پەرلەمانتارێکی یەکێتیی ئەورووپا: بێدەنگی بەرامبەر کۆمەڵکوژیی کورد شەرمەزارییە

 
رووداو دیجیتاڵ

کاترین لانگێنسێپن، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا لە فراکسیۆنی سەوزەکان، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، رەخنەی توندی لە ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا گرت و پێدانی زیاتر لە 600 ملیۆن یۆرۆی بە حکومەتی ئێستای سووریا لە کاتی کۆمەڵکوژیی کورد لە حەلەب بە "شەرمەزاری" وەسف کرد. 
 
لانگێنسێپن جەختی کردەوە کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا (سەرۆکی پێشتری دەستەی تەحریر شام) "تیرۆریستە" و هۆشداری دا لەوەی کە ئەورووپا هەمان ئەو هەڵانە دووبارە دەکاتەوە کە پێشتر لەگەڵ بەشار ئەسەد کردبووی و، داوای کرد کە روونبێتەوە "پارەی باجدەرانی ئەورووپی بۆ کوێ دەچێت."
 
سەبارەت بە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر تووندوتیژی بەرامبەر بە کورد، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا مافی کەمینەکان لە ئەجێندای نێودەوڵەتیدا نییە. ئەو داوای لە کورد و پێکهاتەکانی تری وەک درووز، عەلەوی و کریستییانەکان کرد کە یەکگرتوو بن، چونکە بە گوتەی ئەو، ئەمڕۆ "کورد ئامانجە و دوێنێ درووزەکان بوون."
 
لانگێنسێپن دووپاتی کردەوە کە "جۆلانی هاوبەشی یەکێتیی ئەورووپا نییە و نابێت وەک سەرۆکێکی شەرعی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، تەنانەت ئەگەر بیەوێت خۆی بە گشتگیر نیشان بدات."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: سڵاوتان لێ بێت. من ئێستا لەگەڵ ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا لەسەر پارتی سەوزەکان، خانم کاترین لانگێنسێپن-م. دەمەوێت چەند پرسیارێکی دەربارەی رۆژئاوا، کوردستان و ئێران لێ بکەم. خانم کاترین، زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە. بە هەزاران کورد لە سەرانسەری جیهان نیگەران بوون کاتێک بینییان سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لە شام بە ملیۆنان یۆرۆی دا بە حکومەتی ئێستای سووریا، لە هەمان کاتدا سوپای عەرەبیی سووریا لە حەلەب کۆمەڵکوژیی کوردی کرد. بە هەزاران کورد کوژران و لە هەمان کاتدا هەموو کەس بێدەنگ بوو. بۆچی؟
 
کاترین لانگێنسێپن: بێدەنگی لەسەر ئەم سەرۆکەی کە هەڵنەبژێردراوە، جۆلانی یان شەرع وەک چۆن خۆی بانگی دەکات، جێگەی شەرمەزارییە. ئێمە ئێستا هەمان ئەو هەڵانەی پێشتر لەگەڵ بەشار ئەسەد کردبوومان، دووبارەی دەکەینەوە. مرۆڤ وا بیر دەکاتەوە کە سەرۆکێکی نوێیە و دەتوانێت وڵات نوێ بکاتەوە، بەڵام نەخێر. بینیمان؛ هێرشەکانی سەر کریستییان، عەلەوی و درووزەکان لە مانگی تەممووزدا، و ئێستاش کورد. پێدانی زیاتر لە 600 ملیۆن یۆرۆ بەم حکومەتەی ئێستا، بەبێ هیچ رەخنەیەک و لە کاتی کۆمەڵکوژییەکان دا، شەرمەزارییە. بێدەنگیی خانم ڤۆن دێر لاینیش جێگەی شەرمەزارییە.
 
رووداو: هەمیشە ئەم پرسە دەکرێت؛ بۆچی کاتێک تووندوتیژی دژی کورد دەکرێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەندە بێدەنگە؟ ئێوە و پارتەکەتان چی دەڵێن؟
 
کاترین لانگێنسێپن: ئێمە وەک پارتی سەوزەکان هەمیشە پشتیوانی کوردمان کردووە، بەڵام بەداخەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەنگی کەمینەکان ئێستا لە بەرنامەی کاردا نییە. مافەکانی مرۆڤ بەداخەوە کاریگەر نییە و بۆ ئەم مەبەستە پێویستمان بەو کەسانەیە کە دەنگیان بەرز بکەنەوە، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لێرە لەم چالاکییەدا دەیبینین. من داوا لە کورد دەکەم کە لەگەڵ درووز، عەلەوی و کریستییانەکان، لەگەڵ هەموو کەمینەکان و لەگەڵ سیاسەتمەداران پێکەوە بوەستن. چونکە دوێنێ درووزەکان ئامانج بوون، ئەمڕۆ کورد ئامانجە. دەبێت ڕوون بێت کە ئەم سەرۆکە نوێیە هەڵنەبژێردراوە. سیستمێکی پەرلەمانیمان نییە، پەیوەندییەکی باوەڕپێکراومان لەگەڵ سووریا نییە. ئەم سەرۆکەی کە هەفتەی داهاتوو رۆژی دووشەممە دەچێتە بەرلین تاوەکو لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا "مێرتس" لەسەر گەڕاندنەوەی پەنابەران قسە بکات، دەبێت ئەوە بهێنینە بەرچاوی خۆمان کە پێویستە تیرۆریستان بگەڕێنینەوە، بۆ ئەوەش پێویستە لەگەڵ تیرۆریستێکی بکوژدا گفتوگۆ بکەین. جۆلانی تیرۆریستە، چەکدارانی تەحریر شام، لە جلی فەرمیدان و ئەمە راستییەکەیە. گرنگ نییە ئەو چەندە خۆی بە باش نیشان بدات. من نامەوێت ببیستم کە ئەو بۆ سووریایەکی گشتگیر شەڕ دەکات. ئەو بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی شەڕ دەکات و دەبێت ئەمە بۆ دەوڵەتە ئەورووپییەکان، ئیمانوێل ماکرۆن، راوێژکارەکەمان و مێلۆنان کەس روون بێت. ئەو هاوبەشی یەکێتیی ئەورووپا نییە. ئەگەر پارە بنێرین بۆ شام، دەبێت روون بێت ئەو پارەیە بۆ کوێ دەچێت، پارەی باجدەران بۆ کوێ دەچێت. من لە خانم ڤۆن دێر لاین روونکردنەوەیەکی تەواوم دەوێت. ئێمە دەچینە ئەوێ، سەیری دەکەین و ناهێڵین ئەوان لە بەرپرسیارێتییەکەیان رابکەن. خانم ڤۆن دێر لاین، ئەمە پەیامێکی روونە و ئەوەیە کە من لە چوارچێوەی دەرفەتەکانمدا هەوڵی بۆ دەدەم.
 
