بەڕێوەبەری کێڵگەکانی نەوتی رومەیلان: بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 70 هەزار بەرمیل کەمی کردووە و ئێستا نایفرۆشین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کێڵگەکانی نەوتی رومەیلان رایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 70 - 80 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمی کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕە تەنیا بۆ پێداویستییە ناوخۆییەکان و دابینکردنی سووتەمەنی و کارەبا بەکاردێت و ئێستا هیچ بڕە نەوتێک نافرۆشن.
د. ئەحمەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کێڵگەکانی نەوتی رومەیلان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا، باسی لە شاندێکی وەزارەتی وزە و ئەمنیی دیمەشق کرد، کە سەردانی ناوچەکەیان کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر "تێکهەڵکێشکردنی" بەڕێوەبەرایەتیی نەوتی رومەیلان لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی سووریا و گوتی، ئەگەرچی هێشتا رێککەوتنی کۆتایی واژۆ نەکراوە، بەڵام شاندەکە بەڵێنیان داوە زیاتر لە 4000 فەرمانبەری ئێستا لە کارەکانیان بمێننەوە و دەستکاری شێوازی بەڕێوەبەرییەکە نەکەن.
بەڕێوەبەری کێڵگەکانی رومەیلان جەختی کردەوە، توانای بەرهەمهێنانیان 110 هەزار بەرمیلە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی نائاساییەوە دابەزیوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا هیچ کۆمپانیایەکی دەرەکی بۆ وەبەرهێنان لەو کێڵگانەدا پەیوەندیی پێوە نەکردوون.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: لە کۆبوونەوەی 9ی شوباتەوە دەستپێدەکەم، لەو کۆبوونەوەیەدا چی پێشنیاز کرا؟ ئەنجامی سەردانی وەزارەتی وزە و شاندی ئەمنیی سووریا چی بوو؟
د. ئەحمەد ئیبراهیم: هاتنی ئەوان بۆ ئێرە تەنیا بۆ ناسین بوو. کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی رومەیلان ئەنجامدرا، هەروەها سەردانی کێڵگەی "ئۆدێ"یان لە تربەسپی کرد. ئەو قسانەی کران گشتی بوون؛ ئەوان دەیانەوێت پەیوەندییەکان دروستببنەوە. ئەمە یەکەم سەردان بوو بۆ گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی تێکەڵکردنی کۆمپانیاکەی ئێمە و کۆمپانیای نەوتی سووریا، بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە.
رووداو: کۆمپانیای نەوتی سووریا لەو کۆبوونەوەیەدا چی دەویست؟ دەیانەوێت بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەی جزیری رۆژئاوای کوردستان چۆن بێت؟
د. ئەحمەد ئیبراهیم: شتێکی وا باس نەکرا. ئەوەی باسی لێوە کرا "تێکهەڵکێشکردن" بوو. ئەم پڕۆسەیە ئاسان نییە و کاتی زۆری دەوێت، چونکە ئێمە 14 ساڵە کۆمپانیامان دامەزراندووە، کار دەکەین و بەڕێوەبەریی خۆمان هەیە. ئەوان مەرجێکی قورسیان دانەناوە و ئەم سەردانە تەنیا وەک سەرەتایەک بوو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.
رووداو: ئایا دووبارە سەردانتان دەکەنەوە؟ هیچ رۆژێکتان بۆ دیدارێکی دیکە دیاری کردووە؟
د. ئەحمەد ئیبراهیم: پێشبینی دەکەین دووبارە بێنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کاتێکی دیاریکراومان دانەناوە.
رووداو: گوتت کۆمپانیاتان دامەزراندووە و بەڕێوەبەرییەکی نەوتتان لەناو خۆبەڕێوەبەریدا هەیە، ئایا فەرمانبەرەکانتان لە بەڕێوەبەرایەتیی رومەیلان دەمێننەوە؟
د. ئەحمەد ئیبراهیم: بە شێوەیەکی زارەکی فەرمانبەرانی ئێمەیان پەسند کردووە. پێیان گوتووین، هەموو فەرمانبەرەکان دەمێننەوە و دەستکاریی شێوازی بەڕێوەبەریی ئێمەش ناکەن.
