یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات.
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئۆکراینا جەخت لەوە دەکاتەوە، نابێت ئاشتییەک بەدیبێت کە بە سازشکردن بێت لەسەر خاک لەلایەن ئۆکرایناوە.
 
بە گوتەی چێرنیێڤ، هۆکاری سەرەکیی پێشڕەوییەکانی رووسیا بۆ ''زۆریی هێزی مرۆیی'' و گوێنەدان بە گیانی سەربازەکانیان دەگەڕێتەوە.
 
هەروەها باس لەوەش دەکات، وڵاتەکەی بە کردەوە بەشێکە لە ناتۆ و، تەنیا بڕیارێکی سیاسیی وڵاتانی ئەندام ماوە، بۆئەوەی بە فەرمی بچنە نێو هاوپەیمانێتییەکەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ:
 
رووداو: سڵاو.
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: سڵاو. 
 
رووداو: خۆشحاڵم کە لەگەڵمانیت.
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: سوپاس بۆ بانگهێشتەکەتان. 
 
رووداو: سوپاس. نەخشەیەکی جوان لێرە هەیە. 
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: بەڵێ، ئەمە نەخشەی ئۆکراینایە بە نەریت و فەرهەنگە جیاوازەکانی ناوچەکانەوە.
 
رووداو: باشە. سەرەتا دەمەوێت بزانم چۆن باسی بارودۆخی ئێستای گۆڕەپانی جەنگ دەکەیت. بەتایبەت لە پۆکرۆڤسک، کە رووسیا بانگەشەی ئەوە دەکەن شارەکەیان گرتووە؟
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: راستییەکەی، دۆخەکە گەلێک سەختە، چونکە رووسیا ئێستا پەلامار دەدات، پێموایە گوشارەکانیان بۆ سەر بەرەکانی جەنگ زیاتر کردووە. بەڵام ناتوانم بڵێم کە ئەمە تێکشکانی بەرەکانی پێشەوەمانە. بەڵێ، بە داخەوە ئەوان هەندێک سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، بەڵام ئەم سەرکەوتنە هێندە بۆ ئۆکراینا ستراتیجی نییە. تەنیا ئەوەت بەبیر دێنمەوە کە رووسیا لە 2014ـەوە لەسەر دۆنباس دەجەنگێت. ئەم داواکارییانەش لەلایەن ئەوانەوە کە گوایە دەبێ ئێمە هەرێمی دۆنێتسک چۆڵ بکەین و دەستبەرداری دۆنباس ببین، تەنیا لەبەر ئەوەی رووسیا هێز و سەرچاوەی هەیە بۆ ئەوەی بە زۆر بیگرێت، راست نییە. بۆیە ئێمە ئامادە نین کۆڵبدەین و نەجەنگین، بەڵکو بەردەوام دەبین لە خەبات لەپێناو خەڵکەکەمان لە هەرێمی دۆنباس. دۆخەکە سەختە، بەڵام لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆکراینادایە. 
 
رووداو: بە بڕوای تۆ هۆکارە سەرەکییەکانی پشت دوایین پێشڕەویی هێزەکانی رووسیا لە چەند ناوچەیەکدا چییە؟ 
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: دەکرێت پرسیارەکەت دووبارە بکەیتەوە؟
 
رووداو: پێتوایە هۆکارە سەرەکییەکان چین؟ 
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: فاکتەری سەرەکی؟ 
 
