نادر نادرۆڤ: بە ستالینم گوت بۆچی رێگەمان پێنادەن بخوێنین
هەڤپەیڤین: ساڵحێ كەڤربڕی
بەشی یەكەم
نادری كەریم (نادری نادرۆڤ) ئەكادیمیكار و پڕۆفیسۆر، یەكێكە لە زاناكانی پترۆ- كیمیاوی لەسەر ئاستی جیهان. ئەندامی كۆمەڵەی گەلانی كازاخستانە.
لەساڵی 1993 بووەتە ئەندامی هەمیشەیی ئەكادیمیای زانایانی نەتەوەیی كازاخستان. نادرۆڤ، كە خاوەنی چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و جیهانییە، لەلایەن حكومەتی فەرەنساوە نازناوی "مارشاڵی زانست"ی پێبەخشراوە. نادرۆڤ تاوەكو ئێستا نزیكەی 950 گوتاری زانستی نووسیوە. خاوەن 250 داهێنانی زانستییە، 35 كتێبی بڵاوكردووەتەوە و لە ساڵی 1996ەوە سەرنووسەری گۆڤاری (پترۆڵ و گاز)ە.
ئەو هەڤپەیڤینەی لەگەڵ نادرۆڤ كراوە مێژووەكەی بۆ 2 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. نادرۆڤ لەم بەشەی ئەو هەڤپەیڤینەدا باسی ناسینی مەلا مستەفا بارزانی لە مۆسكۆ، بارودۆخی كورد لە یەكێتی سۆڤیەت و ئاوارەبوونیان دەكات.
رووداو: نادری كەریم یانیش نادری نادرۆڤ كێیە؟
نادرۆڤ: من نادری كەریم، ساڵی 1932 لە گوندی قیقاچ سەر بە نەخچیڤان لەدایكبووم. باپیرم نادری ئەحمەد، پێیاندەگوت حاجی نادر. باب و باپیرانمان لە شاری وانی باكووری كوردستانەوە هاتوون. لە ساڵی 1920 تاوەكو 1925 دەوڵەتی توركیا زۆر كوردی زیندانی كردن كە یەكێكیان باپیری من بوو. باپیرم كاتی خۆی بەپێ چووەتە حەج.
باوكم، كەریمی حاجی نادر لە نێو خەڵك بە ئاغای بەشكا و كەریم ئاغا بانگ دەكرا. باوكم لە تەمەنی گەنجێتیدا لەگەڵ چەند كەسێكی دیكە لە عەشیرەتەكەی بەهۆی زوڵمی توركەكانەوە كۆچ دەكەن و دێنە لێوارەكانی رووباری ئاراس. دواتر دەچنە ناوچەی نەخچیڤان كە ئێستا دەكەوێتە نێو سنووری ئازەربایجان. لەوێ گوندێك دروست دەكەن و ناویشی دەكەنە (قیقاچ). هەر كەسێك لەبەر زوڵمی توركیا هەڵدەهات دەچووە ئەوێ و گوندێكی دروست دەكرد. ئەوەی من باسی دەكەم لە نێوان ساڵانی 1925-1926 دایە.
رووداو: باسی دوای شكستی شۆڕشی شێخ سەعید دەكەیت، وا نییە؟
نادرۆڤ: بەڵێ دوای شكستی شێخ سەعید. خۆی لە خۆیدا هۆكارێكیش شەڕی شێخ سەعید بوو كە چەندین خێڵ و عەشیرەتی گەورە بەو شێوەیە دەربەدەربوون و ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و پەرتەوازەی دونیابوون. من لە مانگی یەكی ساڵی 1932 لەنێو سەرما لەدایكبووم. ساڵی 1936 باوكم كۆچی دوایی كرد. خێزانەكەمان 6 كەس بوون، ساڵی 1937 لە گوندی قیقاچەوە راگوازراین بۆ كازاخستان.
