باڵیۆزی ئیتاڵیا: ئاسایش لە عێراق بە گشتی باشتر و باشتر دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باسی دۆخی ئەمنی، هەلی وەبەرهێنان و پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە "دەبێت دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەر هێزدا هەبێت."
فۆنتانا ئاشکرایشی دەکات کە کۆمپانیایەکی ئیتاڵی لە بواری پیشەسازیی کشتوکاڵیدا لە نێوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەردا دێتە هەرێمی کوردستان و دەشڵێت، قەبارەی هەناردەی وڵاتەکەی بۆ عێراق ساڵانە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ باڵیۆزی ئیتاڵیا
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، بەخێربێیت بۆ رووداو.
نیکۆلۆ فۆنتانا: سوپاس. خۆشحاڵم کە لێرەم.
رووداو: زۆر سوپاس. منیش خۆشحاڵم. سەرەتا با لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە دەست پێبکەین. هەڵمەتی بانگەشە دەستی پێکردووە بۆ بانگهێشتکردنی هاووڵاتییان لە عێراق و کوردستان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا. بەڕای ئێوە، ئایا ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکارییەکی جیاواز لە عێراق دروست دەکات؟ چۆن جیاوازە؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: بڕوانە، سەرەتا پێموایە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی رێکوپێک لەم وڵاتەدا بەڵگەیەکی باشە بۆ گەشەسەندنی دیموکراسی لە عێراق. سەبارەت بە ئەنجامەکەی، هیچ شتێکم نییە بیڵێم، بەڵام هیوادارم هەموو شتێک بە ئاشتییانە بەڕێوەبچێت. بە زوویی حکومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت و، وڵاتەکە بەو رێچکەیەدا بڕوات کە حکومەتی ئێستا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا گرتوویەتییەبەر. بۆیە من بەڕاستی هیوادارم و پێموایە عێراق لە کۆتاییدا زیاتر و زیاتر سەقامگیر دەبێت و، خۆی وەک فاکتەرێکی سەقامگیری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەچەسپێنێت.
رووداو: لەم چەند رۆژەدا کە بانگەشە دەستی پێکردووە. چۆن دەیبینن؟ بۆ نموونە، چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئیتاڵیا؟ پۆستەرەکان، دروشمەکان دەبینن؟ چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لێرە لەگەڵ وڵاتەکەی ئێوە؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: ئەمە یەکەم هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنمە لە عێراق، بۆیە هێشتا نوێم بۆ ئەوەی هیچ بڕیارێکی دروست بدەم، بەڵام سەبارەت بە کەشوهەوای بانگەشە و پۆستەر و دروشمەکانی هەڵبژاردن، بە گشتی جیاوازییەکی زۆرم لەگەڵ وڵاتەکەی خۆم هەست پێنەکردووە. دوێنێ دەرفەتم هەبوو کەمێک گەشت بکەم، لە دەوروبەری کوردستان. زۆر دروشمی هەڵبژاردنم بینی. نزیکەی هەمان شتە لە ئیتاڵیا.
رووداو: باشە. زۆر گۆڕانکاری لە عێراق و لە ناوچەکەدا روویانداوە، لە پێگەی ئێوەوە لە بەغدا. پێتان وایە عێراق هیچ گۆڕانکارییەکی راستەقینەی بەخۆیەوە بینیوە؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: بڕوانە، ئەوەی دەتوانم بیڵێم، من مانگی نۆڤێمبەری رابردوو گەیشتمە بەغدا، کەواتە نزیکەی ساڵێکە. بەڵام شارێکی گۆڕاوم بینی بۆ باشتر، بەتایبەتی لەڕووی ژێرخانەوە. زۆر کاری بیناسازی دەبینم کە لە بەغدا و هەولێر بەڕێوەدەچن، هەولێر شارێکە کە چەندین جار سەردانیم کردووە. لە ئیتاڵیا دەڵێین کاتێک کاری بیناسازی هەیە، واتە پاڵنەرێک هەیە بەرەو گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووری. کەواتە، ئەوە نیشانەیەکی باشە کە دەبێت لەبەرچاوی بگرین. پێموایە، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، رێگەی گەشەپێدان رێگەیەکی دروستە و، ئیتاڵیا پابەندە بە کارکردن لەگەڵ عێراق و کوردستان بۆ زیاتر پەرەپێدانی ئەم گەشەپێدانە.
