مەلا بەختیار: ئێستا کاک مەسعود گەورەی خەڵکی کوردستانە

رووداو دیجیتاڵ
 
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی عەرەبیی  رووداو دیجیتاڵ باسی چەند پرسێک دەکات، لەوانە: دوایین کۆنگرەی حیزبەکەی، دەڵێت: "پێموانییە ئەمە کۆنگرەبێت، پێش کۆنگرە و لەکاتی کۆنگرە و تاوەکو ئێستاش، ئەگەر من و هاوڕێکانم سوور نەبوواین لەسەر بنەما و پرەنسیپەکانمان، ئەوا لێکترازانێکی دیکە لە نێو یەکێتی نیشتمانی روویدەدا".
 
مەلا بەختیار، گلەیی لە مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی هەیە و دەڵێت: "برایان لە مەکتەبی سیاسی پێیانوایە دەتوانن کۆنترۆڵیان بەسەر دۆخەکەدا هەبێت، جگە لەخۆیان دەرفەت بە کەسانی دیکە نادەن، ئەمەش هەڵەیەکی گورچکبڕە."
 
مەلا بەختیار هۆشداری دەدات لە دروستبوونی قەیران لە هەرێمی کوردستان و روودانی شۆڕش، کە ئەو بە شۆڕشی خەڵک ناوی دەبات، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی. لە وەڵامی پرسیاری رووداویش دەڵێت، "ئێستا کاک مەسعود" گەورەی خەڵکە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەلا بەختیار:
 
رووداو: سڵاوتان لێبێت، دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختدا، بڕیاربوو ئەم هەڵبژاردنە ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و جێبەجێکردنی داواکاریی تشرینییەکانی لێبکەوێتەوە، بەڵام بەداخەوە هەڵبژاردن، ناکۆکی سیاسی لێکەوتەوە لەنێوان پارت و فراکسیۆنەکان، لەنێو ماڵی شیعە، ماڵی سوننە، هەروەها ماڵی کورد. خۆشحاڵین ئەمڕۆ لەگەڵ مەلا بەختیار سیاسەتمەداری ناوداری کورد  گفتوگۆ دەکەین لەبارەی دۆخی سیاسی عێراق، کە وەک دۆخەکە بەشێوەیەک وێناکراوە، گەیشتووەتە قۆناخی بنبەستی سیاسی، ئەمەش لە ئەنجامی ئەم ناکۆکییانەوە. بەخێربێیت کاک مەلا بەختیار.
 
مەلا بەختیار:  زۆر سوپاس بۆ دۆستی خۆشەویستم، بەخێربێن.
 
رووداو: ئێمە گفتۆگۆیەکی سیاسی لە گەلەرییەکی هونەری دەکەین، ئەمە یەکەمجارە روودەدات، ئایا تۆ ئارەزووت زیاتر بەلای هونەر و رۆشنبیرییە یاخود سیاسەت؟ 
 
مەلا بەختیار: ئارەزووی زۆر زۆرم بەلای هونەر و رۆشنبیرییە، پشتوانێکی زۆر بەهێزی هونەرمەندانی شێوەکارم جا لە عێراق یاخود ناوچەکە یان لە هەرێمی کوردستان بێت.
 
رووداو: باشە ئێستا گفتوگۆ دەکەین لەگەڵ مەلا بەختیار وەک رۆشنبیرێک، کە گرنگی زیاتر بە رۆشنبیریی یاخود سیاسەت دەدات؟ 
 
مەلا بەختیار: هەردووکیان 
 
رووداو: هەردووکیان... باشە تۆ لە کوێی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی؟ مەلا بەختیار وا پێناسەدەکرێت، کە ئۆپۆزیسیۆن و شۆڕشگێڕێکی مارکسییە، ئەمڕۆ لەنێو ئەم دۆخەی یەکێتیدا لە کوێیە؟ 
  
مەلا بەختیار: سوپاست دەکەم، پرسیارێکی زۆر باشە، ئەمە دەبێتە کلیلی ناساندنی خوێنەر و بیسەریی خۆشەویست تاوەکو بزانێت، سیفەتی فەرمیم ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، بەڵام  گرنگیپێدان و خەمی زۆرم بەلای بابەتی رۆشنگەریی، مەدەنی و عەلمانییە، نزیکەی 30 ساڵە گرنگی بەو پرسانە دەدەین و بەدواداچوونیان بۆ دەکەین، دەنووسین و وانە و کۆڕ و کۆبوونەوە و دیداری بۆ دەکەین، جا لە هەرێمی کوردستان یاخود لە عێراق یان لەسەر ئاستی جیهاندا بێت وەک؛ فەرەنسا و وڵاتانی دیکە. پێموایە ئەستەمە  دیموکراسییەت بنیادبنرێت بەبێ تێپەڕبوون بە فلتەری رۆشنگەری، ئەستەمە، ئەستەمە. کاتێک شۆڕشی دیموکراسی لە ئەوروپا سەرکەوت، پاشخانی 200 ساڵی فەلسەفە و هزر و چاکسازیی ئاینی، سەردەمی بووژانەوە و رابوون هەبوو، ئەگەر ئەو  باکگراوندە هزری، فەلسەفی، رۆشنگەریی و چاکسازییە نەبووایە، ئەستەمبوو دەوڵەتی دیموکراسی بنیادبنرێت.
 
