سەعید سەلیم: بزووتنەوەی گۆڕان زمانی دۆستایەتی نەهێشت

رووداو - سلێمانی

سەعید سەلیم كە زۆرتر بە سەعید پشدەری دەناسرێ، لە شارێك كار دەكات كە حیزبەكەی زۆرجار بە "میوان"ی شارەكە ناوی دەهێنرێ‌. لە چەند ساڵی رابردووشدا دووجار هێرش كراوەتە سەر ماڵی ئەو "میوانە" كە موڵكی پارتییە. 

سەعید سەلیم، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری سلێمانی، بزووتنەوەی گۆڕان بە بەرپرسیاری یەكەم لە خۆپیشاندانەكانی رۆژانی رابردووی سنووری پارێزگای سلێمانی دەزانێت و پێشیوایە گۆڕان دوای بەیاننامەكەیان "زمانی دۆستایەتییان نەهێشت".

بەرپرسی لقی چوار لە سلێمانی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی خۆپیشاندان و گرژییەكانی چەند رۆژی رابردووی شاری سلێمانی و دەوروبەری دەكات.

رووداو: بۆچی پەنجەی تۆمەت بۆ بزووتنەوەی گۆڕان رادەكێشن، لە كاتێكدا لە سنووری سلێمانی دەسەڵاتی ئەمنی لای یەكێتییە؟

سەعید سەلیم: سەرەتا زۆر بەداخەوە بۆ ئەوەی كە ئەم جۆرە لە نائارامی لە هەرێمی كوردستاندا دروستكرا، ئێمە لەرابردوودا گوتوومانە و ئێستاش دەیڵێینەوە، خۆمان ئامادەكردبوو بۆ قۆناغێكی گەشەسەندووتری سیاسی بە سوودوەرگرتن لەم هەلومەرجە سیاسییەی ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، زەمینەی نێودەوڵەتی و هەرێمیش بۆ ئێمە زۆر لەبار بوو، زەمینەیەكی دیكەش كە پێویست بوو هەمانبێت یەكڕیزیی نێوان لایەنەكانی كوردستان، تەبایی و یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی، بەلاوەنانی هەندێك كێشە و ناكۆكی و گرێی دەروونی و مێژوویی،
 گۆڕان لەڕێگەی میدیا و هەڵسوڕاوەكانییەوە پشێوی و نائارامی دروستكرد

كاركردن لەسەر خاڵی هاوبەش كە ئەویش تێكۆشانە لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆمان و بەدەستهێنانی ئەو خەونە لەمێژینەیە. بەداخەوە لەم كاتەدا بزووتنەوەی گۆڕان بەرپرسیارانە مامەڵەی نەكرد، بەڵكو لەڕێگەی میدیاكانییەوە هەوڵێكی زۆری دا بۆ ئەوەی جۆرێك لە پشێوی و نائارامی لە هەرێمی كوردستاندا دروست بكات. بەوەشەوە نەوەستا و لەڕێگەی كادیر و هەڵسوڕاوەكانی كاریان كرد بۆ ئەوەی ئەو جۆرە لە پشێوی دروست ببێت، بۆیە پێمانوایە ئەوان بەرپرسیارێتی یەكەم هەڵدەگرن و كاریگەریی زۆریان هەبوو لە دروستكردنی ئەم دۆخە.
 
رووداو: مەبەستتان لە هاندانی بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا لایەنی میدیایی و هەڵسوڕاوەكانیانە، یاخود بەڵگەی دیكەتان هەیە؟

سەعید سەلیم: بەدڵنیاییەوە هەر كەسێك لە ماوەی رابردوودا ئەگەر بە وردی چاودێری میدیاكانی بزووتنەوەی گۆڕانی كردبێت و لە لێدوان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان زۆر بە ئاشكرا ئەوە دەدۆزرێتەوە.

رووداو: واتە پێتانوایە گۆڕان لە پشت هاندانی خۆپیشاندانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانییە؟

سەعید سەلیم: بەڵێ.

