تایبەتمەندیی ئەو ماسییە بزانە کە تەنیا لە وانی باکووری کوردستان دەژی


رووداو دیجیتاڵ

ماسیی دارەخ کە (ئینجی کەفالی) ناوە تورکییەکەیەتی، تەنیا لە دەریاچەی وان لە باکووری کوردستان دەژی و لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان نەبینراوە و نییە. ئەو ماسییە بە خۆگونجاندنی لەگەڵ دەریاچەی وان کە ئاوێکی سۆدەیی ph 9.2ــە، لە هەموو جۆرەکانی دیکەی ماسی جیادەکرێتەوە.
 
تۆری میدیایی رووداو لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت بە ماسیی دارەخ و دەریاچەی وان پرسیاری لە مستەفا ئاککوش، مامۆستا لە کۆلیژی بەرهەمە ئاوییەکانی زانکۆی دیجلە و کەنعان باڵجی، ماسیگرە بەناوبانگەکەی تورکیا و باکووری کوردستان کرد. 
 
مستەفا ئاککوش دەڵێ، دارەخ ماسییەکی رەسەنی وانە و ئەگەر ئۆراتووەکان و ئاشوورییەکان 3 بۆ 4 هەزار ساڵ پێش ئێستا لە وان بووبن، ماسیی دارەخ 800 هەزار ساڵە لێرەیە؛ راشیگەیاند: "لە دۆخی ئاساییدا و بەگوێرەی رێسا زانستییەکانی ئاو، دەریاچەی وان هیچ ماسییەکی تێدا ناژی، چونکە ماسی لە ژینگەیەکی 8-7 ph دەژی، کەچی phی دەریاچەی وان 9.2ــە".
 
ئاککوش لەبارەی گرنگیی ماسیی دارەخ لەڕووی ئابوورییەوە دەڵێ: "ئەمڕۆ ئەو ماسییە بژێوی ژیانی نزیکەی 30 هەزار کەس دابین دەکات. ساڵانە لە تورکیا 30 هەزار تۆن ماسی  راودەکرێ، کە 10 هەزار تۆنی تەنیا ماسیی دارەخە، ئەمەش دەکاتە یەک لەسەر سێی هەموو بەرهەمی ماسیی نێوخۆیی وڵاتەکە و داهاتەکەی ساڵانە زیاترە لە 12 ملیۆن دۆلار".
 
هەروەها کەنعان باڵجی کە زۆر جار کاردانەوەی تووندی بەرامبەر قڕبوونی وەچەی جۆرەکانی ماسی نیشانداوە، وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی ماسیی دارەخ دایەوە.
 
باڵجی، ماسیی دارەخی بە بەهایەکی بێ وێنەی پارێزگای وان ناوبرد کە سوودی بۆ تەواوی شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیاش هەیە؛ هەروەها گوتی:"ئەو ماسییە خۆی لەگەڵ ئاوی وان گونجاندووە کە رێژەی سۆدە تێیدا زۆر بەرزە. ئەمەش وایکردووە ئەو ماسییە خاوەن سیستمێکیی بەهێزی بەرگری بێت. ئەو ماسییە کێڵگەیەکی ئێمەیە کە بێ ئەوەی بیچێنین، بەروبوومەکەی دەخۆین".
 
 
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ مستەفا ئاککوش، ئەکادیمی لە کۆلیژی بەرهەمە ئاوییەکانی زانکۆی دیجلە  


 
رووداو: ماسیی ئینجی کەفالی (دارەخ) کە تەنیا لە وان هەیە، چ سوودێکی بە شاری وان و خەڵکەکەی هەیە؟ هیچ ئامارێک لەبەردەستیاندایە؟ چ سوودێکی بۆ تەواوی تورکیا هەیە؟ 

 
مستەفا ئاککوش: ماسیی ئینجی کەفالی تەنیا لە دەریاچەی وان دەژی، لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان ناژی. ئەگەر لە نەخشەوە سەیری بکەین، دەبینین لە رۆژئاوای تورکیا دەریاچەیەکی داخراو هەیە، واتە هیچ پەیوەندییەکی ئاوی لە نێوان دەریاچەی وان و دەرەوە نییە. هیچ دەرچەیەکی ئاوی نییە. ئەگەر بمانەوێ بزانین ماسیی ئینجی کەفالی (دارەخ) چ جیاوازییەکی لەگەڵ ماسییەکانی دیکەی جیهان هەیە، پێویستە نزیکەی ملیۆنێک ساڵ بگەڕێینەوە. ئەوکاتە دەریاچەی وان لە ئێستا گەورەتر و فراوانتر بووە، بە جۆرێک لەگەڵ بەشەکەی دیکەی ئەنادۆڵ پەیوەندی هەبووە. بەڵام نزیکەی 800 هەزار ساڵ پێش ئێستا بەهۆی تەقینەوەی چیای گڕکاناویی نەمروود کە لە باشووری دەریاچەکەیە، دەریاچەکە پەیوەندی لەگەڵ دەرەوە دەپچڕێ و ئەو دەریاچەی وانە دروست دەبێت کە ئەمڕۆ دەیبینین. لە سەرەتای دروستبوونیدا ئاوەکەی سازگار و بێگەرد بووە. مەبەستم لە نەبوونی پەیوەندیی دەریاچەکە لەگەڵ دەرەوە ئەوەیە کە هیچ ئاوێکی تێ ناڕژێ و ناڕژێتە نێو هیچ ئاوێکیش. دەریاچەکە بە ئاوی بەفر و باران پڕ دەبێت و تەنیا لەڕێی بە هەڵمبوونەوە ئاو لەدەستدەدا. بە تێپەڕبوونی کات ئاوی چیاکان مادەی کانزایی و کیمیایی جۆراوجۆر لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە ناو ئاوی دەریاچەکە. دەریاچەکە بەردەوام خوێ و سۆدەی تێدەچێت. بەمجۆرە دەریاچەی وان دەبێتە دەریاچەیەکی پڕ خوێ و سۆدەیی. لەوکاتەدا ماسیی ئینجی کەفالی لە دەریاچەی وان بەند دەبێت و هیچ چانسێکی چوونە دەرەوەی نییە. 
 