رووداو: واتا پێشبینی دەکەیت، عێراق پێویستی بە 200 ساڵی دیکە بێت بۆ بەدیهێنانی دەوڵەتی دیموکراسی؟
 
مەلابەختیار: نەخێر، سەردەمەکە جیاوازە، ئێستا تەکنەلۆژیا ماوەی دۆخ و قۆناخەکانی کەمکردووەتەوە، بەشێوەیەک 200 ساڵ بووەتە 30، یاخود 20 ساڵ، تەکنیک، تەکنەلۆژیا، سۆشیال میدیا، تەلەفزیۆن، کەناڵە ئاسمانییەکان، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هەرێمییەکان، توانای ئابووری و زانکۆکان و رۆشنبیریی، هەموو ئەمانە کاریگەری و کارلێکی راستەوخۆیان هەیە بەوەی رووداو و گۆڕانکارییەکان بە خێرایی رووبدەن. 
 
نەمانهێشت لێکترازانێکی دیکە لە نێو یەكێتیدا رووبدات  
رووداو: باشە، وەک ئەوەی ناوت هێنا ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئایا ئەمە لە کۆنگرەی ئەم دواییانەی یەکێتی دروستبوو، ئایا لە بڕیارەکانی ئەم کۆنگرەیە رازیت؟
 
مەلا بەختیار:  نەخێر .. بە راشکاوانە لە بڕیاری کۆنگرە رازی نەبووم، پێموانییە ئەمە کۆنگرەبێت، پێش کۆنگرە و لەکاتی کۆنگرە و تاوەکو ئێستاش، ئەگەر من و هاوڕێکانم سوور نەبوواین لەسەر بنەما و پرەنسیپەکانمان، ئەوا لێکترازانێکی دیکە لە نێو یەکێتی نیشتمانی روویدەدا.
 
رووداو: ئێستا لێکترازن هەیە یاخود نا؟
 
مەلا بەختیار: نەخێر.. خۆمان بەدوورگرت، دووپاتمانکردەوە لەسەر پرەنسیپ و بیروباوەڕمان لە بەرامبەر ئەوانەی کۆنترۆڵی کۆنگرەیان کرد، لە رێگەی دەزگای هەواڵگریی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. خۆمان بە دوورگرت لەو رووبەڕووبوونەوەیە تاوەکو جارێکی دیکە ترازان لە نێو یەکێتی روونەدات. بۆ مێژوو بوارمان پێدان، ئێستا سێ ساڵ بەسەر بەستنی کۆنگرەدا تێدەپەڕێت، چی دەبینین؟ ئایا دوای کۆنگرەی چوار، یەکێتی توانی بە ئەرکی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و رۆشنبیریی خۆی هەستێت، دڵنیایی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە نێو رای گشتی کوردستان هەیە؟ 
 
رووداو: جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؟
 
مەلا بەختیار: 170 هەزار دەنگمان کەمکردووە لە هەڵبژاردنی ئەمدواییانەی پەرلەمانی عێراق. 170 هەزار دەنگ.
 
رووداو: ئایا وەک مەلا بەختیار سووربووی لەسەر بەدیهێنانی بیروباوەڕەکانت، بووەتە هۆی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنت لە رێگەی ژەهرخواردکردنت؟
 
مەلا بەختیار: بەڵێ!
 
رووداو: پێشتر گوتت دەزانم کێ لە پشت ئەو کارەیە؟
 
مەلا بەختیار: هەوڵی تیرۆرکردن و ژەهرخواردکردنم، یەکەم: پەیوەندی هەیە بە مێژوو و ریشەم لە نێو یەکێتی و بزووتنەوەی دیموکراتی ئازادیخوازیی کوردستان. بەشەکەی دیکە پەیوەندی هەبووە بە داهاتووی پەرەسەندن و هاوکێشەی سیاسی. ئەوانەی ئەو تاوانەیان ئەنجامدا، دەیانزانی شکستخواردوون لە کۆنگرە، دواتر ئەمانە دەیانزانی لەهیچ کارێکی ناوخۆیی و بەرپرسیاریەتییدا سەرکەوتوو نابن، بۆیە ئەمانە ترسیان لە هەموو کەسێکی خاوەن ئەزموون و بە توانا هەبوو، کە درک بە هەڵە و سیاسەتە هەڵەکانیان دەکات.
 
هاوپەیمانیی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی گرنگترین کاربوو بەلای مام جەلالەوە پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتی چارەنووسساز و ستراتیژییە  
رووداو: سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان باسی لەوەکردووە، لە دوایین دیداری مام جەلال خودا لێی خۆشبێت، کە لە مەڵبەندی هەولێر بووە،  پێش ئەوەی بچێتە دەرەوە بۆ چارەسەر، مام جەلال جەختیکردووەتەوە لەسەر گرنگی پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتیی دیموکراتیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز مەسعود بارزانی، بەوەی ئەمە گەرەنتییە بۆ حیزب و بۆ هەمووان، ئایا ئەم وەسیەتە جێبەجێکراوە؟ پێموایە ئەمە وەسیەتە، چونکە ئەمە دوایین دیدار بووە. باشە هیچ میراتێکی سیاسی مام جەلال ماوە؟
 