رووداو: لە مانگی نۆڤێمبەری رابردووەوە تاوەکو ئێستا، ئایا سەقامگیری لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێک کە هاووڵاتییان هەست بکەن بەڕاستی سەقامگیرە؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: بە بڕوای من، سەقامگیری وشەیەکی گونجاوە بۆ باسکردنی دۆخی ئێستای وڵاتەکە. ئەگەر کەمێک فراوانتر سەیری دۆخی تەواوی ناوچەکە بکەین، عێراق تەنانەت لە رۆژە ئاڵۆزەکانی کۆتایی مانگی حوزەیرانیشدا سەقامگیر بوو، لەو رووداوانەدا تێوەنەگلا. لە کۆتاییدا حکومەتی عێراق و، دەتوانم بڵێم حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، هەوڵیان دا رۆڵێک بگێڕن بۆ دروستکردنی پرد لەنێوان لایەنە جیاوازەکان، رۆڵێک وەک فاکتەرێکی سەقامگیرکەر لە ناوچەکەدا بگێڕن. سەرباری ئەوە، هەست دەکەم ئاسایش لەم وڵاتەدا بە گشتی باشتر و باشتر دەبێت. ئەمەش نیشانەیەکی زۆر گرنگە.
رووداو: کەواتە سەقامگیری و ئاسایش فاکتەرن بۆ وەبەرهێنان لە جیهاندا.
نیکۆلۆ فۆنتانا: زۆر راستە.
رووداو: کەواتە ئایا لێرە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاراستەیەک دەبینن؟ ئایا ئاراستەیەک دەبینن بۆ کۆمپانیا ئیتاڵییەکان کە بێنە عێراق و کوردستان و وەبەرهێنان بکەن؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: ئاراستەیەکی زۆر ئەرێنییە و ئەمەش ئەوەیە کە هەوڵدەدەین لەگەڵ کۆمەڵگەی بازرگانیی ئیتاڵیدا جەختی لەسەر بکەینەوە، چونکە بێگومان ئەوان بڕیار دەدەن نەیەن ئەگەر هەست بە نائارامی بکەن. بەڵام ئێمە بەڕاستی جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە دۆخەکە بەتایبەتی لە بەغدا و لە کوردستان زۆر باشتر بووە و، چەندین دەرفەتی بازرگانی هەن کە لەوانەیە گونجاو و سەرنجڕاکێش بن بۆ کۆمپانیا ئیتاڵییەکان.
رووداو: باشە، بەڵام با گرووپە چەکدارەکان لەبیر نەکەین، بەتایبەت ئەوانەی لە دەرەوەی دەوڵەتن. ئایا ئێوە ئەوان بە ئاڵنگارییەک دەبینن لەبەردەم وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان لە عێراقدا؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: دەزانی، ئەوەی گرنگ دەبێت بۆ حکومەتی عێراق، لەبەر ئەوەی نزیکین لە هەڵبژاردنەکان، با بڵێین حکومەتی نوێی عێراق، دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی هەبێت. چۆن؟ ئەوە دەکەوێتە سەر بڕیاری حکومەتی عێراق. وەکو ئیتاڵیا، ئەوە تێگەیشتنی ئێمەیە بۆ ئەوەی دۆخی ئەمنی چۆن کار بکات. کەواتە دەبێت دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەر هێزدا هەبێت.