رووداو: خۆپیشاندانەكان لە سەرەتادا بۆ داواكردنی مووچە بوو، بەڵام لە رۆژانی رابردوودا گۆڕا بۆ هێرشكردنە سەر بارەگاكانی ئێوە، بەڕای ئێوە بۆچی وای لێهات؟

سەعید سەلیم: پارتی ئامانج بوو، خەڵكیش كرایە ئامراز لە پێناوی هێنانەدی ئامانجێكی سیاسی، چ لۆژیكێك قبوڵ دەكات خەڵك بڕواتە سەر بارەگای لیژنەیەكی ناوچەی ئێمە لە یەكێك لە قەزاكان داواكاریی خۆی پێشكەش بكات، ئەو خەڵكە ئاڕاستە كرابوو، سەرەتاش پلانی بۆ داڕێژرابوو كە بەو شێوەیە بێت، ئامانجیان پارتی بوو، ئەگینا نە داواكردنی مافی خەڵكی كوردستان بوو، نە داكۆكیكردن بوو لێیان. لێرەوە دەمەوێت ئەوە بڵێم ئێمە بە دوو بەش ئەو خۆپیشاندانانە دەبینین، بەشێكیان خەڵكێكی ئاستبەرز لەڕووی هۆشیاری و هەستكردن بەبەرپرسیارێتی و بەسوودوەرگرتن لە كەشی دیموكراسی و ژیانی مەدەنی هاتوون داوای مافە رەواكانیان كردووە، ئێمە 100% پشتگیرییان دەكەین، بەڵام ئەوانەی كە سەرەتا بە داڕشتنی پلان كاریان كردووە و بارەگاكانی ئێمەیان كردە ئامانج، بەدڵنیاییەوە بەشێك بوون لەوانەی رۆڵیان هەبووە لە دروستكردنی ئەو نائارامی و پشێوییە.

رووداو: مەبەستت ئەوەیە ئەو كەسانە لەلایەن لایەنێكی سیاسی دیاریكراوەوە ئاراستەكراون؟

سەعید سەلیم: بزووتنەوەی گۆڕان بەرپرسیارێتی یەكەمی هەیە.

رووداو: بەڵام بۆچی تەنیا ئێوە كرانە ئامانجی سیاسی؟

سەعید سەلیم: ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بڕوامان بەوەیە كە بە هیچ جۆرێك سازش لە مافە نەتەوەییەكانی خۆمان ناكەین و بەدڵنیاییەوە لەڕابردوودا تێكۆشاوین و ئێستاش خاوەنی پلان و پڕۆژەی خۆمانین و لەو پێناوەشدا كاری جددی كراوە، بۆیە بەشێك لەو لایەنانە حەز ناكەن ئەم دۆخە سیاسییەی كە ئێستا لە كوردستاندا هەیە بەرەو ئاڕاستەیەكی گەشەسەندووتر بڕوات، بەتایبەتی كە تێیدا رۆڵی جەنابی سەرۆك و پارتی دیموكراتی كوردستان دیار و بەرچاو و باڵا بێت.
 گۆڕان لەڕێگەی میدیا و هەڵسوڕاوەكانییەوە پشێوی و نائارامی دروستكرد  

لەلایەكی دیكەشەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، دەبینین لە زۆر قۆناغی جیاجیادا گرێیەكی دەروونی بەرامبەر پارتی و بنەماڵەی بارزانی هەبووە كە بەداخەوە زۆرجار كارەكتەرەكان نەیانتوانیوە خۆیان لەو گرێ دەروونییە دەرباز بكەن، تاوەكو ئێستاش بەردەوامی هەیە، خاڵی سێیەمیش بزووتنەوەی گۆڕان كاتێك بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەكرد زۆر شتیان كردە دروشمی جوان و پێشكەشی خەڵكیان كرد كە ئەوانە تەنیا دروشم و بانگەشەی هەڵبژاردن بوون، بەڵام لە واقیعی عەمەلیدا نەیانتوانی هیچ یەكێك لەوانە بكەن، بەپێی راپرسییە نافەرمییەكان كێرڤی گۆڕان بەرەو دابەزین بوو خۆیشیان زۆرباش هەستیان بەوە دەكرد، بۆیە پێمانوایە بزووتنەوەی گۆڕان قەناعەتێكی هەیە كە لە كەشی ئارامدا گەشە ناكەن، بەڵكو لە نائارامیدا گەشە دەكەن، جۆرێك لە ناسازانیش لەنێو ریزەكانی گۆڕاندا هەبوو، لەبەرئەوە بۆ ئەوەی قەیرانێكی گەورەتر دروست بكەن بۆ چارەسەركردنی قەیرانی نێوخۆیی و بۆ ئەوەی خۆیان دەرباز بكەن لەو بەڵێنانەی بە خەڵكیان دابوو، رەنگە پێیانوابێت هەڵبژاردنی ئەو رێگەیە باشترین دەرچەیە بۆیان.