مام جەلال دەیگوت پەیوەندیی یەکێتی و پارتی تێکبچێت، ئەزموونی هەرێمی کوردستانی عێراق نامێنێت  
مەلا بەختیار: لە هەموو دیدار و کۆبوونەوەیەکدا، مام جەلال جەختی لەسەر ئەم خاڵە دەکردەوە، هەروەها هاوپەیمانی نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەمە بەو مانایە نایەت کە مام جەلال سەرنج و تێبینی و رەخنەی نەبووە لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان. نەخێر وانییە. سەرنج و تێبییەکانی لەبارەی سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەک دادەنا. هاوپەیمانی ستراتیژی نێوان یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان گرنگترین کاربوو بەلای بیروباوەڕ و سیاسەتی مام جەلالەوە. فەخامەتی سەرۆک مام جەلال بیری لەمە دەکردەوە و دووپاتیدەکردەوە، کە پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتی چارەنووسساز و ستراتیژییە، ئەگەر ئەو پەیوەندییە تێکبچێت، ئەوا ئەزموونی هەرێمی کوردستانی عێراق هەرەس دەهێنیت و تێکدەچێت. ئەگەر پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ هەموو حیزبەکانی دیکە تێکبچێت،  ئەوەندە کاریگەری گەورەی نابێت، وەک ئەوەی یەکێتی و پارتی هەیانە و بە یەکیان بەستێتەوە. ئەو باوەڕی بە رەهەندی ستراتیژی هەبوو بۆ ئەو پەیوەندییانە.
 
بزووتنەوەی گۆڕان قوتابخانەی موزایەدەی لە دژی پارتی دروستکردبوو  
رووداو: چی روویدا؟
 
مەلا بەختیار: پێچەوانەکەی روویدا، موزایەدەی ناوخۆ و دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. بزووتنەوەی گۆڕان ماوەیەک لە ماوەکان قوتابخانەی موزایەدەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق دروستکرد لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمەش دۆخێکی فۆبیای دروستکرد لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشێک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لە ژێر کاریگەریی ئەو فۆبیایە و کاریگەری ئەو سیاسەتە بوون.
بەشێک لە یەکێتی کەوتنە ژێر کاریگەریی 'فۆبیای پارتی' کە گۆڕان دروستیکرد  
لەکاتێکدا مام جەلال، کە سەرۆکایەتی یەکێتی دەکرد لەوپەڕی بەهێزیدا، رێگەی نەدەدا هیچ کەسێک بازرگانی بەم بابەتانەوە بکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە خۆم، کە لە چەند دیدارێک لەگەڵی بوومە و چاوی بە خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕان دەکەوت دووپاتیدەکردەوە، کە پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نایابە و ئامۆژگاری دەکردن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان باش بکەن و دەیگوت: هەوڵدەدەم پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان باش بکەم. بەڵام مانەوە لەسەر ئەم سیاسەتەی کە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەری دامەزرابوو و بەشێک لە یەکێتی نیشتمانی، ئەوانەی تێنەدەگەیشتن لە رەهەندی ستراتیژی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمانە ئەو ئەزموونەیان نەبوو. بە قسەی بەغدادییەکان" تاڵییان نەچەشتووە". ئێمەش لەم لایەنەوە ئەزموونێکی زۆرمان هەبوو، موزایەدەچییەکانیش تاوەکو ئێستاش بە درێژایی تەمەنیان بەیەک فیشەکیش بەرگرییان لە یەکێتی نەکردووە لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قۆناخی بەرگریی لە دژی پارتی و شەڕی ناوخۆیی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیدا. 
 
رووداو: ئەمە دژی دۆزی کورد و دژی کورد و کوردستان بوو؟
 
مەلا بەختیار: بەڵێ، بەڵام کۆتایی هات و ئەزموون سەلماندی، کە ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژییە کە ئێمە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان تێیکەتووین.
 
رووداو: پێتوایە ئەو هاوپەیمانییە ستراتیژییەی نێوانتان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان تێکدەدەن لەپێناو پۆستی سەرۆککۆمار؟ 
 
مەلا بەختیار: نەخێر پێشتر هەبووە. سەیرکە، من لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووم، دوو رەوت لە نێو یەکێتی سەریانهەڵدا، رەوتێک کە ئێمە بووین و سووربووین لەسەر ئەوەی پارێزگاری لە پەیوەندییەکانمان بکەین لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێویاندا برای خۆشەویستم کۆسرەت رەسوڵ و ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی، رەوتێکی دیکە کە هەواڵگری یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرۆکایەتی دەکرد هەندێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، ئاوێزانی ئەو رەوتە بوون، دەیانگوت هەرچەند دژایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەهێز دەبێت. ئێمەش پێماندەگوتن، ئێمە شەڕ و ململانێمان کرد و کەوتینە شەڕی سارد لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، هەموو ئەمانە سوودمان لێ وەرنەگرت، بەڵکو ئەوەی سوودمان لێ وەرگرت رێککەوتنی ستراتیژی بوو، لەنێو ئێمە و پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو کارە بۆ سەرکردەی گەنجەکانی نێو یەکێتی و هەندێک سەرکردەی هەلپەرست سوودی نەبوو. سووربوون لەسەر رای خۆیان، لە ئەنجامدا باجەکەی دەدەین.
 
مەکتەبی سیاسی هەڵەیەکی گورچکبڕ دەکات کە پێیوایە دەتوانێت دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات  
رووداو: ئایا ئێستا لە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان راتان کاریگەرە لە نێوخۆی یەکێتی دا؟
 
مەلا بەختیار: نەخێر بەداخەوە.
 
رووداو: واتا ئایا بۆ نموونە دیکۆرن؟ 
 
مەلا بەختیار: نەخێر دیکۆر نییە، بەداخەوە نەخێر. هەندێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لەوانە بەداخەوە کاک کۆسرەت نەخۆشە، ئەمەش کاریگەری لەسەرمان هەیە.
 
رووداو: خودا شیفای بدات.
 
