فەرماندەیەکی هەسەدە: سوپای نوێی سووریا لە چەند لیوایەک پێکدێت، یەکێکیان بۆ یەپەژە دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

لە هەڤپەیڤینێکی نووسراودا لەگەڵ رووداو، ئەبو عومەر ئیدلبی، فەرماندەی لیوای باکووری دیموکراتی سەر بە هەسەدە، وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان شاندی سەربازیی هەسەدە و وەزارەتی بەرگریی سووریا لە دیمەشق خستەڕوو.
 
بە گوتەی ئیدلبی، کۆبوونەوەکان بە "ئاستێکی بەرزی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی بەڕێوەچوون"، بە ئامانجی پێشخستنی رێڕەوی دانوستاندنەکانی لیژنە تایبەتمەندەکان بۆ یەکخستنی سەربازی و ئەمنی.
 
ئیدلبی ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چوارچێوەی پێکهاتەکانی سوپای نوێی سووریا دا دەبێت، کە لە "سێ فیرقەی سەربازی و چەند لیوایەکی سەربەخۆ پێکدێت، لە نێویاندا لیوایەک بۆ یەکینەکانی پاراستنی ژنان. ئەمە بەپێی میکانیزمێک دەبێت کە رێککەوتنی لەسەر دەکرێت." هەرچەندە ناوی "هێزەکانی سووریای دیموکرات" وەک نیشانەی شەرەفێک دەمێنێتەوە، بەڵام گۆڕینی ناونیشانەکە بۆ قۆناغی نوێی بنیادنانی سووریا گونجاو دەبێت.
 
لەبارەی چارەنووسی سەرکردە مەیدانییەکان و پلە سەربازییەکانی ناو هەسەدە، ئیدلبی رایگەیاند کە ئەمانە لە رێڕەوی دانوستاندنە تەکنیکی و سەربازییەکاندا دەبێت، بە شێوەیەک کە ئامانجە خوازراوەکانی رێککەوتنی "10ی ئازار" بەدی بهێنێت.
 
لیوای باکووری دیموکراتیش، وەک "بەشێکی رەسەن و دامەزرێنەری هەسەدە"، بەشێک دەبێت لە میکانیزمەکانی یەکخستن.
 
خشتەیەکی کاتی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە کۆتایی ئەم ساڵە، بەڵام ئیدلبی جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە وادەیەکی پیرۆز نییە و دەکرێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت بۆ بەدیهێنانی "ئەنجامێکی راستەقینە." لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە داخستنی بازگەکان، ئیدلبی رەتیکردەوە کە هەسەدە هیچ بازگەیەکی داخستبێت و رایگەیاند کە ئەوان دژی هەر رێکارێکن کە زیان بە ژیانی هاووڵاتیان و بازرگانی بگەیێنێت.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: هەڵسەنگاندنتان بۆ کەشوهەوای کۆبوونەوەکانی پێش دوو رۆژ لە دیمەشق لە نێوان شاندی سەربازی و وەزارەتی بەرگریی سووریا چییە و گرنگترین خاڵی رێککەوتنەکانی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە چوارچێوەی سوپای سووریادا کامانە بوون؟
 
ئەبو عومەر ئیدلبی: کۆبوونەوەکان سەبارەت بە لیژنە تایبەتمەندەکانی کاروباری سەربازی و ئەمنی لە نێوان شاندی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و شاندی حکومەتی کاتی سووریا لە دیمەشق بە ئاستێکی بەرزی بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە بەڕێوە چوون، بە مەبەستی پێشخستنی رێڕەوی دانوستاندنەکانی لیژنە تایبەتمەندەکان بۆ یەکخستنی سەربازی و ئەمنی. سروشتی کاری ئەم لیژنانە بەپێی ئەو شتانەیە کە هەنگاوەکانی یەکخستن داوای دەکەن، واتە کارێکی ورد و هەوڵێکی زۆر پێویستە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتە.
 