رووداو: راگواستنی ساڵی 1937ت بەبیر دێت؟
نادرۆڤ: لێرە 3 جۆر كورد هەن. بەشێكی ساڵی 1937 لە ئەرمەنستان و نەخچیڤانەوە راگوازراون. بەشێكیشیان ساڵی 1944 هاتوون كە كوردی جۆرجیان. بەشێكیش دوای ساڵی 1990 واتە دوای شەڕی قەرەباخ هاتوون. رۆژانی راگواستنەكە زۆر ناخۆش و دژوار و قورس بوون. قسەیەك هەیە لەنێو كورد لەبارەی ئەو رۆژانە كە دەڵێ "دایك منداڵی خۆی فڕێ دەدا". ئێمە نزیكەی دوو مانگ بەڕێوەبووین. زۆر كەس لەنێو فارگۆنی شەمەندەفەردا بەهۆی برسێتی و سەرماوە مردن. زۆر ناخۆش بوو، بەقسە ناگوترێت.
رووداو: هۆكاری راگواستنتان چی بوو، پێیان دەگوتن لەبەر چییە؟
نادرۆڤ: نەخێر! هۆكارەكەی بە ئێمە نەدەگوترا. تەنیا دەیانگوت كەلوپەلەكانتان كۆبكەنەوە، ئاژەڵەكانتان بفرۆشن، تاوەكو 24 كاژێری دیكە ئامادەبن، دەتانگوازینەوە و دەتانبەینە شوێنێكی دیكە.
رووداو: نەشتاندەزانی بۆ كوێتان دەبەن؟
نادرۆڤ: نەخێر. بەبیرم دێت لە سۆڤیەتەوە هاتن و ئێمەیان فڕێدایە نێو ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەرە كۆنەكان كە ئاژەڵیان پێدەگواستەوە، هێنراینە وێستگەی شەمەندەفەر. ئەوەی من باسی دەكەم، پایزی ساڵی 1937 بوو.
سواری شەمەندەفەر كراین. هەر 4 خێزان دەخرانە نێو یەك كابینەوە. دوای دوو مانگ ئێمەیان هێنایە ئێرە. شارێك كە پێی دەڵێن تاراس، ئەوكات پێیدەگوترا میرزۆیان. ئێمەیان لەوێ دابەزاند. لەوێشەوە سواری ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی ئاژەڵ كراین كە مانگی تشرینی دووەم بوو. زیاتر لە نیو مەتر بەفر باریبوو. سەرمایەك بوو دایك منداڵی خۆی فڕێدەدا! ئێمەیان هێنایە شاری تاراس. لە شوێنێك دایانبەزاندین و گوتیان: ئێوە ئیتر لێرە دەژین. سەرەتا لە نێو رەشماڵ دەژیاین، دواتر لە خشت و قوڕ خانوویان بۆ دروستكردین.
ساڵی 1938 پۆلیس و دەزگای (KGB) هاتنە نێو چادرەكان و گوتیان "خاوەنی ماڵ كێیە؟" برای گەورەم، عەبدوڵڵا تازە ژنی هێنابوو. خوشكە گەورەكەشم كە شووی كردبوو، چادرەكەیان لەتەنیشت چادری ئێمە بوو. عەبدوڵڵای برام هەستایەوە و گوتی: من خاوەنی ماڵم. ئەوانیش پێیانگوت: بەپێشمان كەوە با بڕۆین. بەهەمانشێوە چوونە ماڵی خوشكم و مێردی ئەویشیان لەگەڵ خۆیان برد. ئەو شەوە هەموو خاوەن ماڵێكیان دەستبەسەركرد و بردیانن. خاوەنی 3-4 ماڵ ئەو شەوە چووبوونە نێو باخەكانیان بۆ ئاودان، ئەوان رزگاریان بوو. دەستبەسەرەكان برانە چیمكەنت. ئێمە دوای دوو رۆژ ئەوەمان زانی. بەڵام دواتر ئاگامان لێیان نەما. تاوەكو گەورە بووم و بوومە پرۆفیسۆریش هەمیشە پرسیاری براگەورەكەم دەكرد و كوڕی خوشكیشم هەمیشە پرسیاری چارەنووسی باوكی دەكرد. ئەوان لە یەك شەودا 40 پیاویان لەگەڵ خۆیان برد.