مەلا بەختیار: ئەمە کاریگەریی گەورەی لەسەرمان هەیە. دووەم : برایان لە مەکتەبی سیاسی پێیانوایە دەتوانن کۆنترۆڵیان بەسەر دۆخەکەدا هەبێت، جگە لەخۆیان دەرفەت بە کەسانی دیکە نادەن، ئەمەش هەڵەیەکی گورچکبڕە، ئەمە هەڵەیەکی گورچکبڕە، بۆ مێژوو ئەمەت پێدەڵێم، ئەمە هەڵەیەکی گورچکبڕە، کە ئێستا مەکتەبی سیاسی دەیکات.
 
رووداو: بەردەوام دەڵێن، کورد پارسەنگە لە پرۆسەی سیاسییدا، بە دیاریکراویش هەردوو حیزبە سەرەکییەکە، پارتی و یەکێتی نیشتمانی، کەچی ئێستا بەشدارن لە دروستکردنی قەیرانێک. ئەگەر بە رێککەوتن و یەکگرتوویی چووبانە بەغدا، ئەم قەیرانەمان نەدەبینی؟
 
سێ ساڵە داوای نزیکبوونەوەی یەکێتی و پارتی دەکەم و لەسەر ئەوەش باجی زۆرم داوە  
مەلا بەختیار: سێ ساڵە، بەردەوام دووپاتمکردووەتەوە لەسەر نزیکبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و جارێکی دیکە هەردوو حیزب رێکبکەون، بە هاوپەیمانییەکی نوێ بچنە بەغدا. سێ ساڵە تاوەکو ئێستاش لە نووسین و دیدار و کۆڕ و کۆبوونەوەکان دووپاتم لەمە کردووەتەوە، زۆر سوورم لەسەر ئەم خاڵە، باجی ئەو بیروبۆچوونەشم داوە لەنێو یەکێتیدا، تاوەکو ئێستاش باجەکەی دەدەم، بەڵام بەداخەوە نە یەکێتی بەهۆی زیادەڕۆیی لە موزایەدە هەستی بە گرنگی ئەو بابەتە کردووە، نە برایانی نێو پارتی دیموکراتی کوردستان-یش درکیان بە گرنگی ئەو بابەتە کردووە، لە ئەنجامدا بەردەوامن لە ناکۆکی و ململانێ و بەردەوام لە کۆنترۆڵی دۆخی سیاسی و دەسەڵات دەکەن لە هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا چی دەکەن؟
 
با بەڕاشکاوانە باسی بکەم، پارتی دیموکراتی کوردستان لایەنی هاوپەیمانی سێقۆڵییە لەگەڵ سەدر و سوننە، رای گشتی ئاگاداری نێوەڕۆکی ئەو رێککەوتنە نییە کە پارتی لەگەڵ ئەو لایەنانە کردوویەتی. یەکێتی نیشتمانی هاوپەیمانی چووەتە هاوپەیمانی دیکە، بەبێ ئەوەی واژۆ لەسەر هیچ رێککەوتنێک بکات. هاوپەیمانیکردن لەگەڵ سەدرییەکان لەلایەک و لەگەڵ هێزی دیکەی شیعە لەلایەکی دیکەوە، وەک دەوڵەتی یاسا و هادی عامری و قەیس خەزعەلی، ئەمانە خۆیان لە جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق دزیوەتەوە پێش ئەنجامدانی گشتپرسیی هەرێمی کوردستان. هەروەها سوپایان ناردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ئامادە نەبوونە کێشەی بودجە و نەوت و گاز چارەسەر بکەن.
 
رووداو: بەشێک لەمانە دژایەتی و شەڕی پێشمەرگەیانکردووە لە کەرکووک لە 16ی ئۆکتۆبەردا؟
 
مەلابەختیار: دوای گشتپرسی، دژایەتی و شەڕی پێشمەرگەیان کرد، من باسی پێش گشتپرسی دەکەم، ئێمە ئەزموونێکی دەوڵەمەندمان لەگەڵیاندا هەیە، دەکرێت خوێنەر لە مانای ئەم پرسانە بزانێت و پرسیار بکات بۆچی تاوەکو ئێستا ماددەی 140 جێبەجێ نەکراوە، کە گرنگترین شتە سەبارەت بە کورد، هاوتەریب لەگەڵ بابەتی نەوت و گاز. 
 
رووداو: لەگەڵ ئەوەی ماددەیەکی دەستوورییە؟
 
مەلا بەختیار:  ماددەیەکی دەستوورییە، ئەوان خۆیان لە جێبەجێکردنی دەدزنەوە، چونکە دەیانەوێت لەباری ببەن، لەگەڵ ئەوەشدا دوای 19 ساڵ لە ئەزموون، پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانی لەگەڵ بەشێک لەو پارتانە کردووە، کە بۆچوونیان خراپ بوو بەرامبەر هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی. هەروەها یەکێتی هاوپەیمانی لەگەڵ بەشێکی دیکە لەو حزبانە کردووە، کە ئەمان بۆچوونیان هەیە و ئامادەنین ئەو ماددە دەستوورییە جێبەجێ بکەن.
 
