ساڵح موسلیم: كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵیم لەگەڵ بارزانی ئەنجامدا

هەڤپەیڤین : ئەلێكساندەر ویتكامب
رووداو- دهۆک

ساڵح موسلیم ، هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ بەشی ئینگلیزی پۆرتاڵی رووداو دا ، دەڵێت ئێستا هیچ چاوەڕوانییەكیان لە توركیا نییە ، چونكە تائێستا توركیا هەڵوێستی خۆی بۆ شەڕكردن بەرامبەر داعش یەكلایی نەكردووەتەوە ، هەروەها دەڵێ وڵاتان زۆر بەڵێنی چەكیان پێدەدەن ، بەڵام تائێستا بەكردەوە هیچیان نەبینیوە.

ساڵح موسلیم دەڵێ لە گفتوگۆكانی ئێستایان لە دهۆك لەگەڵ لایەنەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا، كە لەژێر سەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بەڕێوەدەچن ، گفتوگۆ لەسەر بەشداربوونی حیزبەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكەن ، لە بەڕێوەبردنی رۆژئاوای كوردستاندا ، كە حیزبەكانی دیكە دەیانەوێ رۆژئاوای كوردستان ببێتە ئیدارەیەكی فیدرالی لە چوارچێوەی سووریادا ، نەك وەك ئێستا لە شێوەی سێ كانتۆندابێت .

 وڵاتان هەر بەڵێنمان پێدەدەن

رووداو: دەتوانی پێمانبڵێی كۆبوونەوەی رۆژین چوارشەممە چۆن بوو؟

ساڵح موسلیم : هەر وەك دەزانن كۆبوونەوەکە كۆبوونەوەیەكی گشتی بوو بە بەشداری هەموو لایەنەكان!  ئەو كۆبوونەوەیە زیاتر بیروڕاگۆرینەوە و قسەكردنی گشتی بوو . 

رووداو : كەوابوو باسەكان بۆ رۆژی چوارشەممە چین؟

ساڵح موسلیم : بەڕاستی ئێمە هیچ ئەجێندایەكمان بۆ رۆژی چوارشەممە دیارینەكرد، بەڵام زیاتر باس و گفتوگۆ بوو لەسەر شێوەی بەڕێوەبەری لە رۆژئاڤا . كە بتوانین ئەو بەڕێوەبەرییە لەگەل یەكتر بەشبكەین. هەروەها بۆ ئەوەی ئەوانیش بۆ بەڕێوەبەری رۆژئاڤا رابكێشین.

رووداو : ئایا گەشبینی كە ئەوە پێكبێت؟

ساڵح موسلیم : بەڵێ من گەشبینم چونكە ئەو رەوشەی كە لەوێ هەیە گوشارمان لێدەكات كە لەگەل یەك بین .

رووداو : پێتوایە گرفتەكان چین، ئەو كێشانەی كە رەنگە باسیان لێبكرێت چین؟

ساڵح موسلیم : پێموانییە كێشەیەكی ئەوتۆ هەبێت ، چونكە هەموو كورد لەژێر هێرشدایە. هەر بۆیە دەبێ یەكگرتووبین لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەرمان لەلایەن داعشەوە. هەروەها چونكە ئێستا كورد لەلایەن هاوپەیمانانی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی لێدەكرێت. بەتایبەتی ئێستا رەوشی كۆبانێ هەموو شتێكی روونكردووەتەوە.
نەك تەنیا لە كۆبانێ لە شوێنەكانی دیكەش یارمەتیمان پێویستە

رووداو : جیاوازییەكانی نێوان دانیشتنی ئەمجارە لەگەل دانیشتنەكانی ساڵی 2012 لە هەولێر چین؟

ساڵح موسلیم : لەڕاستیدا رەوشێكی جیاوازە. رەوشەكە ئیستا بە تەواوی جیاوازە، ئەوكات هێرشمان لەسەر نەبوو و ئێستا هێرشمان لەسەرە. ئەوكات ئێمە دانیشتمان دەكرد تەنیا بۆ ئەوەی هەوڵبدەین هەندێك كار بكەین بۆ بەڕێوەبەری، بەڵام ئیستا هەموو كورد لە ژێر هەڕەشە و هێرشدایە و ئامانجەكە نەهێشتنی بوونی كوردە لەو ناوچەیەدا!

بۆیە لەبەر ئەوانە ئەم دانیشتنە جیاوازە . بەڵام من دەمەوێت لێرەدا شتێك رابگەیێنم كە من لەسەر داوای شەخسی بەڕێز سەرۆك بارزانی بانگهێشتكراوم. ئێمە كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵیمان هەبوو . تەنیا لەگەل یەك و رووبەڕوو بەر لە كۆبوونەوەكە.

