مەزڵووم عەبدی بۆ رووداو: مارکۆ روبیۆ گوتی جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق کارێکی لەپێشینەی ئیدارەی ترەمپە
رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینیی خۆی، ئیلهام ئەحمەد و ئەسعەد شەیبانیی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای بۆ رووداو باسکرد.
مەزڵووم عەبدی بە ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووماڵی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی راگەیاند، باسی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم کراوە، بەتایبەتی "مسۆگەرکردنی مافی کورد و پاراستنی تایبەتمەندییەکەی."
بە گوتەی عەبدی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیکردووەتەوە کە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لە کارە لەپێشینەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەبێت.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە باسی لەوەش کرد، جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا بەو جۆرە دەبێت کە "هەر ناوچەیەکی کوردی لیوای خۆی دەبێت؛ دێرک، قامشلۆ، کۆبانێ، حەسەکە. ئەوانە بە شێوەی لیوا بەشداربن و دامەزراوەکانی هەسەدەش، دامەزراوە سەربازییەکان، ئەوانیش دەبنە بەشێک لە دامەزراوەکانی سوپای سووریا."
مەزڵووم عەبدی سوپاسی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، "بە گشتی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گەورەیان هەبوو. لەم ماوەیەی دواییدا بەتایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان، هەم لەم شەڕەی دواییدا بۆ ئەوەی شەڕ رابگیرێت، لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیدا، لە زۆر بارودۆخدا رۆڵێکی زۆر ئەرێنی گێڕا. هەڵبەتە ئێمە سوپاسی هەوڵەکانی دەکەین."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: سڵاوتان لێبێت. هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەم. زۆر خۆشحاڵم کە ئەو لە میونشنە، بەشدارە لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگی هەبوو. بەڕێز مەزڵووم عەبدی زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە. گوتتان بەڕێزتان ئەمڕۆ چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگتان هەبوو. لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە، باسی چیتان کرد و ئەو چی گوت سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان و هەسەدە؟
مەزڵووم عەبدی: راستە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو، زۆر گرنگ بوو. ئێمە بە گشتی لەسەر بابەتەکانی شەڕی دژی تیرۆر و ئەو بابەتانەی پێشتر هەبوون، قسەمان کرد، ئەوانیش سوپاسیان کردین. هەروەها بۆ داهاتوو چۆن بەردەوام بین، لەسەر ئەوە قسەمان کرد. بۆ نموونە، جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم؛ چۆن جێبەجێ بکرێ، لەسەر ئەوانە قسەمان کرد. گرنگترینیان، چۆن مافی کورد بە شێوەی دەستووری مسۆگەر بکرێ و تایبەتمەندیی کوردی بپارێزرێ. هەروەها جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە چۆن گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی گەرەنتی ئەمریکای هەبێت، لەسەر ئەوانە ئێمە بۆچوونی خۆمان دەربڕی. بەرێز وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش گوتی کە ئەمە لە کارە لەپێشینەکانی سەرۆک ترەمپە و دۆزینەوەی چارەسەرە، کە چۆن لە سووریا سەقامگیری دروست ببێت، ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکرێ و یەکگرتن لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەوڵەتی سووریا بە شێوازێکی گونجاو دروست بێت، کە ئەوانیش ئاگاداری بن. بە گشتی دەتوانم بڵێم کۆبوونەوەیەک بوو کە ئەنجامەکانی ئەرێنی بوون.