رووداو: لە چ بوار و کایەیەکدا هاوکاری دەکەن، یان با بڵێین، کۆمپانیا ئیتاڵییەکان هاوکاریی عێراق دەکەن؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: ئێمە دەیان ساڵ لەمەوبەر دەستمان بە هاوکارییەکانمان کرد، لە دوو سێکتەری سەرەکی ژێرخاندا کە بریتی بوون لە بیناسازی و سێکتەری وزە، بە پلەی یەکەم نەوت و گاز. هێشتا کاریگەرییەکی باشمان لە سێکتەری وزەدا هەیە، بەتایبەت لە بەشی باشووری عێراق، لەگەڵ هەندێک کۆمپانیای گەورەی ئیتاڵی. بەڵام ئەوەی ئێمە وەک باڵیۆزخانە و لەگەڵ کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر هەوڵی بۆ دەدەین، راکێشانی کۆمپانیای زیاترە بۆ سێکتەرە نانەوتییەکان. بۆ نموونە، با باسی کوردستان بکەین. دەمانەوێت کۆمپانیا ئیتاڵییەکان لە سێکتەری پیشەسازی کشتوکاڵیدا لێرە کار بکەن. لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مانگی تەممووزی رابردوو شاندێکمان رێکخست بۆ رۆما، سەرکەوتوو بووین لە رازی کردنی گرووپێکی گرنگی ئیتاڵی بۆ ئەوەی بێنە ئێرە. چەند رۆژێک لەمەوبەر قسەمان لەگەڵ کردن و ئەوان لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەردا دێنە ئێرە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ بزانن ئایا ئەو دەرفەتانە راستین و چۆن هاوکاریی هاوبەشە خۆجێییەکان بکەن.
رووداو: شاندێکی ئیتاڵی بازرگانی؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: کۆمپانیایەکی ئیتاڵی دێت بۆ کوردستان.
رووداو: کۆمپانیای ئیتاڵی، بەم نزیکانە؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: بەڵێ، ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەر، بەڵێ.
رووداو: کام شار؟ سەردانی هەولێر دەکەن؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: بەڵێ، سەرەتا دێنە هەولێر. نازانم ئایا دەچنە شوێنێکی دیکە یان نا، بەڵام بە دڵنیاییەوە دێنە ئێرە و کونسووڵخانەی گشتی یارمەتییان دەدات.
رووداو: تەنیا کشتوکاڵە کە ئێوە گرنگی پێدەدەن؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: بەڵێ، پیشەسازیی کشتوکاڵی.
رووداو: پیشەسازیی کشتوکاڵی.
نیکۆلۆ فۆنتانا: بەڵێ.
رووداو: باشە. نزیکەی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی کوردستاندا تێپەڕیوە. ئایا دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی کوردستان کاریگەری لەسەر هیچ دۆخێک لێرە لە کوردستان یان لە عێراق هەیە؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: من ناتوانم هیچ حوکمێک لەسەر ئەوە بدەم، بەڵام دەتوانم بۆچوونی گشتییتان پێبڵێم کە لانیکەم لە وڵاتەکەمدا لەسەر بابەتگەلێکی لەم شێوەیە هەیە. وەکو گوتم، بە ئاماژەدان بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، هەمیشە باشترە ماوەیەکی زۆر لەنێوان رۆژی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێدا نەبێت. بۆیە هیوادارم حکومەتێکی نوێی کوردستان بە زوویی پێکبهێنرێت، بەڵام ساڵێک ماوەیەکی زۆرە.
رووداو: دەتوانین ناوی بنێین نیگەرانییەک لەلایەن ئێوەوە؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: ئەگەر بە باشی هاوکاریمان نەکردبا، ئەوا دەبووە نیگەرانییەک، بەڵام راستگۆ نابم ئەگەر وا بڵێم چونکە پەیوەندییەکانمان نایابن و هەمیشە لە پەیوەندیداین. سەردانمان بۆ ئیتاڵیا هەبووە، چەند مانگێک لەمەوبەر وەزیری بەرگریمان لێرە بوو، بۆیە نەخێر، نیگەرانی نییە، بەڵکو پێشنیازێکی دۆستانەیە.
رووداو: ئەم تێبینییە یان پێشنیازە دۆستانەیەتان گەیاندووەتە بەرپرسانی ئێرە لە کوردستان؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: بەڵێ، بێگومان. مەبەستم ئەوەیە، ئێمە باسی ئەوەمان کردووە، بەڵام هەمیشە بە شێوەیەکی ئەرێنی. چونکە ئێمە باشترین بۆ ئەم ناوچەیە دەخوازین، بۆیە وەکو دۆستێک، داوات لێدەکرێت ئەوەی بیری لێدەکەیتەوە بیڵێیت.