تاوەكو ساڵی 1993، واتە دوای جیابوونەوەی كازاخستان لە یەكێتی سۆڤیەت و راگەیاندنی سەربەخۆیی، نوور سوڵتان نەزاربایەڤ، سەركۆماری كازاخستان بڕیاری لێبووردنی دەركرد بۆ كوردی ساڵانی 1937، 1944 و 1950 كە هاتوونەتە ئەو وڵاتە. دوای ئەو بڕیارەش دیسانەوە نووسراوێكم نووسی و گوتم "براكەم چی بەسەر هاتووە؟" بانگی دەزگای پێشووی (KGB)یانكردم و بەڵگە و دۆكیومێنتیان هێنان كە لە بارەگای پێشووی (KGB) بوون و تاوەكو ئەوكاتە كەس نەیبینیبوون. بەڵام دوای 1994 رێگەیان پێداین ئەو بەڵگەنامانە ببینین و ئاگاداری چارەنووسی قوربانییەكانمان بین.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانە دوو پرسیاریان لە براكەم كردووە. یەك: پێیانگوتووە سیخوڕی توركیای. دووەم: پێیانگوتووە تۆ دژی دروستكردنی كۆلخۆز و سۆلخۆزیت (واتە دروستكردنی گوند و شارەكان لەسەر سیستەمی كۆمۆنیستی)، بەڵام ئەو تۆمەتەكانی رەتكردبووەوە. برام نەخوێندەوار بوو، ئەمەش ئەوە پێشاندەدات كە خۆیان ئەو ئیفادەیەیان دروستكردووە.
براكەم ئەوكاتە تەمەنی 25- 26 ساڵ بوو. بەپێی هەمان بەڵگەنامە دوای دوو رۆژ براكەم ئەو تۆمەتانەی قبووڵ كردووە و گوتوویەتی "بەڵێ من سیخوڕی توركیام. هەروەها زۆر كەس دژی كۆلخۆز و سۆلخۆز بوون، بۆیە منیش دژایەتیم كردووە."
من ئەو بەڵگانەم بینین كە بێگومان راست نین و بۆ خۆیان ئەو بەڵگەنامانەیان دروستكردوون بۆ كوشتنیان. دوای ئەو ئیفادەیەش ئەو 40 پیاوە گوللەباران كراون. ئەوان ساڵی 1938 دەستبەسەركران و لە ماوەی 3 رۆژدا بەهۆی ئیفادەی درۆ تۆمەتباركران و بە ویستی خۆیان دادگاییان دەكەن و دەیانكوژن. ئەو شوێنەی كە لێی نێژراون نزیكی چیمكەنتە كە لەوێ زۆر خەڵكی دیكەش نەفیكراون و كوژراون.