رووداو: لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەك بارەگاتان سووتێنران و ژمارەیەكیشتان رادەستی هێزە ئەمنییەكان كرد، ئەگەر گوشار بێنە سەرتان ئێوە بەرگری دەكەن، یان رادەستی هێزە ئەمنییەكانی دەكەن؟

سەعید سەلیم: ئێمە لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەكان و برایانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لەگەڵ د.ئاسۆ فەرەیدون، پارێزگاری سلێمانی گفتوگۆمان كردووە و بەڵێنیان داوە بەرپرسیارێتی پاراستنی بارەگاكانمان بگرنە ئەستۆ، بۆ ئەوەی ئێمەش بەشێك بین لە چارەسەر و هاوكارییان بكەین، بڕیارمان دا لیژنە ناوچەكانی خۆمان لەگەڵ هەندێك لە بارەگای رێكخراوەكانمان چۆڵ بكرێن و بۆ پاراستنیان تەسلیمی هێزە ئەمنییەكان بكرێن، ئێمە لەڕووی بارەگاوە ژمارەمان كەمكردەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن باشتر كۆنترۆڵی بكەن، بۆیە پێشبینی دەكەین ئەوان بە ئەركی بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبستن و بەتایبەتی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا وەكو مەركەزی شاری سلێمانی نەك دەرەوەی سلێمانی دامەزراوە ئەمنییەكان رۆڵی خۆیان بینیوە و هەست بە ماندووبوونیان دەكرێت.

رووداو: بارەگای لقیش تەسلیمی هێزە ئەمنییەكان دەكەن؟

سەعید سەلیم: وەكو باسمكرد پێشبینی دەكەین لە شوێنی خۆمان بمێنینەوە، ئەگەر مەبەستیش بێت پارتی دیموكراتی كوردستان بە هیچ جۆرێك لە پارێزگای سلێمانی بوونی نەمێنێت پێموایە ئەوە لە چوارچێوەی خۆپیشانداندا خوێندنەوەی بۆ ناكرێت.

رووداو: هەست دەكەن نیەتێك هەبێت بۆ ئەوەی پارتی لە پارێزگای سلێمانی نەمێنێت؟

سەعید سەلیم: رەنگە خواستێك هەبێت، بەڵام ئەو خواستە تا چەندێك دەچێتە سەر و لە ئەرزی واقیعدا جێبەجێ دەبێت، ئەوە دەبێت بۆ داهاتوو لێی
رەنگە لەڕووی سیاسییەوە خواستێك هەبێت بۆ نەمانی پارتی لە سلێمانی  
بگەڕێین.

رووداو: هیچ لایەنێكی سیاسی داوای چۆڵكردنی بارەگاكانی لێنەكردوون؟

سەعید سەلیم: نەخێر. تەنیا لیژنەی ئەمنی و پارێزگاری سلێمانی پێیان باش بوو ئێمە بەشێك بین لە چارەسەر بۆ كۆنترۆڵی ئەو رەوشە، هەروەها بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەكانیش بتوانن كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەن وا بە باش زانرا ئەو بڕیارە وەربگیرێت.

رووداو: باسی رۆڵی هێزە ئەمنییەكانت كرد، ئەوان لە رۆژانی رابردوودا تا چەندێك لە پاراستنی بارەگاكانتان سەركەوتوو بوون؟

سەعید سەلیم: ئەوەی پەیوەندی بە مەركەزی شاری سلێمانییەوە هەیە بەڕاستی زۆر بە باشی خۆیان ئامادەكردبوو، خۆیان ماندوو كرد و لەڕێگەی
 لە سلێمانی هێزە ئەمنییەكان زۆر باش بوون، بەڵام لە شوێنەكانی دیكە كەمتەرخەم بوون 
ئێوەشەوە سوپاسیان دەكەین، بەڵام سەبارەت بە شار و شارۆچكەكانی دیكەی پارێزگای سلێمانی پێمانوایە كەمتەرخەم بوون و وەكو پێویست نەیانتوانی كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەن، هەر بۆیەش ئەو جۆرە لە پشێوی و نائارامی لێكەوتەوە.

رووداو: قسەتان لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەكان كردووە و داوای لیژنەی لێكۆڵینەوە ناكەن؟

سەعید سەلیم: من بەرپرسم لەنێو مەركەزی شاری سلێمانی، بۆیە ئێمە رووبەڕووی ئەو حاڵەتە نەبووینەوە. تەنیا لە چەند شەوی رابردوودا چەند فیشەكێك بەئاڕاستەی یەكێك لە بارەگاكانمان تەقێنرا و ئەویش زوو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كۆنترۆڵ كرا.

