هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: 60%ی دانیشتووانی کەمپەکان منداڵن

 
 
رووداو دیجیتاڵ

شێخموس ئەحمەد، هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، کە پێشکێشکار نالین حەسەن لەگەڵی کردووە، نوێترین ئاماری ئاوارەکان و رەوشی کەمپەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئاشکرا کرد.
 
شێخموس ئەحمەد رایگەیاند، کە بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، بارگرانییەکی قورس کەوتووەتە سەر شانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر. سەبارەت بە رەوشی کەمپەکان گوتی، "لە هەندێک شار زۆرتر لە ساڵێکە پرۆسەی پەروەردە راوەستاوە و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانیش زۆر کەم و لاوازن."
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "دەتوانین بڵێین 60%ی دانیشتووانی کەمپەکان منداڵن، 20%یان ژنن و 10% بۆ 20%یشیان پیاون. منداڵان ساڵانێکە لە خوێندن بێبەش بوون. رەوشی دەروونیی ژنانیش زۆر خراپە، چونکە لە ماڵ و حاڵی خۆیان دوورن و ئەرکی بەخێوکردنی منداڵ و نەخۆشییەکانیان لەسەر شانە."
 
هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، وەڵامی پرسیارەکانی نالین حەسەنی دایەوە:
 
رووداو: کاک شێخموس کاتت باش، دوای چەند ساڵێک بەخێر بێیتەوە بۆ رووداو.
 
شێخموس ئەحمەد: سوپاس، کاتتان باش بۆ ئێوە و بینەرانی رووداو.

رووداو: لە ئامارەکانەوە دەست پێ دەکەم. نوێترین ئاماری ئاوارەکان لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گەیشتووەتە چەند و چەندیان لە نێو کەمپەکاندان؟
 
شێخموس ئەحمەد: ناوچەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چ لە رووی جوگرافی و چ لە رووی مرۆییەوە، دەرگاکانی بۆ ئەو ئاوارە سوورییانە کردووەتەوە، کە 15 ساڵە بەدەست شەڕ و پێکدادانەکانەوە دەناڵێنن. تاوەکو ئێستاش لە سووریا ئارامییەکی تەواو جێگیر نەبووە، بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک پەنایان بۆ ناوچەکانی ئێمە هێناوە؛ چ ئەوانەی لەناو شار و گوندەکانن، یان ئەوانەی لە کەمپە فەرمی و نافەرمییەکاندان. وەک دەزانن، لە ساڵانی 2018 و 2019دا، دوای هێرشەکانی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی، سەدان هەزار کەس بەرەو ناوچە ئارامەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاوارە بوون. لە سەرەتای ساڵی 2025دا، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس، هەمووان ویستیان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان، بەڵام بەداخەوە خەڵکی ئێمە لە عەفرین، کە لە شەهبا و تەل رەفعەت بوون، دووبارە رووبەڕووی ئاوارەیی بوونەوە و 120 هەزار کەسی دیکە هاتنە ناوچەکانی ئێمە. ئێستا دەتوانین بڵێین بە گشتی لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە کەمپە فەرمییەکان، سەنتەرەکانی پێشوازی و کەمپە نافەرمییەکاندا، 250 هەزار ئاوارەی تۆمارکراو هەن، کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەندێک رێکخراوی نێودەوڵەتی هاوکارییان دەکەن.
 
رووداو: لە رووداوەکانی ئەم دواییەدا، ئایا لە ناوچەکانی کەناراو (لازقییە و تەرتووس) و سوەیداوە ئاوارە روویان لە ناوچەکانی ئێوە کردووە؟ ئەگەر هەیە ژمارەیان چەندە؟
 
شێخموس ئەحمەد:  کێشەی سەرەکی جوگرافیایە. ئەگەر رێگەکان کراوە بوونایە، بە دەیان هەزار کەس لە کەناراوەکانی سووریا و سوەیداوە دەهاتنە ناوچەکانی ئێمە. بەهۆی ئەو رەگەزپەرستی، هەڕەشە و تۆمەتانەی لەو ناوچانە رووبەڕوویان دەبێتەوە، خواستێکی زۆر هەیە بێنە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، چونکە لێرە ئارامە و رەگەزپەرستی نییە، بەڵام لە کەناراوەکانەوە تا ئێرە 400 کیلۆمەتر و لە سوەیداوە 500 کیلۆمەتر دووری هەیە، بۆیە ژمارەی ئەو کەسانەی گەیشتوونەتە ئێرە زۆر نییە.
 