رووداو: بەڵێ. 
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: هۆکاری سەرەکی هێزی مرۆییە. بەداخەوە رووسیا ژمارەی دانیشتووانی زیاترە و سەرچاوەی گەورەتری هەیە لە رووی هێزی مرۆییەوە لە گۆڕەپانی جەنگدا بەراورد بە ئێمە. ئەوان باکیان بە زیانەکانی خۆیان نییە. ئەوان ئامادەن رۆژانە سەدان کەس، بگرە هەزار کەس بە کوشت بدەن، تەنیا بۆ ئەوەی چەند مەترێک بێنە پێشەوە. ئێمە خەمخۆری گیانی سەرباز و کارمەندانی خۆمانین و هەوڵدەدەین زیاتر سیستەمی رۆبۆتی وەکو درۆن، رۆبۆتی وشکایی و شتی لەو بابەتە بەکاربێنین. بەڵام ئەمانە بەس نین بۆ وەستاندنی رووسەکان. دەزانی، چەند رۆژێک بەر لە ئێستا لەسەر دۆخەکە قسەم دەکرد، یەکێک لەو سەربازانەی لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگە، بارودۆخەکەی بەم جۆرە باسکرد: گوتی "ئێمە هەموو رۆژێک هەمان دیمەن دەبینین، رووسیا بە گرووپی بچووکی 10 بۆ 12 کەسی پەلاماری سەنگەرەکانمان دەدەن. سەربازەکانمان دەیانکوژن، بۆ نموونە هەشتیان دەکوژن. ئەو دووانەی کە هێشتا ماون هەوڵدەدەن خۆیان بگەیەننە سەنگەرێکی دیکە. دواتر دەشێت دیل بکرێن یان ئەوانیش بکوژرێن. دوای چەند کاژێرێک هەمان دۆخ دووبارە دەبێتەوە". واتە ئەوان بەسەر تەرمی ئەو سەربازانەی خۆیاندا دەڕۆن کە تازە کوژراون و هەوڵدەدەن بێنە پێشەوە. ئێمە پەلاماردان و هێزی مرۆیی بەکارناهێنین، بەڵکو چەند درۆنێک بەکاردەهێنین بۆ وەستاندنیان. پێموایە ئەمە هۆکاری سەرەکییە کە بۆچی ئەوان هێشتا هەندێک سەرکەوتنیان لە گۆڕەپانەکەدا بەدەستهێناوە.
 
رووداو: ئایا باوەڕت وایە کەمبوونەوەی هاوکارییە سەربازییەکان بووەتە هۆی ئەوەی ئۆکراینا لەم مانگانەی دواییدا خاکی زیاتر لەدەستبدات؟ 
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: ئەمە کێشەیەکی دیکەیە. کاتێک ئێمە تووشی کورتهێنان بووین لە تەقەمەنی و گولـلە تۆپدا، ساڵێک یان دوو ساڵ لەمەوبەر، کاتێک ئەو کێشەیەمان بۆ دروست بوو، هەوڵمان دا شوێنیان پڕبکەینەوە. ستراتیج یان تاکتیکێکمان دانا بۆ بەکارهێنانی درۆنی "FPV" لەجیاتی گولـلە تۆپ. ئێستا ئێمە لەسەتا 90ی درۆنەکان لە نێوخۆی ئۆکراینا بەرهەم دەهێنین. بەڵام هێشتا کێشەمان هەیە لەو گولـلە تۆپانەی کە هاوپەیمانەکانمان بۆمان دابین دەکەن. هێشتا کێشەمان هەیە لە بەرگریی ئاسمانی. هێشتا کێشەمان هەیە لەوەی چۆن بەرپەرچی بۆمبە ئاراستەکراوەکانی رووسیا بدەینەوە. بۆیە، بەڵێ، کەمیی چەک و تەقەمەنی کێشەیەکە لە بەرەنگاربوونەوەی رووسەکان.
 