رووداو: دەگوترێت فەرماندەیەكی سەربازی بە عیزەدین بەرواری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی گوتووە بارەگاكەتان تێكنێن و سلێمانی چۆڵ بكەن، ئەوە راستە؟

سەعید سەلیم: نەخێر دوورە لەڕاستییەوە. 

رووداو: رۆژی 17ی شوباتی 2011 بینیمان لە لقی چوارەوە تەقە لە خۆپیشاندەران كرا، ئەگەر پەلاماریان دان ئەوەی 17ی شوبات دووبارە دەبێتەوە؟

سەعید سەلیم: وەكو باسمان كرد پێشبینی ناكەین هێزە ئەمنییەكان بوار بدەن كارێكی لەو شێوەیە بكرێت.

رووداو: وەكو لقی چوار هێزی پێویستی خۆتان بۆ بەرگریكردن هەیە؟

سەعید سەلیم: ئێمە پاراستنی بارەگاكانمان لەڕووی یاساییەوە خستووەتە ئەستۆی حكومەتی سلێمانی و هێزە ئەمنییەكان، هەروەكو چۆن بەرپرسیارێتی پاراستنی لایەنەكانی دیكەشیان لەئەستۆیە.

رووداو: ئێوە 80 هەزار دەنگدەرتان هەیە، ئەگەر خۆپیشاندەران گوشارتان بۆ بهێنن ئامادەن سلێمانی چۆڵ بكەن؟

سەعید سەلیم: بوونی جەماوەر و ئینتیمای سیاسی تەنیا پەیوەندی بە بارەگاوە نییە، ئێمە لە مێژووی تاڵی رابردوودا بینیومانە كە رەنگە دابڕانێك لەنێوان پارتی و جەماوەرەكەیدا دروست بووبێت، بەڵام جەماوەرەكەی هەر بەزیندوویی ماوەتەوە، ئەوە بۆ هەموو لایەنەكانی دیكەش راستە، بەڵام ئێمە پێشبینی دەكەین دامەزراوە ئەمنییەكان و پارێزگاریش بتوانن كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكەن و دۆخەكە لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە.

رووداو: بەڵام ئەگەر مەرجی خۆپیشاندەران چۆڵكردنی بارەگاكەتان بێت، ئامادەن ئەو مەرجە قبوڵ بكەن؟

سەعید سەلیم: جارێ خۆپیشاندەر كێیە و بۆچی ئەو مەرجە رووبەڕووی بارەگایەكی پارتی بكرێتەوە؟ ئێمە دەزانین ئەوە ئاڕاستەكراوە، جاران گلەیی دەكرا كە ئێمە قبوڵ ناكەین بارەگاكانمان تەسلیم بكرێن یاخود بسووتێندرێن، فەرموو ئەوە لە زۆربەی شوێنەكان بارەگامان چۆڵكردووە و تەسلیمی هێزی ئەمنیمان كردووە كە بەداخەوە لە هەندێك شوێن دوای تەسلیمكردنیشیان و بەهۆی كەمتەرخەمیی هێزە ئەمنییەكانەوە بوار بۆ سووتاندنیان دراوە، بۆیە ئومێدەوارین ئەم دۆخە كۆتایی بێت و ئارامی بگەڕێتەوە.

رووداو: لە 17ی شوبات داوای هێنانی هێزی زێرەڤانیتان لە هەولێر كرد، ئەمجارە ئەو داوایە دەكەنەوە؟ یاخود بوار هەیە بێنەوە؟

سەعید سەلیم: پێشتر وەڵامم دایەوە كە پێشبینی دەكەین هێزە ئەمنییەكان رۆڵی خۆیان ببینن و شتی وا روو نەدات.

رووداو: لە سلێمانی چەند كادیر و لایەنگرتان بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە برینداربوون؟

سەعید سەلیم: ئاماری وردم لا نییە، لەبەرئەوەی لە رۆژانی رابردوودا زۆر سەرقاڵ بووین و لیژنەمان هەیە كار لەسەر ئەوە دەكەن، پاشان من بەرپرسم لە سنووری مەركەزی سلێمانی.