رووداو: لەسەر ئەم مەسەلەیە دەوڵەت داوای لێبووردنی لە ئێوە كرد؟
نادرۆڤ: بەڵێ داوای لێبووردنیان كرد. بەڵام شتێكی دیكە هەیە. هەستمدەكرد دەوڵەت لە مێژە لێبووردنی دەركردووە. بەڵام ساڵی 1993 هەستمپێكرد كە دوای ئەو بەروارە تازە لێبووردنەكە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
رووداو: بێجگە لەو قەدەغەكاری و زوڵم و زۆرەی لە سەرتان هەبوو، لەبواری خوێندن و ژیانی زانستیشتان زۆر بەربەستیان بۆ تۆ دروستكردووە؟
نادرۆڤ: راست دەڵێی، دیارە تاوەكو ساڵی 1956 مافی ئەوەم نەبوو لە گوندی خۆمان دەربچم بۆ گوندێكی دیكە. راستە ئێمە لە زینداندا نەبووین. بەڵام دەتوانی بڵێی ئەوەش زیندان بوو! ناوی گوندەكەمان بودیۆند بوو ئێستا ناوی بووە بە ئاستاند. ساڵی 1948 قوتابخانەم تەواوكرد بە زمانی كازاخی و ویستم بچمە پەیمانگە. گوتیان مافی ئەوەت نییە لەو گوندە بچیتە دەرێ! ئەوەبوو لە گوند مامەوە. ئەوكاتە هێشتا ستالین لە ژیاندابوو. نامەیەكم بۆ ستالین نووسی و تێیدا گوتم "گوناحم چییە؟ ئێمەتان نەفیكردووە. بەڵام تاوەكو ئێستا نازانین بۆچی دوورخراوینەوە. ئێمەتان دوورخستەوە قەیدی ناكات، بەڵام بۆچی رێگەم پێنادەن بخوێنم؟".ساڵی 1949 هەواڵم بۆ هات كە دەتوانم دەست بە خوێندن بكەم
رووداو: وەڵامی تۆیان دایەوە؟
نادرۆڤ: بەڵێ، گوتیان مافی خوێندنت هەیە. بەڵام لە دەرەوەی پایتەختەكان! واتە بێجگە لە پایتەختەكانی یەكێتی سۆڤیەت دەتوانم لە شارەكانی دیكە بەردەوامی بە خوێندن بدەم. بەڵام ئەوكاتە پەیمانگە و زانكۆ لە شارەكاندا نەبوون. ئەوكاتە بێجگە لە پایتەختەكان تەنیا لە شاری قزلئۆردو پەیمانگەی مامۆستایان هەبوو. هیچ رێگایەكم لەبەردەم نەما، ئەوەبوو كاغەزەكانم رەوانەی قزلئۆردو كردن كە ئەوكاتە پایتەختی كازاخستان بوو. دیارە دوای دروستبوونی یەكێتی سۆڤیەت، ئەرێنبورگ دەكەنە پایتەختی كازاخستان كە شاری رووسەكانە و دوورە لە كەلتووری كازاخەكان. دواتر گوتیان ئەرێنبورگ زۆر دوورە. تەنانەت بۆ كازاخییەكانیش دوورە. بۆیە ئێمە قزلئۆردو دەكەینە پایتەخت.
قزلئۆردو دەكەنە پایتەخت و تاوەكو ساڵی 1929 وەكو پایتەخت دەمێنێتەوە. قزلئۆردو دەكەوێتە باكووری كازاخستان لە نزیك سیبیریا. دوای ساڵی 1929 ئاڵمائاتا دەكەنە پایتەخت. كاتێك قزلئۆردو پایتەخت بوو، پەیمانگەیان لەوێ دروستكردبوو.
رووداو: لە قزلئۆردو قبوڵكرای بۆ خوێندن؟
نادرۆڤ: بەڵێ قبوڵكرام، بەڵام چ قبوڵكردنێك؟ ئەوان ئەوەندە بە ئاسانی دەستوورت نادەنێ. هەر بۆیە ئەوساڵە بەبێ خوێندن مامەوە. ساڵی دواتر واتە ساڵی 1949 هەواڵم بۆ هات كە دەتوانم دەست بە خوێندن بكەم. دەبێ بچمە تاقیكردنەوە، بەڵام دەستوورم نییە و دەبێ دەستوور وەربگرم. كاغەزی قبوڵكردنەكەم برد و چوومە لای بەرپرسی گوندەكە بۆ ئەوەی دەستووری چوون بۆ خوێندن لە قزلئۆردوم بداتێ.
