ناوەندێکی لێکۆڵینەوە: نیوەی کورد لەو بڕوایەدان پڕۆسەی چارەسەری لە رێگەیەکی تەندروستدا نییە
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی (سامەر) ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکردەوە کە لە 16 پارێزگای باکووری کوردستان کردوویەتی و ئەنجامەکان دەریدەخەن کە نزیکەی نیوەی کورد لەو بڕوایەدان پڕۆسەی چارەسەری لە رێگەیەکی تەندروستدا نییە.
یوکسەل گەنج، رێکخەری ناوەندی سامەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە پڕۆسەکانی ئاشتیدا رەزامەندی و بەشداربوونی کۆمەڵگە خاوەن گرنگییەکی ستراتیجییە و گوتی: "پڕۆسەیەک کە کۆمەڵگە رەزامەندی لەسەر نیشان نەدات و تێیدا بەشدار نەبێت، مەحاڵە ئەنجامی تەندروستی لێ بکەوێتەوە".
ناوەندی لێکۆڵینەوەی سامەر، لە نێوان دوو بۆ پێنجی ئایاردا لە 16 پارێزگای باکووری کوردستان؛ ئامەد، رووا، وان، ئێلیهـ، مێردین، شرنەخ، ئاگری، سەمسوور، مووش، سێرت، بەدلیس، جۆلەمێرگ، قەرس، چەولیگ، دێرسیم و ئیدر، لەسەر پڕۆسەی چارەسەری راپرسییەکی کرد.
راپرسییەکە لەگەڵ هەزار و 506 کەس بە شێوەی رووبەڕوو کراوە و تێیدا پرسیار لەبارەی بۆچوونی هاونیشتمانیان لەسەر پڕۆسەکە کراوە. لە ئەنجامی راپرسییەکەدا دەرکەوتووە 47.5%ـی بەشداربووان لەسەر پرسیاری (ئایا بڕواتان وایە پڕۆسەی چارەسەری و گفتوگۆکانی بە تەندروستی بەڕێوەدەچێت؟) وەڵامی (نەخێر)یان داوەتەوە.
هەروەها 30.2% وەڵامی (بەڵێ)یان بۆ ئەم پرسیارە داوەتەوە و هیوایان بە پڕۆسەکە هەیە، 22.3% شیان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پڕۆسەکە (هەندێک) بە تەندروستی بەڕێوە دەچێت.
ئەو هاونیشتمانیانەی بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە، گرنگییەکی زۆر بە هەنگاوی یاسایی و چاکسازیی دیموکراسی دەدەن، لەبارەی بەرپرسیارێتیی پەرەپێدانی ئاشتیش، چاوی گەلی کورد زیاتر لەسەر دەوڵەتە.
هەر بەگوێرەی راپرسییەکە، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست بەرەو پێش بچێت، 62.3%ـی بەشداربووان (حکومەت) و 23.4%ـیشیان (پەرلەمان) وەک ئەکتەری سەرەکی دەبینن.
یەکێک لە تەوەرە هەرە گرنگەکانی راپرسییەکە، مافی هیوا بوو بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان. سەرەڕای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مهههپه لە سەرەتای پڕۆسەکەدا ئەم بابەتەی خستە بەر باس، بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی لەم بارەیەوە نەنراوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی سامەر، 50.2%ـی بەشداربووان رایانگەیاندووە کە داننەنان بە (مافی هیوا) بۆ ئۆجەلان، رێگریی لە پرۆسەکە کردووە و ئەمەش وەک گەورەترین گرێکوێرەی سەر مێزی گفتوگۆکان دەبینرێت.
