ژمارەی قوتابییان لە کۆبانێ لە 72 هەزارەوە بۆ نیوە کەم بووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری قوتابخانەکان لە کۆبانێ دەڵێت، دوای شەڕ و کۆچکردن، ژمارەی قوتابیانیان لە 72 هەزارەوە بۆ نیوە دابەزیوە، بەڵام ئەوان بە پێداگرییەوە بەردەوامن لە خوێندن بە زمانی کوردی و داواکاریی شام بۆ ئەوەی کوردی ببێتە وانەیەکی ئارەزوومەندانە (بژاردە) رەت دەکەنەوە. 
 
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رووداو، کە پێشکێشکاری نوورۆژ نالین حەسەن کردوویەتی، رێزان عەتۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکان لە کۆبانێ باس لە کێشەکانی وەک کەمیی قوتابخانە و قەرەباڵغیی پۆلەکان دەکات و جەخت دەکاتەوە کە بۆ ساڵی نوێی خوێندنیش خەریکی ئامادەکردنی پەرتووکە کوردییەکانن، بەڵام پاشەڕۆژی سیستمەکە هێشتا ناڕوونە.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و رێزان عەتۆ
 
رووداو: لەسەرەتادا، بۆ ئەوەی وێنەیەکی روون بدەینە بینەرانمان، لە کۆبانێ و دەوروبەری ئێستا ژمارەی قوتابخانەکان، قوتابیان و مامۆستایان چەندە؟
 
رێزان عەتۆ: پیشتر لە هەرێمی فورات، یان هەرێمی کۆبانێ، ژمارەی قوتابیانمان 72 هەزار بوو. دوای ئەو رووداوانەی روویاندا و ئەو شەڕەی کرایە سەر ناوچەکە، قوتابخانەکانمان بۆ دوو مانگ راوەستان. ئێستا ژمارەی قوتابیانمان نزیکەی نیوەی ئەو ژمارەیەیە. بەتایبەتی دوای ئەوەی ئاوارە بووین، قوتابخانەکان زیانیان بەرکەوت و دەرفەتەکان کەم بوونەوە. ٤٧٠ قوتابخانەمان هەبوو، بەڵام بەشێکیان کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی کاتیی سووریا. لە هەرێمی کۆبانێ، بەتایبەتی لە خودی کۆبانێ و گوندەکانی نزیکی، 106 قوتابخانەمان کردووەتەوە. هەروەها لە قەنایێ، سرین، چەلەبی و عەین عیساش قوتابخانەکانمان کراونەتەوەو پڕۆگرامەکان بە زمانی کوردین. لەناو گوندە کوردییەکانی سرین کە هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەریی خۆسەردان، قوتابخانەکانیان کراونەتەوە. ژمارەیەک قوتابخانە لە ناوەندی قەنایێش کراونەتەوە.
 
رووداو: ئایا ئەو قوتابخانانەی ناو کۆبانێ هەموویان بە سیستمی خوێندنی کوردین؟
 
رێزان عەتۆ:  بەڵێ، تا ئێستا زمانی کوردی زمانی سەرەکییە. ئێمە بەرەو کۆتایی وەرزی دووەم دەچین و کارنامەی قوتابیانمان دابەش کردووە. سیستمەکەمان بە زمانی کوردییە لەگەڵ تەواوی پڕۆگرامەکانیدا.
 
رووداو: کەی ئەم ساڵەی خوێندن کۆتایی دێت؟
 
ڕێزان عەتۆ: 25ی ئایار تاقیکردنەوەکانمان کۆتایی دێن و ساڵی خوێندن تەواو دەبێت و بڕوانامەکان بەسەر قوتابیاندا دابەش دەکەین. کارنامەی قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی دابەش کران.
 