بەرپرسی گوندەكە ئەو كاغەزەی رەوانەی ناحیە كرد، ناحیەش رەوانەی ئاڵمائاتای كرد، ئاڵمائاتاش رەوانەی مۆسكۆی كرد و مۆسكۆ قبوڵی كرد و دەستوورەكە رۆژی 22ی ئابی 1949 گەیشتە دەستم، واتە دوو رۆژ دوای وادەی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان كە دەبووایە رۆژی 20ی مانگ تاقیكردنەوە بكەم. ئێستا چی بكەم؟ براكانم گوتیان بڕۆ هیچ نەبێت ئەو شارانە دەبینیت. ئەوەبوو رۆیشتم و 26ی مانگ گەیشتمە ئەوێ.
چوومە لای سكرتێری پەیمانگەكە بۆ پێشكەشكردنی كاغەزەكانم و پێمگوت: بۆ تاقیكردنەوە هاتووم. سەری بەرزكردەوە و پێكەنی و گوتی: كوا مێشكت؟ ئەوە كاتی تاقیكردنەوەیە؟ منیش شەرم دەكەم بڵێم بۆچی دواكەوتووم. چوومە لای بەڕێوەبەرەكە و ئەویش لە پشوودابوو و كەسێكی كۆری لە جێگای بوو. من مەسەلەی خۆم بۆ گێڕایەوە. گوتی: من لە رەوشی تۆ تێدەگەم. ئێمەش وەكو تۆین. ئێمەش ساڵی 1937 لە كۆریاوە نەفیكراوین. من دەستوورت دەدەمێ. ئەو جوامێرە چاكەیەكی گەورەی لەگەڵ من كرد كە لە سەردەمی ستالیندا كارێكی وا ئاسان نەبوو، بەڵام گوتی: من ناونیشانی ماڵی مامۆستاكانت دەدەمێ، دەبێ بچیە ماڵی هەموویان و پێیان بڵێی كە بەڕێوەبەر بانگتان دەكات. كە هاتن من باسی تۆیان بۆ دەكەم. ئەوەبوو منیش رۆیشتم گەڕەك بە گەڕەك، گوند بە گوند بەدوای مامۆستاكاندا گەڕام بۆ ئەوەی بێنە قوتابخانەكە. مامۆستاكانیش یەك بە یەك هاتن و منیش تاقیكردنەوەكانم ئەنجامدان و تێیدا سەركەوتم. بۆ ماوەی 4 ساڵ لە شاری قزلئۆردو خوێندم، بەڵام دەستووری ئەوەم نەبوو لەو شارۆچكەیە بچمە دەرێ.
دوای تەواوكردنی قوتابخانە، رەوانەی شاری چۆلاكتاویان كردم كە شارێكی بچووك بوو ئێستا پێیدەڵێن كاراتاو، دەكەوێتە نزیك قاشقابولاخ. ساڵی 1953 بۆ ماوەی 3 ساڵ لەوێ بوومە مامۆستای كیمیا و توانیم لەژێر قەرزی دەوڵەت بێمە دەرەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مافی ئەوەم نەبوو لەو شارە بچمە دەرێ.
ساڵی 1953 خرۆشۆڤ بووە سەرۆكی یەكێتی سۆڤیەت. ئەو بڕیاری دا مامۆستاكان ئازادبن و رەخنەی لە ستالین گرت و گوتی: مامۆستاكان منداڵانمان پەروەردە دەكەن، بەڵام ئێمە رێگەیان پێنادەین لە گوندێكەوە بچنە گوندێكی دیكە. بەمشێوەیە رەوشی نالەباری مامۆستایان نەما. لەسەر پاسپۆرتەكانمان مۆركرابوو كە هەڵگری پاسپۆرتەكە بۆی نییە لە گوندەكە بچێتە دەرەوە. دوای دەرچوونی ئەم بڕیارە، پاسپۆرتی نوێم دەركرد كە مۆری لەسەر نەبوو. ئیدی روومكردە مۆسكۆ.