یوکسەل گەنج، رێکخەری مەیدانیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی (سامەر) ، وردەکاریی لێکۆڵینەوەکە و چاوەڕوانییەکانی کوردی لە پڕۆسەکە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا بۆ رووداو شیکردەوە.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ یوکسەل گەنج، رێکخەری مەیدانیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی (سامەر)
رووداو: مامۆستا سڵاو، ئێوە لەم دواییانەدا سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری لێکۆڵینەوەیەکی زۆر گرنگتان بڵاوکردەوە. لە 16 پارێزگای کوردیدا و لە نێو رای گشتیی کورددا 47.5%ـی بەشداربووان بڕوایان وایە پڕۆسەکە بە تەندروستی ناڕوات. دەتوانیت باسی ئەنجامەکان و چاوەڕوانییەکانی کوردمان بۆ بکەیت؟
یوکسەل گەنج: لێکۆڵینەوە مەیدانییەکەی ئێمە کە لە مانگی ئایاردا کرا، 16 پارێزگای کوردیی گرتەوە. کارەکەمان بە مەبەستی دەرخستنی هەڵوێستی دەنگدەران و تێگەیشتن و رای کۆمەڵگە و کورد بوو لەبارەی پڕۆسەکە. بەگوێرەی کارەکەمان، لە مەیدانەکەدا بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی کوردی بێمتمانەیی خۆیان بەرامبەر بە پڕۆسەکە دەردەبڕن. لە راپرسییەکەدا بینیمان، گومانەکان لەسەر سەرکەوتنی پڕۆسەکە هێشتا زۆرن.
بەگوێرەی کارەکەمان نزیکەی 48%ـی بەشداربووانمان (بە رێژەی 47.5%) بڕوایان وایە پڕۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوەناچێت. رێژەیەکیش وەک 30% دەڵێن بە تەندروستی بەڕێوەدەچێت. کاتێک لەگەڵ ئەوانەی دەڵێن (بێ بڕیارم) هەڵدەسەنگێندرێت، بینیمان کە رای بەشێکی زۆر (زیاتر لە نیوە) لەسەر ئەوەیە کە پڕۆسەکە باش بەڕێوە ناچێت. دیسان بینیمان کە 26.6% لەو بڕوایەدان پڕۆسەکە دەکرێت بە ئەرێنی کۆتایی بێت، بەڵام 28% بڕوایان وایە بە نەرێنی کۆتایی دێت. هەروەها بینیمان گەورەترین گرووپ ئەوانەن کە بێ بڕیارن. ئەمەش پێمان دەڵێت کە رەزامەندیی کۆمەڵایەتی و چاوەڕوانییەکان بۆ کۆتاییەکی ئەرێنی کەمە.
رووداو: ئایا هۆکاری ئەمە چییە کە رای گشتیی کورد متمانە بە پڕۆسەکە ناکات؟
یوکسەل گەنج: بۆچی کۆمەڵگە بابەتی بێ متمانەیی زیاتر هێناوەتە پێش؟ لە هەموو کارە بەردەوامەکانماندا کە لە ماوەی ئەم 15 مانگەی سەرەتای پڕۆسەکەوە کردوومانە، دەبینین هەستی متمانەی کۆمەڵگە بەرامبەر بە پڕۆسەکە بریندار بووە. لە هەموو راپرسییەکاندا دەتوانرێت سێ هۆکاری سەرەکی ریز بکرێن:
بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگەی کوردی بڕوایان وایە کە دەوڵەتی ئێستا نایەوێت کێشەی کورد چارەسەر بکات و ئەم بڕوایە هێشتا نەشکاوە. کۆمەڵگەیەک کە بەرپرسیارێتییەکانی دەسەڵات و هەنگاوی کۆنکرێتی نابینێت، بەداخەوە ناتوانێت قەیرانی متمانە تێبپەڕێنێت.