رووداو: باسی 250 هەزار ئاوارەت کرد. چەندیان لە کەمپەکاندان و چەندیان لەناو شارەکاندان؟
 
شێخموس ئەحمەد: لە کەمپە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا 10 کەمپ ماون؛ 6یان لە هەرێمی جزیرەن، ئەوانی دیکە لە دێرەزوور، تەبقا و رەققەن، بەڵام جگە لەمانە، لە دێرەزوور، رەققە و تەبقا چەندین کەمپی نافەرمی هەن، کە ئەمە کێشەیەکی گەورەیە. هەروەها لە تەبقا، رەققە و حەسەکە سەنتەری داڵدەدان هەن، کە خەڵکی سەرێ کانی، گرێ سپی و عەفرینی تێدایە. ئەمە بارگرانییەکی قورسە، لە هەندێک شار زیاتر لە ساڵێکە خوێندن راوەستاوە و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانیش زۆر کەم و لاوازن.
 
رووداو: لەو ژمارە گشتییە، رێژەی ژن و منداڵ چەندە؟
 
شێخموس ئەحمەد: زۆرینەیان منداڵن. دەتوانین بڵێین 60%ی دانیشتووانی کەمپەکان منداڵن، 20% ژنن و 10% بۆ 20% پیاون. منداڵان ساڵانێکە لە پەروەردە بێبەشن. رەوشی ژنانیش لەڕووی دەروونییەوە زۆر خراپە، چونکە لە ماڵەکانیان دوورن و ئەرکی بەخێوکردنی منداڵ و مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییەکان لەسەر شانی ئەوانە. پیاوانیش بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان زۆر ماندوو دەبن.
 
رووداو: ئایا لە ساڵی 2025دا چەند منداڵ لە کەمپەکان لەدایکبوون؟
 
شێخموس ئەحمەد: ئەو ئامارانەی دەگەنە دەستمان نیشانی دەدەن، کە ژمارەکە زۆرە. ژیان لە ناو کەمپەکاندا بەردەوامە؛ هاوژینی و لەدایکبوون هەیە. ئەمەش کاریگەریی لەسەر تواناکانی ئێمە هەیە، بەتایبەت بۆ خەڵکی عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی. کاتێک خێزانێکی نوێ پێکدێت، پێویستیان بە چادر و شوێنی جیاواز هەیە. منداڵە نوێیەکانیش پێویستیان بە شیر، خزمەتگوزاریی تەندروستی و تۆمارکردن لە ناسنامەی شارستانی هەیە، کە هەموو ئەمانە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر زەحمەتن.
 
رووداو: بارگرانییەکی زۆر لەسەر شانتانە. خەرجیی ئەم کەمپانە لە ساڵێکدا دەگاتە چەند؟
 
شێخموس ئەحمەد: خەرجییەکە بە ملیۆنان دۆلارە. هەر کەمپێک وەک شارێکی لێهاتووە. پێویستیان بە نان، خۆراک، ئاو، کارەبا و خزمەتگوزاریی تەندروستی هەیە. ئەو بودجەیەی بۆ کەمپێک تەرخان دەکرێت، هەندێک جار هێندەی بودجەی شارێکە.
 