رووداو: كەوابوو ئەگەر رێككەوتن ، چاوەڕوانیتان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چییە؟

ساڵح موسلیم : ئەوە شتێك نییە كە تەنیا پەیوەندی بە كوردانی رۆژئاڤاوە هەبێت، بە كورتی ئێمە دەمانەوێت یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی ئێستا دەیكەین! زۆر روونە كە ئیستا كورد شەڕی داعش دەكەن و پێویستە پاڵپشتی بكرێن و یارمەتیبدرێن بۆ ئەوەی كە ئێستا ئێمە دەیكەین . هەروەها ئەوەی كە ئیستا دەكرێت بەس نییە و خۆشیان دەڵێن و دەزانن ئەوەی كە ئیستا دەكرێت توانای لەنێوبردنی داعشی نییە و پێویست بە یارمەتی و هەنگاوی زیاترە و تەنیا هێزێك كە راستەوخۆ لەگەل داعش شەڕ دەكات هێزە كوردییەكانن، پێشمەرگە بێت یان یەپەگە .

من پێموایە كە دەبێت یارمەتیبدرێن بەتایبەتی بە چەك پێدان، بەتایبەتی ئەو چەكانەی كە دژی تانك و ئۆتۆمبێلە سەبازییەكانن وەك تانك و ئەو هامەرانەی كە لە سوپای عێراق یان سووریا گرتوویانە. تەنانەت تانكی تی 72شیان هەیە كە لەوانیان گرتووە. كەوابوو بۆ ئەوەی بتوانین لەبەرامبەر ئەو چەكە قورسانەدا رابوەستین پێویستیمان بە چەك هەیە!
بریندارەكانمان لە نەخۆشخانە تایبەتەكانی توركیا چارەسەر دەكرێن

رووداو: پێتوایە كەی ئەو چەكە قورسانەی كە داوایان دەكەن بگاتە دەستتان؟

ساڵح موسلیم: من نازانم ، بەڵام هەموو هەر بەڵێنمان پێدەدەن، هەموویان دەڵێن كە ئێمە لەسەر زەوی شەڕەكە دەكەین و هەروەها دەڵێن كە بۆمبابارانی ئاسمانی ناتوانێت داعش لەنێوببات! ئێمە دەبێ هێزمان هەبێت لەسەر زەوی و تەنیا هێزێك كە لەسەر زەوی شەڕەكە دەكات پەیەدە و ئەوانیترن. كەوابوو ئەگەر بەڕاستی بیانەوێت شتێكی كاریگەر بكەن دژی داعش و بە زووترین كات ئەو چەكانەمان پێبگەیێنن ، بە زووترین كات.

رووداو : پێتوایە توركیا لەماوەیەكی نزیكدا بەڵێنەكانی بە جێبگەیێنێت؟

ساڵح موسلیم : نەخێر ، من پێموانییە، لەبەرئەوەی ئەوان هێشتا ساخ نەبوونەتەوە.

رووداو: پێتوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت چی بكات بۆ یارمەتیدانی رۆژئاوای كوردستان دوای ئەم كۆبوونەوەیە؟

ساڵح موسلیم : بەتایبەتی بۆ كۆبانێ بەهۆی هەڵكەوتی جوگرافی ئەو شوێنە رەنگە زەحمەت بێت ، بەڵام بۆ شوێنەكانی دیكە وانییە. هەر ئەمڕۆ هەواڵمان پێگەیشت كە شەڕ و پێكدادان هەبووە لەباشووری قامشلۆ و هەروەها لە سەرێكانیش شەڕ هەبووە. ئەوە نیشاندەدات كە شەڕێك هەیە و تەنیا ئەو شەڕە لە كۆبانێ نییە. راستە ئێمە لەكۆبانی پێشكەوتنمان هەبووە و سەردەكەوین و خەڵك پارێزگاری لە خۆیان دەكەن و ئێمە بەردەوام دەڵێین كە پێویستیمان بە یارمەتییە. بەڵام خاڵە گرنگەكە ئەوەیە كە تەنیا كۆبانێ نییە و لە شوێنەكانی دیكەش یارمەتیمان پێویستە.

رووداو: دەگوترێت كە بریندارەكانی یەپەگە لە توركیا لە نەخۆشخانەكان سارێژ دەكرێن، ئەوە راستە؟

ساڵح موسلیم : بۆ هێندێكیان بەڵێ، بەتایبەتی لە نەخۆشخانە تایبەتەكان. لە رۆژانی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر بریندار چوون بۆ ئەوێ. ئەوە راستە.
دەبێ یەكگرتووبین بەرامبەر هێرشەکانی داعش

رووداو: كەوابوو ئیستا ترس لە چی هەیە، پێتوایە داعش دەچێتە عەفرین و جزیرەش؟

ساڵح موسلیم : نازانم، ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەوەیە كە ئەگەر هێزیان هەبێت هێرشی هەموو لایەك دەكەن . لە بەرئەوەی كورد هەموویان ئامانجی هێرشەكانی داعشن.