
سری ساکک: منیش هەر لە سەرەتاوە گوتم، ئەگەر پرۆسەکە بە شەفافییەکی تەواو بەڕێوەبچێ، متمانەی زیاتر بەدەستدەهێنێت. دەزانم بەڕێز ئۆجەلانیش هەمان تێڕوانینی هەیە. بەڵام هەروەک ئاماژەم پێدا، نیگەرانیی لەدەستدانی دەنگ و کاردانەوەی جەماوەرە نەتەوەییەکە و زۆر شتی دیکە هۆکارن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی داخراو بەڕێوەببرێ. بەڵام ئەگەر بەمجۆرەش بێت، هێشتا گومان دروست دەبێ. خەڵک وادەزانن شتێکیان لێ دەشاردرێتەوە و بێ متمانەیی بە پرۆسەکە زیاد دەبێ. هەندێک لە دژبەرانی پرۆسەکە، کاتێک پرۆتۆکۆڵی دیدارەکانیان بەدەست دەگات، دەیشکێنن و بەرەوژووری دەکەنەوە، ئنجا بەجۆرێک بڵاوی دەکەنەوە کە خەڵک رووبەڕووی یەکدی ببنەوە.  
 
رووداو: ئێوە لەم رۆژانەدا لەناو پەرلەماندان و دەرفەتی ئەوەتان هەیە لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان بکەن. دوای دەسپێشخەرییەکەی باخچەلی، هیچ گۆڕانکارییەک لە پەیوەندیی نێوان ئێوە و پەرلەمانتارانی مەهەپە روویداوە؟ بێگومان ئێوە ئێستا لە بابەتی پرۆسە دا هاوڕان.
 
سری ساکک: لە راستیدا لەسەر پرۆسەکە هاوڕا نین! ئەوان بەگوێرەی خۆیان تێڕوانینێکیان هەیە و ئێمەش تێڕوانینێکی دیکەمان هەیە. ئەو بابەتەی تێیدا هاوڕاین ئەوەیە کە ئەم پرسە بە دانوستاندن بگاتە ئەنجام. بێگومان دوای دەستپێکردنی پرۆسەکە نزیکبوونەوە زیادی کردووە و نەرمییەک لە پەیوەندییەکاندا دروست بووە. جگە لە یەک دوو لایەنی بچووک کە دەیانەوێ لەڕێگەی نەژادپەرستییەوە دەنگ کۆبکەنەوە، هەمووان قسەکانیان بەشێوەیەکی هاوسەنگتر و بەڕێزانەتر دەکەن. بەگشتی لە تەواوی پەرلەماندا گرژی کەم بووەتەوە. ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکان دژی جەهەپە نەبوونایە، کەشێکی زۆر باشتریش دروست دەبوو.
 
رووداو: رەجەب تەیب ئەردۆغان هەمیشە بە گرنگییەوە جەخت لەسەر هۆشیاربوون دەکاتەوە و دەڵێ، نەکەونە هیچ تەڵەیەکەوە کە دژی پرۆسەکە دانراوە. ئایا لە تورکیادا کام هەڵمەت و ئۆپەراسیۆن دژی پرۆسەی چارەسەری دەکرێت؟
 
 
سری ساک: ئەو گێرەشێوێنییانەی لە نێخۆ دەکرێن، زیاتر لەلایەن نەتەوەپەرست، تورکپەرست و باڵەکانیان لە ناو دەوڵەتەوە دەکرێن. ئەمانە پەیوەندییان لەگەڵ دەرەوەش هەیە. کاتێک شوێنی تویتەری زۆر لەو هەژمارانە ئاشکرا بوو کە لە سۆشیاڵ میدیا پڕوپاگەندەی دژی ئاشتی دەکەن، دەرکەوت لە دەرەوەی تورکیاوە شت بڵاودەکەنەوە. دیارە کە ئەم هەژمارانە هی کەسی ئاسایی نین. بەڵکو چەند لایەنێک هەن کە لە شەڕ و حەماسەتی نەتەوەپەرستی دەخۆن. ئەگەر ئاشتی بەدی بێت، ئەوانە ناتوانن بچنە سەر شاشەکان، ناتوانن نەتەوەپەرستی و نەتەوەپەرستی بفرۆشنەوە، بۆیە بە گوتاری تووند هەوڵی هاندانی کۆمەڵگە بۆ خراپە دەدەن. 

 

رووداو: تورکیا لەم پرۆسەیەدا هیچ وڵاتێک وەک چاوی سێیەم قبووڵ ناکات. بەڵام شاندی دەم پارتی هاتنە باشووری کوردستان و لێرە کۆبوونەوەی گرنگیان سازکرد. کەواتە لەنێوان ئەنقەرە و هەولێر دیدارەکان بەردەوامن. بە بڕوای ئێوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەنقەرەوە وەک چاوی سێیەم قبووڵ کراوە؟ چونکە شاندی دەم پارتی بەشێوەیەکی فەرمی هاتن؛ لە هەولێر و سلێمانی کۆبوونەوەیان سازکرد.
 