رووداو: باسی کۆمپانیا ئیتاڵییەکانمان کرد. بەڵام لەبارەی کۆمپانیا کوردییەکان یان عێراقییەکانەوە کە لە ئیتاڵیا وەبەرهێنان دەکەن؟ ئایا ئێوە ئەوەش دەکەنە ئامانج یان لەم قۆناخەدا نییە؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: زۆر باش دەبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا زۆر خواستی وەبەرهێنانمان نەبووە. لە راستیدا، یەک کۆمپانیای دەرمانسازیی عێراقی لە ئیتاڵیا وەبەرهێنانی کردووە، ئەوەش زۆر باشبوو، پێشهاتێکی زۆر ئەرێنی بوو، بەڵام زۆر نەبوون. دەبێت ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێمەش لەبەرچاو بگرن، ئێمە بە نزیکەیی، با بڵێین، 2.5 ملیار دۆلار لە عێراقەوە هاوردە دەکەین، زۆربەی پەیوەستە بە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانەوە. بەڵام ئێمە تەنیا بە نزیکەیی 1 ملیار دۆلار بۆ عێراق هەناردە دەکەین. کەواتە جیاوازییەکی بازرگانی لەوێدا هەیە.
رووداو: ساڵانە، 1 ملیار؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: بەڵێ، ئێمە حەز دەکەین، بێگومان، هەناردەکانمان بۆ عێراق زیاد بکەین، چونکە دەزانین داواکاری لەسەر بەرهەمە ئیتالییەکان لە بەغدا و، بێگومان، لێرە لە هەولێر هەیە.
رووداو: ئامانج و مەبەستتان هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئەم یەک ملیارە لە ساڵێکدا؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: دەزانی، لە ساڵانی 2023 بۆ 2024 بە نزیکەیی 30% زیادبوونمان بەخۆوە بینیوە. بۆیە ئەگەر بتوانین ئەو ئاراستەیە بپارێزین، زۆر باش دەبێت.
رووداو: با جارێکی دیکە باسی ئاسایش و سەقامگیری بکەین. ئایا هەڕەشەی داعش لە عێراق ماوە؟ بەتایبەتی هەندێک هێرش لە سووریا و لە رۆژئاوای عێراق، روودەدەن. ئایا پێتان وایە هەڕەشەکە هێشتا ماوە؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: دەزانی، ئەوە یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتداران، چ لە بەغدا و چ لە هەولێر. من هەمیشە پرسیاریان لێدەکەم، چونکە ئەوان شارەزای بوارەکەن. هەڕەشەکە هێشتا ماوە، هەرچەندە بە بەراورد بە رابردوو کەمتر بووەتەوە. بەڵام ئێمە لە رێگەی یەکە سەربازییەکانمانەوە لەگەڵ هێزەکانی بەرگریی عێراق و پێشمەرگە لێرە لە کوردستان هاوکارین. دەزانی ئێمە ئامادەییەکی گرنگمان لێرە لە هەولێر، لە سلێمانی و بێگومان لە بەغدا هەیە. لەسەر داوای حکومەتی عێراق و، لێرە بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەو کاتەی پێشوازیمان لێبکرێت، ئێمە بەڕاستی پابەندین بە کارکردن لەگەڵ ئێوە و هەوڵدان بۆ یارمەتیدانی شەڕی دژی پاشماوەکانی داعش.
رووداو: بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی داهاتوودا، ئایا ئیتاڵیا هەمان پلانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوامە، ئێمە کار لەسەر رێککەوتنێکی نوێی ئەمنی، رێککەوتنێکی دوولایەنە دەکەین، بەڵام ناتوانم زیاتر لەسەر ئەوە بوەستم. پێموایە ئێمە دوو وڵاتی دۆستین و ئەگەر دۆستێک داوای یارمەتیت لێبکات، ئیتاڵیا ئامادەیە پێشکێشی بکات.
رووداو: ئایا شتێکی وەک گۆڕینی رێکارەکان، گۆڕینی شێوازی کارکردن یان راهێنانی هێزەکانی عێراق و ئیتاڵیای تێدایە، یان هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: هێشتا زووە قسە لەسەر ئەوە بکەین، بەڵام لەپێشینەی کارمان لێرە راهێنان و بەتواناکردن و یارمەتیدانە، ئەوەش ئەوەیە کە دەمانەوێت بەردەوام بین لە ئەنجامدانی.