رووداو: بەڵام لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، تووندتربوونە لەگەڵ کورد، لە بابەتی مووچە و رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و پروپاگەندەکردن لە دژی هەرێمی کوردستان و سیاسەتەکانی، ئەوەشی تایبەتە بە میلیشیاکان و بۆردوومانکردنی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا رەوتی سەدر زۆربەی کاتەکان لەگەڵ کورد بوونە، ئەمەش بەرگریکردن نییە لە کەس؟
 
مەلابەختیار: تاڕادەیەک، بەڵام رەوتی سەدر تاوەکو ئێستا بە هێزەکانی پێشمەرگە دەڵێت میلیشیا، بە جیددی بەشدارنەبوونە لە چارەسەرکردنی بابەتی بودجە و مووچە، تاوەکو ئێستا رەوتی سەدر دان بە کوردستانیبوونی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکاندا نانێت. ئەو بابەتانە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە لەنێوان رەوتی سەدر و نەتەوەی کورد و هەموو حیزبەکانیش. دووەم: سوننە لە دوای رووخانی رژێم، رۆڵێکی زۆر خراپ-یان هەبووە. ئەوان دوو ساڵ لە بزاوتی بنیادنانی عێراق خۆیان بەدوورگرت، دواتر گەڕانەوە و تێکەڵ بە پرۆسەی سیاسی عێراق بوون و بەشدارییان لە  پەرلەمان و حکومەت کرد. نابێت ئەوە لەیاد بکرێت، لەکاتی ئەنجامدانی گشتپرسی سوننە سەرۆکی پەرلەمان بوو کە سەلیم جبووری، ئەوکات سەرۆکی پەرلەمان لەماوەی یەک کاژێردا 12 بڕیاری لە دژی هەرێمی کوردستان دەرکرد، ئەمەش ژمارەیەکی پێیوانییە لە مێژووی هەموو پەرلەمانەکانی جیهاندا، خۆشم رووبەڕوو ئەمەم پێگوت و پرسیارم لێکرد بۆچی ئەو بابەتە بەمشێوەیە پەلەی تێدا کرا؟ با هەڵسەنگاندن لەنێوان هەردوولا نەکەین بەوەی کامە باشترین یاخود خراپترینە، بەڵکو باشترە بەشێوەیەکی بابەتییانە دۆخی عێراق هەڵبسەنگێنین. دۆخی بابەتیانەی ئێستای عێراق، کە وڵات بە دۆخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت و لە لێواری چەندین هەڕەشە و مەترسییە. ئەمە ئێستا گرنگترین شتە، نکۆڵیکردنی بوون و کەمی نەرمی نواندنی سیاسی نێوان هەموو حیزبەکان، ئەنجامی دیکەی لێدەکەوێتەوە.
 
یەکێتی لەژێر گوشاری کێشەکانی لەگەڵ پارتی، چووە بەرەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی  
رووداو: ئایا بەوە رازین کە یەکێتی چووەتە پاڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی؟ 
  
مەلا بەختیار: پێشتر باسی رەهەندی هەڵەکەم کرد، کە پێش پێکهێنانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، مانەوەی کێشەکان بە هەڵپەسێردراوی بۆ چەندین ساڵ لەنێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و لەئەنجامدا کەڵەکەبوونی کێشەکان و لە ژێر گوشاری ئەو کێشانە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕیاری ئەو رێگایەی داوە، هەروەک پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری رێگەیەکی دیکەی داوە، لەکاتێکدا پێویست بوو ئەوان یەک بەرەبن و بە یەک هەڵوێستی سیاسی بچنە بەغدا. ئەوەی روویداوە لە ئەنجامی کار و کاردانەوە بووە.
 
رووداو: ئایا دەرفەتەکە کۆتاییهاتووە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پێکەوەبن؟
 
مەلا بەختیار: کۆتایی نەهاتووە، بەڵام پێویستە رۆڵی سیاسی، رۆڵی خۆی بۆ بگەڕێتەوە، دواتر وەک دەگوترێت پێویستە قەیران سەرهەڵبدات، تاوەکو چارەسەر بکرێت.
 
رووداو: رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لەبەغدا کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ بافل تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەڕێوەچوو، ئایا کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی هەبوو؟
 
پارتی درک بەوە دەکات سەرکەوتنی بەربژێرەکەی کارێکی زۆر زەحمەتە  
مەلا بەختیار: نەخێر! تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجام. پێموایە یەکێتی نیشتمانی درک بەوە دەکات، سەرکەوتن، یاخود بەدیهێنانی بڕیارەکانی قورسە، پێموایە هەندێک پێداچوونەوە بە بیروبۆچوونەکانیان دەکەن. هەروەها پێموایە پارتی دیموکراتی کوردستانیش درک بەوە دەکات بەدیهێنانی بڕیارەکانیان بەوشێوەیەی کە لەسەری سوورە کە بەربژێرەکەیان سەرکەوتوو دەبێت لە بەدەستهێنانی بۆستی سەرۆککۆمار، کارێکی زۆر سەختە.
 
رووداو: بەبۆچوونت سەرۆکایەتی کۆمار بۆ کێ دەبێت؟ ئایا یەکێک بووی لە بەربژێرەکانی سەرۆکایەتی کۆمار؟
 
بەهیچ شێوەیەک بەربژێر نەبوومە بۆ سەرۆککۆمار  
مەلا بەختیار: بەهیچ شێوەیەک بەربژێر نەبوومە بۆ سەرۆککۆمار، سوپاسی ئەوانە دەکەم ناوی منیان هێناوە، بەڵام خۆم بەربژێر نەکرد، ئەوکات بەردەوام باسی ئەوەم دەکرد کە کێشە لە نێو یەکێتی نیشتمانی هەیە، کێشە لەنێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و  پارتی دیموکراتی کوردستان و لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە، کێشە هەیە بۆ کوێ بچین و چی بکەین؟
 
رووداو: یەکەم سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی کورد جەلال تاڵەبانی کۆچکردوو بوو، ئەمە رووداوێکی مێژوویی بوو کە سەرۆککۆماری عێراق، دەوڵەتێکی عەرەبی، کوردێکی عێراقی بێت، چۆن پارێزگاری لەو نەریتە دەستوورییە دەکرێت؟
 
