گوتەبێژی پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا: پلانی حکومەت لەبارەی کۆچبەران ئەوپەڕی نامرۆڤانەیە

رووداو دیجیتاڵ 

ریکاردا لانگ، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا و گوتەبێژی پارتی سەوزەکان سیاسەتەکانی نوێی حکومەتی ئەڵمانیا بەرامبەر کۆچبەران بە "ئەوپەڕی نامرۆڤانە" و "پێشێلکاری مافی مرۆڤ" وەسفکرد. 
 
لانگ لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم سیاسەتانە بوونەتە هۆی پشێوی، رەتکردنەوەی پەنابەران لە سنوورەکان، دروستبوونی ترافیک بۆ دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان و دواکەوتنی کاری کۆمپانیاکان.
 
لانگ پرسیاری لەبارەی سەرچاوەی ئەو پۆلیسانەوە کرد کە بۆ کۆنترۆڵی سنوورەکان تەرخانکراون، لەکاتێکدا کەمی پۆلیس لە شارەکاندا هەیە و یەکێتیی پۆلیسیش ئەم کۆنترۆڵانە بە بارگرانی دەزانێت. 
 
لانگ جەختیشی کردەوە، کە ئەم هەنگاوانە پێشێلکردنی یاسای ئەورووپییە و زیان بە متمانەی ئەورووپی دەگەیێنێت. 
 
گوتەبێژی پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتێکی بەرپرسیار هەبێت کە پابەندبێت بە مافەکانی مرۆڤ و هاوکاری ئەورووپی و رەخنەی لە بەکارهێنانی پەنابەران وەک بیانوو بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان گرت، داوای چارەسەری راستەقینەی کرد.
 
گوتەبێژی پارتی سەوزەکان هەروەها گوتی، "لە ساڵانی رابردوودا، پێویستە رەخنەگرانە دان بەوەدا بنێین، تەنانەت لە ژێر حکومەتی ئەمپل دا، پەنابەران بەردەوام کراون بە دوژمن، هەروەها کراون بە بەرپرسی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، چ کەمی خانوو بێت، چ کێشەکانی سیستمی پەروەردە بێت."
 
لانگ دەڵێت، "نابێت رێگە بەمە بدەین، چونکە سیاسەتی دروستکردنی دوژمن، سیاسەتی تاوانبارکردن، لە کۆتاییدا هیچ ئاواییەکی نوێی دروست نەکردووە، سیستمی پەروەردەمانی چاکسازی نەکردووە. ئێمە پێویستمان بە چارەسەری راستەقینەیە، نەک دوژمنی زیاتر."