لەوێوە هاتمە ئاڵمائاتا بۆ ئەوەی بڕوانامەیەكی بەرزتر وەربگرم. گوتیان: ئێمە تەنیا كەسێكمان پێویستە و دەمانەوێ كەسێكی كازاخی وەربگرین. دەتوانی كاغەزەكانت پێشكەش بكەیت، بەڵام شانسی وەرگرتنت نییە. چوومە شاری بیشكەك و لەوێش هەمان شتیان گوت. گوتم من نە كازاخی و نە قیرغیزیم. بەدوای زانستدا دەگەڕێم. ئەرێ پێم ناڵێن بۆ كوێ بچم؟ گوتیان: بڕۆ بۆ مۆسكۆ، منیش گەڕامەوە مۆسكۆ. ساڵی 1956 دەستمكرد بە خوێندنی باڵا لە زانكۆی مۆسكۆ و سەرقاڵی نامەی دكتۆرا بووم.
رووداو: لەوانەیە تۆ یەكەمین كورد بیت كە لە مۆسكۆ دەستت كردبێت بە خوێندنی باڵا...
نادرۆڤ: بەڵێ راستە من یەكەمین كوردم! من زۆر بەختەوەرم..
سەرەتا بەدوای ئەوەدا گەڕام بزانم كورد لە مۆسكۆ هەن یان نا. چوومە پەرتووكخانەیەك بەناوی لینین كە زۆر گەورەیە. لە سۆڤیەت هەركەسێ بیەوێ شتێك فێرببێت، یان پەرتووكێك بخوێنێتەوە دەچێتە ئەوێ. منیش چوومە ئەوێ و بەشی پەرتووكی كوردیم بینی. زۆر نەبوون تەنیا 10 تاوەكو 15 پەرتووكی كوردی لەسەر كورد هەبوو.
رووداو: چ پەرتووك بوون، بەبیرت دێت؟
نادرۆڤ: پەرتووكی كوردی سۆڤیەت بوون.
پەرتووكی حەجیێ جندی، قەناتێ كوردۆ و جاسمێ جەلیل لەوێ هەبوون. سەیرمكرد ژنێكی رووسی لەوێ دانیشتبوو، پرسیارم لێكرد كە ئایا كورد دێنە ئێرە؟ گوتی: جاربەجار هەندێك كورد لە ئەرمەنستان و جۆرجیاوە دێن. ئینجا لێم پرسی ئایا كورد لە مۆسكۆ هەیە؟ گوتی: تەنیا یەك كورد لە مۆسكۆ هەیە. گوتم: كێیە؟ گوتی: "كۆلۆسێ شەڕۆ" بەڵام نازانم خەڵكی كوێیە. تەنیا ئەوەی دەزانی كە لە مۆسكۆ دەژیت و هەندێكجار دێتە پەرتووكخانەكە بۆ خوێندنەوەی كتێب. گوتم: ناونیشان و تەلەفۆنی نازانیت؟ گوتی: نا. گوتم: دەتوانی ئەگەر ئەمجارە هات ژمارەی تەلەفۆنیم بۆ وەربگریت؟. گوتی: باشە، بەسەرچاو.
كە چوومەوە كتێبخانەكە ژنەكە ژمارەی تەلەفۆنی لێوەرگرتبوو. تەلەفۆم بۆ كۆلۆسێ شەڕۆ كرد و بە زمانی رووسی سڵاوم كرد و هەواڵیم پرسی. گوتی: كوردیت؟ گوتم: بەڵێ. گوتی: كەواتە بە كوردی قسە بكەم، با دەنگی كوردی بەم تەلەفۆنەی مۆسكۆدا دەنگبداتەوە.
كۆلۆس كوردی جۆرجیا بوو كاری پارێزەری دەكرد، لە من بەتەمەنتربوو. رۆژێكیان گوتی كوردێكی دیكەش لێرە هەیە. بەڵام كوردی سۆڤیەت نییە، بەڵكو كوردی عێراقە، ناوی مستەفا بارزانییە.