سەختە لە مێژوودا جەلال تاڵەبانی دووبارەبێتەوە  
مەلا بەختیار: سەختە لە مێژوودا جەلال تاڵەبانی دووبارەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەوکات کێشەکانی عێراق زۆر ئاڵۆزبوون، مام جەلال نەیتوانیوە گۆڕانکاریی لە عێراق بێنێتە ئاراوە، نەیتوانیوە ئەمە بکات.  مام جەلال چی بکات لە دژبەرییەکانی شیعە، چی بکات لەگەڵ دژبەرییەکانی سوننە؟ مام جەلال رێگەی نەداوە شەڕ دروست بێت و رێگری لە جەنگی نێوخۆیی کردووە، بەڵام ریشەی کێشەکان هەرماون لە نێوان شیعە و سوننە، کورد و بەغدا ، تاوەکو ئێستا کێشەی ماددەی 140 و بودجە و پێشمەرگە و نەوت وگاز هەرماون.
 
رووداو:  ئێمە ناڵێین دووژمنانی کورد، بەڵکو نەیار و دژبەرانی کورد، هەندێک لە شۆڤینیەکانن؟
 
مەلا بەختیار: دووژمنانی کورد هەن، بەڵام ژمارەیان کەمە.
 
رووداو:  ئەمانە کورد بە جوداخواز پێناسە دەکەن، بەتایبەتی سەرکردە مەسعود بارزانی، باشە ئێستا پارتی و مەسعود بارزانی و کورد، چوونە لایان و چوونە بەغدا بۆ دروستکردنی بڕیاری سیاسی، بۆ تێکەڵاوبوونی زیاتر لە بڕیاری عێراق و عێراقییەکان، هاوپەیمانی کردن لەگەڵ سەدر و سوننەکان. باشە بۆ دژیان وەستاون؟
 
مەلا بەختیار: دەمەوێت وشەی جوداخواز روون بکەمەوە، وشەی جیابوونەوە رەنگە سەبارەت بە بەسرە راست بێت، یاخود سەماوە تاوەکو ئەنبار، بەڵام سەبارەت بە کوردستان راست نییە، بەڵکو راستترە چەمکی مافی چارەی خۆنووسین بەکاربێت، وشەی جوداخواز تۆمەتە بۆ لەباربردنی رەوایەتی (حەق). لە فەرهەنگی نەتەوەیەکگرتووەکان هیچ بنەمایەکی دیکە نییە، لە ئایینی ئیسلام بابەت جیابوونەوە نییە، مافی گەلان هەیە،  ئەگەر بەسرە بیەوێت جیابێتەوە، ناکرێت قبووڵ بکرێت.  دووەم: ئایا عێراق دەوڵەتێکی دیموکراسییە؟ وەڵامەکەی نەخێرە. چۆن چاوەڕێی چارەسەرکردنی کێشە دیموکراسییەکان و چارەسەری دۆزی کورد و دیموکراسیانەی کورد لە عێراق بکەین، هەروەک پرسی ژنان و دادی کۆمەڵایەتی، بەبێ بوونی دیموکراسی راستەقینە و رۆشنبیریی دیموکراسی راستەقینە و رۆشنبیریی مەدەنی راستەقینە لە عێراقدا، ئەمە ئەستەمە. لە سەرەتا باسی ئەوەمکرد، ئەستەمە دیموکراسی جێبەجێبکرێت بەبێ فلتەری رۆشنگەریی، ئێستا ئێمە لە قۆناخی راگوزەری  دیموکراسین. سەیرە بتوانین کۆنترۆڵی بیروڕا نادیموکراسییەکان بکەین، خاوەنەکانیان هەر لە دەسەڵات بمێننەوە و ئەزموونی هاوشێوەی زۆرمان لە مێژوودا هەیە.
 
رووداو: لە مێژووی نزیکدا، نموونەی مانەوەی سەدام حوسێن هەیە لە دەسەڵاتدا؟
 
مەلا بەختیار: هەروەها لە ئەوروپاش نموونە هەیە، ناپلیۆن بۆچی هات؟ بۆ چارەسەری کێشەکان هات.
 
رووداو: لە رۆشنایی کۆتایی ئەو تونێلە تاریکە و لەگەڵ دۆخی ئاڵۆزی سیاسی عێراق و نەبوونی سازشکردن نە لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی و نە لەلایەن هاوپەیمانی سێقۆڵی، باشە چۆن دۆخەکە تێدەپەڕێت و چارەسەر دەبێت؟
 
مەلا بەختیار: ئەگەر کێشەی گەورە روونەدات، بەتایبەتی کێشەی سەربازی، ئەوا پێموایە دەکرێت لەو تونێلە دەربچین.
 
رووداو: واتا پێویستە رێکبکەون؟
 
مەلابەختیار: بەڵێ پێویستە و هیچ بوارێکی دیکە نییە.
 