رووداو: باشە، ئێستا رووسیا هەموو ئەو دانوستاندنانە رەتدەکاتەوە کە ئۆکراینا و لایەنی ئەورووپی پێشنیازی دەکەن. ئایا ئۆکراینا ئامادەیە هیچ جۆرە نەرمییەک بنوێنێت و سازش بکات؟
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: ئێمە سازشی زۆرمان کرد، لە راستیدا لەو 28 خاڵەی نەخشە رێگەی ئاشتی کە پێشنیازیان بۆ کردین، ئێمە بە هەندێکیان رازی بووین، وا بزانم گەیشتینە رێککەوتن و سازش، بەڵام هەندێک خاڵ هەن کە بۆ ئێمە چارەنووسسازن و هێڵی سوورن بۆ ئۆکراینا، چونکە رووسیا هێشتا هەوڵدەدات و داوا دەکات کە دەستبەرداری خاکەکەمان ببین. مەبەستم ئەوەیە، زۆر بە تووندی رادەستکردنی خاک بە رووسیا رەتدەکەینەوە. ئەمە پێشنیازێکی نەگونجاوە بۆ ئێمە. تەنانەت ئەم بابەتەش، سەرۆک زێلینسکی ئامادە بوو لە ئاستێکی باڵاتردا لەگەڵ سەرۆک ترەمپ گفتوگۆی لەسەر بکات. بەڵام بەداخەوە ئێمە بێباوەڕی و نائامادەیی لایەنی رووسی دەبینین و نابێت فریوی رووسەکان بخۆین کە گوایە ئەوان ئامادەن بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە. بەداخەوە وانییە، هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێشاندەدەن کە ئەوان خۆیان بۆ درێژەدان بەم جەنگە ئامادە دەکەن. تەنانەت ئەگەر چاوێک لە بودجەکەیان و پلانەکانیان بکەین بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی سەربازی لە ساڵی 2026دا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەوان پلانیان هەیە بەردەوام بن و، هەموو ئەم یارییانەش بە ناوی دانوستانی ئاشتییەوە تەنیا لەبەر یەک هۆکارە. چونکە دەیانەوێت کات بکوژن و تا دەتوانن درێژە بەم جەنگە بدەن بەبێ ئەوەی سزای نوێی ئەمریکایان بەسەردا بسەپێنرێت. هەر بۆیە پێشانی دەدەن کە گوایە ئامادەی دانوستانن و دەرگەیان کراوەیە، بەڵام ئەمە راست نییە. دەبینین ئەوان کاتەکە دەقۆزنەوە بۆ هاتنە پێشەوە و گوشارخستنە سەرمان و لێدان لە ژێرخانی و، هەوڵدان بۆ ئەوەی لەم زستانەدا ئۆکراینا بخەنە تاریکستانێکی تەواوەوە و، هەوڵدەدەن لە گۆڕەپانی جەنگدا پێشڕەوی بکەن. بۆیە هیچ ئاماژەیەک نابینم کە رووسیا بە راستی ئامادەی دانوستانی ئاشتی بێت. ئەوان تەنیا هەوڵدەدەن وای پێشانبدەن ئامادەن بۆ ئەمە، بەڵام راست نییە.
 
رووداو: کەواتە هەنگاوی داهاتوو چییە؟ دانوستاندنی ئاشتی دەبێت چۆن بێت تاوەکو هەردوو لایەنی ئۆکراینی و رووسی لەسەری رازی بن؟
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: بڕوانە، وەکو پێشتر گوتم، ئێمە رازی بووین و گەیشتینە سازش لەسەر زۆر خاڵ لەم پرۆسەی ئاشتییەدا. 
 
رووداو: بەڵێ، بەڵام هێشتا هیچ ئاشتییەک نییە. 
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: بەڵێ ئاشتی نییە، بەڵام نابێ ئاشتیش لە بەرامبەر هەر نرخێکدا بێت. 
 
رووداو: مەبەستت لە نرخی خاک و زەوییە؟ 
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: بەڵێ، رێک وایە. نابێت ئاشتییەک بێت بە سازشکردن لەسەر خاک لەلایەن ئۆکرایناوە. بۆچی باسی سازش لەلایەن رووسیاوە ناکەین؟ بۆچی باسی ئەوە ناکەین کە دەبێت رووسیا لە هەندێک خاکی ئۆکراینا بچێتە دەرەوە. بۆچی دەبێت پاداشتی داگیرکەر بدەینەوە بە خاکی نوێ و، دان بەوەدا بنێین کە لە سەدەی بیستویەکدا نەک سەروەریی یاسا، بەڵکو یاسای هێز حوکم دەکات و، دەتوانیت سنووری وڵاتانی دیکە بگۆریت و هەموو شت ئاسایی بێت و، لە رێگەی شەڕەوە یەکلابکرێتەوە. کەواتە بەڵێ، ئێمە لە هەندێک بەشی ئەم پێشنیازەی ئاشتیدا گەیشتینە خاڵی هاوبەش و مامەڵەکردن، بەڵام سێ خاڵی سەرەکی هەن کە بۆ ئێمە گەلێک گرنگ و چارەنووسسازن: خاکی ئێمە و ئەو خەڵکەی ئێمە کە هێشتا لەوێ دەژین. دووەمیان سەروەریی خاکمانە، چونکە نابێت هیچ سنووردارکردنێک بۆ سەروەریی ئۆکراینا هەبێت. واتە نابێت دەستوەردان لە سیاسەتی نێوخۆماندا هەبێت بە دانانی دۆخێکی تایبەت بۆ زمانی رووسی یان کەنیسەی رووسی یان هەر شتێکی لەو جۆرە. نابێت دەستوەردان لە سیاسەتی دەرەوەماندا هەبێت. دەبێت خۆمان ئەو هاوپەیمانێتییە هەڵبژێرین کە دەمانەوێت بچینە نێویەوە. خاڵی سێیەم، کە زۆر لە پێشە، گەرەنتییەکی ئەمنی و ئاسایشی پتەوە بۆ ئۆکراینا، چونکە بەبێ گەرەنتی ئەمنی، پێموایە تەنیا پشوویەک دەبێت لەم جەنگەدا، نەک کۆتایی جەنگەکە، چونکە بەمە تەنیا کات دەدەینە رووسیا بۆ ئەوەی باشتر خۆی ئامادە بکات و هەڵمەتێکی نوێی هێرش لە ساڵێک، دوو ساڵ یان سێ ساڵی دیکە دەستپێبکاتەوە. 
 