هەروەها بەشێکی زۆر گرنگی کۆمەڵگە، لە پڕۆسەکانی پێشووی ئاشتیدا دوای تێکچوونی گفتوگۆکان، رووبەڕووی شەپۆلێکی تووندوتیژی و گوشار ببوونەوە. بۆ ئەوەی دووبارە رووبەڕووی تووندوتیژی نەبنەوە، زۆر بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن. لە سەرەتای پڕۆسەکەوە لای بەشێکی گرنگی کورد؛ ئەو نیشانانەی کە دەسەڵات لەبری چارەسەری کێشەی کورد، زیاتر بە مەبەستی لاوازکردنی دەستکەوتەکانی کورد دەجووڵێتەوە، هێشتا نەشکاون. بەتایبەتی سیاسەتەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان و هێرشەکانی سەر رۆژئاوا، ئەو گومانەیان بەهێزتر کردووە.
رووداو: بۆ ئەوەی متمانەی کورد بە پڕۆسەکە زیاد بکرێت، دەبێت چی بکرێت و چ هەنگاوێک بنرێت؟ چ لە لایەن حکومەت، چ دەم پارتی و چ لایەنی پەکەکە؟
یوکسەل گەنج: چۆن ئەم بێ متمانەییە تێدەپەڕێندرێت؟ متمانە و رەزامەندیی کۆمەڵایەتی لە شوێنێکی زۆر ستراتیجیدایە. ئەگەر دەسەڵات بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت و بۆ دامەزراوەییبوونی پڕۆسەکە چاکسازیی یاسایی و میکانیزمی بەڕێوەبردن دروست بکات؛ ئەگەر زمانێکی ئاشتییانە و یەکگرتوو بەکاربهێنێت؛ بۆ نموونە لە ئازادکردنی زیندانیانی سیاسییەوە بگرە تاوەکو گەڕانەوەی شارەوانییەکان (لادانی قەیومەکان)؛ و بەتایبەت بەرامبەر دەستکەوتەکانی کورد لە بەشەکانی دیکە (رۆژئاوا و باشوور) هەڵوێستێکی دوژمنکارانە نیشان نەدات، ئەو کاتە کۆمەڵگە دڵخوازانە دەبێتە بەشێک لە پڕۆسەکە. رێگەی شکاندنی بێمتمانەیی، نەهێشتنی هۆکارەکانە.
رووداو: ناڕوونی لە پڕۆسەکەدا چ کاریگەرییەکی لەسەر بۆچوونی دەنگدەران بەرامبەر هەڵبژاردن و پارتە سیاسییەکان هەیە؟
یوکسەل گەنج: ئەگەر راستییەکەتان بوێ، ئەم پڕۆسەیە هێشتا نەبووەتە هۆی جووڵەیەکی تایبەت لە نێو دەنگدەراندا. پارتەکان لەو ئاستەدان کە لە ساڵانی 2023 و 2024دا هەیانبوو. دەتوانین بڵێین لە نێو دەنگدەرانی ئاکپارتیدا بێ بڕیار زیاترە، دەنگدەرانی کوردیش کە پێشتر دەنگیان بە جەهەپە دابوو، جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە بۆ دەم پارتی. بە کورتی؛ پارتەکان پێگەی جێگیری خۆیان دەپارێزن، بەڵام دەتوانین بڵێین گەورەترین توانەوە لە نێو ئاکپارتی و جەهەپەدا لە باکوور روودەدات.
رای کورد لەسەر پڕۆسەکە (ئایاری 2026)
1- ئایا پڕۆسەکە بە باشی دەڕوات؟
- نەخێر: 47.5%
- بەڵێ: 30.2%
- هەندێک: 22.3%
2- کێ بەرپرسیارە لە پڕۆسەکە؟
- حکومەت: 62.3%
- پەرلەمان: 23.4%
- ئۆپۆزیسیۆن: 5.7%
3- ئایا داننەنان بە مافی هیوا پڕۆسەکە سست دەکات؟
- بەڵێ: 50.5%
- نەخێر: 23.5%
4- لە هەڵبژاردندا دەنگ بە کام پارت دەدەیت؟
- دەم پارتی: 43.1%
- ئاکپارتی: 14.2%
- جەهەپە: 6.8%
- دەنگ نادەم: 15.6%
- بێ بڕیار: 15%