مەلا بەختیار: ئێستا کاک مەسعود گەورەی خەڵکی کوردستانە.  
رووداو: لەسەر چ بنەمایەک، هاوپەیمانی سێقۆڵی "رزگارکردنی نیشتمان"، سوورە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی-ش سوورە لەسەر حکومەتی سازان؟ حکومەتی سازان، واتا گەڕانەوە بۆ ئەوەی پێشوو؟
 
مەلابەختیار: باشترین چارەسەر دۆزینەوەی شێوەیەکی نوێیە لەنێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانی سێقۆڵی، ئەمە بەپێی خوێندنەوەی خۆم. بۆ نموونە لەسەر برایانی شیعەی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێویستە کەمێک سازش لە داواکارییەکانیان بکەن، پێویستە یەکێتی نیشتمانی سازش لەسەر هەندێک بڕیاری خۆی بکات، رەوتی سەدر هەندێک بڕوای خۆیان بگۆڕن، پارتی دیموکراتی کوردستان هەندێک نەرمی بنوێنێت، چونکە بەرپرسیارێتی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەڕێز مەسعود بارزانی، لەنێو هاوپەیمانی سێقۆڵی بەرپرسیارییەتییەکی گەورەترە. پێموایە ئەگەر دۆخێک رووبدات، خوانەخواستە لەنێوان هەولێر و بەغدا، بەهۆی هاوپەیمانی سێقۆڵی، یاخود بەهۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەوا بەرپرسیارێتی گەورە دەکەوێتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە زۆرینەیە لە پەرلەمانی عێراق، یاخود لە پەرلەمانی کوردستاندا، بۆیە پێموایە پیاوی گەورە بیر لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە گەورەکان دەکاتەوە. بابەت و کێشەی بچووک، چارەسەری ئاسانە، بەڵام کێشەی گەورە چارەسەکردنی سەختە و خەڵک چارەسەری دەکات.
 
رووداو: ئێستا کێ گەورەی خەڵکە؟
 
مەلابەختیار: ئێستا کاک مەسعود بارزانییە، بەوپێیەی حیزبەکەی زۆرینەیە، چ لەسەر ئاستی عێراق، یاخود لەسەر ئاستی کوردستان، کەواتە ئەو گەورەیانە.
 
دەبووایە پارتی پێش ئەوەی هۆشیار زێباری بەربژێر بکات دڵنیاببێتەوە  
رووداو: وەک دەزانی، بەڕێز مەسعود بارزانی بە دانایی و هێمنی و لەسەرخۆیی ناسراوە، سەیرکە کاتێک هۆشیار زێباری بۆ سەرۆکایەتی عێراق رەتکرایەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان پەرچەکرداری نەبوو، بەڵکو بەشێویەکی لۆژیکی و دیموکراسییانە مامەڵەی کرد؟
 
ستەم لە بەڕێز هۆشیار زێباری کرا  
مەلا بەختیار: بە بۆچوونی خۆم ستەم لە بەڕێز هۆشیار زێباری کرا. پێویستبوو پارتی دیموکراتی کوردستان لە رووی یاساییەوە  دڵنیاببوونایە لە تانە پێشکێشکراوەکەی سەر بەڕێز هۆشار زێباری، پێش ئەوەی بە فەرمی بەربژێر بکرێت، لەگەڵ ئەگەری تێپەڕبوونی.
 
رووداو: وەک ئەوەی دەزانین، بەڕێز هۆشیار زێباریی دڵنیابوو لە پرۆسەی یاسایی.
 
مەلا بەختیار: ئەنجامەکەی چی بوو؟ ئەنجامەکەی دەرکەوت کە ئەوان دڵنیانەبوونە، پێویست بوو پرسیار لە دادگەی باڵای فیدراڵی بکەن، ئەندامیان لە دادگەی باڵای هەیە، دەبوو ئەوان دڵنیابن، بەهەمانشێوەش یەکێتیش ئەندامی لە دادگە هەیە؟
 
ئێران کاریگەریی گەورەی بەسەر دۆخی سیاسی عێراق بەگشتی، کوردستان و یەکێتی هەیە  
رووداو: کاریگەری بڕیارەکانی ئێران بەسەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەسەر دۆخەکە چەندە؟
 
مەلابەختیار: کاریگەری گەورەی هەیە بەسەر دۆخی سیاسی عێراق بەگشتی و کوردستان، هەروەها یەکێتی نیشتیمانی.
 
رووداو: ئایا دەکرێت ئەو کاریگەرییانەی هەبن، تەنانەت ئەنجامەکەی تێکدانی پرۆسەی سیاسی-ش بێت؟
 
مەلا بەختیار: هەربۆیە کاریگەرە و کاریگەری هەیە.
 
رووداو: وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کەسایەتییەکی نیشتمانی سیاسی دیار، چۆن دەڕواننە بۆردوومانە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، کە ئێران خۆشی دانی پێداناوە؟
 
مەلا بەختیار: بە دڵنیاییەوە کارێکی قبووڵ نەکراوە، هەموو ئەو هۆکارانەی کە ئێران باسی کردوون، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان رەتکراوەتەوە، قابیلی چارەسەر بووە. پەیوەندی فەرمی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و ئێران هەیە، هەروەها پەیوەندی فەرمی لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئێران هەیە، هەروەها پەیوەندی لەنێوان حزبە ئیسلامییەکان و ئێران هەیە. کێشەی گەورەتر لەمە هەیە دەکرێت لەگەڵ ئێران چارەسەری بکەین. زۆر کێشە لەنێوان ئێمە و ئێران روویانداوە و چارەسەرمان کردوون. وادەکە پەیوەندی نەبووە بەوەی راگەیێندراوە، بەڵکو پەیوەندی هەبووە بەوەی لە عێراق دەگوزەرێت، ئەمە کرۆکی بابەتەکەیە.
 
رووداو: بیرتان لەوە کردووەتەوە، دەستوەردانی راستەوخۆ لە قەیرانی سیاسی بکەن و بچنە بەغدا و بیروبۆچوونەکانتان بخەنەڕوو، یاخود چاوتان بە سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەوێت؟ 
 
مەلابەختیار: تاوەکو ئێستا نەخێر، ئێمە لە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و وەک خودی خۆم وەک مەلابەختیار، سێ ساڵە دەڵێم پێویستە دەرفەتی تەواو بدرێتە سەرکردە نوێییەکانی نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستان و با بیانبینین، پێویستە چاوەڕێی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی کوردستان بکەین بزانین چۆنن.
 