رووداو: باشە، با بێینە سەر خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. وەک ئاگادارن، چەند هەفتەیەکە خۆپێشاندان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و حکومەت بە توندی دژیان دەوەستێتەوە. دەگوترێت بە دەیان کەس کوژراون. بە بڕوای ئێوە ئێستا دەبێت چی بکرێت؟
 
کاترین لانگێنسێپن: ئەوەی دەبێت بە شێوەیەکی پراکتیکی بکرێت ئەمەیە: ئێمە تەنیا سەرکۆنە ناکەین، بەڵکو روونە کە ئەم رژێمە دەڕووخێت، ئەمە پەیوەستە بە کاتەوە. من نامەوێت ئێستا ببینم کە ئێمە لە ئەمریکاوە کوڕێکی بنەماڵەی شا بپارێزین و هەمان هەڵەکانی بەشار ئەسەد یان جۆلانی دووبارە بکەینەوە. من دەمەوێت ژنانی ئێران، ژنانی کورد لە ئێران، چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران ببنە خاوەن دەنگ. وەرن با بانگهێشتیان بکەین. وەرن با ئەو کەسانەی بەرپرسیاری ئەم تاوانانەی مافی مرۆڤن، بکێشینە بەردەم دادگا. کاتێک هەنگاو بە هەنگاو باسی پشتیوانیی ئێران دەکەین، دیسان پارەکە بۆ کوێ دەچێت؟ نامەوێت دیسان پیاوێکی سپی لە ئەمریکاوە لەبەردەم کامێراکاندا ببینم کە ئێستا لەپڕ هەڵدەستێت و دەڵێت من دەبمە سەرۆکە نوێیەکەی ئێران. بەناوی "سەرۆکی راگوزەر" ئەمە پرسیار دروست دەکات ئەم راگوزەرییە چۆن دەبێت؟ جۆلانی لەم بابەتەدا جێگەی متمانە نییە و ئەوەشی کە ئێستا لە ئێران یان لە دەرەوەی ئێران ئامادە دەکرێت، بۆ من جێگەی متمانە نییە. هەر بۆیە، پێویستە روونبکرێتەوە، چی ڕوودەدات؟ بۆچی ئینتەرنێتی خەڵکی ئەوێ نییە؟ ئەمە ئەو شەڕەیە کە دەکرێت. بۆچی پەیوەندیم لەگەڵ خێزانەکەم لە تاران یان لە هەر شوێنێکی تر نییە؟ و ئێمە چۆن ناوەکان دەخەینە لیستی سزاکان. بەڵام ئەگەر کوڕێکی شا ئێستا خۆی ئامادە بکات و بیر لەوە بکاتەوە کە ئەو سەرۆکە نوێیەکەیە، دەبێت بە ڕوونی بڵێین کە مافی کەسانی دیکەش هەیە.
 
رووداو: باشە، دوا پرسیارم؛ دەمەوێت بزانم بۆچی یەکێتیی ئەورووپا کاتێک ئەم رووداوانە روودەدەن ئەوەندە بێدەنگە؟ رۆڵێکی کارای نییە، پەیامێکی روونی نییە. بۆچی؟
 
کاترین لانگێنسێپن: ئەمە لاوازیی یەکێتیی ئەورووپایە، چونکە ئێمە لە زۆر دەوڵەتی ئەندام پێکدێین. ئێمە یەک دەنگی یەکگرتوو نین، وەزیری دەرەوەی تاکی خۆمان نییە. ئەمە لاوازیی سیستمی ئەورووپییە. دەبێت ئەوە قبووڵ بکەین. بەڵام ئەمە دەکرێت ببێتە هێزیش. ئێمە چۆن لەگەڵ ئێران بازرگانی بکەین؟ دەمانەوێت چۆن لەگەڵ سووریا بازرگانی بکەین؟ ئابووری بە چ واتایەک دێت؟ دیسان بابەتەکە خەرجکردنە. من لێرەوە بانگی بەڕێز "مێرتس" راوێژکاری ئەڵمانیا دەکەم: کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا گەورەترین ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە. ئەگەر ئەوان بە راستی دژی تیرۆریزم بن، من لە بەڕێز مێرتس، بەڕێز دۆبرینت و بەڕێز سپان ( سەرۆکی فراکسیۆنی CDU لە پەرلەمان)، داوا دەکەم با لەگەڵ تاڵیبان رێککەوتن نەکەن، لەگەڵ جۆلانی رێککەوتن نەکەن و لەگەڵ ئێرانیش رێککەوتن نەکەن.
 
رووداو: خانم لانگێنسێپن، زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
 
کاترین لانگێنسێپن: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.