بە كۆلۆسم گوت دەمەوێ ئەو كوردە ببینم. گوتی: باشە. من ئەوكات ناوبانگی مستەفا بارزانیم نەبیستبوو.
رۆژێكیان لە شوێنێك دانیشتبووین تەلەفۆنێك بۆ كۆلۆس هات، پەیوەندیكەر مستەفا بارزانی بوو. هەستم كرد كەسێكی گەورەیە، چونكە كۆلۆس بە رێزێكی زۆرەوە قسەی لەگەڵ دەكرد. دواتر تەلەفۆنی دایە دەستم، سڵاوی كرد و هەواڵی پرسیم، دوای ئەوەی تەلەفۆنەكەمان قەپاتكرد، تەلەفۆنی ئەوم لە كۆلۆس وەرگرت و دوای چەند رۆژێك بۆ خۆم تەلەفۆنم بۆ كرد و پێمگوت دەمەوێ بێمە لات. گوتی: فەرموو وەرە.
رووداو: لەگەڵ بارزانی باسی چیتان كرد؟
نادرۆڤ: ئەوكات لە شوقەیەكدا دەژیا. بە كورتی باسی رەوشی خۆم و راگوێزانی كوردم بۆ كرد. ئەویش باسی خۆی كرد و گوتی: ئێمە بۆ رزگاری كورد كاردەكەین. ئێمە كوردی عێراقین و ساڵی 1947 هاتووینەتە ئێرە. سەرەتا لە تاشقەنتی پایتەختی ئۆزبەكستان بووین. ئێستاش بەشێكمان لە مۆسكۆ دەژین و دەخوێنین. زۆر قسەمان لەگەڵ یەكدی كرد. دواتر ئیزنم لێوەرگرت و رۆیشتم.
مانگی ئەیلولی ساڵی 1958 كۆلۆس گەڕایەوە تبلیسی و منیش پشووم وەرگرت. لە ئەرمەنستان خاڵێكم هەبوو بەناوی نادۆ مەحمودۆڤ. پلە و پۆستی باشی هەبوو. دایكم گوتی كە هاتی لە یەریڤانەوە بگەڕێوە و بزانە رەوشی نادۆ چۆنە؟ منیش گوتم: سەرەتا دەچمە تبلیسی كۆلۆس دەبینم. چوومە تبلیسی، چەند رۆژێك لە ماڵی كۆلۆس مامەوە. دواتر پێمگوت دەچمە یەریڤان. گوتی: منیش دێم. ئەوەبوو پێكەوە چووین و چەند رۆژێك لەوێ ماینەوە. هەموو قسە و باسەكانمان لەسەر مستەفا بارزانی و پێشمەرگەكانی بوو. نادۆ مەحمودۆڤ گوتی: چەند رۆژ لەمەوبەر مستەفا بارزانی هاتبووە یەریڤان. لە دەوروبەری چیای ئەلەگەز دیداری لەگەڵ كوردی ئەوێ كردبوو. ئەو بە سەرسوڕمانەوە باسی بارزانی دەكرد. هاوسەری نادۆ مەحمودۆڤیش كە ژنێكی ئەرمەن بوو دەیگوت زۆر كوردم بینیوە، بەڵام كەسی وەكو مەلا مستەفام نەبینیوە. كەسێكی وڵاتپەروەر بوو، ئازابوو، رۆشنبیر و زانابوو.
بەداخەوە تەنیا یەكجار مستەفا بارزانیم بینی. تەنیا ئەو جارەی لە مۆسكۆ بینیم. دواتر بیستم كە كوردی عێراق لە دژی دەوڵەت شەڕ دەكەن. ئەوكاتە لەناخی خۆمدا دەمگوت دەبووایە لە مۆسكۆ چەندین جار سەردانی بارزانیم بكردایە. هەستم بە شەرم دەكرد كە تەنیا یەك جار بینیبووم.