رووداو: ئایا هەسەدە وەک فرقەیەکی تایبەت لە سوپادا دەبێت؟ لە کوێ دابەش دەبێت؟
 
ئەبو عومەر ئیدلبی: لە بنەڕەتدا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چوارچێوەی پێکهاتەکانی سوپای نوێی سووریادا دەبێت، لە سێ فیرقەی سەربازی و چەند لیوایەکی سەربەخۆ، لە نێویاندا لیوایەک بۆ یەکینەکانی پاراستنی ژنان. ئەمە بەپێی ئەو میکانیزمەیە کە رێککەوتنی لەسەر دەکرێت، چونکە ئەم وردەکارییانە هێشتا لە چوارچێوەی گەڕەکانی دانوستاندندان، کە یەک لەدوای یەک بەرێوەدەچن. هێزەکانی ئێمە، هێزەکانی سووریای دیموکرات، وەک هەمیشە لەو شوێنە دەبن، کە پێویستە بۆ پاراستنی گەل و وڵاتەکەمان لە بەرامبەر هەموو ئاڵنگاری و مەترسییەکان، لە هەموو هێزەکانی تیرۆر و داگیرکاری.
 
رووداو: ئایا ناوەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە (هێزەکانی سووریای دیموکرات)؟ گەر گۆڕا، ناوە پێشنیازکراوەکان کامانەن؟
 
ئەبو عومەر ئیدلبی: ئێمە ئەم رۆژانە یادی دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەینەوە. لە یەکەم ساتەوە کە دامەزراوە، شانازی بە هەڵگرتنی ناوی سووریاوە کردووە. هێزەکانی سووریای دیموکرات قوربانی زۆری داوە لە خوێنی شەهیدان و بریندارەکان و هەوڵی شەڕڤانان، بۆ بەرگریکردن لە هەموو خەڵکی سووریا لە هەموو پێکهاتە نیشتمانییەکان. بۆیە ناوی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وەک نیشانەی شەرەفێکە لە دڵماندا و لەسەر سنگمان و تاجی سەرکردایەتی و شەڕکەرەکانمانە. ئەم ناوە بۆ هەمیشە شانازی و فەخری خۆی دەبێت لە مێژووی سووریادا، بەڵام ئێستا کە سووریای نوێ بنیاد دەنێین، گۆڕینی ناونیشانەکە گونجاو دەبێت بۆ ئەم قۆناغەی مێژووی وڵاتەکەمان، بەڵام ناوەڕۆکی راستەقینەی ئەم هێزانە و ئەو ئامانجەی لەسەر بنەمای دامەزراوە، لە ویژدان و بڕوای رەهامان بە پاراستنی گەل و خاکەکەمان دەمێنێتەوە.
 
رووداو: چارەنووسی سەرکردە مەیدانییەکان و پلە سەربازییەکانی ناو هەسەدە دوای یەکخستن چۆن دەبێت؟
 
ئەبو عومەر ئیدلبی: سەبارەت بە میکانیزمی یەکخستن و کاروباری سەربازی پەیوەست بەو بابەتەوە، ئەمانە لە رێڕەوی دانوستاندنە تەکنیکی و سەربازییەکاندا دەبێت، بە شێوەیەک کە ئامانجە خوازراوەکانی رێککەوتنی "10ی ئازار" بەدی بهێنێت. ئەم بابەتانە ئەنجامەکانیان بەپێی ئەو رێککەوتنانە دەبێت کە هەردوو لایەن بڕیاری لەسەر دەدەن، بە شێوەیەک کە ئامانجە باڵاکانی نیشتمان بەدی بهێنێت، بەپێی دیدی نوێی سووریا کە پێکەوە کاری لەسەر دەکەین.
 