رووداو: ئەگەر ئەم جەنگە بەردەوام بێت، پێتوایە ئۆکراینا دەتوانێت بەبێ پشتیوانی ئەمریکا شەڕ بکات؟ ناتۆ چۆن دەتوانێت لەم دۆخەدا یارمەتیدەر بێت؟
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: ئێستا ئێمە پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانمان هەیە وەکو زانیاریی هەواڵگری، هەروەها لە رێگەی بەرنامەیەکەوە کە وڵاتانی ئەورووپا چەک بۆ ئۆکراینا دەکڕن. هاوبەشە ئەورووپییەکانمان سیستمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئۆکراینا دەکڕن. بۆ جۆرەکانی دیکەی چەک، هەوڵدەدەین لە شوێنێکی دیکەی ئەورووپا یان لە جیهاندا پەیدایان بکەین. بۆیە بەبێ زانیاریی هەواڵگری کارەکە سەختتر دەبێت بۆ لێدان لە ژێرخانی هەستیار یان بەرهەمهێنانی سەربازیی رووسیا لە قووڵایی خاکی ئەو وڵاتەدا. بەڵام هێشتا دەتوانین ئەوەش بکەین، تەنانەت بەبێ ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەش. بەبێ مووشەکی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، کێشەی زیاتر بۆ تۆڕەکانی کارەبا و ژێرخانی هەستیارمان دروست دەبێت، چونکە رووسیا بەردەوام دەبێت. هیچ گومانێک نییە لەوەی کە رووسیا هەوڵدەدات ئەم زستانە وڵاتمان تاریک بکات و کارەبامان لێ ببڕێت. بەڵام زستان کۆتایی دێت و بەهار دێتەوە، بۆیە پێموایە دوای کۆتایی هاتنی زستان کێشەی کارەبا کەم دەبێتەوە و، ئێمەش هەوڵدەدەین چارەسەر بدۆزینەوە، سەرباری ئەو هەموو لێدانانە لە ژێرخانەکەمان. خۆتان لەوانەیە ببینن کە ئێستا ئێمە کارەبامان هەیە سەرباری هێرشە چڕ و بەرفراوانەکان بۆ سەر تۆڕی کارەبا و ژێرخانە هەستیارەکانمان.
 
رووداو: لەبارەی ناتۆ، دەمەوێت بزانم ئەو هەنگاوە سەرەکییانە چین کە هێشتا پێویستە ئۆکراینا بیاننێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ناتۆ؟
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: ئەوە بە دەست ئۆکراینا نییە. ئەوە بە دەست هاوبەشەکانمانە. 
 