رووداو: بۆ زیانی بارەگاكانیشتان تائێستا قەبارەی زیانەكان نازانن؟

سەعید سەلیم: لەنێو شاری سلێمانی هیچ بارەگایەكمان زیانی پێنەگەیشتووە، تەنیا چەند فیشەكێك نەبێت كە بەر لیژنە ناوچەكانمان كەوتووە، بۆیە دەكرێت ئەو پرسیارە لە برادەرانی بەرپرسی سنوورەكان بكرێت.

رووداو: ترستان نییە خۆپیشاندەران بڕۆنە سەر ماڵی كادیر و لایەنگرانتان، تائێستا هیچ حاڵەتێكی لەو شێوەیە رووینەداوە؟

سەعید سەلیم: پاراستنی ئەمنییەتی بارەگاكان و هەڤاڵ و و كادیرانمان لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەكانە و پێویستە بیپارێزن.

رووداو: بڕیار بوو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی شەممەی رابردوو سەردانتان بكات، ئەوە دەنگۆ بوو یاخود راست بوو، بۆچی نەهات؟

سەعید سەلیم: بڕوا ناكەم كاك قوباد بە بەرنامەیەكی داڕێژراو مەبەستی بووبێت سەردانی لقی چوار بكات، چونكە ئەو رۆژە هەڤاڵانی ئێمە لای پارێزگاری سلێمانی بوون و كاك قوبادیش تەشریفی بۆ ئەوێَ بردبوو، لەوێ باسیكردبوو كە رەنگە سەردانێكی لقی چوار بكات، ئیدی ئاگادار نیم چۆن بووە لە میدیادا بڵاوببووەوە، بەڵام بە فەرمی لە هاتنی بۆ لای ئێمە ئاگادار نەكرابووینەوە. 

رووداو: لە ماوەی ئەو چەند رۆژەدا هیچ بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان پەیوەندی پێوەكردوون بۆ سەردانكردن؟  

سەعید سەلیم: لەسەر ئاستی مەركەز ئاگادار نیم.

رووداو: ئەی ئەگەر وەكو دوو حیزبی سیاسی سەردانتان بكەن ئامادەن پێشوازییان لێبكەن؟

سەعید سەلیم: ئەگەر ئەو پرسیارە لەڕووی كاتەوە و لەپێش بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكەیان بووایە رەنگە وەڵامی روون هەبوایە، بەڵام پێموایە ئەو بەیاننامەیەی بڵاویان كردەوە و وەڵامیان داینەوە، پێموایە زمانی دۆستایەتییان نەهێشت.

رووداو: بەڵام خۆ بەیاننامەكەی ئێوە كە پێش ئەوان بڵاوتانكردەوە زۆر توندتر بوو، هەست ناكەن بەیاننامەكەی ئەوانیش لە كاردانەوەی بەیاننامەكەی ئێوە بوو؟

سەعید سەلیم: بەیاننامەكەی ئێمە دەرخستنی ئەو واقیعە بوو كە بەچاوی خۆمان بینیمان كە چۆن تەقە لە بارەگاكانمان دەكرێن و دەسووتێَندرێن و چۆن بە بەرنامە و پلان كار دەكرێت بۆ شێواندنی ئەو قۆناغەی ئێستا و لە ئەنجامی ئەوەوە هاتبوو.

رووداو: دوای ئەم پەرەسەندنەی دوێنێ لە پەیوەندیی پارتی و گۆڕان، بوارێك بۆ گفتوگۆكردن ماوە؟

سەعید سەلیم: لە سیاسەتدا موستەحیل نییە و مومكین هەیە، بەڵام ئەوە دەمێنێتەوە بۆ رای سەركردایەتی سیاسیمان، بەڵام وەكو رای خۆم پێموایە بردەرانی گۆڕان دۆستایەتییان ناوێت.

رووداو: وەكو سیاسییەك پێشبینی بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكان دەكەیت؟

سەعید سەلیم: وەكو ئەوەی گوێمان لێ‌ دەبێت لایەنە بەرپرس و دامەزراوە ئەمنییەكان، پێمانوایە كار دەكرێت بۆ ئەوەی ئەو پشێوییە بەردەوام نەبێت.

رووداو: لەم بارودۆخەدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان تا چەندێك هەماهەنگییان لەگەڵتان هەیە؟

سەعید سەلیم: لەگەڵ بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی پەیوەندی باشمان هەبووە و لە رۆژانی رابردووشدا هەستمان بە خەمخۆری و جددییەتیان كردووە.