شێخ مورشد خەزنەوی: لە شەڕێکدا شکاین، بەڵام دۆزی گشتیی ئێمە بەردەوامە
رووداو دیجیتاڵ
شێخ مورشد خەزنەوی رایگەیاند، سەرەڕای ئەو ئازار و مەینەتییە قورسانەی گەلی کورد تێیدا تێپەڕ دەبێت، نابێت ورەی میلـلەت بشکێت و گوتی: "ئێمە لە شەڕێکدا شکاین، بەڵام جەنگی گشتی و دۆزی ئێمە بەردەوامە."
شێخ مورشد خەزنەوی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی رۆژی سێشەممەی رۆژئاوای کوردستان، کە نالین حەسەن پێشکێشکی کرد، ئاماژەی بە دۆخی پارچەکانی دیکەی کوردستان کرد و جەختی کردەوە، تێکۆشان تەنیا بە شوێنێکەوە سنووردار نییە. خەزنەوی رایگەیاند ئەمڕۆ "رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پێیە" و میلـلەتی کورد لەوێش خزمەت و خەباتی خۆی بەردەوام دەکات، بۆیە نابێت کورد لە هیچ پارچەیەک بێئومێد بێت.
هەروەها باسی لەو دیمەنانە کرد، تێیدا بێڕێزی بە تەرمی شەهیدان دەکرێت و بە تووندی ئەو کردەوانەی سەرکۆنە کرد و گوتی: "ئەو کردەوە دڕندانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسلامەوە نییە. با گەنجانی کورد بەهۆی ئەم دڕندەییانەوە لە ئایینەکەی خۆیان سارد نەبنەوە، جێگەی کورد لە نێو ئیسلامدا هەیە، بەڵام لە نێو ئەو عەقڵیەتە دڕندەیەدا نییە."
خەزنەوی هۆشداریشی دا "دووژمن دەیەوێت دووژمنایەتییەکی نەتەوەیی لە نێوان گەلی کورد و عەرەب دروست بکات" و داوای لە کورد کرد نەکەونە ئەو داوەوە: "دووژمنایەتی ئێمە لەگەڵ گەلی عەرەب نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەو هێز و گرووپە دڕندانەیەیە، کە بە ناوی ئایین و نەتەوەوە زووڵم دەکەن."
هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی دەربڕی و گوتی: "پەیامی جەنابی سەرۆک سەبارەت بە پاراستنی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستان، پەیامێکی حەکیمانە بوو. نابێت ئێمە تۆڵە لە خەڵکی سڤیل بکەینەوە، ئەمە لە کولتووری کورددا نییە."
دەقی گفتوگۆی نالین حەسەن لەگەڵ شێخ مورشد خەزنەوی:
رووداو: بینیت رێوڕەسمی بەڕێکردنی شەهیدان هەبوو. خەڵکی ئێمە زۆر خەمبارە و دڵشکاوە، دەستیان کردووە بە گریان و خۆپێشاندان. بەڕاستی خەمێکی زۆر لە شەقامی کوردیدا دەبینرێت. خەڵک ورە لە تۆ وەردەگرێت، تۆ چی بە خەڵک دەڵێیت؟
شێخ مورشد خەزنەوی: سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان و میللەتی کورد دەکەم. بێگومان لە سەرانسەری کوردستان، نەک تەنیا لە رۆژئاوای کوردستان، دڵشکان و خەمبارییەک هەیە و ئەمە مافی خۆیانە، چونکە ئەوانە منداڵی ئێمەن، کچ و شەڕڤانی ئێمەن، کاتێک شەهید دەبن ئێمە ئازار دەچێژین. بەڵام دەبێت بگەڕێینەوە سەر هۆشی خۆمان و خۆمان ون نەکەین. نابێت لەبیری بکەین چ بارێکی گەورە لەسەر شانمانە. من ئەمە تەنیا بۆ قسە ناڵێم، نەک وا بێت ئازاری شەهادەت نەزانم؛ من پێشتر ئەو ئازارەم چەشتووە و دەزانم چەند قورسە و چەند دڵتەزێنە. بەڵام دەبێت میللەتەکەمان وشیار بێت. هەستن و وشیار بن، فرمێسکی چاوانتان بسڕن و خەمەکەتان بخەنە نێو دڵتانەوە، با دوژمن فرمێسکی چاوتان نەبینێت. ئەم بابەتە دەبێت ببێتە هۆی وشیاربوونەوەمان.