رووداو: ئایا ئەم شێوازەی خوێندن بۆ ساڵی نوێی خوێندنیش بەردەوام دەبێت، یان هێشتا ناڕوونە؟

 

رێزان عەتۆ:  هێشتا ناڕوونە، بەڵام دوای ئەو رێککەوتنەی کرا، پێمان گوتراوە کە ئێمە پڕۆگرامەکانمان بە زمانی کوردی، کە زمانی فەرمیی ناوچەکەیە، تەواو دەکەین و ساڵی داهاتووش بەڕێوەبەریی خۆسەر بە هەمان شێواز بەردەوام دەبێت. وا پێمان گوتراوە، بەڵام مرۆڤ نازانێت، چونکە هەموو شتێکی ئەم حکومەتە کاتییە، زارەکییە و نووسراو نییە.
 
رووداو: واتە دەڵێیت ساڵی خوێندنی 2026-2027 بە هەمان شێوازی خوێندنی بەڕێوەبەریی خۆسەر دەبێت؟
 
رێزان عەتۆ: بەڵێ، وا دەبێت، دواتر کۆمیتەیەک پێکدەهێنرێت و کار لەسەر ئامادەکردنی شێوازەکانی خوێندن دەکات.
 
رووداو: توانیوتانە نەوەیەکی زانا، زمانپارێز و لە نەوەکانی پێشوو باشتر ئامادە بکەن؟
 
رێزان عەتۆ:  لە ساڵی 2012 و شۆڕشی 19ی تەمموزەوە، ئێمە منداڵەکانمان بە زمانی کوردی پەروەردە دەکرد و تاوەکو ئێستاش ئەمە بەردەوامە. دەرچووی زانکۆ و پسپۆڕی زمانمان هەیە و لە هەموو بوارەکاندا، چ زانستی و بیرکاری، چ وێژەیی، بە زمانی کوردی خوێندوویانە. پڕۆگرامەکان ئامادە کراون و ئەمە 12 ساڵە پەروەردە بە زمانی کوردی هەیە. ئاستی خوێندن باشە، دەرچوومان هەیە بوونەتە پزیشک و ئەندازیار کە لە زانکۆکانی رۆژاوا بە زمانی کوردی خوێندوویانە.
رووداو: بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن، خوێندنی پۆلی یەکەم، کاتێک قوتابیان نوێ دەچنە قوتابخانە، بە کوردییە؟
 
رێزان عەتۆ: بەڵێ، بە زمانی کوردی دەبێت. ئێمە ئامادەکارییەکانی خۆمان دەکەین و پەرتووکەکان چاپ دەکەین، بەتایبەتی بۆ پۆلی یەکەم.
 
رووداو: گوتت خەریکی ئامادەکردنی چەند پەرتووکێکن بۆ پۆلی یەکەم؟
 
رێزان عەتۆ: کوردی 4 پەرتووکە و پەرتووکەکانی پۆلی یەکەم هەموو ساڵێک لە نوێوە چاپ دەکرێنەوە. ساڵ بە ساڵ دەگۆڕدرێن.
 
رووداو: وەک بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانەکان لە کۆبانێ، هەڵوێستان بەرامبەر پێشنیازەکەی شام چییە کە زمانی کوردی ببێتە وانەیەکی ئارەزوومەندانە و هەفتانە دوو کاتژمێر بێت؟
 
رێزان عەتۆ: ئەمە لە ناوچەکانی ئێمە قبوڵ ناکرێت و ناکرێت جێبەجێ بکرێت. مەحاڵە منداڵێک دوای 12 ساڵ پەروەردە بە زمانی کوردی، بگەڕێتەوە سەر پەروەردە بە زمانی عەرەبی. ئەمە زیانێکی گەورە بە نەوەیەک دەگەیەنێت، کە 70 هەزار قوتابیمان بە زمانی کوردی پەروەردە دەبن. ئێستا ئێمە سەرلەنوێ بچین و بە عەرەبی بخوێنین، ئەمە کێشەیە. داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە مافی زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا بچەسپێنرێت، تاوەکو بتوانین مافی خۆمان بەتایبەتی زمانی کوردی بپارێزین.
 