رووداو: چارەنووسی لیوای باکووری دیموکرات چی دەبێت، ئایا لە چوارچێوەی فەیلەقە پێشنیازکراوەکاندا دووبارە رێکدەخرێتەوە؟

 

ئەبو عومەر ئیدلبی: هێزەکانی باکووری دیموکرات، هەر لە دامەزراندنییەوە لە سەرەتای شۆڕشی گەورەی سووریا، چەندین قۆناغی بڕیوە. ئێمە هەر لە یەکەم رۆژی پێکهێنانی پێکهاتە سەربازییەکەمانەوە، خۆمان تەرخان کرد بۆ پاراستنی گەل و خاکەکەمان و لە ناوچە جیاوازەکانی سووریادا جەنگاوین و شەهیدمان داوە لە پێناو ئامانجە نیشتمانییەکانمان و ئاواتە رەواکانی گەلەکەمان. 
بۆیە ئێمە لەو شوێنە دەبین کە پێویستە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانیمان، بەپێی ئەوەی کە ئامانجە نیشتمانییەکان بەدی دەهێنێت. بێگومان ئێمە بەشێکی رەسەن و دامەزرێنەری هێزەکانی سووریای دیموکراتین، لەسەر ئەم بنەمایە میکانیزمەکانی یەکخستن، کە رێککەوتنیان لەسەر دەکرێت، ئێمەش دەگرێتەوە، ئێمە بۆ ئەم مەبەستە شەڕکەرێکی دڵسۆزین بۆ پاراستنی گەل و وڵاتەکەمان.
 
رووداو: ئایا خشتەیەکی کاتی دیاریکراو هەیە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە؟
 
ئەبو عومەر ئیدلبی: رێککەوتنی "10ی ئازار" لە بنەڕەتدا کۆتایی ئەم ساڵەی بۆ جێبەجێکردنی هەموو خاڵەکانی رێککەوتنەکە دیاری کردووە، بەڵام ئەمە وادەیەکی پیرۆز نییە، بەڵکو دەکرێت خشتەی کاتی بگۆڕدرێت بەشێوەیەک کە ئەنجامی راستەقینە بەدیبهێنێت، کە لەسەر رێککەوتنی دروست و ورد بێت، بۆ ئەوەی ببێتە بنەمای سووریای نوێ، دوای رووخانی رژێمی پێشوو.
 
رووداو: هەندێک لە دەزگاكانی راگەیاندن بانگەشە دەکەن کە هەسەدە بازگە ناوخۆییەکانی نێوان ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و ناوچەکانی حکومەتی سووریای داخستووە، وەڵامی ئێوە چییە؟ ئایا بازگەکان داخراون (کامەیان)؟
 
ئەبو عومەر ئیدلبی: دەزگاکانی راگەیاندن، بەداخەوە هەندێکیان هەوڵ دەدەن بینەر و شوێنکەوتەی زیاتر بەدەست بهێنن، بەبێ گوێدانە ئەو کارەسات و زیانانەی کە دەشێت بیهێنێتە ئاراوە.
سەبارەت بە بازگەکان یان داخستنی ناوچەکان، ئێمە زۆر دوورین لەم جۆرە رێکارانەی کە زیان بە ژیانی خەڵک و هاووڵاتیان دەگەیەنێت، وەک نەخۆش و قوتابی و گەشتیارەکان، هەروەها دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و بەرهەمەکان، کە پێداویستییەکانی خەڵک دابین دەکەن. بۆیە ئێمە ئەم جۆرە رێکارانە رەت دەکەینەوە و زۆر دوورین لە ئەنجامدانیان.
 
رووداو: پەیامی ئێوە بۆ ئەندامانی لیوای باکووری دیموکرات سەبارەت بە قۆناغی داهاتوو چییە؟
 
ئەبو عومەر ئیدلبی: پەیامی ئێمە هەمیشە بۆ هەموو هێزە سەربازی و ئەمنییەکانمان، لەوانەش هێزەکانی باکووری دیموکرات، ئەوەیە کە بەرزترین ئامانج و بەنرخترین خواستی ئێمە پاراستنی هاووڵاتیان و بەرگریکردن لە خاکی وڵاتەکەمانە. کاتێک زەردەخەنەی دڵنیایی لەسەر رووی منداڵانی سووریا دەبینرێت، کاتێک هەست بە ئارامی و ئاشتی دەکەن، ئەوا لە رێگەی راستداین کە هەڵمانبژارد و بڕوامان پێی هێنا. ئێمە بەردەوام دەبین لە پاراستنی بنەماکانمان وەک وەفایەک بۆ شەهیدەکانمان و پاراستنی پەیمانمان بۆ گەلەکەمان.