ئێمە لە شەڕێکدا شکاین، ئەمە ئاساییە، بەڵام جەنگێکی گشتی هەیە بۆ ئازادی میللەتەکەمان لە رۆژئاوا و سەرانسەری کوردستان، کە بەردەوامە. رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پێیە و میللەتەکەمان خەریکی خەباتە. لەبەر ئەوە، شکان لە شەڕێکدا شتێکی ئاساییە لە جیهاندا. ئەگەر وەک پیاوێکی ئایینیش بیڵێم، پێغەمبەری خودا (د.خ) لە شەڕی ئوحوددا شکا. وەک کوردێکیش بیهێنمەوە یادتان؛ شێخ سەعیدی پیران لە شۆڕشەکەیدا شکا، پێشەوا قازی محەممەد کە یەکەم سەرۆکی کۆماری کوردستان بوو شۆڕشەکەی شکا، بارزانیی نەمر کۆچبەر بوو. دەبێت ئەمانە هەمووی لەبەر چاوتان بن.
مەبەستم ئەوە نییە پاساو بهێنمەوە، با بە هەڵە تێنەگەن؛ تەنیا دەمەوێت سوکناییەک بخەمە دڵتانەوە، تا بتوانن تێیپەڕێنن و پێ بنێن بەسەر ئازارەکانتاندا. ئەم ئازارە گەورەیەی بەسەر میللەتەکەماندا هاتووە، پێی پیابنێن بۆ ئەوەی لەم دەریایەدا بەرەو پێش بچین و دووبارە دەست بە خزمەت و خەبات بکەینەوە.
شەهیدانی ئێمە شەهیدی ئاسایی نین. ئەوان ئەو خوێنەن کە دەبنە پرد بۆ ئەوەی ئێمە پاراستن و تێکۆشان و بەرگریی خۆمان بەردەوام بکەین. کوردینە وشیار بن، سەد ساڵە گەورەترین فەرمان و کۆمەڵکوژی بەسەر ئێمەدا دێت. چۆن تا ئێستا ماون و زیندوون؟ چونکە ورە و ئومێدتان نەشکاوە. بێئومێد مەبن، چەندە تابلۆکە لەبەردەمتان رەش بێت، بێئومێد مەبن. گاندی وتەیەکی زۆر جوانی هەیە، دەڵێت: "ئەگەر مرۆڤ پارەکەی ون کرد، شتێکی بەنرخی ون کردووە. ئەگەر شەرەفی ون کرد، شتێکی ون کردووە کە بە پارە قەرەبوو ناکرێتەوە. بەڵام ئەگەر "ئومێدی" ون کرد، ئەوا هەموو شتێکی ون کردووە." ئەوەی وای کردووە کچ و کوڕانی ئێمە خزمەت بکەن، ئەو ئومێدەیە کە سبەی شتێک بۆ گەلەکەیان بکەن. سروودی "ئەی رەقیب" پێمان دەڵێت کورد هەر زیندووە و نامرێت.