رووداو: بەڕێوەبەریی خۆسەر ئامادەیە لەسەر پرسی زمانی کوردی سازش بکات؟ بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە چی دەکات؟
 
رێزان عەتۆ: هەمیشە دیداریان لەگەڵ حکومەتی شام هەیە و دانوستاندن دەکرێت. تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی یەکلاکەرەوە نییە، لە سەرەتادا چەند کۆبوونەوەیەک کرا و رێککەوتن کە ساڵی داهاتوو سیستمەکە وەک خۆی بمێنێتەوە و خوێندن بە پڕۆگرامە کوردییەکان بێت. دوای ئەوە هەر رێککەوتنێک بکرێت، پێوەی پابەند دەبن.
 
رووداو: بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانەکان لە کۆبانێ رازی دەبێت کە پڕۆگرامی نیشتمانیی سووریا وەک خۆی وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی؟
 
رێزان عەتۆ: بەگوێرەی ئەو رێککەوتنانەی بەڕێوەبەریی خۆسەر دەیکات، ئێمەش بەو پێیە مامەڵە دەکەین. بەڵام بڕوا ناکەم ئایدۆلۆژیایەک کە قبوڵ نەکرێت، لە ناویدا هەبێت. بەڵام بەشی زانستی، ئەگەر هاوکێشەیەک بە کوردی یان ئینگلیزی یان عەرەبی بخوێنیت وەک یەکە.
 
رووداو: واتە ئێستا لە قوتابخانەکان قوتابیانی کورد مێژوو و جوگرافیای کوردستان دەخوێنن؟
 
رێزان عەتۆ: بەڵێ، مێژووی کوردستان بە هەر چوار پارچەکەی و مێژووی سووریاش. داواکاریی هەر کەسێک ئەوەیە کە ئەم بنەمایەی داڕێژراوە و ئەم چەند ساڵە بە زمانی کوردی پەروەردەی تێدا دراوە، بەردەوام بێت. وەک چۆن لە سیستمی خوێندنی بەڕێوەبەریی خۆسەردا لە پۆلی چوارەمەوە وانەی زمانی عەرەبی دەچێتە ناو پڕۆگرامەکان بۆ قوتابیانی کورد، ئێستاش مافێکی رەوای منداڵانە تا پۆلی سێیەمی خوێندن بە زمانی دایک پەروەردە بکرێن، دواتر مرۆڤ دەتوانێت زمانەکانی دیکەی بێگانە بخاتە ناو سیستمی خوێندنەوە.
 
رووداو: پێویستیتان بە قوتابخانەی نوێ و باڵەخانەی نوێ هەیە لە کۆبانێ، یان ئەم قوتابخانانەی ئێستا هەن بەشتان دەکەن؟
 
رێزان عەتۆ: لە شەڕی کۆبانێ و شەڕی داعشدا، زۆر لە قوتابخانەکانمان زیانیان بەرکەوت. 10 قوتابخانەمان خاپوور کران. بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەی قوتابیان زۆر بوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئاوارەکانی عەفرین، رەققە و شەهبا هاتن، ژمارەکە هێشتا زیادی کردووە و پێویستییەکی زۆرمان بە قوتابخانە هەیە، بەتایبەتی لە ناو شاری کۆبانێ. ئێمە ساڵانە یەک دوو قوتابخانە دروست دەکەین، بەڵام دیسان کەمە و پلانمان هەیە قوتابخانەی دیکە دروست بکەین. لە سیستمی جیهانیدا لە هەر پۆلێکدا 18 قوتابی هەن، بەڵام لای ئێمە زۆر زۆرترە.
 
رووداو: لە هەر پۆلێکدا چەند قوتابی هەن؟
 
رێزان عەتۆ:  ژمارەکە بەپێی قوتابخانە و شوێنەکان دەگۆڕێت. هەندێک جار تا 50 قوتابی لە یەک پۆلدا هەن.
 
رووداو: بۆ 15ی ئایار، رۆژی زمانی کوردی، لە کۆبانێ چ ئامادەکارییەکتان کردووە؟
 
رێزان عەتۆ: 15ی ئایار لە هەموو کوردان پیرۆز دەکەین. کۆمیتەیەکی ئامادەکاریمان پێکهێناوە و بەرنامەی خۆمان داناوە. ئێمە لەسەر کارەکانمان بەردەوامین.