رووداو: ئایا فەرمانبەرانتان دەبنە فەرمانبەری وەزارەتی وزەی سووریا؟
د. ئەحمەد ئیبراهیم: هێشتا رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە. هەر کاتێک رێککەوتنەکە واژۆ کرا، ئەو کاتە دەبنە فەرمانبەری ئەوان. ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئەوە باسێکی دیکەیە و هێشتا زووە قسەی لەسەر بکەین.
رووداو: لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوتی رومەیلان چەند فەرمانبەرتان هەیە؟
د. ئەحمەد ئیبراهیم: ئەوان داوای ئەو ئامارەیان لێکردین و پێمان دان. لە رومەیلان و تەواوی ئەو سێکتەرانەی سەر بەوەن، بەو بیرانەشەوە کە تازە خستووماننەتە گەڕ، لەگەڵ ئەو فەرمانبەرە کۆنانەی دەوڵەت کە لای ئێمە مابوونەوە، ژمارەیان زیاتر لە 4000 فەرمانبەرە.
رووداو: ئەم ژمارەیە بەسە، یان پێویستیتان بە فەرمانبەری نوێ هەیە؟
د. ئەحمەد ئیبراهیم: بۆ ئێستا بەسە. با ببینین لە داهاتوودا چی گۆڕانکارییەک روودەدات، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەم ژمارەیە لەچاو سەردەمی حکومەت کەمترە، چونکە ئەو کاتە زیاتر لە 6000 فەرمانبەر هەبوون.
رووداو: ئێستا چەند کێڵگەی نەوتی لەژێر دەسەڵاتی ئێوەدا ماونەتەوە؟
د. ئەحمەد ئیبراهیم: سێکتەرەکانی رومەیلان بە تەواوی لەژێر دەستی ئێمەدایە، کە بە "سێکتەری یەک" ناسراوە؛ پێکهاتووە لە کێڵگەکانی (رومەیلان، سوێدیە، قەرەچۆخ، حەمزە، ئالیان، سازابە، عۆدێ و دیجلە). هەموو ئەمانە لەژێر دەستی ئێمەدان، بەڕێوەیان دەبەین و وەبەرهێنانیان تێدا دەکەین.
رووداو: بەرهەمهێنانی رۆژانەی ئەم بیرە نەوتییانە دەگاتە چەند؟
د. ئەحمەد ئیبراهیم: توانامان هەیە رۆژانە 110 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنین، بەڵام بەداخەوە ئێستا بەهۆی ئەم بارودۆخە نائاساییەوە بەرهەمهێنان کەمی کردووە. هەندێک بیرمان هەیە ناتوانین بەکاریانبهێنین یان دەستمان پێیان بگات. ئێستا رۆژانە لەنێوان 70 - 75 تاوەکو 80 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنین.
رووداو: لە کەیەوە بەرهەمهێنانتان بۆ 70 هەزار بەرمیل کەم کردووەتەوە؟
د. ئەحمەد ئیبراهیم: نزیکەی 10 بۆ 12 رۆژ دەبێت.
رووداو: ئایا ئەم 70 هەزار بەرمیلەی رۆژانە تەنیا بۆ پێداویستیی ناوخۆیە یان بۆ شوێنی دیکەی دەنێرن؟
د. ئەحمەد ئیبراهیم: نەخێر، هەمووی بۆ پاڵاوگەکانی خۆمان دەنێردرێت و هیچ بڕێکی ناچێتە دەرەوە.
رووداو: بۆچی تەنیا دەیدەنە پاڵاوگەکان؟ تەنیا بۆ کارەبایە یان مەبەستی دیکە؟
د. ئەحمەد ئیبراهیم: بۆ دابینکردنی مازۆت و سووتەمەنییە بەگشتی.
رووداو: واتە بە هیچ شێوەیەک نەوتەکەتان نافرۆشن؟
د. ئەحمەد ئیبراهیم: نەخێر، لە دۆخی ئێستا نایفرۆشین.
رووداو: ئایا هیچ کۆمپانیایەکی دەرەکی پەیوەندیی پێوە کردوون کە بیەوێت لە رومەیلان وەبەرهێنان بکات؟
د. ئەحمەد ئیبراهیم: نەخێر، کەس پەیوەندیی بە ئێمەوە نەکردووە، بەڵام شاندی دیمەشق پێیان گوتین، چەند کۆمپانیایەک پەیوەندییان بەوانەوە کردووە بۆ وەبەرهێنان لە ناوچەکانی دیکە، بەڵام بۆ نەوتی ناوچەی ئێمە هێشتا هیچ شتێک دیار نییە.