رووداو: لە کاتی ڕێوڕەسمەکەدا بە سرودی ئەی رەقیب شەهیدان بەڕێکران. دکتۆر دەستخۆش بۆ ئەو قسانە، دڵنیام ورەی زۆر کەست بەرز کردەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەو دیمەنانەت بینی، دیمەنی زۆر دڵتەزێن بوون؛ تەرمی شەهیدێکی کچ لە نهۆمی سێیەم و چوارەمەوە فڕێ دەدەنە خوارەوە و دەڵێن ئەڵڵاهو ئەکبەر. بە ناوی ئیسلامەوە تەرم دەسووتێنن. لە رووی ئایینییەوە ئەمە چییە؟ زۆر کەس دەڵێن دوای بینینی ئەم دیمەنانە ئێمە لە ئیسلام دوور دەکەوینەوە، نامەی تۆ بۆ ئەمانە چییە؟
شێخ مورشد خەزنەوی: بێگومان. پێش ئەوەی باسی لایەنی ئایینی بکەم، دەمەوێت میللەتەکەمان سوود لەو سوکایەتییە وەربگرێت کە بە شەڕڤانانی ئێمە کرا، ئەوانەی تاجی سەری ئێمەن. وتەیەکی شەهید شێخ مەعشووقی خەزنەویم بیر دێتەوە، کە دەڵێت: "ئەگەر شەهیدتان نەبوو، یەکێک بە دەستی خۆتان بکوژن و بیکەنە شەهید تا لە رێگەی خوێنەکەیەوە پارێزگاری لە مافەکانتان بکەن." ئەو بێڕێزییەی ئەو گرووپە چەتە و تووندڕەوانە کردیان، نوێنەرایەتی کولتووری دڕندانەی خۆیان دەکات و بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی ئایینی ئیسلام ناکات. ئیسلام رێگە بەم کارە پیسانە نادات. فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) هەیە کە قەدەغەی کردووە سوکایەتی بە تەرم بکرێت.
رووداو: باست کرد کە نەکەوینە نێو کاردانەوەوە. رۆژئاوای کوردستان پێکهاتەی جیاوازی لێیە و بە پێکەوەژیان دەناسرێت. ئامۆژگاریت بۆ گەلی کورد و لایەنە سیاسییەکان و راگەیاندنی کوردی چییە؟
شێخ مورشد خەزنەوی: بێگومان هێزە سیاسی و سەربازییەکانی ئێمە لەو پلانە وشیارن. رەنگە دوژمن بیەوێت کورد رابکێشێتە نێو داوێکەوە تا وا پیشان بدەن دوژمنایەتی لە نێوان نەتەوەی کورد و عەرەب هەیە. ئەمە راست نییە. ئێمە وەک نەتەوە کێشەمان لەگەڵ نەتەوەی عەرەب نییە.
دوژمنایەتی ئێمە لەگەڵ ئەو هێزانەیە کە بە ناوی عەرەب، تورک یان فارسەوە ستەم دەکەن. لە رۆژئاوای کوردستان ئێمە پێکەوە دەژین؛ کورد، عەرەب، موسڵمان، ئێزدی، مەسیحی، تورکمان و ئەرمەن هەن و کۆمەڵگەیەکی هاوبەشە.
پێویستە وشیار بین نەکەوینە ئەو داوەوە. جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی دڵنیایی دا کە لە هەرێمی کوردستان نابێت هێرش بکرێتە سەر ئەو کەسانەی سڤیلن و لە شەڕی سووریا رایانکردووە و پەنایان هێناوەتە بەر کوردستان. لە کولتووری ئێمەدا "دەخیل" و پەنابەر پیرۆزە و دەبێت بیپارێزیت. قورئانیش دەفەرموێت "وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَىٰ" واتە کەس گوناهی کەسێکی دیکە هەڵناگرێت. ئەگەر گرووپێکی عەرەب یان تورک زوڵمی لێ کردین، نابێت ئێمە تۆڵە لە هەموو نەتەوەکەیان بکەینەوە. ئەگەر پەنابەرێکی سووری لە هەرێمی کوردستان بێڕێزی بە کورد و شەهیدان کرد، دەبێت بدرێتە دادگا، بەڵام نابێت بە شێوەیەکی گشتی تۆڵە لە هەمووان بکرێتەوە. بۆیە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی پەیامێکی زۆر حەکیمانە بوو.
رووداو: دکتۆر، زۆر سوپاست دەکەم کە بوویتە میوانمان. خەڵکی باشووریش زۆر خۆشیان دەوێیت و گوێ لە قسەکانت دەگرن.
شێخ مورشد خەزنەوی: تەمەندرێژ بیت خوشکی من نالین، سوپاس بۆ رووداو و ئەو خزمەتەی دەیکەن. ئێوە کچ و کوڕی کوردن و بە کارەکانتان سەربەرزین. دەبێت پشتیوانی یەکتری بین بۆ بەرزکردنەوەی ورەی میللەتەکەمان. دووبارە سوپاس.