رووداو: هەندێک جار حکومەت، بەتایبەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەستەواژەی دەریاچەی وان رەت دەکەنەوە و دەڵێن (دەریای وان). پێشتریش زۆر جار ئەمە لەلایەن خەڵکەوە دووپاتکراوەتەوە، لەکاتێکدا وان دەریاچەیەکی گەورەیە و چوار دوورگەی هەیە، بەڵام ناوە فەرمییەکەی هەر دەریاچەیە. بۆچوونتان لەمبارەیەوە چییە؟
 
مستەفا ئاککوش: شارستانییە دێرینەکان بە دەریاچەی وانیان گوتووە دەریا، چونکە دەریاچەی وان لە رووی کواڵیتیی ئاوەکەی و لەڕووی گەورەییەوە، پێناسەی دەریای هەیە نەوەک دەریاچە. دەریاچەی وان بە قەبارە زۆر گەورەیە، رووبەرەکەی سێ هەزار و 712 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، زیاتر لە دەریا دەچێت نەوەک دەریاچە. ئەگەر بە ئۆتۆمبێل بە چواردەوریدا بگەڕێیت، رۆژێکی تەواوت دەوێ. قووڵییەکەشی دەگاتە 461 مەتر. ماسیی دارەخ تاقە جۆری ماسییە کە توانای ژیانی لە نێو ئەو ئاوە سوێر و سۆداوییەدا هەیە و سوودی ئابووری لێ وەردەگیرێت.
 
رووداو: ماسیی دارەخ و کۆچی پێچەوانەی ئەو ماسییە لەپێناو مانەوە بووەتە چیرۆکیکی سەرنجڕاکێش و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بۆ بینینی ئەو دیمەنە روو لە وان دەکەن. نهێنیی ئەو کۆچە چییە؟

 
مستەفا ئاککوش: لە دۆخی ئاساییدا و بەگوێرەی رێسا زانستییەکانی ئاو، دەریاچەی وان هیچ ماسییەکی تێدا ناژی، چونکە ماسی لە ژینگەیەکی 8-7 ph ی (رێژەی ترشی)دا دەژی، کەچی ترشی دەریاچەی وان 9.2ــە. دەتوانین بڵێین دەریاچەی وان بۆ ماسییەکان وەک سیبریایە و دۆخێکی سەختی هەیە. هەرچەندە ماسیی دارەخ لەنێو سوێراودا دەژی، بەڵام ریشەی وەچەیی ئەو ماسییە بۆ شیرناوەکان دەگەڕێتەوە، بۆیە هەموو ساڵێک لە نێوان مانگەکانی نیسان و تەممووزدا، بۆ گەرا دانان و زاوزێ، کۆچی پێچەوانە بۆ نێو ئەو رووبارە شیرینانە دەکات کە دەڕژێنە نێو دەریاچەکە. ئەمە کۆچێکی ئاسایی نییە، بەڵکو باس لە ملیاران ماسی دەکەین کە دەڕۆنە  111 چەم و رووباری ناوچەکە. ماسییەکان دوای گەرا دانان دەگەڕێنەوە نێو دەریاچەکە و بێچووەکانیشیان دوای دوو هەفتە هەمان رێگەی باوانیان دەگرنە بەر و دەڕۆنە نێو دەریاچە گەورەکە. بەشێک لەو ماسییانە لەڕێگەی کۆچەکەیاندا دەمرن، چونکە لە کۆچی پێچەوانەدا و لەو ساتەی لە سوێراوەوە دەچن بەرەو شیرناوەکان، لەلایەن ماسیگرانەوە دەخورێن. تەنانەت ئەم دیمەنە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار رادەکێشێتە ناوچەکە.
 