رووداو: ئێوە وەک بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ ساڵی نوێ (2026) چەند بودجەتان بۆ کەمپەکان تەرخان کردووە؟
 
شێخموس ئەحمەد: بودجەی ئێمە بۆ بارودۆخی فریاگوزاری و نائاسایی هەیە. بۆ ساڵی 2026 بە ملیۆنان دۆلار بەسەر کانتۆنەکاندا دابەش کراوە. ئەم بودجەیە بۆ کارەساتە سروشتییەکان، بوومەلەرزە، لافاو و هەروەها بۆ شەپۆلە نوێیەکانی ئاوارەبوون بەکاردێت. هەر کانتۆنێک بەپێی ژمارەی ئاوارەکانی لای خۆی بودجەکە خەرج دەکات.
 
رووداو: واتە بودجەیەکی سەربەخۆ و تایبەت تەنیا بۆ کەمپەکان نییە؟
 
شێخموس ئەحمەد: لە بنەڕەتدا پرسی کەمپ و پەنابەران ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکانە. دروستکردنی کەمپ، ژێرخان، ئاو و تەندروستی کاری ئەوانە، بەڵام بەداخەوە دوو ساڵە بە ئاشکرا دەڵێن هاوکارییەکانیان کەمی کردووە. بڕوام وایە لە ساڵی 2026دا ئەم رێژەیە زیاتر دادەبەزێت.
 
رووداو: ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاریی چەند کەمپ دەکات؟
 
شێخموس ئەحمەد: نەتەوە یەکگرتووەکان 5 کەمپی فەرمی بەڕێوە دەبات، کەمپەکانی هۆڵ، رۆژ، نەورۆز، عەریشە و کەمپی مەحموودلی. کەمپەکانی دیکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەندێک رێکخراوی نافەرمییەوە بەڕێوە دەبرێن. کێشەی گەورەی ئێمە خەڵکی عەفرین، شەهبا، تەل رەفعەت و سەرێ کانییە. کەمپی سەرێ کانی تائێستاش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک کەمپێکی فەرمی نەناسێنراوە. بۆ نموونە، پێشتر بۆ 90 رۆژ سووتەمەنییان دەدا، بەڵام ئەم ساڵ بۆ کەمپەکانی سەرێ کانی و واشۆکانی تەنیا بۆ 40 رۆژ سووتەمەنی دیاری کراوە.
 
رووداو: لە ساڵی نوێدا رەوشی کەمپەکانی هۆڵ و رۆژ کە خێزانی داعشیان تێدایە، چۆنە؟
 
شێخموس ئەحمەد: حکومەتی عێراق لە ساڵی 2025دا 15 کاروانی هاووڵاتییانی خۆی گەڕاندەوە، واتە بە دەیان هەزار کەس گەڕانەوە عێراق. ئێستا لە کەمپی هۆڵ ژمارەیەکی کەم عێراقی ماون. نزیکەی 15 هەزار هاووڵاتیی سووری و 6500 بیانی لێن. لە کەمپی رۆژیشدا 2500 کەس هەن کە زۆربەیان بیانین و تەنیا چەند خێزانێکی سووری و عێراقی ماونەتەوە.
 
رووداو: گوتت ژمارەیەکی کەم عێراقی لە کەمپی هۆڵ ماون، ئەوانە چەند کەسن؟
 
شێخموس ئەحمەد: بڕوام وایە کەمتر لە هەزار خێزان مابن، واتە دەوروبەری 3000 کەس.
 
رووداو: ئایا چوونە دەرەوەی هاووڵاتییانی سووریا لە کەمپەکان بەردەوامە؟
 
شێخموس ئەحمەد: لە ساڵی 2025دا کاروانێکمان رەوانەی دێرەزوور کرد. هەروەها سێ کاروانی مرۆیی ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە چارەسەر بوو، بە هاوکاریی کۆمیساریای پەنابەران چوونە حەلەب، ئیدلب، حومس و دیمەشق. بۆ ساڵی 2026، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانمان لە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، گەڕاندنەوەی بەکۆمەڵی هاووڵاتییانی سووریایە. داوامان کردووە میکانیزمێک دابنرێت، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی روون نەدراوەتەوە. بەرنامەی ئێمە بۆ 2026 ئەوەیە هاوکاریی هەمووان بکەین بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، بەتایبەت ئاوارەکانی سەرێ کانی، گرێ سپی و عەفرین.