رووداو: کەواتە بۆچوونت چییە؟ پرۆسەکە ئێستا چۆنە؟ 
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: ئەوە مژارێکی سیاسییە. پەیوەندیی بە پێوەرەکانی ناتۆوە نییە، چونکە بۆ نموونە ئۆکراینا نزیکەی 32٪ بۆ 35٪ی ئەو پێوەرانەی لە ئۆکراینادا جێبەجێ کردوون. لە راستیدا ئێمە بە چەکی ناتۆوە دەجەنگین، بەپێی ستانداردەکانی هێزی دەریایی ناتۆ دەجەنگین، بەو سەرباز و کارمەندانە دەجەنگین کە لەلایەن وڵاتانی ناتۆوە مەشقیان پێکراوە. ئێمە بە کردەوە بەشێکین لە ناتۆ، بەڵام دەبێت بڕیارەکە لەلایەن 32 وڵاتەوە بدرێت. 
 
رووداو: بەڵێ، جا هەموو جارێک کە قسە دەکەن دەڵێن بەڵێ، ئۆکراینا دەبێت ببێتە بەشێک لە ناتۆ. دەی کێشەکە چییە؟
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: کێشەکە ئەوەیە کەس نایەوێت جەنگ لە بەرەی خۆیدا هەبێت. ئەوان وا بیردەکەنەوە ئەگەر ئۆکراینا بچێتە ناتۆوە، دەشێت جەنگ بهێنێتە سەر...
 
رووداو: وڵاتەکانی دیکە؟
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: بۆ سەر خاکی ئەوان. بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە چەتری ناتۆ پارێزگاری و رێگری لە جەنگ بە وڵاتان دەبەخشێت. دەتوانن تەماشای وڵاتانی باڵتیک بکەن. پێموایە ئەگەر وڵاتانی باڵتیک بەشێک نەبوونایە لە ناتۆ، لەوە دەچوو ئەوان یەکەم نێچیر و ئامانجی رووسەکان بوونایە. بۆ ئەوان ئاسانتر دەبوو کە ئەو سێ وڵاتە داگیر بکەن. بەڵام رووسیا نایەوێت رووبەرووی ناتۆ ببێتەوە. بۆیە پێموایە ئێمەش باسی بەشداری یان ئەندامێتی خۆمان لە ناتۆ لە کاتی جەنگدا ناکەین. دەبێت ئەمە دوای جەنگ بکرێت و، پێشموایە ئەوە دەبێتە باشترین گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراینا.
 
رووداو: کەواتە پێش چوونە نێو ناتۆ، ئۆکراینا دەبێ چی دیکە بەدەستبهێنێت؟ 
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: ئەگەر باسی هەندێک ستاندارد دەکەن، پێموایە ئێمە لەسەر رێچکە و رێگەی راستین، سەرباری ئەوەی کە بڕیاری کۆتایی سیاسییمان بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام بە کردەوە ئێمە بەرەو تێکەڵبوون بە ناتۆ هەنگاو دەنێین، چونکە ئێمە پێشوەختە هاوبەشین لە بەرنامە جیاوازەکانی ناتۆ لە هۆڵەندا و، لەسەر ئەمە بەردەوامین. پێموایە لە راستیدا ئامادەین بۆ ئەم ئەندامێتییە لە داهاتوودا. بەڵام دەبێت ویستێکی سیاسی هەبێت بۆ ئەم بڕیارە.
 
رووداو: باشە. بۆ رۆژانی داهاتوو، ئایا هیچ کۆبوونەوەیەکی گەورەی دیکە لەنێوان ئەمریکا، ئۆکراینا و رووسیادا دەبینین؟ پێشبینیت چییە؟
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: جارێ با بوەستین و ببینین، دەیڵێمەوە، پێم وانییە رووسیا ئامادە بێت بۆ دانوستانی راستەقینە، بۆیە ئەگەری زۆرە ئەوان تەنیا نواندنی ئەم پرۆسەی ئاشتییە بکەن، من چاوەڕوانی هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و گەورە ناکەم کە لە ماوەی دوو رۆژدا ئاشتی بەدیبێنێت، بەداخەوە. بەڵام ئێمە هەر لە ئێستاوە ئامادەین بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و درێژخایەن. 
 
رووداو: کەواتە لەم دۆخەدا کە دەیبینین، بڕوات وایە جەنگەکە بۆ ساڵی داهاتوو درێژە دەکێشێت؟
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: بەداخەوە، وا دیارە، بەڵێ.
 
رووداو: باشە، سوپاس بۆ ئەوەی لەگەڵمان بوویت. 
 
یۆگۆر چێرنیێڤ: سوپاس.