رووداو: دارەخ تاکە ماسی نییە کۆچ بکات. ئایا کۆچی پێچەوانەی دارەخ جیاوازە لەگەڵ کۆچی ماسییەکانی دیکە؟




مستەفا ئاککوش: ئەم کۆچەی ماسیی دارەخ گەشتێکی زۆر سەختە. گۆڕینی ژینگە لە ئاوی سۆداوییەوە بۆ ئاوی شیرین، وەک ئەوە وایە لە ژوورێکی 50 پلە گەرمەوە بچیتە ژوورێکی سارد کە پلەی گەرمییەکەی 50ی ژێر سفر بێت. بۆیە ماسییەکان نزیکەی 10 رۆژ لە دەمی رووبارەکاندا دەمێننەوە بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ ژینگە نوێیەکەدا بگونجێنن. لەو ماوەیەدا هیچ خواردنێک ناخۆن و تەنیا یەک ئامانجیان هەیە، ئەویش جێبەجێکردنی ئەرکی زاوزێیە کە 800 هەزار ساڵە بەردەوامە.
 
رووداو: لەڕووی زانستییەوە باسی ماسی دارەختان کرد. ئایا ئەم ماسییە هاوکات مێژووێکی دوورودرێژیشی هەیە؟ هیچ ئامارێکی تایبەت بە ژمارەی ماسیی دارەخ و کاریگەرییە ئابوورییەکەی لە بەردەستدایە؟ 

 
مستەفا ئاککوش: دارەخ، ماسییەکی رەسەنی وانە؛ ئەگەر ئۆراتووەکان و ئاشوورییەکان 3 بۆ 4 هەزار ساڵ پێش ئێستا لە وان بووبن، ماسیی دارەخ 800 هەزار ساڵە لێرەیە. ئەم ماسییە لە کتێبە مێژووییەکانیشدا ناوی هاتووە. ئەولیا چەلەبی لە ساڵانی 1600دا باسی ئەوە دەکات کە خەڵکی ناوچەکە لە کاتی دانانی گرای ماسیدا راویان نەکردووە، چونکە پێیان وابووە ماسییەکان بۆ سەردانی پیاوچاکان، روو لە سەرچاوەی رووبارەکان دەکەن. گرادانانی ماسی لە ئەنادۆڵ هەمیشە وەک کارێکی پیرۆز بینراوە. چیرۆکی ماسیی دارەخ، بەهۆی راوی نایاسایی و بێسەروبەرییەوە لە ساڵانی نەوەدەکاندا خەریک بوو بگاتە کۆتایی، بەڵام بەهۆی هەوڵی زانستی و پارێزگاریی پرۆفیسۆر د. مستەفا ساری، ماسییەکە لە قڕبوون رزگارکرا. ئەمڕۆ ماسیی دارەخ بژێوی ژیانی نزیکەی 30 هەزار کەس دابین دەکات. ساڵانە لە تورکیا 30 هەزار تۆن ماسی لە ئاوە نێوخۆییەکان راو دەکرێن، کە 10 هەزار تۆنیان تەنیا ماسیی دارەخن، ئەمەش دەکاتە یەک لەسەر سێی هەموو بەرهەمی ماسیی ناوخۆیی وڵاتەکە و داهاتەکەی ساڵانە زیاترە لە 12 ملیۆن دۆلار.

 

 
رووداو: کەس ناتوانێ وان وەک پارێزگایەکی ئاسایی ببینێت. دەوڵەمەندییەکانی وان زۆرن. جگە لە مێژووەکەی، دەریاکەی، پشیلەیەکی تاکی لە هەموو جیهان هەیە کە چاوی دووڕەنگە، هەروەها ماوەی 10 ساڵە لە نانی بەیانیدا پێشەنگی جیهانە. جگە لەوەی چەندین شوێنەواری مێژوویی و شوێنی گەشتیاری هەیە، جێکەوتە جوگرافییەکەی دەوڵەمەندییەکی دیکەیە کە دەکەوێتە نێوان باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان و خاوەن دەروازەی سنوورییە. ئایا ماسیی دارەخ چی خستووەتە سەر ئەو دەوڵەمەندییە؟

 
مستەفا ئاککوش: بەهۆی ماسیی دارەخەوە، کەرتی گەشتیاریی ژینگەییش لە وان گەشەی کردووە. ساڵانە فێستیڤاڵی تایبەتی بۆ ساز دەکرێ و هەزاران وێنەگر بۆ بینینی دیمەنی کۆچی ماسییەکان روو لە ناوچەکە دەکەن. ئێستا لە نێوان 15ی نیسان بۆ 15ی تەممووز راوکردنی ئەم ماسییە قەدەخەیە و جەندرمەی وان و بەدلیس پاسەوانی دەکەن. بەڵام دەبێت بزانین کە ئەمە تەنیا پاراستنی ماسییەک نییە، بەڵکو کولتوور و میرات و نانی منداڵانی دواڕۆژ دەپارێزرێت. هەر ماسییەک کە راو دەکرێ، لەگەڵ خۆیدا 10 هەزار گەرا لەناو دەبات. بۆیە پاراستنی ئەم سامانە ئەرکی هەمووانە، تا بۆ نەوەکانی داهاتوو تەنیا وەک چیرۆک و ئەفسانەیەک نەمێنێتەوە.