رووداو: سەبارەت بە پێشمەرگە، ئیتاڵیا لە پرۆسەی پشتیوانیکردندایە بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
نیکۆلۆ فۆنتانا: بێگومان، وەکو دەزانن، ئێمە لێرە و لە سلێمانی زۆر باش کار دەکەین، هیوادارین ئەم پرۆسەیە بە زوویی کۆتایی بێت. بە بۆچوونی ئێمە ئەوە نیشانەیەکی باشی دیکەی سەقامگیری دەبێت بۆ کوردستان.
رووداو: پرۆسەکە تاوەکو ئێستا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: وەکو دەزانن، من لە مەیدانەکە نیم، بەڵام بە گوێگرتن لەوەی سەرباز و راهێنەرەکانمان پێمان دەڵێن، هێشتا پرۆسەیەکی بەردەوامە، پێشکەوتن بەدەستهاتووە، رەنگە کەمێک کاتی زیاتری بوێت، بەڵام پێموایە دەگەینە ئامانجی کۆتایی.
رووداو: پلانەکە ئەوە بوو پرۆسەکە یان پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە تا کۆتایی ساڵی داهاتوو کۆتایی پێبێت. راستە؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: ساڵی 2026.
رووداو: بەڵێ. تا کۆتایی ساڵی 2026.
نیکۆلۆ فۆنتانا: ئەوەم بیرنایەتەوە، بەڵام متمانەم بە قسەکانت هەیە.
رووداو: باشە. کەواتە چاوەڕێ دەکەن تەواو بێت؟ هێزەکانی پێشمەرگە وەک ئەوەی پلانتان داناوە یەکدەخرێنەوە؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: من شارەزا نیم، بۆیە نازانم. مەبەستم ئەوەیە، زانیاریی زۆر وردم لەسەر ئەوە نییە، بەڵام هیوادارم کە بەو شێوەیە بێت.
رووداو: باشە، با باسی داواکارییەکانی ڤیزا بکەین لێرە لە کوردستان و عێراقیش. ئایا هیچ ئاسانکارییەک بۆ داواکاران کراوە؟ چەند جار داواکاری وەردەگرن؟ ئایا رێسای دیکە هەیە کە لەوە زیاتر بێت؟ یان چ پلانێکتان هەیە؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: تێگەیشتم، بڕوانە، یەکەم شت، چەند ساڵێک لەمەوبەر بڕیارماندا، با بڵێین، کونسوڵخانە لە هەولێر لە کونسوڵخانەوە بۆ کونسوڵخانەی گشتی بەرز بکەینەوە، بەهۆی ئەو پەیوەندییە تایبەتەی کە لەگەڵ کوردستان هەمانە، بەڵام هەروەها بەهۆی ژمارەی داواکارییەکانی ڤیزا کە بەردەوام وەرمانگرتوون. من زۆر جار ئەم پرسیارەم لێدەکرێت، وەڵامەکەم هەمیشە یەک شتە. بۆ داواکردنی ڤیزا، ئەوەندە قورس نییە ڤیزا وەربگریت، بە مەرجێک لەگەڵ داواکارییەکەدا، بەڵگەنامە پێویستەکان پێشکێش بکەیت. لە دوو ساڵی رابردوودا، ساڵانە بەرزبوونەوەی نزیکەی 30%ی داواکارییەکانمان بینیوە. رێژەی رەتکردنەوەمان لە نێوان 20% بۆ 30% دایە. بەڵام 99.9%ی ئەو رەتکردنەوانە بەهۆی ئەوەوەیە کە داواکارییەکە بەڵگەنامەی دروستی تێدا نییە. مەبەستم ئەوەیە، ئەگەر داواکارییەکە دروست بێت، هیچ مەبەستێک و بە دڵنیاییەوە هیچ نیازێک نییە بۆ ئەوەی ڤیزا نەدرێت بە خوێندکار، بازرگان یان گەشتیارانی ئەم وڵاتە. بۆیە پێشنیازم بۆ هەر کەسێک کە حەزی لە سەردانیکردنی ئیتاڵیایە بە هەر هۆکارێک بێت، ئەوەیە تکایە سەیری ماڵپەڕەکانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی گشتی بکەن و پەیڕەوی هەموو شتێک بکەن کە لەوێدا سەبارەت بە بەڵگەنامەکان هاتووە.
رووداو: زۆر سوپاس.
نیکۆلۆ فۆنتانا: شایانی نییە.