سری ساک: بە بڕوای من،هەبوونی ناوبژیوانی بەهێز و دادپەروەر گونجاو دەبوو. مەرج نییە ئەمانە دەوڵەت بن، دەکرێ دامەزراوەی وەک نەتەوە یەکگرتووەکانیش بن. ئەوەتا تورکیا لە فلیپین رۆڵی دەوڵەتی ناوبژیوان دەگێڕێ. نموونەکانی جیهانیش پشتگیریی ئەمە دەکەن. لە زۆر خاڵی چەقبەستوودا ئەم هێزە ناوبژیوانانە دەبنەهۆی تێپەڕاندنی چەقبەستووییەکە یان دواتر کاتێک کارەکان بەپێچەوانەوە دەڕۆن،رێگە نادەن ئەو لایەنەی هێزی پڕوپاگەندەی زیاترە تاوانەکە بخاتە ئەستۆی لایەنەکەی دیکە و خۆی لێ دەرباز بکات. لەم رووەوە بەشداربوونی لایەنەکانی باشووری کوردستان لەم پرۆسەیەدا گرنگ دەبێت. بە بڕوای من رۆڵی ئاسانکار، ناوبژیوان و پاڵپشت دەگێڕن، بەڵام دڵنیا نیم ئایا دەتوانرێ رێک وەک 'چاوی سێیەم' پێناسە بکرێن یان نا.
 
رووداو: حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پەیوەندیی بەردەوامی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەنقەرە، هاوکار بووە بۆ پرۆسەکە.ئایا ئەم پەیوەندییە وەک دەرفەتێک بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە دەبینن؟
 
سری ساک: ئەگەر پەیوەندییەکانی تورک و کورد رێکبخەینەوە، لەبەر ئەوەی بابەتەکە هەرێمی کوردستان و رۆژئاواش دەگرێتەوە و هیچ بەشێکی کوردستان لە دەرەوە نامێنێتەوە،کەس ناتوانێت بڵێت من تەنیا لەگەڵ کوردی تورکیا ئاشت دەبمەوە، چونکە هەروەک چۆن ناتوانیت لەگەڵ نیوەی مرۆڤێک ئاشت ببیتەوە و لەگەڵ نیوەکەی دیکەی شەڕ بکەیت، بە هەمان شێوە ناتوانیت لەگەڵ بەشێکی دیاریکراوی گەلێک لە ئاشتیدا بیت و لەگەڵ بەشەکەی دیکەی شەڕ بکەیت. لەم رووەوە بوونی ئاسانکاری لە باشوور بۆ دیدارەکان و بوونی چەند کەسایەتییەک بۆ رەواندنەوەی گرژییەکان بۆ پرۆسەکە زۆر گرنگە. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەم رووەوە رۆڵێکی بەهادار دەگێڕێ. پرۆسەیەک باشووری تێدا نەبێت، زۆر بە زەحمەت و پڕ مەترسی بەڕێوەدەچێت.
 
رووداو: وەک سری ساک، چۆن پێناسەی پرۆسەی چارەسەری بۆ باشووری کوردستان دەکەیت و پەیامت بۆیان چییە؟
 
سری ساک: دەتوانم ئەم پەیامە بدەمە کوردی باشوور؛ هەتا ئێمە وەک باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا پێکەوە بین، دەتوانین پەیوەندییەکی زۆر یەکسانتر و دادپەروەرانەتر لەگەڵ گەلانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەپێبدەین. لە هاوکێشەیەکدا کە یەکێکمان دەچەوسێتەوە، ئەوی دیکەمان ناتوانێ سوودمەند بێت. لەم رووەوە ئەو ئاشتییە شکۆدارەی لە باکوور دەیهێنینە دی، هێزێکی گەورە دەداتە باشووریش. گەلی کورد لە مردن و ستەم بێزار بووە، پەنابەخوا لە رۆژانی داهاتوودا ئایندەیەکی پڕ لە ئارامی و خۆشگوزەرانی لە هەر چوار پارچە چاوەڕێمان دەکات، بە مەرجێک ئێمە هێز بە یەکدی بدەین و یەکڕیز بین. 
 

 

@rudaw.official

سڕی ساکک، پەرلەمانتاری دەمپارتی لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ شرناخ دەڵێت، ئەو ئاڵایەی لەسەر شانی پێشمەرگە بوو لەلایەن جیهان و تورکیاشەوە دانی پێدانراوە

♬ original sound - Rudaw