رووداو: تاوەکو ئێستا؟
 
مەلابەختیار: تاوەکو ئێستا پێویستە چاوەڕێیان بکەین، پێویستە چاوەڕێ بکەین، بەشێوەیەکی بابەتییانە سەیری دۆخی سیاسی عێراق بکەین، نەک بەشێوەیەکی کەسی و خودیی. بە خوێندنەوەی خۆم دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دۆخێکی بابەتەییانە روودەدات لە کوردستانی عێراق و نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا.
 
رووداو: بەهۆی ئەو ناکۆکییانەوە پێشبینیدەکەن لە نێوخۆی هەرێمی کوردستاندا قەیران دروست بێت؟
 
مەلا بەختیار: بەڵێ ئەگەری هەیە، ئەو ئەگەرەکەش لاواز نییە، لەنێوان یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان، لەنێوان ئۆپۆزیسیۆن و حیزبەکانی دیکە لە دەسەڵات، دەکرێت دۆخەکە خراپ بێت.
 
 
پێشبینی روودانی شۆڕشی خەڵک دەکەم، چونکە برسیێتی گەیشتووەتە بینەقاقایان  
رووداو: بگاتە چ رادەیەک؟
 
مەلابەختیار:  تا رادەی شۆڕشی خەڵک،  چونکە خەڵک ئێستا برسین و برسێتی گەیشتووەتە بینەقاقایان.
 
رووداو: لە سلێمانی؟
 
مەلابەختیار: لە سلێمانی و  هەموو کوردستان بەشێوەیەکی گشتی، بەڵام زیاتر لە سلێمانی و دەورووبەری.
 
رووداو: هۆکارەکەی چییە؟
 
مەلابەختیار: لەبەرئەوەی ئیدارەی سلێمانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، 100٪ دۆخەکەیان لە ئەستۆدایە.
 
رووداو: پێتوایە بەشێکی قەیرانی سیاسی لە بەغدا لە ئەستۆی کوردە؟
 
مەلابەختیار: بەشێکی گەورەنا، بەڵکو 17٪ی.
 
رووداو: پێشبینی دەکەیت، دوای کرانەوە و پێکهێنانی حکومەتی عێراق، دۆخی هەرێمی کوردستان باشتر دەبێت؟
 
مەلابەختیار: ئەگەر کرانەوە رووبدات، ئەوا دۆخێکی سازان دروستدەکات، بەشێوەیەکی هەمیشەیی نابێت. ململانێ و ناکۆکییەکان، تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو دەمێننەوە.
 
رووداو: ئایا مەلا بەختیار، تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو، بە هونەر و رۆشنبیرییەوە سەرقاڵ دەبێت؟
 
مەلابەختیار: بە دڵنیاییەوە، وەک ئەوەی ئێستا دەمێنمەوە. بڕوام وایە، رۆشنبیریی بەشێکە لە بزووتنەوەی رۆشنگەریی عێراقی و کوردستانی، بەبێ ئەمە ئەستەمە بزووتنەوەی دیموکراسی و مەدەنی لەو وڵاتە و کوردستانیش بەدیبێت. داوا لە هەموو  دیموکراسی خوازێکی عێراقی و هەموو مەدەنییەکی عێراقی دەکەم درک بەوە بکەن، کە گەورەترین کەموکوڕی لە هزری خەڵک و رۆشنبیری خەڵک و پەیوەندییە کۆمەڵاییەکانی عێراقی و کوردستانیدا هەیە، ئەویش نەبوونی بزووتنەوەی رۆشنگەرییە لەم وڵاتەدا.
 
رووداو: ئەمە پێویستی بە هەوڵ و ئاراستەکردنی گەنجانە  بەگشتی لە بەسرەوە تاوەکو زاخۆ؟
 
مەلابەختیار: بەدڵنیاییەوە، ئەمە پێویستی بە گۆڕینی فەلسەفەی پەروردەیە، هەروەها  میدیای گەورە و ماڵپەری ئەلیکترۆنی زۆر و بزووتنەوەی سیاسی و مەدەنی هەن، لەپاڵ سەتان رێکخراوی مەدەنی نا حکومیی، هەروەها پێویستی بە قەڵەمی نایاب هەیە، هەست بە ئەرکی مێژوویی بکەن. مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگاکان رۆڵێکی گەورە بگێڕن لە بزووتنەوەی رۆشنگەریدا، لە ئەوروپا فەیلەسووفەکان رۆڵێکی گرنگیان هەبوو، ئێستاش پێموایە مامۆستایانی زانکۆ ئەو رۆڵە بگێڕن.
 
رووداو: نەک سیاسییەکان؟
 
مەلا بەختیار: سیاسییەکانیش بە دڵنیاییەوە سەرکردایەتی بزووتنەوەی سیاسی دەکەن، بەڵام پێویست ناکات سیاسییەکان سەرکردایەتی بزووتنەوەی رۆشنگەریی بکەن. ڤۆلتێر سیاسی نەبوو، ئایا ژان ژاک رۆسۆ  و مارکس سیاسی بوون؟ مارکس رۆشنگەربوو، هەروەها هەموو فەیلەسووفەکانی دیکەی جیهان، ئەوانەی دەستگیرکران یان کوژران یاخود سووتێنران، ئەمانە رۆشنگەربوون، پێش ئەوەی سیاسی بن، کەمیان تێکەڵ بە سیاسەت بوون. 
 

وەرگێڕان: نەهرۆ محەممەد